داپووکانەوەی ئابووری

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-29-21:35:00 - کۆدی بابەت: 13050
داپووکانەوەی ئابووری

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

داپووکانەوەی ئابووری (بە عەرەبی: الانهيار الاقتصادي، و بە ئینگلیزی: Economic collapse)، داپووکانەوەی ئابووری کە پێشی دەوترێت داڕمانی ئابووری بریتییە لە خراپی ئابووری نەتەوەیەک یان هەرێمێک کە زۆربەی کات دوای کاتی قەیران ڕوودەدات. داڕمانی ئابووری لە سەرەتادا زەبرێکی توند دروست ئەکات و کاریگەری خراپیش دوای خۆی جێدەهێڵێت، داپووکانەوەی ئابووری لەوانەیە تەنها چەند مانگێک بخایەنێت و پێدەچێت چەندین ساڵیش بخایەنێت.

داڕمانی ئابووری لەوانەیە بەخێرایی ڕووبدات بەهۆی ڕووداوێکی چاوەڕوان نەکراو یان دەکرێت پێشتر چەند نیشانە و ڕووداوێک بوونیان هەبووبێت کە ئاماژەیان بە لاوازی ئابووری کردبێت. داڕمانی ئابووری بەشێک نییە لە سووڕی ئابووری ئاسایی کە بریتییەلە (فراوانبوون و کەمبوونەوە)، بەڵکو داڕمانی ئابووری بە ئاشکرا بەهۆی داڕمانێکی بەربڵاو لە میکانیزمەکانی بازاڕ و بازرگانیدا دروست دەبێت. قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩٣٠ بە یەکێک لە خراپترین داڕمانی ئابووری لە مێژوودا دادەنرێت بەهۆی کاریگەرییە جیهانییەکانەوە.

تێگەیشتن لە داڕمانی ئابووری

داڕمانی ئابووری ڕووداوێکی نائاساییە کە مەرج نییە بەشێک بێت لە سووڕی ئابووری، بەڵام دەکرێت لە هەر خاڵێکی سووڕەکەدا ڕووبدات کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوە و ڕوودانی قەیران. تیۆری ئابووری چەند قۆناغێک دەخاتەڕوو کە ئابووری دەتوانێت بەسەریدا تێپەڕێت، سووڕی ئابووری تەواو جووڵە لە نزمەوە بۆ فراوانبوون لەخۆ دەگرێت هەرچەندە داڕمانی ئابووری لە سەردەمی هاوچەرخدا لە کەمبوونەوەدایە. بە پێچەوانەی قەیرانەکانەوە هیچ ڕێنماییەکی ڕێککەوتوو نییە بۆ داڕمانی ئابووری، بەڵکو دەستەواژەی داڕمانی ئابووری ناونیشانێکە کە لەوانەیە لەلایەن ئابووریناسان و بەرپرسانی حکومەتەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەها حکوومەتەکان لە کاتی داڕمانی ئابووری هەڵوێستیان هەیە، کاتێک کێشەیەکی گەورە دروست دەبێت ترسیان بۆ دروست دەبێت و هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکە دەدەن بۆ ئەوەی داڕمانی ئابووری ڕونەدات.

نموونەکان لە مێژوودا

بە درێژایی مێژوو چەندین نموونە هەیە لە داڕمانی ئابووریدا، هەر داڕمانێکی ئابووری بە شێوەیەکی ئاسایی بارودۆخ و فاکتەری تایبەتی خۆی هەیە هەرچەندە هەندێک هۆکار هەیە کە قەیرانی گەورە دروست دەکەن. زۆرجار ئەم فاکتەرانە تێکەڵ دەکرێن لەگەڵ زۆرێک لە فاکتەرە گەورە ئابوورییەکان کە لە کەمبوونەوە و قەیرانەکاندا ڕوودەدات وەک (هەڵئاوسانی زۆر، داڕمانی بازاڕی بۆرسە، فراوانبوونی بازاڕ و ڕێژەی ناهاوسەنگی سوود). لەوانەیە هەندێک کات داڕمانی ئابووری  لە فاکتەرە نائاساییەکانەوە ڕووبدات وەک (سیاسەتە کارەساتبارەکانی حکوومەت، بازاڕێکی جیهانی داڕماو، برسێتی، پەتا و مردن). 

