حاجی قادری کۆیی

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-18-01:37:00 - کۆدی بابەت: 3402
حاجی قادری کۆیی

ناوه‌ڕۆك

ژیانی حاجی قادری کۆیی

حاجی قادر کوڕی مەلا ئەحمەدە، لە گوندی (گۆڕ قەرەج)ی شاری کۆیە لە ساڵی (١٨١٧)ز لەدایکبووە، لە ئەستەنبۆڵ، لە ساڵی (١٨٩٧)ز کۆچی دوایی کردووە و هەر لەوێ بە خاک سپێردراوە، حاجی یەکێکە لە شاعیرە نەتەوەپەروەر و نیشتمانپەروەرەکانمان، سەرەتای ژیانی شاعیرییەتی لە کوردستانی عێراق و ئێران دەستپێکردووە، چونکە پاش گەشتەکەی ناوچە باڵەکایەتی کە لەگەڵ مەلا عەبدوڵڵای جەلیلزادە، ڕوودەکاتە کوردستانی ئێران و ماوەیەکی زۆر لەوێدا دەمێنێتەوە، شیعرەکانی ئەو سەردەمەی حاجی لە تەوەری دڵداری و ئەڤینییەوە دەسوڕانەوە، ماوەیەکی زۆر پاش گەڕانەوەی لە گەشتی خوێندنەکەی، لە کۆیە دەمێنێتەوە، بەڵام وادیارە مەلایەکی ڕووناکبیری وەک حاجی نەشیاوە لەناو کۆمەڵی ئەو کاتەی کۆیە ژیانێکی ئاسوودە بەسەر ببات، هەر لەبەر ئەوە ناچار بووە، کە ڕووبکاتە ئەستەنبۆڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی و هەموو ژیانی خۆی لەوێ بەسەر ببات.

گۆڕانی شێوازی شیعری حاجی

ئەوەی شایانی گوتنە، کە حاجی تا نەچووەتە ئەستەنبۆڵ زۆر بەلای شیعری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیدا نەچووە لەبەر ئەم هۆكارانە:

١- حاجی لە ئەستەنبۆڵ کەوتە ناو ژیانێکی نوێ و تازەوە، ئەو ژیانە نوێیە گۆڕانێکی سەرەکی بەسەر بیروباوەڕی حاجیدا هێنا، چونکە شاری ئەستەنبۆڵی ئەو کاتە جێی کۆبوونەوەی هەموو ئازادیخوازانی ژێر دەستەی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی بوو، ئاوڕێکی لە میللەتەکەی خۆی دایەوە و کانیاوی شیعری نەتەوەیی لای ئەو تەقییوەتەوە.

٢- لە شاری ئەستەنبۆڵدا، حاجی بە بنەماڵەی کوردپەروەری بەدرخانییان گەیشت و بوو بە مامۆستای کوڕەکانیان، دیارە ئەو بنەماڵەیە کوردپەروەربوون و دەمێک لە پێناو ئامانجە ڕەواکانی کورد درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرخۆدان دەدا و کارێکی گەورەیان کردە سەر بیروباوەڕی حاجی قادر.

٣- حاجی قادر، هەر لە ئەستەنبۆڵدا، مەم و زینی ئەحمەدی خانی کەوتە دەست و پێشەکییەکەی خوێندەوە، ئەو پێشەکییەوە و دەیان کتێبی ڕۆشنبیری تازە بابەت، کە لە ئەوروپاوە دەهاتن و دەکران بە تورکی و دەهاتنە بڵاوکردنەوە، وایانکرد، کە بیر و هەستی نەتەوایەتی لای حاجی سەرهەڵبدا.

٤-دیارە ئاوارەبوون و دوورکەوتنەوە لە زێدی باوو باپیرانمان کارێکی گەورە دەکاتە سەر مرۆڤ و وای لێدەکات، کە هەمیشە بیر و باوەڕ و هەست و هۆشی لای وڵات و شارەکەی بێت، لەبەر ئەوە مرۆڤی ئاوارە و دوورە وڵات، بە تایبەتی ئەگەر وەک حاجی ڕووناکبیریش بێت، هەمیشە سۆز و هەستی لای نیشتمانەکەی دەبێت.

