خەسڵەت و رەگەزەکانی مۆسیقا

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-06-20:38:00 - کۆدی بابەت: 607
خەسڵەت و رەگەزەکانی مۆسیقا

ناوه‌ڕۆك

خه‌سڵه‌ت و ڕه‌گه‌زه‌كانی هونه‌ری مۆسیقا

ته‌بیعه‌ت هونه‌ری مۆسیقا

ئه‌و پایه‌ به‌رزو ناسكه‌ی ئه‌وڕۆكه‌ مۆسیقا هه‌یه‌تی زاده‌ی ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنه‌ تازانه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌م هونه‌ره‌ پێیدا ڕه‌تبووه‌، پێشینان باوه‌ڕیان وابه‌بووه‌ كه‌ كاریگه‌ر‌ی مۆسیقا له‌سه‌ر ناخ و ده‌روون له‌ كاریگه‌ری سه‌رله‌به‌ری هونه‌ره‌كانی تر پتر بووه‌، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ش ئه‌و چیرۆك و حیكایه‌ت و داستانه‌ زۆرانه‌یه‌ كه‌ توانای له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ری داوه‌ته‌ مۆسیقا كه‌ گوایه‌ كار له‌ سروشت ده‌كات، بۆ وێنه‌ كێو ده‌بزوێنێت یان كار له‌ سه‌ر ده‌روونی ئاده‌میزاد ده‌كات و وای لێده‌كات دوای ئیغرای په‌ریانی ده‌ریا بكه‌وێ گه‌رچی ئه‌م دواكه‌وتنه‌ مه‌رگی ئاده‌میزاده‌كه‌شی له‌ دوایه‌، له‌ دنیای ئاین و باوه‌ڕیشدا مۆسیقا بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌و به‌ هه‌ردوو باری چاكه‌ و خراپه‌دا خۆی نواندووه‌‌، هه‌ندێ له‌ باوه‌ڕه‌كان په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر  مۆسیقا بۆ چه‌سپاندنی ئیمان له‌ دڵو ده‌رونی خڵكیدا، چاكترین به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌ مۆسیقای ڕۆژئاوای له‌ سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستدا به‌ ته‌واوی وابه‌ستی كڵێسا بوو، بگره‌ هه‌ندێك له‌ نهێنیه‌كانی مۆسیقا تایبه‌ت بوو به‌ پیاوانی ئاینیه‌وه‌و پشتاو پشت بۆیان ده‌مایه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێكیان هه‌وڵی دركاندنی ئه‌و نهێنیانه‌ بدات، خۆی هه‌ندێك له‌ باوه‌ڕه‌كان مۆسیقایان حه‌رام ده‌كرد یان به‌ حه‌ڵاڵێكی ناحه‌زیان ده‌ژمارد ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا دان پێدانانێكی په‌نامه‌كی بوو به‌ڕۆڵی مۆسیقا له‌سە‌ر ده‌روون، جا با ئه‌م ڕۆڵه‌ی ئێره‌ به‌ خه‌ته‌رێكی ڕه‌وشتی زانرابێ خۆ لێ دوور خستنه‌وه‌ی پێویست بووبێ.

مێژوو له‌ خه‌رمانی بیری دێریندا به‌رهه‌مێكی بۆ پاراستوین كه‌ ڕه‌نگه‌ یه‌كه‌م به‌ڵه‌گه‌ نامه‌یه‌ك بێ كه‌ كێشه‌ی كارتێكردنی ڕه‌وشتی و كۆمه‌ڵایه‌تی گشت هونه‌ره‌كان به‌ گشتی و هونه‌ری مۆسیقا به‌ تایبه‌تی تێدا وروژێنرابێ، مه‌به‌ستم له‌ كۆماره‌كه‌ی ئه‌فلاتونه‌ كه‌ تێیدا داوای بایه‌خدان به‌ فێربوونی مۆسیقا ده‌كات و به‌ فاكته‌رێكی بنه‌ڕه‌تی نه‌وه‌كانی داده‌نێ، هه‌روه‌ها داوای داوای دورخستنه‌وه‌وی هه‌نێ مه‌قاماتی مۆسیقی دیاریكراو ده‌كات گوایه‌ كاریگه‌ری ڕه‌وشتی و ده‌روونی خراپیان هه‌یه‌ .
