ده‌وڵه‌تی عوسمانی

له‌لایه‌ن: شاهید عبدالرحمن - به‌روار: 2019-08-06-20:08:00 - کۆدی بابەت: 25
ده‌وڵه‌تی عوسمانی

ناوه‌ڕۆك

دامەزراندنی


ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامی بوو کە لە ساڵی 1299 ەوە تا ساڵی 1923 ، قوستەنتینیە ئیستەنبوڵی ئێستا پایتەختی دەوڵەتەکە بوو . دەوڵەتی عوسمانی ماوەی نزیک بە 600 ساڵ دەسەڵاتدارییەتیەکەی بەردەوام بوو . عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئیمپراتۆرییەتەکە بوو, دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی. زۆربەی خاکی ھەر سێ قاڕەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی ئەگەیشتە 29 ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی "پێشەوای باوەڕداران" و "خەلیفەی موسڵمانان"-یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی سیاسی و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەورووپای مەسیح و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن وچاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری.

ڕەچەڵەکی عوسمانییەکان


عوسمانییەکان ھۆزێکی تورک بوون، و تورکەکان سەرەتا لە ئاسیای ناوەڕاستدا نیشتەجێ بوون. کاتێک مەغۆلەکان بە سەرکردایەتی ھۆلاکۆخان خۆراسانیان گرت، سولەیمان، باپیری عوسمان، ساڵی 1220 کۆچی کرد بۆ وڵاتی ئەنادۆڵ و لە شاری ئەخلات نیشتەجێ بوون. لە دوای مردنی سولەیمان، ئۆرتغرۆلی کوڕی جێگەی گرتەوە و لەگەڵ ھۆزەکەیدا ڕۆیشت بۆ شاری ئەرزینجان کە مەیدانی شەڕی نێوان سەلجووقییەکان و خواڕەزمییەکان بوو. ئۆرتغرۆل لەپێناو بەرژەوەندی سوڵتان عەلائەددینی سەلجوقی، سوڵتانی قۆنیە کاری ئەکرد و یارمەتیی سوڵتانی ئەدا لە شەڕ دژی خواڕزمییەکاندا. لەبەر ئەوە، سوڵتان زەوییەکانی بۆ جیاکردنەوە لە سنوری خۆرئاوای ئەنادۆڵ و بەتەنیشتی ڕۆمەوە و ڕێگەی پێدان کە زەوییەکانیان فراوان بکەن لەسەر حسابی ڕۆم.

ئابووری دەوڵەت

عوسمانیەکان دارایی و خەزێنەی دەوڵەتەکەیان ڕێکخست بەباشترین شێوە و چالاکتر بوو لە ھەر دەوڵەتێکی ئیسلامی پێشتر، بەردەوام ڕژێمی داراییەکەیان باشترین ڕژێمی سەردەمی خۆی بوو ولە سەروو ڕژێمی دارایی ھەموو ئیمپراتۆری و کۆمار و مەمالیک و میرنشینەکانی سەردەمی خۆی بوو ھەتا سەدەی 17، دەوڵەتە ئەوروپیەکان لەم ڕووەوە پێشی کەوتن، خەزێنەی عوسمانی گەشەی سەند لە سەردەمی زێڕینیاندا، وەزارتێکی تایبەت بە کاروباری داراییان دامەزراند و کەسێک سەرپەرشتی ئەکرد کە پێی ئەوترا (دەفتەردار) دواتر ناسرا بە وەزیری دارایی، لە چاکی بەڕێوەبردنی ھەندێک لە وەزارەتە داراییەکان کاریگەریەکی گەورەیان ھەبوو لە سەرکەوتنی فەتحی سوڵتانەکان و ھەڵمەتە سەربازیەکانیان.