ئەو دەردانەی حاجی باسیان دەكات

هەرچەندە حاجی قادری کۆیی بە یەکەم شاعیری نەتەوەیی دانانرێ چونکە بەر لە ئەو ئەحمەدی خانی (١٦٥٠- ١٧٠٦)ز وەک ڕابەری شیعری نەتەوەیی لە ئەدەبیاتی کوردیدا، دەرد و ئازاری کوردی دەست نیشانکردووە، بەڵام حاجی سەرەڕای دەست نیشانکردنی ئەو دەردانە، زۆر جاریش هەوڵی داوە چارەیان بۆ بدۆزێتەوە، بۆ نمونە:

١- حاجی دەردێکی کوشندەی لای کورد دەست نیشانکردووە، کە دووبەرەکی و ناتەبایی و دوژمنایەتی کردنی یەکترییە، دەرمانی ئەم دەردەش لای ئەو تەنیا هەر ڕێککەوتن و یەکڕیزییە.
تا ڕێک نەکەون قەبیلی ئەکراد            هەروا دەبنە خەرابە ئاباد

٢- حاجی، دوژمنی سەرەکی دەستنیشانکردووە کە تەماحکار و داگیرکەرانی کوردستانن، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەو دوژمنەش (چەک)ـی بە چارەسەر داناوە، چونکە وا دیارە ئەو کاتەش زمانی سەردەم چەک بووە، بۆیە دەڵێت:
صەلاحی ئێوە ئیستێکە سیلاحە           تەماعی گەورەیی بێ چەک نەکەن نەک

٣- لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە، حاجی وەک هەر ڕووناکبیرێکی تازە، زانست و چەکی، پێکەوە کردوون بە دوو مەرجی سەرەکی و بنەڕەت بۆ خەبات و بەگژداچوونەوەی دوژمن، بۆیە دەڵێت:
بە شیر و خامە دەوڵەت پایەدارە            ئەمن خامەم هەیە، شیر نادیارە

٤- دیسان ڕووناکبیری و تیێگەیشتوویی و هوشیاری حاجی لەوەدا بووە، کە ڕێکخستنی یا بەزمانی ئەمڕۆ، پێکهێنانی حزب و کاری نهێنی و تەگبیرکردن و پەیداکردنی چەک و تفاق شەڕ بە مەرجی سەرکەوتن دادەنێت.

٥- لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کە حاجی پێی وابووە، کە پێویستە گەل بەدەوری سەرکردەیەک کۆبێتەوە و ئەو سەرکردەیە وەک ڕابەر و پێشڕەوی خەباتی نەتەوەیی میللەت لە دەوری خۆیدا گردکاتەوە و بەرەو ئامانج بیانبات. ئەمەش لەم هۆنراوەیەدا دەردەکەوێت کە دەڵێت:

لە ڕۆما کەوتە بەرچاوم کەسێکی هائیم و حەیران
بە هەیئەت تێی گەییم کوردە بە شێوەی ئەهلی کوردستان
کە چوومە خزمەتی پرسیم: برادەر خەڵکی کام جێگای؟
لە کاملا هاتووی؟ گریا، گوتی: بابان! گوتم بابان؟
دڵم داوە گوتم: باوکە هەموومان بێکەسین لێرە
چ قەوماوە، گەلێ حەیفە، مەگریێ هەر وەکو باران
گوتی بۆ غوربەت و ڕووتی نییە ئەفغان و هاوارم
لە داخی حاکمی خۆمە، لە شان و شەوکەتی تورکان
گەلێکم بیستووە پەستی و بڵندی دەوڵەتان، ئەمما
جیهان نەیدیوە پەستی وا میسالی میسالی حاڵی کوردستان


سەرچاوەکان



5730 بینین