به‌ڵام ئایا هه‌ڵوێستی شارستانیات ده‌رباره‌ی مۆسیقا، پاش ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری سیحر و ئه‌فسوون له‌ مێشكاندا سڕایه‌وه‌و  دیدگایە‌كی جیا له‌ باوه‌ڕی زه‌ره‌بینی روانین بۆ هو‌نه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی گۆڕا؟ ئه‌لهه‌قی پایه‌ی مۆسیقا  له‌ناو سه‌رله‌به‌ری هونه‌ره‌كانی دیكه‌دا نه‌گۆڕا، ئه‌وی له‌م بواره‌دا ڕویدا هه‌ر ئه‌وه‌ بوو پاش ئه‌وه‌ی ئه‌و هۆیانه‌ كه‌شف بوون كه‌ له‌ سه‌ره‌تادا به‌ شێوه‌ویه‌كی مه‌یله‌و سۆفیانه‌ی په‌نامه‌كی و ئه‌فسوناوی ده‌ڕوانرایه‌ مۆسیقا، نرخاندنی مۆسیقا بوو به‌ كارێكی هۆشیارانه‌. 
مۆسیقا بە تەبیعەت لە گشت ھونەرەکانی  دی سەربە خۆترە، مۆسیقا ھونەری وێنە گرتن یان نیگار کێشانی ھەندێ بابەتی ئەوتۆ نیە کە بکرێ ئاماژەیان بۆ بکرێ،ھەروەھا ھونەرێک نییە کە کە ڕەگەزەکانی خۆی ڕاستەوخۆ لە واقیعی خاریجیەوە ھەڵگوێزێ، بەوەش تێناگەیت کە وەربگێڕدرێتە سەر ھۆیەکی دی لە ھۆیەکانی  گوزارشت کردن دەبا باسی ھەر یەکێک لەم خەسڵەتانە بە جیا بکەین:
مۆسیقا بەوە لە ھونەرەکانی دی جیادەکرێتەوە کە وێنەی شتێک ناگرێت یان لاسای شتێک ناکەتەوە، کەچی سەیر دەکەین ڕەسم ھونەرێکی وێنەگرتنە، نەحت لە ڕێگای ھەرسێ مەوداکەیەوە پەیوەندی بە وێنەگرتنی واقیعی خاریجیەوە ھەیە.
ئەدەبیات لە ڕێگەی ھێما زمانەوانییەکانەوە واقیع دەنوێنێ، بەڵام مۆسیقا نە لاسای چ شتێک دەکاتەوە نە تەمسیلی چ شتێک دەکات، بۆیە لەم بوارەدا ھونەرێکی سەربەخۆیە بۆ خۆی، بەڵام لەم قسەیەمان-ئەگەر بمانەوێ ورد بین-پتر قۆناغە کۆنەکانی ھونەرەکان دەگرێتەوە تا قۆناغی ئەمڕۆیان، چونکا رەسم و نەحت - بگرە ھەندێ قوتابخانری ئەدەبیش- لە ڕێبازی تازەیاندان بەرەو ئەوە دەچن دەست بەرداری وێنەگرتن و لاسای کردنەوە بن بەوەندە واز بێنن ژە ئاماژە بۆ ھەندێ واتای دیاریکراو بکەن بێ ئەوەی پەیوەندیەکی لاسایی کردنەوەی ڕاستەوخۆ لە نێوان کارە ھونەریەکەو واقیعیەدا ببینین کە کارە ھونەریەکە تەمسیلی دەکات، دەتونین بڵێین ئەم ڕێبازە خۆی لە خۆیدا نزیک خستنەوەی مۆسیقا و سەرلەبەری ھونەرەکانی دییە لەیەکدی لە کاتێکا سەیر دەکەین کە ئەمە ئامانجی پەرەسەندنی تازەیە لە ھونەرەکاندا، بەڵام لە مۆسیقادا سروشتێکی بنچینەییەو ھەر لە ھەوەڵەوە لەگەڵیا بووە، بەڵام ئەگەر گوترا کە مۆسیقا ھەندێ جار  لاسای دە‌نگەکانی سروشت بکاتەوە ئەوا دەتونین بەرپەرچی ئەو قسەیە بدەینەوە و بڵێین، ئەوە لاسای کردنەوەیە وەک لەگەڵی پارچە مۆسیقای بابەتدارا وێنەی باھۆز یا دەگیرێ لە ڕاستیا ئیشارەتە بۆ ئەو ڕەگەزانەی سروشت و لاسای کردنەوەیان نییە، چونکە وەک ئشکرایە دەنگەکانی سروشت مۆسیقایی نین، چونکە لەرەکانی ( ژبژەبات) ڕێکوپێک نییە، بۆیە مەحاڵە مۆسیقا ڕاستەوخۆ لاسایی بکاتەوە، بەڵکو مۆسیقا دێت ئەو دەنگانە مشت و ماڵ دەکات پاشان لە دوورەوە ئاماژەی بۆ دەکات . مۆسیقا تەنھا لە ھەندێک حاڵەتی دەگمەندا لاسایی دەنگی سادەی سروشت دەکاتەوە وەکو ئەمە لە بزاڤی (حرکە) دووەمی سەمفۆنیا شەشەمی بیتھۆڤندا، دەبینرێ کە لاسایی دەنگی ھەندێ باڵندان بۆ جوانی دەکاتەوە نەک لە پێناو لاسایی کردنەوەی ڕاستەوخۆدا.
