ناوهڕۆك
ئەحمەدی خانی
ساڵی لەدایكبوون و كۆچی دوایی : (١٦٥٠ - ١٧٠٦) زایینی
ئەحمەدی خانی بەناوبانگترین شاعیری نەتەوەی كۆنی كوردە، لوتكەی شیعری كرمانجی سەروو و دوا شاعیری گەورەیەتی، ناوبانگی ئەحمەدی خانی لەگەڵ مەم و زیندا سنوری دوری وڵاتی بڕیووە و بە جیھاندا بڵاو بۆتەوە.
ژیانی خانی
خانی بۆ خۆی مێژووی لە دایكبوونی خۆی بۆ تۆماركردووین كە دەڵێت:
لەو ڕاكو دەما ژغەیب فەك بوو
تەئریخ ھەزار و شەست و یەك بوو
واتە لە كاتێكدا كە من لە نەبوون پەیدا بووم، ساڵی ھەزار و شەست و یەك بوو، واتە لە ساڵی (١٠٦١)ی كۆچی ھاتۆتە دونیاوە، كە دەكاتە (١٦٥٠)ز بەڵام لە كوێ؟ ھەندێك ھەر لەبەر ئەوەی لە بایەزید كۆچی دواییكردوە و لەوێ نێژراوە دەیكەین بە خەڵكی بایەزید.
بەڵام ئەگەر بە وردی مەم و زین بخوێنینەوە لەو تێدەگەین، كە خانی زۆر بە توندی بەستراوە بە جزیرەوە، ھەرچەندە ڕوودانی چیرۆكی مەم و زین لە ناوچەی جزیرەدا ھۆیەكی گەورەی ئەمەیە، بەڵام ئەوەش دیارە، كە خانی لە جزیرەدا زۆر ژیاوە، ھەر وەك لە مەم و زینەوە بۆمان دەردەكەوێت، كە خانی زانایەكی گەورە بوو و شارەزای فەلسەفە و گەلێك زانستی تر بوو.
ھەر ئەمە ڕاستی ئەوەمان بۆ دەردەخات، كە لە زۆر كتێبدا كە دەربارەی ژیانی خانی نووسراوە، لە زۆر شوێن خوێندوویەتی و بووە بە گەورە و لە جەزیرە و بایەزید وانەی گوتۆتەوە گەلێك مەلا و زانای تری پێگەیاندووە خانی لە ساڵی (١٧٠٦)ز كۆچی دواییكردووە.
بەرھەمەكانی
لەو بەرھەمانەی خانی، كە ئێستا ماون لەبەر دەستدان دەتوانین چوار جۆر دەستنیشان بكەین:
١- غەزەل و قەسیدە
٢- عەقیدا ئیمان
٣- نەوبارا بچوكان
٤- مەم و زین
غەزەل و قەسیدە
خانی ھەر بە مەم و زین ناوبانگی دەركردووە، بەڵام لەم دواییەدا ھەندێك ھۆنراوەی دۆزرایەوە، كە ئەوانیش بەشێكی تر لە ھونەرمەندی خانی پیشاندەدەن و لە ڕویو بیر و فەلسەفەی خانییەوە تەواوكەری مەم و زینن. بۆ نمونە لە ھۆنراوەیەك دا دەڵێت:
میری مەخلیـــس نەكەت موتریب گۆیا چ بكەت
غونچەی خاندان نەبتن بولبولی شەیدا چ بكەت
بنكا حوســنـی بتان لازمـــە ساحێــب نەزەرەك
كەسی بینا كــو نەبـــت دولبەری زێبا چ بكەت
تالیبی عەلیم و كەمـــال نەبتـــن قابیــلی فەیز
حیكمەت و تەربیەتا عالیـــمی دانـــا چ بكــەت
تەبعی خانی سەدەفا گەوھـــەرە عیرفانە وەلێ
مەتن خوانەك نەبتن ساحێــبی مـــەعنا چ بكەت
عەقیدا ئیمان
كتێبێكی بچوكی عەقایدی ئیسلامە، یا چەند وانەیەكی زانستی (كەلام)ە، خانی بە ھۆنراوە پێشكەشی فەقێی كوردی كردووە. لێرەدا خانی وەك مامۆستایەك خۆی دەنوێنێت و نەچۆتە كۆڕی گفتوگۆ و لێكدانەوەی مەزھەبەكانی ئیسلامەوە، لێرەدا خانی وەك (مەم و زین)ی نەكردووە، بەڵكو كتێبێكی خوێندنی پێشكەش بە فەقێكانی كردووە.
