کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-08-22:55:00 - کۆدی بابەت: 8173
کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کوردستان یان کوردستانی گەورە (بە ئینگلیزی: Kurdistan، بە عەرەبی: كردستان، بە کوردیی باکووری: Kurdistan) بە واتای (وڵاتی کوردان) یان (خاکی کوردان) دێت ناوچەیەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە زۆربەی دانیشتوانی کوردن، وڵاتێکی پارچەپارچە کراوە و ئێستا دەکەوێتە خۆرهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان)، باکووری عێراق (باشووری کوردستان)، باکووری خۆراوای ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و چەند پارچەیەک لە سووریا (ڕۆژاوای کوردستان) و ئازەربایجان و ئەرمەنستان، دیاریکردنی سنووری کوردستان یەکێکە لە دۆزە پڕ تەنگ و چەڵەمەکان، چونکە ئەو وڵاتانەی خاکی کوردستانیان داگیرکردووە وەک یەکەیەکی جوگرافی یان نەتەوەیی دان بەبوونی کورد دا نانێن، بەڵکو پتر بە ناوچە کوردنشینەکان ناوی دەبەن، لە ڕوانگەی ڕامیارییەوە، باشووری کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان تەنیا بەشی کوردستانە کە بە شێوەی نێونەتەوەیی وەک پێکهاتەیەکی فیدراڵی سەربەخۆ لە عێراق و سووریا ناسراوە، کورد لە ئێراندا بە فەرمی وەک کەمایەتی ناسراون، بەڵام لە ڕووی خوێندن بە زمانی کوردی و مافەکانی دیکەی نەتەوایەتییەوە بێ بەشن.

ڕەگ و ڕەچەڵەکی کوردەکان

میلله‌تی کورد وه‌کو میلله‌تێک که‌ له‌ سه‌ده‌ دێرینه‌کانه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌ درێژایی مێژوو هه‌ر له‌ سه‌رده‌می پێش مه‌سیحه‌وه‌ تا چه‌رخی نوێی مێژوو ناوی ئه‌م میلله‌ته‌ له‌ زۆر دیکۆمێنت و نووسراودا هه‌یه‌ که‌ باس له‌ مێژوو و ڕه‌چه‌ڵه‌ک و نه‌ژادی ده‌کات:

قه‌ڕال لاگاشه‌ ئاداد ناراری نزیکه‌ی (٢٤٠٠) ساڵ پ.ز باسی تیره‌ی (کاردا) کردووه‌، (که‌میل سین)ـی پاشای (ئور) له‌ (٢٢٠٠) ساڵ پ.ز، سه‌ر زه‌مینی کاردای به‌ (میرڤردنز) سپاردووه‌. و له‌ ساڵی (١٣٧٠پ.ز) (شوبی لکمبه‌)ـی پاشای هیتت ناوی تیره‌یه‌کی به‌ (گورده‌) هێناوه‌، و له‌ نووسراوه‌ ئاشورییه‌کانیشدا ناوی ده‌شتی کاردا و تیره‌ی کورتیه‌ و کورتی بردووه‌. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش له‌ ساڵانی (٤٠٠ پ.ز) گه‌زنه‌فۆنی مێژوونووسی یۆنانی کاتێک به‌ فه‌رمانده‌ی ده‌ هه‌زاره‌که‌ هاته‌ دۆڵه‌کانی زاخۆ نزیک کێوی جوودی، تووشی میلله‌تی کاردۆ بووه‌ و پاشاکه‌یان ناوی (ئورونتاس) بووه‌، له‌ ساڵه‌کانی (٣٣٤ی پ.ز) کاتێک ئه‌سکه‌نده‌ری مه‌قدۆنی هێرشی کرده‌ سه‌ر ئێران میلله‌تی کورد له‌ ڕیزی له‌شکره‌کانی داریوشدا بووه‌، نووسه‌ری ئه‌سکه‌نده‌ر نامه‌ که‌ ناوی (ئارستۆفلس) بوو له‌گه‌ڵ ئه‌سکه‌نده‌ردا بوو ده‌ڵێت: کاتێک دارا بیستی ئه‌سکه‌نده‌ر دێت، سی هه‌زار پیاده‌ و سی هه‌زار سواره‌ی نارده‌ ئه‌وبه‌ری چه‌می پینارۆس تاوه‌کو پێشی له‌شکری مه‌کدۆنیه‌کان بگرن. به‌و شێوه‌یه‌ شه‌ست هه‌زار کورداک پشتی مکدۆنیه‌کانیان گرت، کورداک تایفه‌یه‌کن له‌ باشووری ده‌ریاچه‌ی وان ده‌ژین.

به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی مێژوو ناوچه‌ و ئه‌رزی کورده‌کانی له‌ ناوچه‌کانی سه‌رووی دیجله‌ و فوڕات و کێوی جوودی ژیاون و ئارامییه‌کان به‌م ناوچانه‌یان وتووه‌ کازاتا، مێژوونووسان ده‌ڵێن له‌ دوای تۆفانه‌که‌ی که‌شتییه‌که‌ی نوح و له‌نگه‌رگرتنی له‌ کێوی جوودی یه‌که‌م گوند که‌ سه‌ر له‌نوێ ئاوه‌دان بوه‌ته‌وه‌ ناوی (بقردا)ـیه‌ له‌ نزیک کێوی جوودی.