دراو


دراوی عوسمانی لە سەرەتای دەوڵەتەکە بە قروش ناسرابوو کە لە بڕۆنز ومس دروستکرابوو، ولە کۆتایی دەوڵەتەکە لیرە بووە دراوی عوسمانی وناوی سوڵتانی سەردەمەکەیان بۆ زیاد ئەکرد، وەک (لیرەی مەجیدی) و (لیرەی ڕەشادی). ویەک لیرەی عوسمانی بەرامبەر بوو لەگەڵ 162 قرش. کە سەرەتا لیرەکان ئاڵتونی بوون، پاشان دەوڵەت پارەی کاشی دەرکرد بۆ یەکەم جار لە سەردەمی شەڕی جیھانی یەکەمدا، بە ھۆی ئەو بڕە زۆرەی بۆ شەڕ سەڕفکرا، نرخەکەی دابەزی لە بەرامبەر پارەی ئاڵتونی وزیوی، بەلام حوکمەت سور بوو لەسەر ئەوەی لیرەی کاغەز بەرامبەر بێت لەگەڵ لیرەی ئاڵتونو خەڵکی ناچار کرد ئیشی پێ بکەن بەو شێوەیە.


بازرگانی

عوسمانیەکان زۆر ناوەندی بازرگانی وبازاڕی گەورە وخانەیان کردەوە لەسەر ڕیگە سەرەکیەکانی بازرگانی تا بازرگان وگەشتیار وکارونەکان لێی دابەزن، چەند ناوەندێک ھەبوو شتومەکە بازرگانیەکانی تیا کۆئەکرایەوە ونرخیان بۆ جێگیر ئەکرا، کە وەک ئاڵوگۆڕی شتومەکی ئێستا ئیشی ئەکرد، بەم ناوەندە بازرگانیانەیان ئەوت دەبستان، سەرەتا لە بۆرسە وئەدەرنە دامەزران پاشان بە ھەموو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوبوونەوە، وھەندێکیان تایبەت ئەکران بە فرۆشتنی کەل وپەلی تایبەت وەک، گەوھەر وقوماش کتێب وبۆن و فەڕش و بەھارات و لەدەوروبەری ئەم ناوەندانە فرۆشیاری پێویستیە ڕۆژانەکان ھەبوون لە خواردن وسوتەمەنی.


کشتوکاڵ و پیشەسازی

دەوڵەتی عوسمانی کۆنتڕۆڵی زەویە بە پیتەکانی ھەموو دەوڵەتەکەی کردبوو، لەوانە دەشتی بە پیتی وڵاتی شام و حەوزی ڕووباری دانووب، و حەوزی دیجلە و فورات، و دۆڵی نیل، و دەستەکانی ئاسیای بچووک و باکوری ئەفریقیا، کە ئەم ناوچانە بە پێی خاکەکەی و بوونی ئاو و زۆری بەرھەم ناسرابوون، بەرھەمی کشتوکاڵی ھەمە جۆر بوو، گەنم و ڕۆنی زەیتون و میوە و بەر و بوومی وەک ترێ و ھەنجیر و قۆخ و سێو و بادەم و گێلاس وھەرمێ و زۆری تر. بەرھەمی ئاژەڵی گرنگی لەوە کەمتر نەبوو، گرنگیەکی زۆر بە بەخێوکردنیان ئەدرا، پیشەسازی خواردەمەنی لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە بڵاو بوویەوە کە لە سەرچاوە ڕووەکی و گیانەوەریەکان دەرئەھێنران دیارتریینیان پیشەسازی حەریر و خوری و سابوون بوو، و لەسەردەمی زێڕینی دەوڵەتدا پیشەسازی سەربازی پێش کەوت لە دروستکردنی چەکدا.


باروودۆخی کۆمەڵایەتی

مێژوونوسان کۆکن لەسەر ئەوەی شارستانی عوسمانی تێکەڵێکە لە شارستانی نەتەوەکانی پێش خۆیان و نەتەوەکانیان سەردەمەکانیان، ئاسەواری عەرەب وفارسی تیا دەرئەکەوت لە ڕوویەکەوە، وئاسەواری بیزەنتی وئەوروپیکان لە ڕوویەکی ترەوە، ڕاسترین شت کە بوترێت لەسەر ئەمە ئەوەیە کە شارستانی عوسمانی درێژبوونەوەی شارستانی وخەلافەتی عەرەبی ئیسلامی بوو کە لە سەردەمی عەباسیدا گەیشتە لوتکە، بەلام عوسمانیەکان سروشتی تورکی خۆیان وزۆر لە کاریگەریە بیزەنتی و ئەوروپیەکانیان خستە سەر.