نۆباران بچوكان
لێرەشدا خانی ھاتووە بە ھۆنراوەی كوردی فەرھەنگێكی (عەرەبی-كوردی) پێشكەش بە منداڵانی كورد كردووە، بۆ ئەوەی فێری عەرەبی ببن، خانی لێرەشدا وەك كوڕی گەل خۆی دەنوێنێت، ئەم نۆبەرەیەی پێشكەش بە میر و خاوەن دەسەڵات ناكات، بەڵكو بۆ منداڵانی كوردی نوسیوە وەك خۆی دەڵێت:
نە ژبۆ ساحیب ڕەواجان
بلكی ژبۆ بچووكێد كرمانجان
مەم و زین
دەمێك بوو ئەنجامی پڕ لە ئازار و مەرگی ناكامانەی مەم و زین بوو بوو بە چیرۆك و پشتاوپشت دەگوترایەوە. دەمێك بوو ئەو ئەنجام و سۆز و فیداكارییە سروودی دڵداران بوو. بەڵام خانی ھات سەر لە نوێ زیندویان بكاتەوە نەمرییان پێببەخشێت و بەناو ئەوانەوە كۆمەڵێك بیر و ڕاو فەلسەفەی خۆشی دەرببڕێت وەك دەڵێت:
شەرحا غەمێ دل بكەم فسانە
زین و مەمێ بكەم بەھانە
واتە: (بە بیانووی مەم و زی شەرحی غەمی دڵی خۆم بكەم) خانی پشت بەو داستانی (مەم و زین) یا (مەمی ئالان)ەی لە ناو خەڵكی بۆتاندا بەستووە و، ھاتووە بەشێكی تازەی لە بەرگێكی تازە نووسیوە وەك دەڵێت:
سافی شمڕاند ڤەخوارد دووردی
مانەندی دەرییسانی كوردی
ئینانە نیزام و ئینتیزامی
كێشایە جەفا ژبۆ وی عامی
واتە: (بەسەر شەرابی پوختدا ڕابردوم و (دوردم) خواردمەوە، كە تڵپەی شەرابە، وەك ئەوەی كە بەسەر زمانی (دەریدا ڕابردوم كە فارسی كۆنە و زمانی كوردیم ھێناو خستمە سەر نیزام و ڕێك و پێكییەك و جەفام لە ڕێگەی ئەو خەڵكە سادەیە كێشا).
بەڵام وەنەبێت مەم و زینی خانی وەك (مەم و زین)ەكەی فۆلكلۆری ناو خەڵك تەنھا چیرۆكی دڵداری مەم و زین بێت، بەڵكو خانی شاعیرانە چەند شتێكی لێكداوەتەوە و شتێكی تازەی داڕشتووە.
ھەندێك ژ فەسانەیێد بوھتان
ھەندەك د بەھانە ھەن د بوھتان
واتە: ھەندێك لەو شتانەی لەناو بۆتاندا باوە، كە ئەمەش ئەم چیرۆكەیە كە خەڵك دەماودەم دەیگێڕنەوە، ھەندێك (بەھانە) واتە بیر و ڕای خانییەو بەناوی (مەم و زین)ەوە دەر بڕیوە لەمەودوا باسی دەكەین، ھەندێك (بوھتان) یان بوختان یان بڵێین (درۆیە) مەبەس ئەو ڕووداو كەسانەیە، كە خانی بۆ پێویستی چیرۆك دروستی كردوون یا ئەو وتو وێژەیە، كە بەدەم كەسانی چیرۆكەكەوە دەیگێڕێتەوە.
بیروڕا
خانی كۆمەڵێك بیروڕای خۆی بە بیانوی مەم و زینەوە دەربڕیوە كە ئەمانەن:
١- ھەر لەسەرەتاوە، بەناوی ستایشی خواو و پێغەمبەرەوە چۆتە ناو گفتوگۆی فەلسەفەوە، گەلێك لە بیر و ڕای فەلسەفەی یۆنانی و فەلسەفەی ئیسلام دەردەبڕێت و شەن و كەویان دەكات و خۆشی وەك فەیلەسوفێك و سۆفیەكی گەورە دەنوێنێت.
٢- خانی یەكەم كوردە، كە بیری كوردایەتی لە قاڵبێكی دیاریكراودا دەربڕیوە و ھانی كوردی داوە، كە یەكبگرن و بەرامبەر بە ھێرش و داگیركەرانی ئەو سەردەمە بوەستن.