ئەم مەسەلەیە بەرەو خەسڵەتی دووەمی مۆسیقامان ڕادەکێشێت وەکو گوتمان لەرەی دەنگەکانی سروشت ناڕێک و پێکەو بەم پێودانگە ناگەنە دەنگی مۆسیقایی. ئەوەش مانای ئەوەیە کە ئەو کەرەستەیەی ھونەری مۆسیقا بەکاری دەھێنێ و ساختمانە ئاڵۆزەکانی خۆی لەسەر بنیا دەنێ واتە دەنگە مۆسیقایی و نەوا ھەڵاوێردەکانی لەسەر بینا دەنێ ڕاستەوخۆ لە سروشتەوە  ھەڵی ناگوێزێ بەڵکو کەرەستەیەکە پێویستی بە ھۆی دروست کراو ھەیە کە بریتییە لەو ئامێرە مۆسیقاییانەی دەنگەکان مشت و ماڵ دەکەن و لەرەی دەنگەکان ڕێک دەخەن، یا بریتییە لەو گۆرانیە مەشق لەسەر کراوانەی کە زۆر جیا لەسەر دەنگەکانی ئاخاوتن، یا ھاواری ئاسای. بۆ زیاتر ڕوون بونەوەی ئەو بیرۆکەیە پێویستە ئاماژە، بۆ ئەوە بکەین کە مەحاڵە ئامێرە مۆسیقایەکان دەنگەکانی ئینسان کەنەوە چەونکە ڕێکوپێکی لەرەی ئەو دەنگانەی لەم ئامێرە مۆسیقاییانەوە دەردەچن بواری ئەو لاسایی کردنەوەیە نادەن.
ئا لەم سیفەتەدا مۆسیقا بە عالەم ئاشکرا لە گشت ھونەرەکانی دی جیاوازە، رەسم کەرەسەی خۆی کە ڕەنگ و ھێڵە، ڕاستەوخۆ لە سروشتەوە وەردەگرێ، یا شتێکی لە بابەتی ئەو کەرستەیە لەسروشتدا دەبینێ ھەروەھا بە نیسبەت ئەو تۆپەڵانەوە كە ھونەری نەحت بەكاریان دێنێ و ھەروەھا ئەو وشانەی کە ئدەب لە ئاخاوتنی ئاسایی ئادەمیزاد ھەڵیان دەگوێزی. 
مادامەکەی کەرەستە ھونەری مۆسیقا ڕاستەوخۆ لە ھیچ سەرچاوەیەکەوە ھەڵ ناھێنجرێ تەنیا لەو ھۆیانەوە نەبێ کە بۆ گوزارشت کردن لەم ھونەرە ئامادە کراون. واتە لە ئامێرەکانەوە یا گۆرانی مەشق لەسەر کراوەوە، ھەڵێنجراوە بۆیە سەیر دەکەین ئەم ھونەرە گەییوەتە ڕادەی سەربەخۆیەکی ئەوتۆ کە قەوارەی تایبەتی خۆی ھەبێ و مەحاڵە بخرێتە پاڵ چ شتێکی دی، بۆ وێنە سەیر دەکەین شیعر- بەلای کەمەوە لە ڕووی واتاوە.  ئەگەر تەرجەمەی زمانێکی دی بکرێ قابیلی تێگەیشتنە، ھونەرە لاسایی کەرەوەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو سەرچاوانەی لاساییان کردونەتەوە قابیلی تێگەیشتنە، بەڵام سەیر دەکەین مۆسیقا مەحاڵە وەربگێڕدرێتەوە سەر ھیچ زمانێکی دی. 
ئەزمونی مۆسیقا ئەزمونێکی بێھاوتایە و زەوق لێ بینینی تەنیا لە ڕێگەی پرۆسەیەکی تایبەتەوە دابین دەکرێ، ئەو سۆزو گودازەی مۆسیقا دروستی دەكات مەحاڵە بە زمانێکی دی گوزارشتی لێ بکرێ یا بە ھۆیەکی دی لە ھۆیەکانی دەربڕین گوزارشتی لێبکرێ، ھەروەھا تەنیا لە ڕێگەی ژنەوتنی خودی مۆسیقاکەوە دەتوانرێ بھێنرێتە بەرچاو، ھەر لەبەر ئەمەیە کە گوتراوە مۆسیقا زمانێکی سەربەخۆیە بۆ خۆی.