به‌ بۆچوونی (سترابوون) به‌ ناوچه‌کانی نێوان موش و دیاربه‌کر وتراوه‌ (کاردۆ)، هه‌روه‌ها (سێر مارک سایس)ـیش ده‌ڵێت: له‌ سه‌ده‌کانی (٦٠٠ پ.ز) تایفه‌ی (کوردوین) له‌ ناوچه‌کانی نێوان دیاربه‌کر و زێی گه‌وره‌دا ده‌ژیان، هه‌ندێک پێیان وایه‌ که‌ ناوی کێوی جوودی له‌ ناوی تایفه‌ی گۆتیه‌کانه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ که‌ به‌ر له‌ مێژوو له‌و ده‌وروبه‌ره‌ ژیاون. که‌ وشەکه‌ مانای قاره‌مان و جه‌نگاوه‌ری کورد بووه‌، به‌م پێیه‌ش ئه‌و گونده‌ی که‌ نزیک ئه‌م کێوه‌ بووه‌.

به‌م پێیه‌ش ئه‌و گونده‌ی كه‌ نزیك ئه‌م كێوه‌ بووه‌ گوندی (بقردا) گوندێكی كورد نشین بووه‌ و خاكی كوردان بووه‌. شایانی باسه‌ ده‌سه‌ڵاتی گۆتیه‌كان هه‌ر له‌ ساڵانی (٣١٠٠)ـی پ.ز و تا ساڵی (٢٨٠٠)ـی پ.ز درێژه‌ی كێشاوه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ عیلامیه‌كاندا كردووه‌. ڕه‌گه‌زی گۆتیه‌كان له‌ ویلایه‌تی سۆمه‌ریه‌كانیشدا ژیاون كه‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز (گۆتیه‌كان و سۆمه‌ریه‌كان) له‌ ساڵانی چوار هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵی پیش زاییندا خاوه‌نی شارستانیه‌تی باڵا و خه‌ت نووسین بوون.
گوتیه‌كان له‌ سه‌ده‌كانی ٢٦ی پ.ز هه‌موو ناوچه‌كانی ئه‌كه‌د و سۆمه‌ریه‌كان و عیلامیه‌كانیان داگیر كردووه‌. وماوه‌ی (١٢٠) ساڵ و (٤٠) ڕۆژ حوكمی بابلیه‌كانیان كردووه‌. پاشتر (ئوتون لوگاڵ)ـی پاشای (ئه‌رخ) , شاری ئه‌رخ له‌ باكوری كێوی جودیدا له‌ ناوچه‌ی بۆتان هه‌یه‌ كه‌ به‌ ناوه‌كه‌یدا دیاره‌ كه‌ شارێكی نه‌ژادی گوتیه‌كانه‌ له‌ تیریكانی شانشینه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵگه‌راوه‌ته‌وه‌ و به‌سه‌ریدا زاڵ بووه‌ , له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی گوتی له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی عیلامیه‌كان ویلایه‌تێك به‌ ناوی (ئه‌نزان) دامه‌زرا (ئه‌نزان مانای كوێستانه‌ و به‌ كوردی زۆزانه‌) له‌ كوێستانی به‌خیاری میرێك جیا بوه‌وه‌ به‌ ناوی (گیر).
(شوبی لوكمبه‌)ـی پاشای هتیت له‌ كه‌تیبه‌كه‌ی خۆیدا ده‌ڵێت ئه‌و خوایه‌ی گورده‌كان ده‌یانپه‌رست ناوی (گیره‌) بوو. به‌مه‌شدا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌توانین بڵێین ناوی خودای دانیشتوانی كوێستانی به‌ختیاری گیره‌ بووه‌ هه‌ر به‌ناوی میره‌كه‌یانه‌وه‌ ناویان ناوه‌ و له‌گه‌ڵ گورده‌كاندا ڕۆڵه‌ی یه‌ك میلله‌تن. چونكه‌ وشەی (كاردا) له‌ دوای تێكشكانی تیریكان په‌یدا بووه‌. بۆیه‌ ده‌شێت بگوترێت له‌م شه‌ڕ و دابڕان و پارچه‌ پارچه‌ بوونه‌دا به‌شێك له‌و گۆتیانه‌ له‌ ناوچه‌ی باكوری ڕووباری دیجله‌ مابووبنه‌وه‌ و ناوی كاردایان به‌سه‌ردا بڕاوه‌.كه‌ ئه‌كه‌د و سۆمه‌ریه‌كان به‌ قاره‌مان و پاڵه‌وان و جه‌نگاوه‌ر ناویان ده‌بردن. ئیتر ڕۆژان هات و ڕۆژان تێپه‌ڕ بوو وشەی كاردا بوو به‌ غۆردۆ, كۆردۆ و تا ئه‌مڕۆش كورده‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌ ناوچه‌كانی خۆیان ده‌ڵێن خورتۆ كه‌ ده‌بێت له‌ وشەی غوردۆوه‌ هاتبێت.
له‌ مێژووی كورد و كوردستانی ئه‌مین زه‌كی به‌گدا هاتووه‌ كه‌ نووسیویه‌تی: (توكولتی ئینورتای قه‌راڵی) ئاشووریه‌كان له‌ وه‌سفی دوو تابلۆیی یه‌ك ڕووداوی كردووه‌ و له‌ یه‌كێكیاندا ناوی (كوتی) و له‌ویتریاندا ناوی (كورتی) به‌كار هێناوه‌, نووسه‌ری كتێبی تیره‌كانی میزۆپۆتامیا له‌ كتێبه‌كه‌یدا به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لماندوویه‌تی كه‌ كورد ڕه‌گ و ڕیشه‌یان گۆتیه‌ واتا كورد له‌ نه‌ژادی گۆتیه‌كانه‌.
(دراڤه‌ر)ـی ڕۆژهه‌ڵاتناس ده‌ڵێت: كوتی یان كورتی ناوی یه‌ك میلله‌ت بووه‌, یان كورتی به‌ گه‌وره‌ترین به‌شی گۆتیه‌كان وتراوه‌, كه‌ له‌سه‌ره‌تادا پێیان نه‌وتراوه‌. به‌ڵگه‌نامه‌ی وا دۆزراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ گۆتیه‌كان تا سه‌رده‌می كوروش ناوی كۆنی خۆیان پاراستووه‌.