٣- خانی لە مەم و زیندا گەلێك بیری كۆمەڵایەتیشی دەربڕیوە و لە ھەموو ئەمانەدا لەگەڵ ھێڵی بەرەو پێشچوونی مێژوودا بووە.
٤- خانی دڵدارییە بەسۆزەكەی مەم و زینی بە ڕێبازێكی سۆفیگەری بردووە و (مەم و زین) كردووە بە دوو خوا پەرستیەكی وا كە گەیشتیتە پلەی فەنابوون.
بەم جۆرە توانیویەتی ئەو مەم و زینەی بكات بە گەورەترین بەرھەمی ئەدەبی كوردی و ئەدەبی ڕۆژھەڵاتدا جێگەیەكی بەرزی بۆ تەرخان كراوە.
ڕوخساری مەم و زین
١- (مەم و زین)ی بە بەشە دیالێكتی بۆتانی كرمانجی سەروو نووسیوە بەڵام ھەوڵیداوە كە وشەی زۆر لە بەشە دیالێكت و دیالێكتەكانی دری تێدا ببێت.
٢- خانی لەسەر پەیڕەوی زمانی ئەدەبیی ئەو سەردەن ڕۆیشتوە كە گەلێك وشەی فارسی و عەرەبی و توركی تێكەڵكردوە.
٣- لەڕووی كێشی ھۆنراوەوە خانی كێشی عەروزی عەرەبی بەكارھێناوە.
٤- خانی لە یەكیەتی سەروا لایداوە و ھاتۆتە سەر جووت سەروا، كە پێش ئەو لە داستانە فارسییەكاندا بەكارھاتووە. ئەمەش لە كوردیدا شتێكی تازەبووە. یا ڕێكتر ئەوەیە بڵێن لە كرمانجی سەروودا تازەبووە.
دەنگی خانی تا ئێستاش ھەر بەرز و دلێرە. دەنگی سۆزی خۆشەویستییە، باوەڕی نیشتیمانپەروەرییە، وردی فەلسەفەو لە جیھان گەیشتنە، دەنگی كاروانی سەركەوتوو و بەرەوە پێشچووی پێشكەوتنی مرۆڤە، خانی چ لە پتەوی و بەرزی بەرھەمی خۆیدا، چ لە بیری نیشتیمان پەروەریدا ئاوێنەی ڕۆژانی گەشەسەندن و ھەڵمەتبردنی میرنشینی بۆتانە، ئەگەر تەماشای سەرچاوەكانی مێژووی كورد بكەین، دەبینین لەو سەردەمەی ئەودا خاكی بۆتان وا پەرەی سەندبوو، كە خەریك بوو بەرھەمی پیشەسازی پەرەی دەسەند و ھێزی دەگرتە دەست. ھەر لەبەر ئەمەشە، كە بیری ڕزگاربوونی نەتەوەیی بەو جۆرە لە شیعری خانیدا دیارە. بەڵام داگیركەری عوسمانی ھات و وڵاتی خاپور كرد.
گەشەسەندن و پیشەسازی و پێشەكەوتنی شیعر و ھونەریش لە جێی خۆی وەستا و بەڵكو گەڕایەوە دواوە، بە جۆرێك كە لەناوبچێت و ڕوو لە كزی و نەمان بكات لەو بناغەیەی مەلای جزیری و خانی دیانمەزراند لە دو وسەدەی دواییدا ھيچی نەھاتە سەر. بەڵام چونكە بناغەكە پتەوبوو، لەبەر ئەوە بۆ سەرەتایەكی تر و سەرھەڵدانەوەیەكی تر دەستی دەدا، كە ئەویش لە سەدەی بیستەم و قۆناغی ئەو ئەدەبە بوو.
نمونەیەك لە مەم و زین
گەردێ ھەبویا مەژی خودانەك
عالی كەرەمەك لەتیفە دانەك
عیلم و ھونەرو كەمال و ئیزعان
شیعر و غەزەل و كتێب و دیوان
ئەڤ جنسە بیا ل وی مەعموول
ئەڤ نەقدە بیا ل نك وی مەقبوول
من دێ عەلەما كەلامێ مەوزوون
عالی بكرا ل بانێ گەردوون
بینا ڕوحا مەلێ جزیری
پێ حەی بكرا عەلی حەریری
كەیفەك وەبدا فەقیھێ تەیران
حەتا ب ئەبەد بمایە حەیران
چ بكەم كو قەوی كەسادە بازاڕ
نینە ژ قوماشیڕا خڕیدار