ڕووباری دیجلە و لقەکانی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-19-17:45:00 - کۆدی بابەت: 2396
ڕووباری دیجلە و لقەکانی

ناوه‌ڕۆك

ڕووباری دیجلە

ڕووباری دیجلە لە داوێنەکانی خوارووی زنجیرە چیای ڕۆژهەڵاتی توروس لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت، دوای ئەوەی لە باکووری گوندی پیشخاپوور دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە بە نێو دۆڵێکی فراوانی پێچاوپێچدا دەڕوا پاشان بانی موسڵ دەبڕێت و لەوێدا بە نێو دۆڵێكی فراوانی پێچاوپێچدا دەڕوا پاشان بانی موسڵ دەبڕێت و لەوێدا بەنداوی موسڵی لەسەر هەڵچێنراوە، پاشان بەرزاییەکانی حەمرین لە تەنگەبەری فەتحە دەبڕێ و بە ئاڕاستەی باشووری ڕۆژهەڵات درێژ دەبێتەوە، درێژییەکەی لە پیشخاپوورەوە تا فەتحە ٤١٠ کیلۆمەتر دەبێت، پێنج لقی سەرەکی تێدەڕژێ کە دەکەونە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووبارەکە بە دوای یەکدا ئەمانەن: خابوور، زێی گەورە، زێی بچووک، ڕۆخانە (عوزێم)، سیروان (دیالە).

خابوور

یەکەم لقە بە ڕووباری دیجلە بگات، لە بەیەک گەیشتنی هەردوو لقەکەی مەهرما و هیزل دروست دەبێ و بە باکووری گوندی جالیکەوە دێتە ناو زەوییەکانی هەرێم، دوای ئەوەی ڕێڕەوەکەی بەرەو باکوور و باکوری ڕۆژئاوا دەگۆڕێت بە زاخۆدا تێدەپەڕێت. درێژی ئەم لقە دەگاتە ١٦٠کم تێکڕای داهاتی ساڵانەی دەگاتە ١،٩٦ملیار/مەتر سێجا، بە ڕێژەی ٢،٢٪ کۆی گشتی ئەو ئاوەی دەڕژێتە ڕووباری دیجلە و ئاوەکەی پێکدێنێت.

زێی گەورە

ئەم زێیە بە گرنگترین لقی ڕووباری دیجلە دەژمێردێ لە چیاکانی هەکاری لە ناوەڕاستی نێوان دەریاچەی وان و دەریاچەی وررمێ هەڵدەقوڵێ، لە نزیک گوندی چاڵ لە باکوری قەزای ئامێدی بە ناووجەی بارزانیدا تێدەپەڕێ بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات لادەدات لە دوایی ڕووباری شین و شەمزینانی دەڕژێتە سەر، ئینجا تێڕژاندنی لقی ڕەواندوز، ڕووبارەکە ڕێڕەوی خۆی بە ئاڕاستەی بآشووری ڕۆژئاوا دەگۆڕێت و لە نزیک شوێنەواراکەنی نەمرود دەڕژێتە دیجلەوە. درێژی زێی گەورە ٣٩٢کم. داهاتی ئاوی ساڵانەی دەگاتە ١٣،٢٩ملیار/مەتر سێجا ئەم ڕووبارە بە ڕێژەی ٣٣٪ بەشداری لە کۆی ساڵانەی دیجلە دەکات.

زێی بچووک

چیاکانی قەندیل و لاجان بەسەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم زێیەو لقەکانی دادەنرێت، لە چەند لقی بچوک پێک هاتووە لە نزیک گوندی ماشان دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، بە شێوەیەکی سەرەکی لە یەکگرتنەوەی چەمی تیت و چەمی ماوەت (قەلاچۆلان) پێک دێت. زێی بچووک دەشتەکانی پشدەر و قەڵادزێ دەبڕێت و بە دەربەندی دوکان تێدەپەڕێت، لەوێدا بەنداوی دوکانی لەسەر دروستکراوە، ڕێڕەوی ڕووبارەکە بەرەو باشووری ڕۆژئاوا درێژ دەبێتەوە بە (پردێ) دا تێدەپەڕێ تا لە دووری ٣٠کم لە باشووری شەرقاتەوە دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.
درێژی زێی بچووک ٤٠٠کم، داهاتی ئاوی ساڵانەی ٦،٩٩ملیار/مەتر سێجا بە ڕێژەی ١٧٪ بەشداری لە کۆی ئاوی ساڵانەی ڕووباری دیجلە دەکات.

ڕۆخانە (عوزێم)

چیاکانی قەرەداغ و شوان بە سەرچاوە سەرەکی ئاوی لقەکانی ئەم ڕووبارە وەرزییە دادەنرێت.
ئەم ڕووبارە لە سێ لقی وەرزی پێک دێ، ئەوانیش: (خاسەسو) کە شاری کەرکوکی دەکەوێتە سەر، و (تاوغ سو) کە شاری (داقوق)ی لەسەرە، و (ئاق سو) کە شاری (دوز)ی لەسەرە، دواتر عوزێم لە باشووری بەلەدەوە دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.
درێژەی ئەم زێیە ٢٣٠ کم، تێکڕای داهاتی ئاوی ساڵانە دەگاتە ٠،٧ملیار/ مەتر سێجا، بە ڕێژەی ٢٪ بەشداری لەپێک هێنانی ئاوی دیجلە دەکات.

سیروان (دیالە)

چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چیاکانی پارێزگای سلێمانی بە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاو پێدانی ڕووبارەکە دادەنرێت لە نزیک گوندی لاوەرانەوە دێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە لە بەیەک گەیشتنی سێ لقی سەرەکی پێکدێت: ڕووباری سیروان و ڕووباری تانجەڕۆ و ڕووباری زەڵم، پاش ئەوەی لە چیاکانی هەورامان و زنجیرەی بەرانان دا دەڕوات لە دەربەندیخان بەنداوی دەربەندیخان لەسەر ڕووبارەکە دروست کراوە. لە نزیک بەرزاییەکانی مەنسوریە بەنداوی حەمرینی لەسەر هەڵبەستراوە، ڕووبارەکە لە بآشووری بەغدا دەڕژێتە ڕووباری دیجلەوە.
درێژییەکەی دەگاتە ٢٨٤ کم، تێکڕای داهاتی ئاوی ساڵانەی ٥،٣ ملیار/مەتر سێجا، ئەم ڕووبارە بە ڕێژەی نزیکەی ١٤٪ ی کۆی ئاوی ساڵانەی ڕووباری دیجلە دابین دەکا.

 


سەرچاوەکان



7932 بینین