بەڵام ئایا سەربەخۆیی تاکە سیفەتی ھەڵاوێردەی ھونەری مۆسیقایە؟ ئەلھەقی مۆسیقا بە دوو سیفەتی بنچینەی لە گشت ھونەرەکانی دی جیا دەکرێتەوە، ئەویش بریتیە لە سیفەتی گشتی (صفە‌ العموميە‌) و سیفەتی زاتی (الصفە‌ الژاتيه ) سیفەتە گشتیەکە دەگەڕێتەەو بۆ ئەوەی کە: ھونەری مۆسیقا ھونەرێکی سەربەخۆی تەواوە مادامەکی زمانی مۆسیقا پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە بابەتەکانیەوە نیە، مادامەکی ڕەگەزەکانی ڕاستەوخۆ لە سروشتەوە ھەڵناگوێزێ.
بەڵکو— لە بوارە تایبەتیەکەی خۆیدا دایدەھێنێ، بۆیە مەحاڵە مۆسیقا وەسفێکی ڕاستەوخۆی ھەر بابەتێکی تایبەتی پێشکەش بکات، بەڵکو ھەمیشە ھەڵچون و ھەستە گشتیەکان وێنە دەگرێ، پیاو ھەرچەندە ھەوڵ بدات پیوەندی نێوان دانراوە مۆسیقایەکان و بابەتی دیاریکراە دەستنیشان بکات ھەر دەبێ دان بەوەدا بنێ کە مۆسیقا لایەنە وردەکانی ئەو بابەتە ناگرێ بەڵکو گوزارشت لە لایەنە درشت و گشتییەکانی دەکات، بێگومان ھونەرەکانی دی لە مۆسیقا بە دەسەڵات ترن لە وێنە گرتنی تایبەتێتی و شتە وردەکاندا، ئەگەر کاری ھونەری دروست، جا چ چامە یا تابلۆ یا پیکەرسازی بێ ئەو توانایەیان ھەبێ لە بابەتی وردە ڕاستەوخۆکەیەوە بمانبات بۆ بابەتە گشتیەکەی کە ھەموو شتە وردەکان لە سایەیدا جێگیر دەبێ ئەوە بێگومان ئەم بردن و گواستنەوەیە لە ڕێگای زەوق وورگرتنێکی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێ، کە تەنیا لە لای ئەو کەسانە ھەیە کە ئەزمون و تێگەیشتنی قوڵیان لە مەڕ سروشتی کاری لا گەڵاڵە بووە. بەڵام بە نیسبەت مۆسیقاوە کارتێکردنی ڕاستەوجۆی بریتییە لە ھەستە گشتیەکان کاتێ کە گوێ لە پارچە مۆسیقایەک دە‌گری و واتای خەمێک یا حەماسەتێک لە لای دەوروژێنێ مەحاڵە بتوانی بڵێی ئەمە خەمی کەسێکی دیاریکراوە یا حە‌ماسە‌  بۆ کارێکی دیاریکراو، بەڵکو ڕاستەوخۆ ھستێکی گشتیمان سەبارەت بە خەمەکە یا حەماسەکە لە لای دروست دەبێ کە لە دواییداو بە ھۆو ڕێگای دروست کردوە بۆمان دەردەکەوێ.
بەڵام خەسڵەتی خودی (الژاتیە) دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی بەتینی نێوان مۆسیقا و زمان، چونکە ھونەری وەک: نەحت و نیگار کێشان، ھونەری مەکانیک ھەندێکیشیان لە دوو مەودادا وەک وەک، نیگارکێشان، ھەندێکیان لە سێ مەودادا وەک نەحت بەرجەستە دەبن وە لە ڕووی مەکانیشەوە زەوقیان لێ وەردەگیرێ، مەبەستم ئەمەیە کە ئەم کارە ھونەرییانە لە یەکەم نیگا و سەرنجا زەوقیان لێ وەردەگیرێ، زمان چ ڕۆڵێکی لە دەرک کردندا نییە. تەنیا ئەوە نەبێ ژە ھەندێ لایەنی پۆشراو و ئەو یەکەم دەک کردنە روون دەکاتەوە، بەڵام ھونەری مۆسیقا بەڕاستی ھونەری زمانییە: مەبەستم ئەمەیە کە ئەداکەی  بە جۆرێکی زمانی یەک لە دوای یەک ئەنجام دەدرێ، ئاوازو ریتم و پارچە ھارمۆنییەکانی وەک ئەڵقەی زنجیرە بە دوای یەکدا دێن.
