مستەفا سادق ڕافعی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-16-15:24:00 - کۆدی بابەت: 12919
مستەفا سادق ڕافعی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مستەفا سادق ڕافعی یان مستەفا ڕافعی (بە عەرەبی: مصطفى صادق الرافعي، بە ئینگلیزی: Mostafa Saadeq Al-Rafe'ie) نووسەر و ئەدیبێکی عەرەبی میسرییە و بە یەکێک لە نووسەرە کلاسیکەکان یان پارێزکارەکانی عەرەب ناسراوە، هەروەها نازناوی موعجیزەی ئەدەبی عەرەبی ناسراوە چونکە سەرەڕای ئەوەی توانای بیستنی لاواز بووە و لە تەمەنی سی ساڵی توانای بیستنی بە تەواوی لەدەست داوە بەڵام لە نووسین و ئەدەبدا بە کەسێکی لێهاتوو دانراوە.

زانیاری گشتی

ناو  مستەفا سادق عەبدولڕەزاق ڕافعی
لەدایکبوون ساڵی ١٨٨٠
ڕەچەڵەک سووری، میسری
پیشە نووسەر، ئەدیب، هۆزانڤان، ڕەخنەگری ئەدەبی، بیرمەند
زمانی نووسین عەرەبی
نازناو پەرچووی ئەدەبی عەرەبی
کۆچی دوایی  ساڵی ١٩٣٧

ژیاننامەی

مستەفا سادق عەبدولڕەزاق ڕافعی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٨٠ لە لادێیەکی ناوچەی تەنتا لە میسر لەدایکبووە. دایک و باوکی بە ڕەچەڵەک سووری بوونە و باوکی وەکوو دادوەری شەرعی کاری کردووە و خوێندەوار بووە، بۆیە لە تەمەنێکی کەمدا نراوەتە خوێندنی سەرەتایی و قۆناغی سەرەتایی بە سەرکەوتوویی بەدەست هێناوە و پێش ئەوی تەمەنی ببێتە دە ساڵ قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، پاشان لە تەمەنێکی کەم تووشی نەخۆشی تیفۆ بووە و چەندان مانگ لەسەر جێگا بووە و نەخۆشییەکەی چارەسەری نەبووە، بۆیە نەخۆشییەکە کاریگەری کردووەتە سەر توانای بیستنی و زۆر لاوازی کرد و تاکوو گەیشتە تەمەنی سی ساڵی بە تەواوی توانای بیستنی لەدەست دا. بۆیە بەهۆی نەخۆشییەکەوە نەیتوانیوە خوێندن تەواو بکات و تەنیا بڕوانامەی سەرەتایی هەبووە و لەسەر دەستی باوکی خوێندن و زانستی وەرگرتووە. ڕافعی توانییەتی ببێتە نووسەر و خەمڵێنەری دارایی بۆ کرێی کەیس و گرێبەستەکان لە دادگای ناوچەی تەنتا.

ژیانی سۆزداری

ڕافعی هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکی نووسەری میسری عەبدولڕەحمان بەرقوقی کرووە، هاوکات بەپێی سەرچاوە ئەدەبی و مێژووییەکان مستەفا ڕافعی ئەوینداری یەکلایەنەی مەی زیادە بووە و چەندان نامەی ئەوینداری و خۆشەویستی بۆ نووسیوە، بەڵام مەی زیادە خۆشەویستی ئەوی ڕەتکردووەتەوە.

شێواز و ئەزموونی نووسینی

سەرەتای ئەزموونی نووسینی ڕافعی بە شیعر نووسین و وتنەوەی شیعر بووە، هەر لە تەمەنی لاوییەوە شیعری عەرەبی کۆنی لەبەرکردووە و پێی کاریگەر بووە، لە ساڵی ١٩٠٣ یەکەمین دیوانی شیعری خۆی بڵاوکردووەتەوە، پاشان دوای سەرکەوتن و دەنگدانەوە و ناوداربوونی ئەو دیوانەی، دوو بەشی تری تەواوکەری دیوانی یەکەمی دەرکرد. دوای ئەوەی لەو سەردەمەدا چەند شاعیرێکی ناوداری تری میسری نموونەی ئەحمەد شەوقی ناویان دەرکردبوو، ڕافعی ڕێچکەی ئەدەبی خۆی گۆڕی و زیاتر گرنگی دا بە نووسینی پەخشان و بابەتی ئەدەبی و ڕەخنەگرتنی ئەدەبی. لە ساڵی ١٩١٢ بۆ ماوەیەک کۆچی وڵاتی لوبنانی کرد و لەوێ کتێبێکی بە ناوی "حديث القمر/قسەی مانگ" بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لە هەست و سۆز و بیرۆکەی گەنجان دەکرد. دوای هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی یەکەم ڕافعی بەهۆی کاریگەری جەنگەوە تووشی هەژاری و نەداری بووە و بۆیە کتێبێکی لەبارەی هەژارییەوە نووسیوە بە ناوی "المساكين/هەژاران بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٣٤ بابەت و وتارە ئەدەبییەکانی لە گۆڤارو ڕۆژنامە عەرەبییەکان بڵاوکردووەتەوە.