مێژوو

چەرخی کۆن

لە سەردەمی کۆندا لەم ناوچەیەدا هۆزەکانی گۆتی، حووری، مانناکان و مادەکان ژیاون. ژینگەی سەرەکی هۆزی مانناکان باشوور و ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی ورمێ بووە، و دەتوانین بڵێین ناوچەی قەڵایچی لە دەوارندەوری ئێستای شاری بۆکان. لە سەردەمی داریووشی سێیەم و ئەسکەندەر، مادەکان هاتنە ژێر فەرمانی پارسەکانەوە. پاشایەتی کاردۆخ (کاردۆکان) لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی وان کە دەکەوێتە نێوان پارسەکان و مێزۆپۆتامیا، کاتی لاوازبوونی ئیمپراتۆری ساسانی سەربەخۆ بوو و لە ١٨٩ی پێش زایین تا ٣٨٤ی پاش زایین حوکمڕانی دەکرد بەسەر باکووری مێزۆپۆتامیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی. ڕۆمییەکان لەکاتی زۆرداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە سەر بەشێکی گەورەی ژینگەی کوردەکان، بەتایبەت بەشی ڕۆژاوا و باکووری کوردستان حوکمڕانیان ئەکرد. کاردۆخ بووە ناوچەیەکی باجدەری ڕۆم لە ساڵی ٦٦ی پێش زایین هەتا ٣٨٤ی دوای زایین. کاردۆخ کەوتبووە ڕۆژهەڵاتی «سیلوان» کە شارێکە لە ڕۆژهەڵات و باشووری دیاربەکری ئەمڕۆکە. هێندێ لە مێژووناسەکان نێوان کاردۆخ و ناوە ئەمڕۆیییەکانی کورد و کوردستان پێوەندی دەزانن. هەڵبەت هەندێکیش دژی ئەوەن، بەڵام لە زانستنامەی کۆلۆمبیادا ئەوە سەلمێندراوە. 

یەکێک لە کۆنترین بەڵگە دۆزراوەکان لە بەکارهێنانی وڵاتی کوردەکان، بەڵگەیەکی ئایینی مەسیحی سریانییە کە دەگەڕێتەوە بۆ چەرخی عەتیق، کە گێڕانەوەی گەڕانی قەشەیەکی خەڵکی ئاشوور، بە ناوی "ئابدیشۆ" دەکات بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کاتێ بەرەو ساسانیان دێت، لەسەر سنوور لێی دەپرسن کە لە کوێوە هاتووی، وەڵام دەداتەوە کە دایک و بابم لە هەزا بوون، کە هەزا گوندێک بووە لە ئاشووردا. لە درێژەدا دەڵێت کە لەلایەن بێ دینەکانەوە لەو شوێنە دەرکراون و لە تامانۆن جێگیر بوون، کە وەک ئابادیشۆ دەڵێت، لە وڵاتی کوردەکاندا بووە. "تامانۆن" دەکەوێتە ڕاست سەر سنووری تورکیا و عێراقی ئێستا و هەزا لە ١٢ کیلۆمەتری باشووری ڕۆژاوای شاری هەولێری ئێستایە. لە جێگەیەکی دیکە هەر لەم بەڵگەیەدا، لە ناوچەی خابوور، بە وڵاتی کوردەکان ناوبراوە. 

چەرخی ناوەڕاست

لە نیوەی سەدەی ١٠ی زایینیدا، ناوچەکە لە نێوان پێنج دەسەڵاتداریدا بەش کرا: لە باکووردا شەدادییەکان (٩٧٥ تا ١١٧٤ی زایینی، دەکەوێتە ئەرمینیای ئێستا)، ڕەوادیدەکان (٩٥٥ تا ١٢٢١ی زایینی لە تەبرێز و مەراغەدا)، لە ڕۆژهەڵاتدا حەسنەوییەکان (٩٥٩ تا ١٠١٥ی زایینی) و ئانازییەکان یا عەیاران (٩٩٠ تا ١١١٦ی زایینی لە کرماشان و خانەقین) و لە ڕۆژاوادا مەروانییەکان (٩٩٠ تا ١٠٩٦ی زایینی لە دیاربەکر). لە سەدەی ١١دا ناوچەکە کەوتووەتە ژێر دەستی سەلجوقە تورکەکانەوە و لە سەدەی ١٣ بۆ ١٥ بە دەستی مەنگۆلەکانەوە دوای ئەوە کەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان تاکو جەنگی جیهانیی یەکەم. لە چەرخی ناوەڕاستدا، کوردستان کومەڵێک بوو لە ناوچە نیوە سەربەخۆکان کە بە ناوی «میرنشین» دەناسرێت، کە بە ڕواڵەت لەژێر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی پاشا یان خەلیفەدا بوون. شیکراوەی مێژووی ئەم میرنشینانە و پێوەندیان لەگەڵ هاوسێکانیان لە کتێبی «شەرەفنامە» لە نووسینی شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٩٧) هاتووە. میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان و گەرمیان لە عێراقی ئەمڕۆ، بۆتان و بەدلیس لە تورکیا و موکریان و ئەردەڵان لە ئێراندا.