بە وتەیەکی دی مۆسیقا ھێڵێکی شاقولی زمانی ھەیە، بەڵام ھونەری نیگارکێشان و نەحت ھێڵێکی مەکانی ئاسۆیی ھەیە. بێگومان ئەم جیاوازیە دەگەڕێتەەو بۆ سروشتی ئەو ھۆیە ھەستیانەی کە ئەم ھونەرانەی پێ نقڵ دەکرێ. مۆسیقا لە ڕێگای گوێچکەوە نقڵ دەکرێ کە یەکێکە لەو ھەستانەی پشت بە دووری یەکا ھاتنی زمان دەبەستێ ، بەڵام ھونەری نیگارو نەحت لە ڕێكای چاوەوە نەقڵ دەکرێن لە ھەستە مەکانییەکان و یەک ڕاست مەوداکانی دەرەوە دەبینێ و دەرکی پێدەکات.
فەیلەسوفە‌كان لە‌ كۆنە‌وە‌ زمان و زاتیە‌تیان پێكە‌وە‌ گرێ داوە‌، چونكە‌ ئە‌و ھە‌ستانە‌مان كە‌ دە‌چنە‌ قاڵبی مە‌كانییە‌وە‌ وە‌ك ئە‌و شتانە‌ی دە‌بینرێن و بە‌ دە‌ست و لە‌ش ھە‌ستیان پێ دە‌كە‌ین بریتین لە‌ ھستی بابە‌تی ڕاستە‌وخۆ وە‌ك شت گە‌لێكی جیا كە‌ خۆمان دركیان پێدە‌كە‌ین، بە‌ڵكو ئە‌و ھە‌ستانە‌ی بناغە‌ی باوە‌ڕمانن بە‌ بوونی جیھانی دە‌رە‌وە‌ی خۆمان، بە‌ڵام ئە‌و ھە‌ستانە‌ی كە‌ دە‌چنە‌ قاڵبی زمانە‌وانیە‌وە‌ وە‌ك ئە‌و شتانە‌ی دە‌بیسترێت بە‌ تە‌بیعە‌تی جۆیان زاتین. مبە‌ستم ئە‌مە‌یە‌ كە‌ پشت بە‌و زاتە‌ دە‌بە‌ستێ كە‌ دە‌یقۆزێتە‌وە‌و ھە‌ستێكی وامان لا دە‌وروژێنێ كە‌ لە‌ ناخی ناخمانە‌وە‌ ھە‌ڵقوڵابێ. چاكترین بە‌ڵگە‌ش بۆ ئە‌مە‌ كە‌ بیركردنە‌وە‌ پرۆسە‌یە‌كی تە‌واو باگنییە‌، دە‌چێتە‌ قاڵبی زمانە‌وە‌ كە‌ بریتییە‌ لە‌ بە‌دوایە‌ك ھاتنی بیرە‌كان، مە‌حاڵە‌ بچێتە‌ قاڵبی مە‌كانە‌وە‌، واتە‌ بیرە‌كان لە‌ دە‌رە‌وە‌ را ببینرێ! بە‌م پێودە‌نگە‌ مۆسیقا لە‌ ھە‌ر ھە‌موو ھونە‌رە‌كانی دی پتر پابە‌ندە‌ بە‌ زاتی ئینسانە‌وە‌.
ھە‌ر لە‌بە‌ر ئە‌م خە‌سڵە‌تە‌ دەگمە‌نانە‌ بووە‌ كە‌ مۆسیقا پایە‌یە‌كی تایبە‌تی لای زاناو فە‌یلە‌سوفان ھە‌بووە‌ و ھە‌ندێكیان وایان لە‌ قە‌ڵە‌م داوە‌ كە‌ فاكتە‌رێكی گە‌ورە‌ی تێگە‌یشتنە‌ لە‌ گە‌ردوون. ئە‌وە‌ی سە‌رو سە‌ختی لە‌گە‌ڵ فە‌لسە‌فە‌دا ھە‌بوبێ ھە‌رگیز  ئە‌و ڕایە‌ كۆنە‌ی لە‌ یاد ناچێت كە‌ بە‌ تە‌واوی ئە‌م قسە‌یە‌ی ئێمە‌ دە‌سە‌لمێنێ. مە‌بە‌ستم لە‌ ڕای فیتاغورسییە‌كانە‌ كە‌ گە‌ردون بە‌ ژمارە‌و نە‌وا (نە‌غمە‌) لە‌ قە‌ڵە‌م داو لێك دایە‌وە‌. خۆ ئە‌گە‌ر ئە‌م گوتە‌یە‌یان گوتە‌یە‌كی مە‌جازی بێ و بە‌وە‌ لێك بدرێتە‌وە‌‌ كە‌ ئاماژە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی كە‌ گە‌ردوون دوو لایە‌نی ھە‌ییە‌، لایە‌نی چە‌ندی كە‌ بریتییە‌ لە‌ ژمارە‌و لایە‌نی چۆنی كە‌ بریتییە‌ لە‌ نە‌وا نیشانە‌ی ڕادە‌ی بە‌رینی چە‌مكی نە‌وایە‌ لە‌لای وان نیشانە‌ی ڕادە‌ی پە‌یوە‌ندی نە‌وایە‌ بە‌ سروشتی گشتی گە‌ردوون لە‌ ڕوانگە‌ی وانە‌وە‌.
