ئامەد

له‌لایه‌ن: - هەژیر هیوا - به‌روار: 2021-08-19-14:03:00 - کۆدی بابەت: 6352
ئامەد

ناوه‌ڕۆك

شاری ئامەد

شاری ئامەد کە پێشی دەوترێت دیاربەکر، گەورەترین و گرنگترین شاری کوردییە لە وڵاتی تورکیادا، ئەم شارە کانگا و شوێنی پیاتێپەڕبوونی یەکێک لە گرنگترین ڕووبارەکانی ڕۆژئاوای ئاسیایە ئەویش دیجلەیە کە لە چیاکانی تۆرۆسەوە هەڵدەقوڵێت، قەڵای ئامەد کە یەکێکە لە کۆنترین قەڵاکان و سەدەی شەشەمی پێش زایین درووستکراوە، دووەم گەورەترین و درێژترین شوێنی بەرگرییە لە جیهاندا کە درووستکرابێ دوای دیواری چین.

شاری ئامەد پایتەخت و ناوەندی کارگێڕی پارێزگای ئامەدە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، سێیەم گەورەترین شاری تورکیایە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێمی ئەنادۆڵدا، دوای هەریەکە لە ئورفە و گازی عەنتاب.

زانیاری گشتی

شار ئامەد
وڵات تورکیا
هەرێم باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ
پارێزگا ئامەد
بەرزی لە ئاستی دەریاوە ٦٧٥ مەتر
دانیشتووان (سەرژمێری ٢٠٢٠) ١,٧٨٣,٤٣١
کات UTC +3
وێبسایت www.diyarbakir.gov.tr

ئامەد خاڵێکی ناوەندی و ناوچەیەکی ستراتیژی نێوان تورکیا و گرووپە کوردیەکانە، ماوەیەکی زۆر و دووردرێژە جێیەکی ناکۆکی لەسەرە لەنێوان هەردوولادا، لەلایەن گرووپە کوردییەکان و زۆربەی دانیشتوانی هەر چوار پارچەکەی کوردستان و کوردانی هەموو دنیاوە ئامەد بە پایتەختی کوردستانی گەورە ناوزەند دەکرێت کە ناوچەکە دوای شکستی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا خرایە سەر دەوڵەتی نوێی تورکیا.

مێژوو

ئامەد شارێک هەیە کە شوێنەواری ١٠ هەزار ساڵی بەسەرەوەیە، شارێکە کە دەیان شارستانیەتی لەخۆگرتووە، شارێکە کە مرۆڤایەتی لێرەدا کشتوکاڵ و ئاژەڵە کێویەکانی ماڵی کردووە، ئەو شارە هەر لە سەرەتای درووستبوونیەوە تا ئێستا بە هەریەک لە ناوەکانی (ئامید، ئامیدا، دیکرانا گەت، دیاربەکر یاخود ئامەد) ناسراوە.

ئامەد ماڵی هەموو مرۆڤایەتییە، لە حووری و میتانییەکانەوە بیگرە تاوەکو ئاشووری و ئارامییەکان، لە ئۆرارتۆییەکانەوە تا ماد و ئیسکیت یاخود سەکاکان، پارس، مەکەدۆن، پارت، تیگران و ڕۆمانییەکان، لە ئەیووبی و مەڕوانییەکانەوە تاوەکو ئاککۆیونییەکان، شوێنەواری مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر ڕووی ئەم شارەدا نەخشێنراوە.