کۆنترین بەڵگەیەک کە بەکارهێنانی ناوی کوردستان تێیدا دەسەلمێت، دەقێکی مێژوویی ئەرمینیایە، کەسێک بە ناوی matteos urhayci نووسیوە. ئەو باسی شەڕێک دەکات و دەڵێ کە لە شوێنێک نزیکی ئامەد لە ١٠٦٢ لە کوردستان ڕوو دەدات. بەڵگەی دووهەم پەراوێزێکە لە ئینجیلێکی دەستنووسراوەی ئەرمەنی کە لە ١٢٠٠ی زایینیدا نووسراوە:

«Let Christ-God bless Khoja Hovhanes Mughdusi، from Kurdistan، who made a pilgrimage to Jerusalem and took the holy Gospels from the aliens»

سێیەم بەڵگەی بەکارهێنانی وشەی کوردستان، لە (نزهات القلوب) نوزهات ئەل قلوب حەمدوڵڵا موستەوفی (١٣٤٠ی زایینی) بینراوە. 

چەرخی نوێ

لە سەدەی ١٦ی زایینی، دوای شەڕە خاچپەرستییەکان، ناوچە کوردنشینەکان، لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان بەشکرا. زۆربەی پڕۆسەی دابەشکردنی کوردستان، دوابەدوای شەڕی چاڵدێران لە ١٥١٤ی زایینیدا ڕوویدا کە دواتر تەنها بە ڕواڵەت، لە گرێبەستی زوهاب (زەهاب، قەسرشیرین) لە ساڵی ١٦٣٩دا بە فەرمی کرا. لەکاتی جەنگی جیهانیی یەکەم، زۆربەی کوردەکان لە پارێزگای کوردستان و لەسەر سنووری عوسمانییەکان بوون. دوای لەیەکبوونەوەی ئیمپراتوری عوسمانییەکان، هێزە یەکگرتووکان (واتە وڵاتانی: فەڕەنسا، بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئیتاڵیا و ژاپۆن)، بڕیاریاندا لەسەر سنووری پێشووی عوسمانی، چەند وڵاتێکی نوێ دامەزرێنن. بەپێی پەیمانی سیڤەر، کوردستان و ئەرمینیاش یەکێک بوون لەم وڵاتانە. بەهەر شێوە، دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکە لەلایەن هێزەکانی ئەتاتورک، هێزە یەکگرتووکان لەگەڵ پەیمانی لۆزان ڕێککەوتن و سنوورە نوێکانی کۆماری تورکیا دیاریکرا و کوردەکان بێ ناوچەیەکی سەربەخۆ مانەوە. بەشێکی لە ناوچە کوردنشینەکان کەوتە ناو سنووری نوێی تورکیاوە و بەشێکی دیکەی لکێندرا بە سووریا و عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی فەڕانسا و بەریتانیا بوون.

لە کۆتایی جەنگی کەنداودا، هێزە یەکگرتووەکان ناوچەیەکی قەدەغەیان بۆ فڕۆکەکان دامەزراند. ئەمە بووە هۆی ئەوەی بەشی باشووری کوردستان کە دەکەوێتەوە باکووری عێراق بتوانێت لە ساڵی ١٩٩٢دا ناوچەیەکی سەربەخۆ دامەزرێنێت کە دەسەڵاتی ناوخۆ و پەرلەمانی هەیە.

میرنشینەکان

میرنشین یان خانەدان یان ناوچەی خۆبەڕێوبەری چەندین قەوارەی نیمچەسەربەخۆی کوردی بوون کە لە ماوەی سەدەکانی ١٦ تا ١٩ لە شەڕی بەردەوامی نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوی هەبوون.

میرنشینی عەیشانی

٣٠٠–٣٥٠ک / ٩١٢–٩٦١ز لە ناوچەکانی ڕۆژاوای هەرێمی چیاکان لە نەهاوەند و دینەوەر و هەمەدان و سامنان هەتا سنووری ئازەربایجان دەسەلاتدار بوون. لە دیارترین میرەکانیان: ونداد و غانم.

میرنشینی ڕەوادی

(دەوروبەری ٣٣٧–٤٦٣ک/٩٤٨–١٠٧١ز) لە شارەکانی مەراغە و تەورێز و ئەردەبیل و ورمێ و خوی و سەلماس بوون، بەناوبانگترین میرەکانیان: محەمەد کوڕی حوسێن ڕەوادی و ئەبو هەیجای ڕەوادی و مەمەلانی ڕەوادی.