ئە‌گە‌ر بمانە‌وێ لە‌م بارە‌یە‌وە‌ سە‌رنجی قسە‌ی فە‌یلە‌سوفێك بدە‌ین، ئە‌وا گرنگترین كە‌سێك لە‌م مە‌یدانە‌یە‌یا شوبنھاوە‌رە‌، با ھە‌ندێك لە‌و وتە‌ قوڵانە‌ وە‌ربگرین كە‌ شوبنھاوە‌ر لە‌ بە‌شی یە‌كە‌می كتێبە‌ كە‌یدا (العالم بوصفە‌ ارادە‌ وتمپلا) دە‌ربارە‌ی سروشتی مۆسیقا گوتویە‌تی : (گشت ئە‌و كە‌ڵكە‌ و خولیاو ئارە‌زوانە‌ی توشی ویست دە‌بێ و ھە‌ر ھە‌موو ئە‌و شتانە‌ی لە‌ناخی مرۆڤدا روودە‌دە‌ن و ئە‌قڵو ژیری ناوێكی خاڵیسە‌ی لێ دە‌نێ كە‌ بریتییە‌ لە‌ (ھە‌ست)، ھە‌ر ھە‌موو ئە‌وانە‌ زۆر بە‌ چاكی لە‌ ئاوازە‌ (لحن) لە‌ بن نە‌ھاتوە‌كاندا تە‌عبیریان لێدە‌كرێ، بە‌ڵام ئە‌و تە‌عبیر لێكردنە‌ لە‌ بارە‌ی گشتیە‌كە‌یە‌وە‌ تە‌واو لە‌و وێنە‌ خاڵیسە‌یە‌ دە‌چێت كە‌ لە‌ ھە‌موو مادە‌و كە‌رە‌ستە‌یە‌ك دا بڕابێ، گوزارشت لە‌خودی شتە‌كە‌ دە‌كات نە‌ك تە‌نھا لە‌ دیاردە‌كان، بە‌ پێی ئە‌و پە‌یوە‌ندییە‌ كۆكۆی نێوان مۆسیقاو كرۆكو جە‌وھە‌ری ڕاستە‌قینە‌ی ھە‌ر شتێك ئە‌وە‌مان بۆ ساغ دە‌بێتە‌وە‌ كە‌  ئە‌گە‌ر مۆسیقا گوزارشتێكی ھە‌مواری لە‌ دیمە‌نێك یا ڕوداوێك یا جە‌وێك كرد، ئە‌وا ھە‌ر ھە‌موو ئە‌و شتانە‌مان بە‌ ڕوونی بۆ دە‌ردە‌كە‌وێ، مانا پە‌نامە‌كیە‌كانیانمان لە‌ بە‌ر چاو ڕوون دە‌بێتە‌وە‌، بە‌و جۆرە‌ مۆسیقا دە‌بێ بە‌ چاكترین شیكە‌رە‌وە‌و لێكۆڵە‌رە‌وە‌یان — ھە‌روە‌ھا ئە‌و كە‌سە‌ی لە‌گە‌ڵ كاریگە‌ری سیمفۆنیایە‌كدا تێكە‌ڵ دە‌بێ ئە‌وا گشت ڕوداوە‌كانی ژیانو جیھان لە‌ خودی خۆیاندا دە‌بینێ، وێڕای ئە‌وە‌ی كە‌ ھە‌ندێ بە‌ھێمنی لە‌شتە‌كە‌ تێفكری ئە‌وا چ لێكچونێك لە‌ نێوان دە‌نگی ئاوازە‌كان و ئە‌و شتانە‌ی دە‌وریان داوە‌ نابینێ، چونكە‌ مۆسیقا بە‌پێچە‌وانە‌ی گشت ھونە‌رە‌كانە‌وە‌ بریتی نیە‌ لە‌ لا سای كردنوەی دیاردە‌كان یا دروستر بڵێین بریتینیە‌ لە‌ لاسایی كردنە‌وە‌ی ڕواڵە‌تە‌ بابە‌تیە‌كانی ویست، بە‌ڵكو وێنە‌یە‌كی ڕاستە‌وخۆی خودی ویستە‌، مانای میتافیزیكی ھە‌ر ھە‌موو شتێكی تە‌بیعی لە‌م جیھانە‌دا دە‌خاتە‌ڕوو، ئە‌ودیوی گشت دیاردە‌یە‌ك ڕوون دە‌كاتە‌وە‌. بە‌و پێیە‌ وە‌ك چۆن دە‌كرێ جیھان