دواتر کۆکراوەیەک لە نووسینە ڕەخنەگرەکانی خۆی لە کتێبی "وحي القلم"ـدا بڵاوکردەوە کە تێیدا بەرپەرچی چەند نووسراوێکی نووسەر تەها حسێنی داوەتەوە، لەگەڵ سێ بەشی کتێبی "مێژووی ئەدەبیاتی عەرەبی"دا لە بەشی یەکەمدا باسی ئەدەب و ڕۆمان و شیعر دەکرد و لە بەشی دووەمیشدا دەربارەی ئیعجازی قورئان بابەتی نووسیوە، بەهۆی کۆچی دواییەوە نەیتوانی بەشی کۆتایی تەواو بکات. ڕافعی ڕەخنەگرێکی توند بووە و دژی تێکەڵکردنی ئەدەبی عەرەبی بووە لەگەڵ ئەدەبەکانی تری نموونەی ئەدەبی فەڕەنسی، بۆیە دژی چەند نووسەرێکی سەردەمی خۆی بووە و ڕاجیای هەبووە لەنێوانیان لەسەر نووسین و بەرهەمی ئەدەبی نموونەی تەها حسێن و مستەفا لوتفی مەنفەڵۆتی و عەبباس عەقاد.

بەرهەمەکانی

  • دیوانی شیعری ڕافعی لە سێ بەش پێکهاتووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٠٣ بۆ ١٩٠٦ دیوانەکانی لەبەرگیراوەی یەکەمیان لێ دەرکراوە. بۆ هەر دیوانێکی خۆی پێشەکی نووسیوە.
  • مێژووی ئەدەبیاتی عەرەبی: لە سێ بەش پێکهاتووە و یەکەم بەشی لە ساڵی ١٩١١ بڵاوکراوەتەوە، "ئیعجازی قورئانی و ڕەوانبێژی پێغەمبەرایەتی" دووەم بەشی ئەم بەرهەمە بوو و لە ساڵی ١٩٢٨ بڵاوکراوتەوە. کۆتا بەشی لە دوای کۆچی دوایی لە ساڵی ١٩٤٠ بڵاوکراوەتەوە و ئەم بەرهەمەی ناودارترین بەرهەمەکانێتی.
  • کتێبی تحت راية القرآن: کتێبێکە لە وەڵامدانەوەی کتێبێکی نووسەری میسری تەها حسێن نووسییەتی.
  • کتێبی وحي القلم: ناودارترین کتێبی ڕافعییە و لە سێ بەش پێکهاتووە و کۆمەڵە بابەتی هەمەجۆری نووسەرە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٣٤ بۆ ١٩٣٧ نووسییەتی و دوای کۆچی دوایی خۆی بۆ چەندان جار لەبەرگیرانەتەوە و بڵاوکرانەتەوە.
  • چەند دێڕێکی سروودی نیشتمانی وڵاتی میسری نووسیوە، هاوکات سروودی نیشتمانی وڵاتی توونسیش هەر لە نووسینی ڕافعییە.
  • کتێبی حديث القمر
  • دیوانی النظرات
  • کتێبی ملكة الإنشاء
  • کتێبی المساكين
  • کتێبی رسائل احزان
  • شانۆنامەی موعظة الشباب 
  • ڕۆمان و شانۆنامەی حسام الدين الأندلسي

کۆچی دوایی

مستەفا سادق ڕافعی لە دەی ئایاری ساڵی ١٩٣٧ لە تەمەنی ٥٧ ساڵی لە ماڵەکەی خۆی لە ناوچەی تەنتا کۆچی دوایی کردووە.


سەرچاوەکان



2919 بینین