میرنشینی شەدادی

٣٤٠–٥٩٥ک/٩٥١–١١٩٨ز لە هەرێمی ئاران لە شارەکانی بەردەعە و دبیل و گەنجە و باکۆ چەند شار و ناوچەیەکی دیکە. میرنشینی شەدادی هەرچەندە لەلایەن سەلجوقییەکانەوە لاوازکراوە بەڵام هەتا وەکو ساڵی ٥٩٥–١١٩٨ز لە شاری ئانی هەر مابوو. لە دیارترین میرەکانیان: محەمەد کوڕی شەداد و فەزلون و ئەبولئەسوار و چەندانی دیکە. کە سەربەخۆبوون و دراوی تایبەتی میرنشینەتیان لێداوە.

میرنشینی حەسەنوەیی

٣٤٨–٤٠٦ک/ ٩٥٩–١٠١٥ز لە ناوچەکانی شارەزوور و شاپورخواست واتا لوڕستان و دینەوەر و هەمەدان و شوێن و شاری دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان: حەسەنوەیهی کوڕی حوسێنی کوردی و میر بەدر کوڕی حەسەنوەیی کە یەکێکە لە هەرە میرە بەناوبانگەکانی کوردان، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا کاری زۆر دیاری لەماوەی فەرمانڕەوایەتییەکەیدا کردووە و دراوی تایبەتی لێداوە.

میرنشینی مەروانی

٣٧٣–٤٨٩ک/٩٨٣–١٠٩٦ز لە کوردستانی ناوەڕاست و باکوور لە دیاربەکر شارەکانی میاخارتین و ماردین و ئامەد و خەڵات و بەدلیس و ناوچەی دیکە فەرمانڕەواییان کردووە. دامەزرێنەری میرنشینەکە میر باد کوڕی دۆستەکی کوردییە هەروەها میر مومەهەد ئەلدەولە و میر نەسرولدەولە و ئەحمەد کوڕی مەروانی کوردی کە بەناوبانگترین میری کوردییە، زیاتر لەپەنجا ساڵ میرایەتی کردووە و دەسەڵاتەکەی وەک دەوڵەت ناسراوە لەلایەن دەوڵەتانی عەباسی و بوەیهی و فاتمی و بیزێنتی و سەلجوقییەکان دانی پێدانراوە. زۆر کاری گرینگ لە ئاوەدانی و بووژانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری لەو ناوچەیەی کوردستاندا ئەنجامدراوە. لە زۆربەی شارەکاندا دراوی میرنشینییەکە لێدراوە.

میرنشینی عەننازی

٣٨١–٥١١ ک /٩٩١–١١١٧ز ئەم میرنشینییە لە ناوچەی حەلوان لەلایەن کوردەکانی شازەنجانییەوە دامەزراوە دواتر دەسەڵاتی فراوان بووە و لە شارەکانی ئەسەد ئاباد و داقوق و ئاوەدانی دیکە دەسەڵاتەکەی پەرەی سەندووە. لە میرە بەناوبانگەکانیان، میر ئەبولفەتح محەمەد کوڕی عەنناز و میر حسام ئەلدەولە و ئەبو شوک و میر سوورخاب کوڕی بەدر.

میرنشینی هەزبانی

٣٤٧ – ٥٣٤ /١٠٤٦ – ١١٣٩ز لە شاری هەولێر دەرکەوتووە، سەرجەم ناوچەکانی دەوروبەری هەولێری فەرمانڕەوایەتی کردووە، لەبەناوبانگترین میرەکانیان عیسا کوڕی موسای هەزبانی و میر ئەبولحەسەنی کوڕی موسکی هەزبانی. لە دوای هاتنی سەلجوقییەکان زۆربەی میرنشینییە کوردییەکان پووکانەوە و بەرەو نەمان چوون، بەڵام ڕۆڵی کورد هەر لەبرەودابوو لەشەڕی بەناوبانگی ملازگرددا کورد هاوکاری سەلجوقییەکانی کردووە کە سەرکەوتن بەسەر ڕۆمەکاندا.

لە سەروبەندی هاتنی مەغۆلەکاندا کوردستان ڕووبەرووی وێرانکاری و زیانی زۆر بۆوە، چونکە هەم هەرێمە کوردییەکان بۆ مەغۆلییەکان گرنگ بوون، هەم دەکەوتە سەر ڕێیان بۆ بەغداو شام، بۆیە کوردستان لەسەدەی ٧ک / ١٣ز زۆرترین زیانی بەرکەوت. لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی هێزە داگیرکەرەکانی کوردستاندا وێڕای زەبر و زەنگی زۆر بەڵام دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەتەواوەتی لەناونەچوو، چەندان میرنشین و دەسەڵاتدارییەتی کوردی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا فەرمانڕەواییان دەکرد و هێزەکانی جەلائیری و تەیموری و قەرەئۆینلو… هتد. کوردستانیان کردبووە مەیدانی شەڕو ململانێ، تا دەرکەوتنی عوسمانییەکان و شەڕی چاڵدێران ١٥١٤ز، کە میر شەرەفخانی بەدلیسی لە پەرتووکی شەرەفنامەدا زانیاری گرینگی لەسەر ئەو دەسەڵاتدارییەتییەی کوردان تۆمارکردووە.

