عەباس مەحموود عەقاد

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-16-22:37:00 - کۆدی بابەت: 12930
عەباس مەحموود عەقاد

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

عەباس مەحموود عەقاد یان ئەلعەقاد (بە عەرەبی: عباس محمود العقاد، بە ئینگلیزی: Abbas Mahmoud al-Aqqad) نووسەر و ئەدیبێکی عەرەبی بە ڕەچەڵەک میسرییە و بە یەکێک لە نووسەرە کلاسیکەکان یان پارێزکارەکانی عەرەب ناسراوە.

زانیاری گشتی

ناو  عەباس مەحموود عەقاد
لەدایکبوون ساڵی ١٨٨٩ ئەسوان، میسر
ڕەچەڵەک  میسری
پیشە نووسەر، ئەدیب، ڕەخنەگری ئەدەبی، بیرمەند، مێژوونووس، هۆزانڤان، ڕۆژنامەنووس
زمانی نووسین عەرەبی
کۆچی دوایی ساڵی ١٩٦٤، قاهیرە، میسر

ژیاننامەی

عەباس مەحموود عەقاد لە ٢٨ـی حوزەیرانی ساڵی ١٨٨٩ لە شاری ئەسوان لە میسر لەدایکبووە، باوکی سەرپەرشتیاری دەستنووسەکانی ناوچەکەیان بووە و دایکیشی بە ڕەچەڵەک کورد بووە، دایکی کچی ئاغا عومەر کوردی بووە و باوکی دایکی یەکێک بووە لە سەرکردەکانی سوڵتان محەمەد عەلی پاشای عوسمانی.

لە ناوچەکەی خۆیان هەر لە تەمەنی منداڵی خراوەتە بەر خوێندنی سەرەتایی و لە ساڵی ١٩٠٣ بڕوانامەی سەرەتایی بەدەست هێناوە و هەر لە تەمەنی منداڵی قورئانی پیرۆزی لەبەرکردووە، بەهۆی ئەوەی لە ناوچەکەیان خوێندنگەی قۆناغەکانی تری خوێندن نەبووە بۆیە نەیتوانییە خوێندن تەواو بکات، دوای تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی لە ساڵی ١٩٠٥ وەکوو فەرمانبەری دەوڵەت دەست بەکاربووە. هەر لە تەمەنی لاوییەوە لەگەڵ باوکی سەردانی کۆڕ و کۆبوونەوەی زانایان و نووسەرانی کردووە و لەو کۆبوونەوانەوە بایەخی داوە بە ئەدەب و زمانی عەرەبی و شیعر. عەقاد خۆی فێری زمانی ئینگلیزی کردووە و لە زمانی فەڕەنسی و زمانی ئەڵمانیش شارەزایی هەبووە.

ژیانی سۆزداری

عەباس مەحموود عەقاد لە ژیانیدا پرۆسەی هاوسەرگیری پێکنەهێناوە و هیچ منداڵێکی نەبووە، بەڵام دوو ئەزموونی خۆشەویستی هەبووە، یەکەمیان لە تەمەنی لاوی کچێکی بە ناوی سارە خۆشویستووە و تەنانەت ڕۆمانێکی بە هەمان ناو بۆ نووسیوە، بەڵام هاوسەرگیرییان نەکردووە. دووەم ئەزموونی ئەوینداری عەقاد لەگەڵ مەدیحە یوسرا هونەرمەند و نواندنکاری ئەو سەردەمەی میسر بووە، بەهۆی ئەوەی وازی لە کاری نواندن نەهێناوە عەقاد هاوسەرگیری لەگەڵ نەکردووە.

ئەزموونی کارکردن و ڕۆژنامەوانی

دوای دەرچوونی لە قۆنافی سەرەتایی وەکوو فەرمانبەری تەلەگراف، فەرمانبەری هێڵی ئاسنی شەمەندەفەر، فەرمانبەری دیوانی ئەوقاف کاری کردووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٠٧ کاتێک باوکی کۆچی دوایی کردووە، عەقاد وازی لە فەرمانبەری حکوومی هێناوە و دەستی لە کارەکەی کێشاوەتەوە، پاشان چووەتە شاری قاهیرە و لەوێ دەستی کردووە بە کاری ڕۆژنامەوانی. لە ساڵانی ١٩٠٧ بۆ ١٩٠٩ لەگەڵ بیرمەندی میسری محەمەد فەرید وەجدی ڕۆژنامەی دەستووریان دامەزراند، عەقاد یەکەم ڕۆژنامەوان بوو کە لەگەڵ سەعد زەغلوول کەسایەتی دیاری ئەو سەردەمە چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی ئەنجام دا.

