ماڵپەڕە کوردییەکانی ژێرنووسی فیلم

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-27-20:52:00 - کۆدی بابەت: 13015
ماڵپەڕە کوردییەکانی ژێرنووسی فیلم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ماڵپەڕە کوردییەکانی ژێرنووسی فیلم (بە ئینگلیزی: Kurdish Movie Subtitle Websites، بە عەرەبی: مواقع ترجمة الأفلام الكردية). لەم دنیایەدا زۆرن ئەوانەی حەزیان بە سەیرکردنی فیلم و زنجیرەکان هەیە، بەڵام کەمینە ئەوانن کە بتوانن لە فیلم و زنجیرەکان تێبگەن بە زمانی خۆیان، بۆیە زۆر گرنگە وەرگێڕانیان بۆ بکرێت بۆ زمانی کوردی و بە ژێرنووسی کوردی دابنرێن. لە ئێستا چەند ماڵپەڕێکی کوردی هەیە کە ڕۆژانە کار دەکەن و زۆرینەی بەرهەمە بیانییەکان وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی، نموونەش لەوانە وەک ماڵپەڕەکانی (کوردسینەما، کوردسەبتایتڵ، کوردفیلم، بینەر، شافیلم).

ماڵپەڕی کوردسینەما

کوردسینەما یەکەمین ماڵپەڕی کوردییە کە تایبەتە بە فیلم و زنجیرەکان بەژێرنووسی کوردی. کوردسینەما لە ڕۆژی یەکی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٣دا دامەزراوە،  وەك بیرۆکە و دەستپێك، لەلایەن (بڕیار بورهان)ـەوە دامەزراوە.

بیرۆکەی دانانی ماڵپەڕی کوردسینەما 

بیرۆکەی  دانانی ماڵپەڕەکە لەوەوە هات کە لە ڕۆژانی ئێستادا خەڵکانێکی زۆر ئاشنای فلیمه‌ بیانییه‌کانن، به‌تایبه‌تی ئه‌وانەی که‌ ژێرنووسی کوردی کراون لە ڕێگای مۆبایلە هۆشمەندەکانەوە و کۆمپیوتەرەکانیانەوە سەیری فیلمەکان دەکەن. کاتێک ماڵپەڕی کوردسینەما دروست بوو، هیچ سەرچاوەیەکی کوردی تایبەت بە فیلم لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت نەبوو، واتە کوردسینەما یەکەمین ماڵپەڕی کوردی بوو بۆ ژێرنووسی فیلم و زنجیرەکان.

ئامانجی کوردسینەما و خاڵی جیاوازی

کوردسینەما لە سەرەتای دروستبوونیدا ئامانجی خزمەتکردن بوو بە هەوادارانی فیلمە سینەماییەکان. تاوەکوو بینەری کورد بە زمانی شیرینی کوردی ئاگاداری نوێترین هەواڵ و زانیاری فیلمەکان بێت و بینەری فیلمەکان بێت بە ژیرنووسی کوردی. بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جوان لە ناوەڕۆکی فیلمەکان بگەن. هەروەها لە ئێستادا بەشی سینەماکارە کوردەکانی تێدایە، کە هەر دەرهێنەرێکی کورد پرۆفایلی تایبەتی هەیە و بەرهەمەکانی تێدا بڵاودەکرێتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت بە ڕێکەوتن لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی سینەمای سلێمانی و ڕەزامەندی دەرهێنەرەکانی وەرگرتووە. بەمەش چیتر فیلمە کوردییەکان لە بینەر دانابڕێن و بۆ هەتاهەتایە لەناو ڕەفەکاندا نامێننەوە.

کورسینەما زیاتر گرنگی بە کام بەرهەمانە دەدات؟

کوردسینەما بەشێوەیەکی گشتی گرنگی بە سەرجەم بەرهەمە بیانییەکان دەددات بە تایبەت هۆڵیود، هەروەها گرنگییەکی تایبەتیشی بە فیلمی کوردی داوە.