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا قەیرانی گەورەی ساڵانی ١٩٣٠ نموونەیەکی سەرەکی داڕمانی ئابوورییە، کە بە گەورەترین قەیران دادەنرێت لە ڕووی زیانەوە هەروەها درێژترین قەیران بووە. هەروەها ڕووخانی بازاڕی بۆرسەی ساڵی ١٩٢٩ هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ داڕمانی ئابووری. لە ساڵی ٢٠٠٨دا قەیرانێکی گەورە ڕوویدا کە ئەم قەیرانە بووە هۆی چاکسازی یاسادانان، بەتایبەتی لە یاسای چاکسازی و پاراستنی بەکاربەران. قەیرانی دارایی ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ کەمتر لە دوو ساڵی خایاند و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەش چارەکی گەشەی نەرێنی بەرهەمی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی بە کەمکردنەوەی ٥.٣٪ لە گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی لە ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٩، هەروەها قەیرانی دارایی ساڵانی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ بووە هۆی ئەوەی ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠١٠دا بگاتە ئاستێکی بەرز بە ڕێژەی ٩.٦٪.

هەروەها چەندین قەیرانی ئابووری نێودەوڵەتی هەیە کە بە درێژایی مێژوو ڕوویان داوە کە یەکێتی سۆڤیەت، ئەمریکای لاتین، یۆنان و ئەرجەنتین هەموویان لەم ڕووەوە لە ڕیزبەندی پێشەوەی قەیرانەکاندا بوون، لە هەردوو وڵاتی یۆنان و ئەرجەنتین هەردوو داڕمانی ئابووری بەهۆی کێشەی گەورەی قەرزی سەروەریەوە بوون، داڕمانی قەرزی سەروەری بووە هۆی ئاژاوەی بەکاربەران، دابەزینی دراوەکانیان، پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ڕزگارکردن و چاککردنەوەی حکومەت. پەتای کۆڤید-١٩ی ساڵی ٢٠٢٠ کە لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەوە، لە چین و پاشان لە ئەورووپاوە دەستی پێکرد پاشان ئەمریکا، نموونەیەکی دیکەی شۆکێکی دەرەکییە کە بووە هۆی داڕمانی ئابووری جیهانی.

سستی ئابووری چییە؟

سستی ئابووری بریتییە لە دابەزینێکی سەخت و درێژخایەن لە چالاکی ئابووریدا. سستی ئابووری هەندێک کات لە هەندێک وڵاتدا بە قەیران ناودەبرێت، سستی ئابووری لەوانەیە وەک قەیرانێکی توند پێناسە بکرێت کە سێ ساڵ یان زیاتر دەخایەنێت یان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاستەقینە (GDP) کە بە لایەنی کەمەوە بە ڕێژەی ١٠٪ لە ساڵێکی دیاریکراودا. سستییە ئابووریەکان زۆر کەمتر باون لە قەیرانەکان و هەردووکیان بە ڕێژەی بەرزی بێکاری و هەڵئاوسانی ڕێژەیی کەم هاوشانی یەکن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٨٥٠ەوە بە لایەنی کەمەوە ٣٤ قەیرانی دارایی بەخۆیەوە بینیوە، نموونەی قەیرانی دارایی گەورە لە ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ و قەیرانی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠. بەڵام تەنها یەک سستی ئابووری هەبووە، کە لە ساڵی ١٩٢٩ تا ١٩٣٩ بەردەوام بووە و بە قەیرانی گەورە ناسراوە.

سستی ئابووری بەرانبەر قەیران

قەیران بە بەشێکی ئاسایی سووڕی بازرگانی و گەشەکردن دادەنرێت بە شێوەیەکی گشتی وەک کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی پێناسە دەکرێت بە لانیکەم دوو چارەکە لەسەر یەک، لەوانەیە قەیرانێکی کورت کۆتایی پێبێت پێش ئەوەی پشتڕاست بکرێتەوە کە ڕوویداوە. بەڵام سستی ئابووری چەندین ساڵ بەردەوام دەبێت و کاریگەرییەکانی زۆر گەورەترن کە نزیکەی ٢٥٪. قەیرانەکان زۆر باو بوون لە نێوان ساڵانی ١٨٥٤ بۆ ٢٠٠٨، ٣٢ قەیران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەبووە بەڵام تەنها یەک سستی ئابووری هەبووە، دواتریش قەیرانی دارایی گەورەی ساڵانی ٢٠٠٨-٢٠٠٩مان هەبووە و قەیرانی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠٢٠ دروست بوو بەڵام ماوەی بەردەوام بوونی کەمتر بوو.

هەروەک ئاماژەی پێکرا قەیران بەوە پێناسە دەکرێت کە بەلایەنی کەمەوە دوو چارەکە لەسەر یەک کە گەشەی نەرێنی بەرهەمی ناوخۆییە. بەڵام سستی ئابووری بە کەمبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆیی ساڵانە بە ڕێژەی ١٠٪ یان زیاتر پێناسە دەکرێت.


سەرچاوەکان



132 بینین