دانیشتوان

کوردەکان دانیشتوانی سەرەکی کوردستانن و ئەو شوێنەی تێیدا دەژین ناوچەیەکی هەم بەرز و نزمە، کە ڕووبەرەکەی بەلایەنی کەمەوە ٥٠٠،٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت. کوردەکانی کوردستان لە وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریا و بەشێکی بچووک لە لوبنان و ئەرمینیا و ئازەربایجان و جۆرجیا و ڕووسیا دابەشکراون. وشەی «کورد» تەنها لە چەن وڵات بە شێوەی فەرمی بەکاردێت، تورکیا پێیان دەڵێت تورکی شاخی و ئێرانی پێیان دەڵێن ئێرانی چیانشین. کوردەکان بە لقێک لە زمانە هیندوئەورووپایییەکان قسەدەکەن کە زمانی کوردی ناوە، ئەگەرچی ناوچەکە، عەرەب و ئەرمەنی، ئاشووری و ئازەری، فارس و تورک و تورکمانیشی تێدایە. زۆربەی کوردەکان موسڵمانن بەڵام ئێزیدی، مەسیحی و جوولەکەش لە کوردستاندا دەژین.

چاند

چاندی کوردی کۆمەڵێک جیاکەرەوەی کولتووریی تایبەت بە کوردانە. فەرهەنگ و کولتووری کوردی میراتی ئەو گەلە جیاوازانەیە کە کوردەکانی ئەمڕۆ و کۆمەڵگەکەیان پێکهێناوە، بەڵام بە گشتی دوو چینی ناوچەیی (حۆرانییەکان) و ئێرانییە کۆنەکان (میدییەکان). لەناو دراوسێکانیدا زۆرتر نزیکە لە کولتووری ئێرانییەوە. بۆ نموونە جەژنی نەورۆز کە یەکەم ڕۆژی ساڵە، کە لە ٢١ی ئازاردا ئاهەنگی بۆ دەگێڕن کە یەکەم ڕۆژی مانگی خاکەلێوەی کوردی و یەکەم ڕۆژی بەهاریشە.

کوردەکان خاوەنی کۆمەڵێک مۆرکی تایبەت بە خۆیانن لە شێوازی جلوبەرگ، خواردن، ڕەوشت، ئاهەنگگێڕان. بۆ نموونە شێوازی سەماکردنی کوردان پێی دەوترێت هەڵپەڕکێ و دەیان جۆری تایبەتی هەیە. زمانی کوردی خاوەنی دەیان شێوەزار و دیالێکتە و مۆسیقای کوردییش لە مۆسیقا و ئامێر و شێوازی وتنی جۆراوجۆر پێکدێت.

مۆسیقا

مۆسیقای کوردی بەشێکی گرنگ لە کولتووری کوردییە و بە نەریت دادەنرێت. زۆر مۆسیقاژەن و گۆرانیبێژی بەناوبانگی کوردی ھەن لە سەدەی بیستەم وەک حەسەن زیرەک و ئەحمەد کایا گۆرانیان گوتووە بە تورکی و فارسی ھەروەھا بە کوردی، مۆسیقای کوردی ڕۆژاوایی ئەنادۆڵی ھەیە، تورکی یۆنانی یان دەنگی بەڵقانی کەچی مۆسیقای کوردیی باشوور کاری پێدەکرێت بە شێوازی مۆسیقیی عەرەب مۆسیقای کوردیی ڕۆژھەڵات لەلایەن شێوازی فارسی و باکووری ڕۆژھەڵات و ئەرمەنی و شێوازی قەفقاسی.

لە کۆندا مۆسیقای تایبەت بە دەرباری شازادە کوردەکان نەبووە، لەبری ئەوە، مۆسیقا لە دانیشتنی شەوانەدا پێشکەش کراوە. چەند شێوازێکی مۆسیقا لەسەر ئەم جۆرانە دانراون. زۆربەی گۆرانییەکان لە سروشتیاندا ئەفسانەن، بۆ نموونە لاوک کە هۆنراوەی قارەمانێتییە و چیرۆکی قارەمانە کوردەکانی ڕابردوو، وەک سەڵاحەدین دەگێڕێتەوە. حەیرانیش هۆنراوەی خۆشەویستییە کە باس لە ئازارەکانی دابڕان و خۆشەویستی بێ ئەنجام دەکات. لاوژەش شێوازێکی مۆسیقای ئایینییە و پایزۆکیش ئەو گۆرانییانەن کە بەتایبەتی لە پاییزاندا ئەوترێن. گۆرانی خۆشەویستی، ئاهەنگ و هۆنراوەی وروژێنەر و گۆرانی تایبەت بە کار وفرمان.

جوگرافیا

وەک ئەوەی لە زانستنامەی بریتانیکادا نووسراوە، ڕووبەری کوردستان نزیکەی ١٩٠,٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت و شارە گرینگەکانی لە بەشی تورکیادا ئامەد، بەدلیس و وان، لە بەشی عێراقدا هەولێر و سلێمانی، لە بەشی ئێراندا کرماشان، سنە و مەهاباد. وەک «زانستنامەی ئیسلام» دەڵێت، لە ڕووبەری ٣٩٢,٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە، ١٩٢,٠٠٠ کیلۆمەتری لە تورکیا، ١٢٥,٠٠٠ کیلۆمەتری لە ئێران، ٦٥، ٠٠٠ کیلۆمەتری لە عێراق و ١٢,٠٠٠ لە سووریادایە. کوردستان لە ئێراندا پارێزگای کوردستان و زۆربەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژاوا، کرماشان، ئیلام و لوڕستان لە خۆ دەگرێت. کوردستان لە عێراقدا بە شەش بەش دابەشکراوە، سێ لەوانە و بەشێک لەوانی دیکەش ئێستا لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندایە. کوردستانی سووریا لە ڕۆژهەڵاتی ئەم وڵاتەدایە و بەشێکی زۆری کەوتووەتە پارێزگای ئەل هەساخ. شارە گەورەکانی ئەم بەشە قامیشلۆ و حەسەکە.