کۆمەڵگە

عوسمانیەکان بەوە ناسراون کە سیاسەتی لەناوبردنی نەتەوەکانی تریان پەیڕەو نە ئەکرد، جیاوازی ئەمان لەگەڵ داگیر کەردا ئەوە بوو کە داگیرکەری ئیستیعمار سوور بوو لە پێشێل کردنی وڵاتەکە و دانیشتوانی بەباری نەزانی ودواکەوتوویی بھێڵێتەوە بەڵام ئەمان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانە یەکسان بوون وجیاوازیان نەکرد، کە زۆر لە مێژوو نوسان ئەمە بە ھۆکارێک دائەنێن بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و جیابوونەوەی نەتەوەکان لێی لە دواییدا، بەڵام زۆری تر لەو باوەڕەدان کە ئەم فرە ڕەگەزییە ھۆکاری مانەوەیان بوو بۆ ماوەی 600 ساڵ، کە سوڵتانەکان مافی سەربەستی ئاینی ونەژادیان بەخسیە کەمایەتیەکان، ھەندێک لە شارە عوسمانیە گەورەکان سروشتێکی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی تێکەڵیان ھەبوو وەک قوستەنتینیە وزۆر لە شارانەی تر کە گرنگی بازرگانی یان ئاینییان ھەیە یان پایتەختی ولایەتەکان بوون، لەو شارانەش کە تاکو ئێستا شارستانی عوسمانی تیایاندا ماوەتەوە، سەرایڤۆ، سکوبیە، سالۆنیک، دیمەشق، بەغدا، قودس، مەککە وجەزائر کە تا ئێستا لەم شارانەدا نیشانەی تەلارسازیە عوسمانیەکان وئاسەوارەکانیان ئەبینرێ


زانست و فێربوون

دەوڵەتی عوسمانی چالاککردنی فێربوونی مەدەنی پشت گوێخست لە قۆناغەکانی مێژوویدا تەنھا خوێندنگە تایبەتە ئیسلامیەکان نەبێت، وخوێندن پێش کەوت لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم وئەوانەی دوای ئەو ھاتن بە تایبەت سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم زۆر گرنگی پێدا، کە خوێندنگەی ناوەندی وئامادەیی وپەیمانگەی تەکنیکی دامەزراند. وسولتان لە سەرەتای ساڵی 1878ز خوێندنگەی تایبەت بە کاروباری دارایی، وماف، وھونەرە جوانەکان، وبازرگانی، وئەندازیاری، پزیشکی ڤێرتێنەری، وپۆلیس وپزیشکی نوێی دروست کرد، زۆر لە خوێندنگە و بوارە زانستیەکانی سوڵتانەکانی پێش خۆی بەرەو پێش برد وزانکۆی کردەوە وچەندین ھەوڵی تر لەو بوارەدا.


بیناسازی

عوسمانیەکان گرنگیەگی دیاریان دا بە بیناسازی، لە ھەموو دەوڵەتەکەیاندا تۆڕێکی فراوانی ڕیگا وپردیان بنیاتنا بەپشتبەستن بە لێھاتووی بیزەنتیەکانی بولگار، ھەروەک گرنگیان دا بە بنیاتنانی خوێندنگە و پەیمانگەی فێربوون، ودروستکردنی نەخۆشخانە وبیمارستان وناوەنی بەساڵاچووان، ودروستکردنی خواردنگەی جەماوەری بۆ ھەژاران وخانەیان دروست کرد بۆ دابەزینی گەشتیارە بیانیەکان، وگرنگیان دا بە دروستکردنی کتێبخانە ومۆزەخانە وتەلار ومزگەوت. بیناسازی پیشکەوت لە سەردەمی فراونبوون وفەتحەکاناد، ھەندێک مزگەوتەکان بە دیارترین ئاسەواری بیناسازی عوسمانی دائەنێن لەوانە، مزگەوتی سوڵتان محەمەد فاتیح لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان ئەحمەد ھەر لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان سولەیمان قانونی و مزگەوتی سوڵتان بایەزید وزۆری تر.

