پیشەی ڕاوکردن

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-19-08:55:00 - کۆدی بابەت: 3458
پیشەی ڕاوکردن

ناوه‌ڕۆك

ڕاوکردن

لەگەڵ زۆربوونی دانیشتوان و گۆڕانی ناوچەی ڕاوی وشکانی بە لەوەڕگا و شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ، بۆ نموونە، دەشتە مەزنەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕآوە گامێشە کێوییەکان کران بە لەوەڕگای مەڕ و ماڵات و ڕەشەوڵاغ، لەبەر ئەوە دەبینین کە ڕاوی وشکانی دەکەوێتە ناوچە هەرە دوورەکان وەکو لە باکووری ئۆراسیا کە سەرچاوەی سەرەکی فەرووی سروشتی بەنرخە، بەڵام سەبارەت بە ڕاوەماسی بە پێچەوانەی ئەمەوەیە، چونکە بەردەوام بایەخی زیاد دەکات. زەریاکان ناوچەی بەرهەن هێنانن بە تایبەتی ئەوانەی دەکەونە نیوەی باکووری ناوچە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنان چونکە بەرهەمی دەریا ٥/٦ـی بەرهەمی ماسی پێکدێنێت لە جیهاندا، لە کاتێکدا بەشی ڕووبار و دەریا ناوخۆییەکان لە شەش یەکی ئەم بەرهەمە جیهانییە کەمترە. شوێنە تەنکاوەکانی زەریاکان گرنگترین شوێنی ڕاوەماسین لە کەنارە تەنکاوەکانی کیشوەرەکانەوە کە بەرەو قوڵایی زەریاکان درێژ دەبنەوە لەو ناوچانەدا کە ماددەی خۆراکی زیندەوەری ورد و میکرۆسکۆبین کە بە ژمارەی زۆر دەکەونە سەر ئاو لە ملیۆن تێدەپەڕن لە پێیەکدا و لەگەڵ تەوژمی ئاوەکە دەجووڵێن و پێیان دەگوترێ هەڵواسراوەکان.
تەنکاوەکانی کەنارە کیشوەرەکان تیشکی خۆریان پێدا دەچێتە خوارەوە تا قووڵایی شەست مەترە کە ڕێگە بە پەیدابوونی ژیان دەدات. لەمەدا بۆمان دەردەکەوێت کە هەتا کەنارە کیشوەرەکان بەرفراوانتر بن ناوچەی ڕآوەماسیش لە جیهاندا زیاترە، وەک لە باکووری خۆرئاوای زەریای مەنگ (هێمن) لە نیمچە دورگەی (کەمشتکا) تا کەناری چین، لە ناوچەکانی باکوری خۆرهەڵاتی زەریای ئەتڵەسیشەوە کە لە زەریای بەستەڵەکی باکوورەوە تاکو ئیسپانیا و لە ئایسلەندەشەوە تا نەرویج درێژ دەبێتەوە، ناوچەی تری ئەوتۆش هەن کە بایەخیان لە دوو ناوچەکانی پێشوو کەمترە، وە هەروەها ناوچەی تری ئەوتۆش هەن وەکو ناوچەی ناوەڕاست و خواروو لە زەریای ئەتڵەسی وە هەروها ناوچەی زەریای هیندی لە کاتێکدا تاکو کەنارە کیشوەرەکان تەسکتر ببنەوە ناوچەی ڕاوەماسیش کەمتر دەبێت وەکو لە دەوری هەر یەکە لە کیشوەری ئەفریقا و ئەمەریکای باشوور و ئوستورالیادا. ڕآویش بە ئامێر و ئامرازی تایبەتی دەکرێت، هەندێک لەو ئامرازانە شوێنی ماسی پێ دیاری دەکرێت ئەوی تریشی تۆڕەکە بەپێی جۆری ماسی و قووڵی ئاوەکە و چەشنی بنی زەریاکان دەگۆڕێت. ڕاوکەرەکان هەموو ڕۆژێک بە کەشی هەڵم لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەچن، بەڵام لە گەشتە دوور و درێژەکانیاندا کەشتی ئەوتۆ بەکاردەهێنن کە پڕە لە ئامرازی سەهۆڵ بەستن یان ماسی خستە قوتووەوە، تەنانەت هەندێکیان وەک کارگەیەکی سەرئاوکەوتوو وان. چالاکیی ڕاوکەرەکانیش یان ڕۆژانەیە یان بەپێی وەرزی کۆچی ماسییەکان دەگۆڕێت و زۆر جاریش تووشی کۆسپی سروشتی وەک گەرداو دەبێت، وەکو لە باکوری خۆرئاوای ئەتڵەسی و باکووری خۆرئاوای زەریای ئارام، یان تەم و مژ و پارچە سەهۆڵی گەورە وەک لە باکووری خۆرئاوای ئەتڵەسی بە تایبەتی نزیک گرینلاند لە وەرزی بەهاردا. هەندێک کۆسپیش بەهۆی مرۆڤەوەن، وەک تێپەڕ بوونی هێڵی هاتوچۆکردن بە ناو ئەو زەریایانەی ڕاوە ماسییان تێدا دەکرێت کە کار دەکاتە سەر کەشتییەکانی ڕاوکردن و تۆڕەکانیان و دەشبێتە هۆی پیسبوونی ئاوی ڕووبارەکان و کەناری دەریاکان، زۆر ڕاوکردنی ماسیش کۆسپێکی تری ڕاوکردنە کە هەندێ جۆری ماسی و هەندێ جۆرە نەهەنگ قڕ دەکات بۆیە دەوڵەتەکان لە نێو خۆیاندا بۆ ڕێکخستنی ڕاوەماسی لەسەر وەرز و قەبارەی ڕاوەکە ڕێککەوتوون و پەیمانیان بەستووە، بایەخی پیشەی ڕاوەماسی لە ژمارەی کارکەرانی ئەم ڕآوە لە هەموو لایەکی جیهاندا نییە، بەڵکو ئەو بایەخە لە ژمارەی ئەو کارکەرانەدایە لە چەند وڵاتێکی دیاریکراودا، بۆ نموونە جێگایەکی وەکو ئایسلەند دەگاتە پێنج یەکی دانیشتوانی.
جگە لەمەش لە لایەکی ترەوە ماددەیەکی خۆراکی هەرزان بەدەست دێنێت ئەگەر لەگەڵ چەشنە گۆشتەکانی تردا بەراورد بکرێت. لەبەر ئەوە ئەو ناوچانەی دانیشتوانیان چڕە و دەکەونە بەرامبەر ئەو ناوچانەی کە ڕآوەماسییان بە شێوەیەکی فراوان تێدا دەکرێت وەکو چین و ژاپۆن و ئەندەنووسیا. ماسی خۆراکی سەرەکی ئەو میللەتانەیە، تەنانەت بەرزترین تێکڕای بەکاربردنی تاکە کەسێک لە جیهاندا دەکەوێتە ئەم ناوچانەوە وەک ژاپۆن، ماسیش داهاتێکی نەتەوایەتی گرنگە لە هەندێ دەوڵەتدا بۆ نموونە بەهای ناردنی ماسی لە ئایسلەندەدا بڕبڕەی پشتی ناردەنییەکانی ئەو وڵاتەیە، هەروها لە ناردەنییەکانی وڵاتی نەرویج و پەنەماشدا بایەخێکی زۆری هەیە.

 



874 بینین