کەش و هەوا

کوردستان هاوینی گەرم و زستانی زۆر سارد و بەفری زۆرە، تایبەتمەندی ئەم ناوچەیە، و لەگەڵ ئەمەش زۆربەی بەشەکانی ئەم ناوچە بەهرەدارن و بەدرێژایی مێژوو شوێنی هەناردنی دانەوێڵە و ئاژەڵ بووە. ئاستی بارین لە دەشتەکان لە نێوان ٢٠٠ تا ٤٠٠ میلیمەترە لە ساڵدا و لە بەرزاییەکاندا ٧٠٠ تا ٣,٠٠٠ میلیمەترە.

دارستان

کوردستان ناوچەیەکی شاخاوییە بە کەش و هەوای سارد، بەڵام بارینی ئەوەندەی هەیە کە دارستان پەرە بسێنێت. بە سەرجەم مێرگ و دارستانەوە کوردستان، ١٦٠,٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشەیی سەوزایی تێدایە، کاج، سنەوبەر، بەڕوو، چنار، شۆڕەبی و سپیدار زۆرینەی جۆرەکانی دارن لە کوردستاندا.

چیاکان

چیا هێما و تایبەتمەندییەکی جوگرافی ژیانی کوردەکانە، هەر بۆیە گوتراوە: "کورد دۆستێکی نییە، جگە لە چیا". چیاکانی جوودی و ئارارات (کە لە فۆلکلۆری کوردیدا دیارن)، زاگرۆس، شینگەر، قەندیل، شاهۆ، پیرمەگروون، سەفین، شیرین و حەمرین، ناسیاوترین کێوەکانی کوردستانن.

ڕووبارەکان

بەرزایییەکان و چیاکانی کوردستان کە بارینی باران و بەفری زۆری تێدا ڕوو دەدات، وەک سەرچاوەی ڕووبارەکانی نێزیک خۆی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، یەکێکن لە سەرچاوەکانی دیجلە و فورات و ژمارەیەکی زۆر ڕووبارە بچووکەکان وەک خابوور، ئاراز، کەرخە و سفیدڕوود. ئەو ڕووبارانەی کە گرینگایەتی مێژووییان هەیە بۆ کوردان، ئاراز، خابوور، زابی گەورە، سیراون، جەغەتوو و زەهاب. ئەم ڕووبارانە کە لە بەرزایی سێ تا چوار هەزار مەتر بەرزتر لە ئاستی دەریادان، وەک سەرچاوەی ئاو و سەرچاوەی وەرگرتنی وزە بەکاردێن بە دانانی ئاوبەند و تۆرباین، عێراق و سووریا لە زۆربەی ڕووبارە سەرەکییەکان ئەوەیان کردووە و تورکیا بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەوەی کردووە.

گۆم و دەریاچەکان

کوردستان تاوەکوو دەریاچەی ورمێ لە ئێراندا، لە ڕۆژهەڵاتەوە درێژەی هەیە و لە لای ڕۆژاوا ناوچە نیوە کوردنشینەکان تا قەراغی دەریای ناوەڕاست درێژەی هەیە. دەریاچەی وان لە کوردستاندا گەورەترین دەریاچەی ناو تورکیایە و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنها دەریاچەی ورمێ لە وان گەورەترە، ئەم گەورەتربوونە هەڵبەت تەنیا لە بواری ڕووبەردایە و لە قووڵبوونی ئاو، وان لە ئاستی بەرزتردایە. دەریاچەی ورمێ، وان، دەریاچەی زرێبار (ڕۆژاوای مەریوان) و دەریاچەی دوکان (نزیکی شاری سلێمانی)، لەلایەن گەڕیارانەوە سەردان دەکرێت.

سەرچاوەکان

سەرچاوە بن زەوییەکانی کوردستان خەڵووز، مس، زێڕ، ئاسن، بەردی کەڵس (کە بۆ دروستکردنی چیمەنتۆ بەکاردێت)، مەڕمەڕ و زینک. گەورەترین سەرچاوەی بەردی گۆگرد لە جیهاندا، کەوتووەتە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نەوتی کوردستانی بە ٤٥ بلیۆن بەرمیل مەزەندە کردووە کە بەمە کوردستان دەبێتە شەشەمین وڵاتی جیهان. حکوومەتی هەرێم، لە تەممووزی ٢٠٠٧دا داوای لە کۆمپانیا بیانییەکان کرد تاکوو یارمەتی بدەن لە بەڕێخستنی ٤٠ دەموودەستگای هەناردنی نەوت، بە هیوای بردنە سەرەوەی دەستکەوتی نەوت تا ڕۆژی ١ ملیۆن بەرمیل. لە دوای داواکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەهۆی چاک بوونی بارودۆخی ئاسایش لە ناوچە کودنشینەکانی عێراق، چەندین کۆمپانیای گەورەی نەوتی جیهانی وەکوو ئێکسۆن مۆبیل و شێڵ ڕوویان لە کوردستان کرد.