ھونەر و ئەدەب

چینی حوکمڕانی عوسمانیەکان گرنیان بە مۆسیقا دا، کە ھەندێک لە سوڵتانەکان خۆیان پارچەی مۆسیقایان ڕێکخستووە وئاوازیان بۆ داناوە لەوانە سوڵتان سەلیمی سێیەم، مۆسیقای عوسمانی وەک زۆربەی سیما شارستانیەکانی عوسمانیەکان بە تێکەڵ دائەنرێت لە مۆسیقای بیزەنتی وعەرەبی وفارسی. شیعری عوسمانی بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری شیعری فارشی لەسەرە و کاریگەری شیعری عەرەبی لە سەری کەمترە، لەبەر ئەوە عەرەبی وفارسی کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر زمانی تورکی عوسمانی ھەبوو، شاعیرەکان بەردەوام بوون، وھەندێک لە سوڵتانە عوسمانیەکان شیعریان بە فارسی و عەرەبی دائەنا تا سەدەی نۆزدە، پاشان تورکەکان ڕوویان کردە دانانی شیعر بە تورکی.

زمان


سێ زمان بە زۆری بەکار دەھێنران لە دەوڵەتی عوسمانیدا، یەکەمیانتورکی بوو، کە زمانی دایکیی تورکەکانە و زۆربەی دانیشتووانی ئەنادۆڵ و تراقیا پێی دەدوان لەگەڵ موسڵمانەکانی بالکان بێجگە لەئالبانیا و بۆسنیا، بە شێوەیەکی ئاسایی زمانی تورکی بڵاو بوو لە ناو ڕۆشنبیرە ناتورکەکاندا بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەری دەوڵەت بوون، و زمانی فارسی زۆر باو بوو لە نێو ڕۆشنبیرە عوسمانییەکان، و زمانی عەرەبی دووەم گرنگی پێ دەدرا، کە زمانی لێدوانی دەوڵەتە عەرەبییەکانی ژیر حوکمی عوسمانی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەموو نەتەوە موسڵمانە ناعەرەبەکان لەبەر ئەوەی زمانی ئایینی ئیسلامە گرنگیان پێ داوە، زمانی تورکی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، زمانی تورکیی عوسمانی جیاوازە لە زمانی تورکیی ئێستا لەبەر کاریگەری فارسی و عەرەبی لەسەری. ھەندێک زمانی تر بڵاو بوون لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەڵام لە ئاستێکی کەمتردا، وەک: کوردی، سربی،یۆنانی، ماجاری، ئەرمەنی و بولگاری. ھەندێک لە تایفەکان زمانی تایبەتی خۆیان ھەبوو وەک سریانی و قەبتی بۆ مەسیحیە میسریەکان و عیبری بۆ یەھوودەکان.

ئایین

ئیسلام ئایینی ڕەسمی دەوڵەتی بوو، کە زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتە ئاسیا و ئەفریقییەکان ئیسلام بوون لەگەڵ زۆر لە ناوچەکانی بەلقان، لەسەر مەزھەبی سوننە دەڕۆیشتن، و کەمایەتیکی شیعە ھەبوو بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق و ھەندێک ناوچەی شامدا، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە دروز و عەلەوی لە لوبنان و سووریا و ئوردن و فەلەستین. عوسمانییەکان ڕێگەیان بە مەسیحی و یەھوودی دا کە نەریتە ئایینییەکانیان بە سەربەستی بە جێ بھێنن لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا، و عوسمانییەکان وەک ھەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکانی پێش خۆیان جزیەیان لە سەر دانیشتووانە ناموسڵمانەکان دانا لە بەرامبەردا لێیان خۆش بوون لە خزمەتی سەربازی.


سەرچاوەکان

1604 بینین