عەقاد کاری ڕۆژنامەوانی بۆ زۆرێک لە ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە کردووە نموونەی ڕۆژنامەکانی (المؤيد، الفصول، الأهالي، الأهرام، أخبار اليوم، البلاغ، الأساس). لە سەردەمی پاشایەتی میسر بۆ ماوەیەک وەکوو ئەندام پەرلەمانی میسر هەڵبژێردراوە و بەهۆی بەرهەڵستکردنی بڕیارێکی دەستوور بۆ ماوەی نۆ مانگ زیندانی کراوە. لە ساڵی ١٩٥٦ بووەتە ئەندامی باڵای ئەنجوومەنی هونەر و ئەدەبی میسر.

شێواز و ئەزموونی نووسینی

شێوازی نووسینی عەقاد زیاتر خۆی لە بوارەکانی ئایین و نیشتمان پەروەری بینییەتەوە،دژی هزری مارکسی و نازییەکان بووە و بانگەشەی بۆ ئازادی و دیموکراسی کردووە. لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووسی میسری مستەفا نازمی "مدرسة الديوان"ـی دامەزراندووە کە تێیدا بانگەشەی کردووە بۆ نوێکاری لە شیعری عەرەبیدا، بۆ ماوەی چەندان ساڵ هەموو بەیانیانێکی ڕۆژی هەینی عەقاد لە ماڵەکەی خۆی کۆبوونەوەی ئەدەبی بۆ نووسەران و ڕۆشنبیرانی میسر ساز کردووە. ناکۆکی و ڕاجیایی لەسەر بابەتی ئەدەبی لەگەڵ چەند نووسەرێکی سەردەمی خۆی هەبووە نموونەی مستەفا ڕافعی و تەها حسێن و ئەحمەد شەوقی.

بەرهەمەکانی

کتێبەکانی عباس مەحموود عەقاد زیاتر لە سەد بەرهەمیان تێپەڕاندووە، لە ماوەی ساڵی ١٩١٦ بۆ ساڵی ١٩٥٠ نۆ دیوانی شیعری بڵاوکردووەتەوە و بە سەدان بابەتی لە ڕۆژنامە میسرییەکانی سەردەمی خۆی بڵاوکردووەتەوە. بەرهەمەکانی وەرگێڕانی سەر زمانی ئینگلیزی و فەڕەنسی و ڕووسی و ئەڵمانی کراون، بەشێک لە بابەت و شیعرەکانی لە خوێندنگەکانی میسر لە زمانی عەرەبیدا دەخوێندرێن.

دیارترین بەرهەمەکانی

کتێبەکانی بواری ئایینی ئیسلام

  • العبقريات: دیارترین بەرهەمی عەقادە و زنجیرە کتێبێکە کە لە چوار کتێب پێکهاتووە و لەسەر ژیاننامەی پێغەمبەر ﷺ و هەر چوار خەلیفەکانی ڕاشیدەین نووسییەتی.
  • المرأة في القرآن
  • التفكیر فريضة اسلامية
  • الإسلام والحضارة الإنسانيّة

کتێبەکانی بواری مێژوو و زانستە کۆمەڵایەتییەکان 

  • مطالعات في الكتب والحياة 
  • مراجعات في الأدب والفنون
  • ساعات بين الكتب
  • جحا الضاحك المضحك

کتێبەکانی بواری ڕەخنەگری و زمان

  • الديوان في القند والأدب
  • ابن الرومي في حياته من شعره
  • رجعة أبي العلاء
  • اللغة الشاعرية

کتێب و بەرهەمی سیاسی

  • هتلر في الميزان
  • أفيون الشعوب
  • النازية والأديان
  • لاشيوعية لا استعمار

دیوان و بەرهەمی شیعری

عەباس مەحموود عەقاد لە ماوەی ژیانیدا دە دیوانی شیعری چاپکردووە، ناودارتینیان بریتین لە: 

  • يقظة الصباح
  • وهج الظهيرة
  • أشباح الأصيل
  • هدية الكروان

کۆچی دوایی

عەباس مەحموود عەقاد لە ١٢ـی ئازاری ساڵی ١٩٦٤ لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا لە شاری قاهیرە کۆچی دوایی کردووە، تەرمەکەی گەڕێنراوەتەوە بۆ ناوچەکەی خۆی ئەسوان و هەر لەوێش نێژراوە.


سەرچاوەکان



3761 بینین