سەرچاوە مێژوویەكان باس لەوە دەكەن ناوی ئامەد لە ئیمپڕاتۆریەتی مادەوە ھاتووە و ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمەکان لەساڵی (٦٦) ی پێش زایین ناوی ئامەدیان لێناوە پاشان كەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی فارس ساڵی (٣٥٩) ی زایینی و دواتر ناوی دیاربەكریش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هاتنی ئیسلام بۆ ئەو ناوچەیە، كە خێڵی (بەنی بەكر) تێیدا نیشتەجێ بوون لە سەردەمی معاویەدا و لەسەردانی كەمال ئەتاتوركدا لە ساڵی ١٩٣٧ دا (کە یەکەم سەرۆك كۆماری توركیا بوو) داوایكرد لە نووسراوە فەرمییەکاندا بە دیاربەكر ناوببرێت لەبەر ئەوەی بناغەی ئامەد دەگەڕێتەوە بۆ گەورەترین ئیمپراتۆریەتی مێژووی کورد کە ماد یا میدیایە و تورکەکان ئەو ناوە بەکارناهێنن، بەڵام لە باكوری كوردستان هەر بە ئامەد ناو دەبرێت.

شوێنە گرنگ و گەشتیارییەکان 

قەڵای ئامەد یەکێک لە شوێنەوارە گرنگ و تایبەتەکانی شارەکە، لەسەر کەناری ڕووباری دیجلە بنیاتنراوە، درێژییەکەی دیوی دەرەوی ئەم قەڵایە بە نزیكەیی ٥ هەزار مەتر دەنێت و لە ٨٢ بورج و چوار دەرگای سەرەكی پێکهاتووە، ئەم قەڵا دێرینە مێژووی درووستبوونی زۆر ڕوون نییە، هەندێك دەڵێن لەسەردەمی حوڕییەكانەوە بنیاتنراوە و لە سەردەمی (٣٤٩) ی زاینییدا ڕۆمەكان لە سەردەستی ئیمراتۆر (قۆنتانیۆسی) دووەم فراوان كراوە و بە یەكێک لە سیما مێژووی و دێرینەكانی جیهان دادەنرێت و دیزاین و شوێنەواری دێرینی مێژوویی زۆر دەگمەنی تیادایە، ڕێكخراوی یونسکۆش لە لیستی شوێنەوارە جیهانیەكاندا دایناوە.

مزگەوتی گەورەی ئامەد یەكێكی ترە لە ناوچە شوێنەوارییەكانی ئامەد و گەورەی ئامەدە، بە دێرینترین و كۆنترین مزگەوتی مێژووی توركیا دادەنرێت و لە سەدەی 11 ەوە لەساڵی ١٠٩٢ ی زایینی بنیاتراوە، بێجگە لەگەورەیی ئەم مزگەوتە جوانترین بەردو دیزاین و نەخش و هەڵكۆڵینی بۆ تەرخانكراوە ئەمە بێجگە لەو بەردە تایبەتەی بۆ بنیادنانی مزگەوتەكە تەرخانكراوە و بە گەشتێكی خێرا بۆ ئەم مزگەوتە ئەو دیزاین و مێژووە سەرنج ڕاكێشە بەدی دەکرێت و یەکێکە لەو شوێنانەی هاوشێوەی شوێنە گەشتیاریەكانی توركیا گەشتیارێكی زۆر سەردانی دەکات، ئەم مزگەوتە لەسەردەمی سەلجوقیەكان و هاوشێوەی مزگەوتی ئەمەوییەکان لە دیمەشق بنیاتنراوە.

یەکێکی تر لە و شوێنە دێرین و شوێنەواریانەی گەشتیاران لە شاری ئامەد ڕووی تێدەكەن و سەرنجی میوانان ڕادەكێشێ ماڵی جەمیل پاشایە، ماڵەكەی لەسەر ڕووبەڕێكی فراوان بەشێوە و دیزاینی ئیسلامی و توركی بەبەرد و نەخش و نیگارێكی جوان لەسەدەی شانزەدا بنیاتنراوە، ئەوەی دیزاین و بنیاتنانی ئەم ماڵە جیادەكاتەوە ئەوەیە بەتەواوەتی لەسەر دیزانی ڕۆژهەڵاتی بنیاتنراوە.


سەرچاوەکان



2841 بینین