میکانیزمی جیهانگیری
هێزە کاریگەرەکانی سەرمایەداری لە سیستەمی نێودەوڵەتی هەوڵدەدەن جیهانگیرییەکی ئابووری و ڕامیاری و کۆمەڵایەتی و هزری و ڕۆشنبیری و بگرە سەربازیش لە ڕێگای کۆمەڵێک میکانیزم و هۆکارەوە بەدی بێنن کە ئەمانیش:
دامودەزگای نەختی و دارایی جیهانی (دامەزراوەکانی بریتون وودز)، ڕێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی (WTO) کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان (Multinational Companies)، هاوپەیمانی ناتۆ، مونتەدای ئابووری جیهان (داڤۆس).
بەڕێوبردنی سیستم
بەم شێوەیە دەکرێت جیهانگیری ئابووری سێ سیستەمی سەرەکی لەخۆ دەگرێت، سیستەمی نەختی نێودەوڵەتی، و سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی، و سیستەمی بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ڕێگای سێ ڕێکخراوی ئابووری جیهانییەوە ئیدارەی هەرسێ سیستەمەکە دەکرێت، ئەویش بریتییە لە:
- سندووقی نەختی نێودەوڵەتی International Monetary Fund (IMF)
- بانکی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی World Bank (WB)
- ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی World Trade Organization (WTO)
ئەم ڕێکخراوانە هەڵدەستن بە بەڕێوەبردنی سیاسەتی ئابووری جیهانگیری، بۆ نموونە سندووقی نەختی نێودەوڵەتی پسپۆڕە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەختینەیی، بانکی جیهانی تایبەتمەندی لە بواری سیاسەتی دارایی و بەڕێوەبردن هەیە، ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی پسپۆڕایەتی لە بەڕێوەبردنی سیاسەتی بازرگانی جیهانیدا هەیە.
باسکردن و لێکۆڵینەوە لەسەر هەر سێ ڕێکخراوە جیهانییەکە پیویستە بۆ شارەزابوون لە میکانیزمی بەڕێوەچوونی جیهانگیری ئابووری.