دڵدار

دڵدار

له‌لایه‌ن: یوسف علی - به‌روار: 2021-05-13-16:04:00 - کۆدی بابەت: 20
دڵدار

ناوه‌ڕۆك

دڵدار

یوونس ڕەئووف (1918- 1948) ناسراو بە دڵدار، شاعیر و پارێزەر و چالاکی سیاسیی کورد بوو. بەناوبانگترین شیعری دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی 28 ساڵیدا و 2 ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نیشتیمانیی کۆماری مەھاباد و تا ئێستاش ھەر لەلایەن زۆربەی کوردەکانەوە وەک سروودی نیشتمانی دەناسرێتەوە.

ژیان

دڵدار، کوڕی مەلا ڕەئوف کوڕی مەحموود کوڕی مەلا سەعدی خادم ئەلسجادەیە و لە ڕۆژی 20ی شوباتی 1918 لە شاری کۆیە لەدایک بووە. پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. دڵدار لە بارەی ژیانی ڕانیەوە دەڵێت: «ھەرچەند ڕۆژێکی چاک و چوار ڕۆژانیش نەخۆش بووم، سەرەڕای ئەوەش ڕانیەم ھەر لەلا خۆش بوو، بە تایبەتی سەوداسەری قوللە بووم. ھەر کاتێ چاک بووبامایەوە، مەلەم لە ڕووبارەکە و لە بن دار بییەکان ڕاوەچۆلەکەم دەکرد.» لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوە و پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە ڕانیە تەواوکردوە. دوای ماوەیەک باوکی لەسەر فەرمانەکەی لادەبەن و ناچار بە ماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە تەواو دەکات. لە ساڵی 1940دا لە شاری کەرکووک قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و ئینجا ڕوو دەکات بەغدا و چووەتە زانکۆی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامەی زانکۆی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتە پارێزەر. لە بەغدا دەبێت بە ئەندامی حیزبی ھیوا. دوای ماوەیەک بە ھۆی کارە سیاسییەکانییەوە دەخرێتە زیندان. لە کۆتاییدا لە 12ی کانوونی یەکەمی 1948 و لە تەمەنی سی ساڵیدا لە شاری ھەولێر دەمرێت.

بەرھەمەکانی دڵدار

دڵدار، یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی 1935دا داناوە و لە ژمارەی 2ی ساڵی 1935ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووتەوە. لە بارەی سەرەتای خۆ تاقیکردنەوە بە شیعر دەڵێت: «لە 1935دا لە پۆلی یەکی ناوە‌ندیدا بووم، کە دیوانی نالیم زۆر بە وردی خوێندەوە، ھەڵبەستە جوانەکانی نالی لەگەڵ ھەڵبەستە ئاگرینەکانی حاجی قادری لەسەر پێشەوایەتی وێژەیی لە مێشکمدا شەڕیان بوو. ئەو کێشەکێشە دەرگای ھونەری شاعیری لێکردمەوە، زۆر کەڵکەڵەی وام لە کەلەدا بوو حەزم دەکرد لە بۆتەی ھەڵبەستەدا دایڕیژم. ئەوجا بەناو خەڵکیاندا بڵاو بکەمەوە و ئیتر ھەر خۆم تاقیکردەوە.»

شیعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵداریدا و حاجی قادری کۆیی، لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا کارگەرییان لەسەری بووە. لە بارەی خولیای ھۆنراوەیی و چێژ لێ‌ وەرگرتنی خۆیەوە دەڵێت: «ھێشتا لە قوتابخانەی سەرەتاییدا بووم، کە زۆربەی دیوانی حاجی قادری کۆییم لەبەر کردبوو، ھەمیشە بە وردی سەرنجم لە ھەڵبەستەکانی عەونی و راجی و عاسی و حسێنی و ھیرانی دەدا و لەبەریشم دەکردن، بەوانەش ‌دابین نەبووم ھەڵبەستی ھەرکەسێکم دەستبکەوتایە دەمنووسییەوە و لەبەریشم دەکردن. بەتایبەتی ھەڵبەستی وەفایی، کوردی، فایەق بێکەس، پیرەمێردم زۆر لەبەرکردن و ھەر لەو ساڵەدا ھەستم بەوە دەکرد، کە چێژ لە ھەڵەبەست وەرگرم و زۆر گیرۆدەی بووم.»

بەرھەمە چاپکراوەکانی

  • فی طریقی الی معرفة الحقائق ـ انتقادات الی قلب البھائیین
  • وتارێک دەربارەی عومەری خەییام
  • زمانی کوردی و ئەدەبیات
  • نارکۆزی کۆمەڵایەتیمان
  • اقتصادنا الوطنی
  • بیرەوەریەکانی یونس ڕەئوف دڵدار

ئەی ڕەقیب

بەناوبانگترین شیعری دڵدار سروودی نیشتیمانی کوردستانە

ئەی ڕەقیب ھەر ماوە قەومی کورد زوبان   نای ڕمێنێ دانەیی تۆپی زەمان
ئێمە ڕۆڵەی ڕەنگی سوور و شۆڕشین   سەیری کە خوێناویە ڕابووردومان
ئێمە ڕۆڵەی میدیا و کەی خوسرەوین   دینمان ئاینمانە هەر نیشتمان
کەس نەڵێ کورد مردوە کورد زیندووە   زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان
چەند ھەزار لاوانی کوردی نەڕڕەشێر   بوون بە قوربانی و ھەموویان نێژران
لاوی ئێستاش حازر و ئامادەیە   جانفیدانە جانفیدانە جانفیدان
لاوی کورد ھەڵسانە سەرپێ وەک دلێر   سا بە خوێن نەقشی ئەکەن تاجی ژیان
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە   زیندووە ھیچ نانەوێ ئاڵاکەمان

 


سەرچاوەکان

1732 بینین