ماڵپەڕی کوردسەبتایتڵ

ئەم ماڵپەڕە لە  لە مانگی سێی ساڵی ٢٠١٦ دامەزاوە، دانراوە، هەروەها یەکەمین بەرهەمی ماڵپەڕەکە فیلمی (Buried 2010) بوو ماڵپەڕەکە لەسەر دەستی (ئامانج سدیق) دانراوە.

ئامانجی کوردسەبتایتڵ

لە ئێستادا ئامانجی کوردسەبتایتڵ ئاشناکردنی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردییە بە لایەنە جوان و باشەکەی سینەما. کە لێرەدا کارکردنی ئێمە تەنها سوودمەندبوونی بینەرە لە لایەنە باشەکانی سینەما کوردسەبتایتڵ گرنگی بە زۆرترین بەش داوە لە سینەما. بێگومان لە داهاتوودا زیاتریش دەبێت، هەروەها بەردەوام هەوڵیداوە کار بکات بۆ باشترکردنی سینەمای خۆماڵی.

کوردسەبتایتڵ زیاتر گرنگی بە کام بەرهەمانە داوە؟

هەموو جۆرەکان گرنگی خۆیان هەیە بینەری خۆیان هەیە بۆیە دەتوانرێت بوترێت کوردسەبتایتڵ گرنگی بە هەموو بەشەکان داوە، تەنانەت ئەو بەشانەی کە لە ماڵپەڕەکانی تر فەرامۆش کراون.

ماڵپەڕی کوردفیلم

ماڵپەڕی کوردفیلم ڕۆژی ‌‌٢٠١٨/٨/٨ دامەزراوە و  دەستی بە دەستپێکردنی چالاکییەکانی کردووە. هەروەها یەکەم بەرهەمی فیلمی (samsara) ٢٠١١ بووە. بیرۆکەی دانانی ماڵپەڕەکە لەلایەن (سیاکۆ عەزیز)ـبووە و پێکەوە لەگەڵ سێ هاوڕێیدا دایانمەزراندووە.

ئامانجی کوردفیلم و خاڵی جیاوازی

ئامانجی ماڵپەڕی کوردفیلم خزمەتکردنی بینەرانی کوردە لە ڕێگەی ئاشناکردنیان بە سینەمای جیهان و هۆشیارکردنەوەیان لە گرنگی و بایەخی سینەما لە جیهانی ئەمڕۆدا. هەر لەو ڕێیەشەوە هەوڵدان بۆ گەشەسەندن و پێشخستنی سینەما لە کوردستان. ماڵپەڕی کوردفیلم هەمیشە هەوڵیداوە بەتەواویی جیاوازبێت و کار لەسەر ئەو بەرهەمانە بکات کە لە شوێنەکانی دیکە بەردەست نین، یاخود وەک پێویست کاریان لەسەر نەکراوە بۆ نمونە فیلمە کلاسیکییەکان، هەروەک کوردفیلم وەک تاکە ماڵپەڕ پڕۆژەیەکی گرنگ و گەورەی هەیە بە ناوی (بۆکسی دەرهێنەران) کە بریتییە لە بۆکسی تایبەت بۆ هەر یەکێک لە دەرهێنەرە گەورە و دیارەکانی جیهان و تیایدا ژیان و بەرهەمەکانیان خراوەتەڕوو.

زیاتر گرنگی بە کام بەرهەم دەدات؟

کوردفیلم گرنگی بە هەموو چەشن و جۆرە جیاوازەکانی فیلم و زنجیرەکان دەدات و بێ جیاوازی کار لەسەر هەموویان دەکەین.

ماڵپەڕی بینەر

ماڵپەری بینەر لە بەرواری ١٥/٤/٢٠٢٢ دامەزراوە و یەکەم بەرهەمی  زنجیرەی ٢٤ بوو کە زنجیرەیەکی تاوانکاری زۆر بەهێزە ئەوەش بووە هۆی ئەوەی پێشوازییەکی گەرمی لێ بکرێت. ماڵپەڕەکە لەلایەن (جوانڕۆ بەکر) دامەزراوە.

