ناوهڕۆك
جیهانگیری ئابووری واتە چی؟
بۆ پێناسەکردنی جیهانگیری پێناسەیەکی یەکگرتووی سەرتاپاگیر کۆک نییە، بەهۆی ئاڵۆزی ناوەڕۆکی هزری زاراوەکە و تەوەری ئابووری لەگەڵ تەوەرەکانی تری ڕامیاری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژیا و زانیاری تێکەڵ بە یەکتر بووە، جیهانگیری زارایەکەی دینامیکییە و لەگەڵ گۆڕانکارییە جیهانییەکان دەجوڵیت و دروست دەبێت و پێک دێت.
لەگەڵ ئەمەشدا جیهانگیری بە شێوەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی زیاتر لایەنە ئابووریەکەی بەسەر بوارەکانی تردا زاڵە، کە دەرکێت ئەو بوارانەی تر بە پاشکۆی جیهانگیری ئابووری دابنرێت، جیهانگیری ئابووری چەمکێکە زۆر بە خێرایی لەسەر سەرجەم ئاستەکانی بەرهەمهێنان و دارایی و تەکنەلۆژیا و خستنەبازاڕ و کارگێڕی تەشەنە دەکات، لە زانستە ئابوورییەکان وکو ئامرازێکی توێژینەوە دەردەکەوێت بۆ دەستنیشانکردنی پڕۆسەی گۆڕانی ئەو بوارانە، بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی جیهانگیری پڕۆسەیەکی بەردەوامە، بە بەکارهێنانی نیشانەکانی چەندایەتی و چۆنیەتی لە بوارە پراکتیکییە جۆراوجۆرەکاندا دەکرێت تێبینی بکرێت، هەروەها دەکرێت لە ڕێگای پڕۆسە بنەڕەتییەکانی کە جیهانگیری لە چواردەوری دەخولێتەوە تێبینی بکرێت، کە کێبڕکێ و داهێنان و تەکنەلۆژیا و ئازادکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و نوێکردنەوە و تەشەنەکردنی جیهانی بەرهەم و جیهانگیری داراییە، کە پێکهێنەری سەرەکی جیهانگیری ئابووریە لەو ڕوانگەیەی: هەردوو پڕۆسەی دوای (جیهانگیری بەرهەم و جیهانگیری دارایی) لەسەر بنەمای پشت بەستن بە ئاڵوگۆڕی هاوبەش دامەزراوە.
دەتوانین بڵێین: داڕشتنی پێناسەیەکی ورد و زانستیانە بۆ جیهانگیری مەسەلەیەکی ئاسان نییە بەهۆی زۆری پێناسەکان، کە لەسەر بنەمای کاریگەری هزر و تێڕوانینی جۆراوجۆری نووسە و لێکۆڵەرەوە و ئایدیۆلۆژیا و تێڕوانینیان بۆ جیهانگیری پەسەندی بکەن یان ڕەتیبکەنەوە دامەزراوە.
ناوەڕۆك
بۆ نزیکبوونەوە لە پێناسەیەکی سەرتاپاگیر بۆ جیهانگیری پێویستە ڕەچاوی سێ لایەن بکەین بۆ بە ڕوونکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی:
- لایەنی یەکەم: پەیوەندی بە تەشەنەکردنی زانیاری و شۆڕشی زانیارییەکانەوە هەیە کە لە بەردەم سەرجەم هاوڵاتیان دابین و فەراهام کرابێت.
- لایەنی دووەم: پەیوەندی بە لابردن و هەڵگرتنی کۆت و بەربەستە سنوورییەکانەوە هەیە لە نێوان وڵاتان.
- لایەنی سێیەم: زیادبوونی ڕێژەی لێک نزیکبوونەوە و لێکچوونی نێوان گروپ و کۆمەڵگە و دامەزراوەکانە.
سەرجەم ئەم پڕۆسانە ڕەنگە کاریگەری خراپی لەسەر هەندێک ئابووری هەبێ و بە پێچەوانەشەوە بۆ هەندێ ئابوورییەکانی تر بە ئیجابی بکەوێتەوە. ئەمەش بە ڕەچاوکردنی ئەوەی: جیهانگیری لە ڕێگای تەکنەلۆژیا گەیاندن و کێبڕکێ و گفتوگۆی نموونەیی دەزگاکان ڕوودەدات، کە لە ڕێگای میکانیزمی دیاریکراو دەچێت بەڕێوە و پێی دەوترێت میکانیزمەکانی جیهانگیری.