ئاڵای کوردستان

ئاڵای کوردستانیش ئاڵای کوردستانی فیدراڵە و لە تەواوی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان، لە داموو دەزگا حکومییەکان و ڕێکخراوە ڕەسمییەکان شەکاوەیە.

ئاڵای کوردستان پێکهاتووە لە سێ ڕەنگ، دروشمێک لە ناوەندی. لە لاکێشەی ئاسۆیی پێکهاتووە، لاکێشەی سەرەوە ڕەنگی سوورە، ئەوەی ناوەند ڕەنگی سپییە، و لاکێشەی خوارەوە ڕەنگی سەوزە. بەرینایی ئاڵا دوو لەسەر سێی درێژایییەکەیەتی. دروشمی نەتەوەیی ئاڵای کوردستان خۆری زێڕینە، ئەم خۆرە ٢١ پەڕ (تیشک) ی یەکسان و هاوشێوەی هەیە. خۆرەکە دەبێ ڕێک لە چەق (ناوەندی) ئاڵای کورستان جێگیر بێت.

سروودی نیشتیمانی

سروودی ئەی ڕەقیب کە لەلایەن یوونس ڕەئووف ناسراو بە دڵدار لە ساڵی ١٩٤٠ دانراوە، ئەو کاتی لە زیندان بوون ئەم هۆنراوەیەی داناوە. ئەی ڕەقیب یەکەم جار لە سەردەمی کۆماری کوردستان بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستان. لە دوای پێکهاتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم هۆنراوەیە بووە بە سروودی نیشتمانی کوردستانی عێراق.

سروود

ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کورد زمان
نایشکێنێ دانەریی تۆپی زەمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین
سەیری کە خوێناوییە ڕابردوومان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
لاوی کورد هەستایە سەر پێ وەک دلێر
تا بە خوێن نەخشی بکا تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەیخوسرەوین
دینمان، ئایینمان هەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان
لاوی کورد هەر حازر و ئامادەیە
گیان فیدایە، گیان فیدا، هەر گیان فیدا
کەس نەڵێ کورد مردووە، کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان

سوپا

پێشمەرگە وشەیەکی کوردییە بۆ شەڕکەرە کوردەکان کە هەندێک بە شەڕکەرانی ئازادی ناویان دەبەن. وشەکە بە مانای «ئەوانەی کە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە» دێت و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە نزیکەیی لەو کاتەوە هەیە کە جووڵانەوەی کوردەکان بۆ سەربەخۆیی لە سەرەتای ساڵانی ١٩٢٠ دا دەستی پێکردووە، ئەمەش دوا بەدوای ڕووخانی هەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و قاجاری کە ناوچەکانی کوردستان لەژێردەستیاندا بوو. هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵێکی بەرچاویان بینی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان لە شەڕی دژی حکوومەتی بەعس لە عێراق. پێشمەرگە لە پێش دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ حکوومەتی بەعسیش هەر بوونی هەبوو. لە سەردەمی کۆماری مەهاباد، پێشمەرگە وەکوو سوپای حکوومەت بوو.

پەروەردە

هەتا ساڵی ٢٠١١ی زایینی تەنیا وڵاتێک کە بە ڕەسمی زمانی کوردی تێیدا دەخوێندرا عێراق بوو کە ئەویش بۆ خۆی لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دەستی پێ کردبوو و پێش ئەوە لە هەمووی ئاستەکاندا هەر بە زمانی عەرەبی وانە دەگوترایەوە. لە ئێراندا بەپێی دەستووری بنەڕەتی (قانوونی ئەساسی) زمانی کوردی وەکوو زمانی ناوچەیی پێناسە کراوە و لە هەندێک شوێندا دەخوێندرێت و لە هەندێکی دیکە نا. لە تورکیا هەتا ساڵی ٢٠٠٩ تەنانەت قسەکردن بە زمانی کوردی قەدەغەبوو بەڵام لە ساڵی ٢٠١١ەوە وانەیەک بە زمانی کوردی بۆ مندڵانی پلەی شەش دیاری کرا کە ئەگەر پێیان خۆش بێت دەتوانن هەڵیبژێرن و بیخوێنن. لە سووریا لە دوای شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردەکان، بزووتنەوەیەک بۆ فێرکاری کوردی دەستی پێکرد و زۆر کەس لە منداڵان و گەورەساڵان کەوتنە ژێر بەرنامەکانی فێرکاری کوردی.

خوێندنی باڵا

لە دوای هاتنی زانستە مۆدێرنەکان بۆ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەندین زانکۆ لە جێ جۆر بە جۆرەکانی کوردستاندا کرایەوە. بەڵام هەتا ئێستاش هیچکام لەم زانکۆگەلە جگە لە کۆرسی زمانی کوردی، هیچ وانەیەک بە زمانی کوردی ناڵێنەوە. ئەم زانکۆگەلە بەپێی ئەوە کە کەوتوونەتە کام وڵاتەوە، وانەکانیان بە زمانی فەرمی ئەو وڵاتە (وەکوو: فارسی، عەرەبی و تورکی) یان زمانی ئینگلیزی دەڵێنەوە.


سەرچاوەکان

370 بینین