ئامانجی بینەر و خاڵی جیاوازی 

ئامانج لە بوونی ئەم ماڵپەڕە خزمەتکردنە بە بواری سینەما. ئاشناکردنی هەر تاکێکی کوردە بە سینەمای وڵاتانی جیهان. ئەوەی ئەم ماڵپەڕە جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بە زمانێکی تەواو پاراو بۆ وەرگێڕان بە گرنگیدان بە تەواوی وردەکاری لە فیلمەکەدا وەرگێڕانیان بۆسەر زمانی شیرینی کوردی و هەروەها کوالێتی بەرزی فیلمەکان کە لەکاتی سەیرکردندا چێژی زیاتر بە بینەران دەبەخشێت.  هەروەها بەردەوام نوێکاری و بەرەوپێشچوون لە سەرجەم بەشەکانی ماڵپەڕەکەدا کە وا دەکات بینەران بیزارنەبن لە هەمیشە بینیەوەی هەمان شێواز. لەگەڵ نوێکردنەوەی سایتدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری گەورە ئەنجامدرا یەکێک لەوانە  بوونی بۆتی زیرەکی ماڵپەڕی بینەر کە تەنها بە وەسفکردنێکی کورتی هەر فیلمێک دەتوانی فیلمی دڵخوازت بدۆزیتەوە، ئەمەش نوێگەرییەک بوو تا ئێستا لە هیچ ماڵپەڕێکی کوردی نەکراوە. زۆربەی ستافی بینەر ئەزموونیان زۆرە لە بوارەکە و پێشتر لە چەندین کەناڵ و پێگەی سینەمایی دیکە کاریان کردووە.

زیاتر گرنگی بە کام بەرهەم دەدات؟

بینەر هیچکام لە بەرهەمەکان پشتگوێ ناخات و گرنگی تەواو بە وەرگێڕانی سەرجەم بەرهەمەکان دەدات، چونکە بینەران هەریەکەو خوازیاری بینی جۆرێکن.

ماڵپەڕی شافیلم

ماڵپەڕی شافیلم لە ٢١/٩/٢٠٢٠ دامەزراوە، و بەهۆی گۆڕانکاری لە داتابەیسی ماڵپەڕ دیار نییە یەکەم بەرهەمی ماڵپەڕەکە چیبوو، بەڵام بەرهەمێکی هۆڵیود بوو.

ئامانجی شافیلم و خاڵی جیاوازی

ئامانجی شافیلم خزمەتکردە بە تاکی کورد و ئاشناکردنیان بە سینەما جیهانییەکان. ئەوەی ئەم ماڵپەڕە لەوانی دیکە جیادەکاتەوە نەبوونی ڕێکلام لەسەر فیلم و زنجیرەکان، بەهۆی بوونی سێرڤەری تایبەتەوە. بەردەست بوونی کوالێتی 4K HDR لەو بەرهەمانەی بەو کوالێتییە بەردەستن. ڕێگاگرتن لە کەسانی خوار هەژدە ساڵ لە سەیرکردنی ئەو فیلمانەی نەشیاون لە ڕێگای دروستکردنی هەژماری تایبەتەوە. بوونی بەشی سەربەخۆ بۆ شێوەزاری بادینی، کە گەورترین کۆگای ژێرنووسە بە شێوەزاری بادینی، هەروەها بوونی پێگەی تایبەت بە سینەمای کۆریا.

زیاتر گرنگی بە کام جۆری بەرهەم دراوە؟

زیاتر گرنگی بە فیلم دراوە لە بەشی سۆرانی و بادینی، بەڵام لە بەشی کۆریاستان زیاتر بە زنجیرە.

تا چەند بینەری کورد لە ڕێی وێبسایتە کوردیەکانەوە ئاشنا بووە بە فیلم و سینەما چ ناوخۆ یاخود دەرەوە؟

دەکرێت بوترێت ٪٧٠ـی بینەری کورد لە ڕێگەی ماڵپەڕه کوردییەکانەوە ئاشنای فیلم و سینەمابوون، بینینی بەرهەمەکان بە زمانی شیرینی کوردی وای کردووە بەردەوام بن و ببنە بینەرێکی هەمیشەیی. هەروەها جیا لە سینەمای جیهان و فیلمە بیانییەکان ڕۆڵێکی باشیشیان هەبووە لە ئاشناکردنی تاکی کورد بە بەرهەمەکانی ناوخۆ.


سەرچاوەکان



156 بینین