ناو بنرێ ویستێكی بە‌رجە‌ستە‌، دە‌شكرێ ناو بنرێ مۆسیقایە‌كی بە‌رجە‌ستە‌ وە‌كو لە‌و دە‌قە‌ی سە‌رێ را دە‌ركە‌وت چ فە‌یلە‌سوفێك نابینین بە‌ ئە‌ندازە‌ی شوبنھاور دڵبە‌ندی‌ شە‌قڵە‌ دە‌گمە‌نە‌كە‌ی مۆسیقا بوبێ،كە‌واتە‌ ھە‌قی خۆیە‌تی لێرە‌دا ئاماژە‌ بۆ ئە‌و بكە‌ین كە‌ ئە‌م فە‌یلە‌سوفە‌ی ھە‌موو گە‌ردونی بە‌ دیاردە‌ی ویستزانی، نە‌یتوانی ڕاستە‌وخۆ پە‌ی بە‌و ویستە‌ بە‌رێ، بە‌ڵكو لە‌ ڕێگای مۆسیقاوە‌ پە‌ی پێبرد، ئە‌و مۆسیقایە‌ی كە‌ لاسایی بابە‌تی دە‌رە‌وە‌ ناكات و ھە‌ستە‌ دە‌رونیە‌كان بە‌ ڕێگای نا ڕاستە‌وخۆ نە‌قە‌ڵ ناكات،  ببە‌ڵكو ڕاستە‌وخۆ گوزارشت لە‌ گشت لایە‌نە‌كانی ویست دە‌كات، ھە‌ر بۆیە‌ش پێی وابوو مۆسیقا فاكتە‌رێكی ھە‌ند گرنگە‌  بۆ تێگە‌یشتنی سروشتی شاراوە‌ی خودی جیھان كە‌ خۆی لە‌ خۆیدا ویست بە‌رجە‌ستە‌ دە‌كات یا حاز دە‌كە‌ی بڵێ مۆسیقا بە‌رجە‌ستە‌ دە‌كا.
نامانە‌وێ درێژە‌ بە‌ باسی ئە‌م دیدە‌ سۆفیستانە‌یە‌ بۆ مۆسیقا بدە‌ین، ببە‌ڵكو ئە‌وە‌ی لێرە‌دا مە‌بە‌ستمانە‌ ئاماژە‌ بۆ ئە‌وە‌ بكە‌ین كە‌ شە‌قڵی تایبە‌تی ھونە‌ری مۆسیقا بوو ئیلھام بە‌خش و سە‌رچاوە‌ی ئە‌م چە‌مك و ڕوانگە‌یە‌ بۆ مۆسیقا.
ئە‌وە‌ی شایە‌نی باسە‌ مۆسیقا ھە‌میشە‌و بە‌ر لە‌ گشت شتێك ھونە‌رێكی ئینسانیە‌، ممە‌بە‌ستم ئە‌وە‌ی كە‌ ھونە‌رێكی پە‌یوە‌ستە‌ بە‌ ژیانی واقیعی و كێشە‌و ململانێكانی ناو ئە‌م ژیانە‌وە‌. پاش ئە‌وە‌ی زۆرمان لە‌ مە‌ڕ (خۆیی بوون) گشتێتی و زاتیە‌تی مۆسیقا گوت، لە‌ ئە‌و رایە‌مان ھە‌ندێ غە‌ریب و سە‌یر بێتە‌ برچاو، لە‌وە‌یە‌ مرۆڤ لە‌م خە‌سڵە‌تانە‌وە‌ وا تێبگات كە‌ مۆسیقا ھونە‌رێكی جیا بێ لە‌و واقیعیە‌ زیندوە‌ی كە‌ خە‌ڵكی تیایدا دە‌ژی، خە‌سڵە‌تە‌ گشتییە‌كە‌ی وای لێبكات لە‌ گشت دیدێكی تایبە‌تی بۆ ژیان و كۆمە‌ڵ دوور بكە‌وێتە‌وە‌و تاقە‌ھێزی داھێنانی مۆسیقا بریتی بێ لەو ھە‌‌ستە‌ زایی و زروفە‌ فە‌ردیە‌ی كە‌ دانە‌ری مۆسیقاكە‌ پێیدا رە‌ت دە‌بێ، دیارە‌ ئە‌م چە‌شنە تێگە‌یشتن و دە‌ركە‌ ئاسمان و ڕەێسمانە‌ لە‌گە‌ڵ مە‌بە‌ستی ئێمدا، ھە‌ر ھە‌موو ئە‌و ئاماژە‌مان بۆ كردن پە‌یوە‌ستن بە‌ ھۆیە‌كانی داھێنانی مۆسیقاوە‌، نە‌ك بە‌و ھێزە‌وە‌ كە‌ ھاندە‌ری داھێنانە‌ یا بە‌و ئامانجە‌وە‌ كە‌ ھونە‌رمە‌ند لە‌ برچاوی دە‌گرێ، چونكە‌ ناسكی ھونە‌رمە‌ندی ڕاستگۆ وای لێدە‌كات پتر لە‌ ھە‌موو كە‌س بكە‌وێتە‌ ژێر كاریگە‌ری وە‌زع و حاڵی ژیانی دە‌ورو بە‌ری خۆیە‌وە‌و مۆسیقاكە‌ی دە‌بێت بە‌ ڕە‌نگ دانە‌وە‌یە‌كی گە‌شو زیندووی ئە‌م حاڵ و وە‌‌زعانە‌، ھە‌رچە‌ندە‌ ھۆی داھێنانە‌ ھونە‌ریە‌كە‌ی زاتییە‌. ڕاستە‌ واتاكانی مۆسیقا گشتین، بە‌ڵام بێگومان سۆزو گودازێكی ئە‌وتۆ دە‌وروژێنێ كە‌ لە‌گە‌ڵ بیر و ھە‌ستی ھزری ھونە‌رمە‌نددا دە‌گونجێ، مۆسیقا دە‌ستە‌وە‌ستانە‌ بە‌رانبە‌ر بە‌ گوزارشت بە‌ بیرۆكە‌یە‌كی تایبە‌تی یا ھە‌ستێكی دیاری كراو یا وردە‌ ڕوداوێك، بە‌ڵام بێ چە‌ندوچۆن ئە‌و جە‌جوە‌ عە‌كس دە‌كاتە‌وە‌ كە‌ ھونە‌رمە‌ند كە‌وتوە‌تە‌ ژێر كاریگە‌رییە‌وە‌، ھە‌ستێكی وا لە‌ دە‌رونی گوێگە‌رانیدا دروست دە‌كات كە‌ شان بە‌ شانی ھە‌ستی ھونە‌رمە‌ندە‌كە‌ لە‌ دە‌می دانانی مۆسیقاكە‌یدا بڕوات، خۆی بوونی مۆسیقا بە‌ ھیچ جۆرێ ئە‌وە‌ ناگە‌یە‌نێ كە‌ لە‌ واقیعیە‌كە‌ی دە‌ورو بە‌ری دابڕاوە‌، بە‌ڵكو جیاوازی دوا وێنە‌ی مۆسیقا و ئە‌م بابە‌تە‌ پە‌یوە‌ندی  لاسایی كردنە‌وە‌و كاوێژ كردنە‌وە‌و وێنە‌گرتنی ڕاستە‌وخۆ نییە‌، بە‌ڵكو پە‌یوە‌ندیە‌كە‌ ئیحیاییە‌ كە‌ مۆسیقا لە‌ دە‌روندا دە‌ی وروژێنێ و ھە‌ستێكی گشتی وا دروست دە‌كات كە‌ لە‌گە‌ڵ سروشتی ئە‌و بابە‌تە‌دا دە‌گونجێ ھە‌رچە‌ندە‌ ڕاستە‌وخۆ لاسایی ناكاتە‌وە‌. 
مە‌بە‌ستم ئە‌وە‌ نیە‌ كە‌ ھە‌ر مۆسیقایە‌ك ئە‌م خە‌سڵە‌تانە‌ی تێدا بوو و گوزارشتی لە‌و واقیعیە زیندووە‌ی دە‌ورو بە‌ری كرد ئەمانە‌ خە‌سڵە‌تی مۆسیقان، بە‌ڵكو مە‌بە‌ستم ئە‌وە‌یە‌ كە‌ نموونە‌ی باڵای مۆسیقا دە‌بێ ئە‌و خە‌سڵە‌تانە‌ی تێدا بێ، ھە‌ندێ ژینگە‌ی مۆسیقایی تایبە‌تی ھە‌یە‌ كە‌ لە‌ نموونە‌ی باڵا نزیك بووە‌تە‌وە‌ بە‌ گشت تواناوە‌ ھە‌وڵی بۆ بە‌دیھاتنی داوە‌، ئە‌ویش ژینگە‌ مۆسیقاییە‌كانی ڕۆژئاوایە‌ كە‌ لە‌م بە‌شە‌ی لێكۆڵینە‌وە‌كە‌ماندا باسی لێوە‌ دە‌كە‌ین.


سەرچاوەکان



2011 بینین