مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-24-21:49:00 - کۆدی بابەت: 12974
مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس (بە عەرەبی: تاريخ حكم الٲسلامي في الٲندلس، بە ئینگلیزی: History of Islamic rule in Al-Andalus) بە هەرێم و شارستانییەتێکی ئیسلامی وتراوە ئەندەلوس کە لە سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەورووپای ڕۆژاوا و بە دیاریکراوی نیمچە دوورگەی ئیبیریا کە لە ناوچەکانی ئیسپانیا و پورتوگال پێکهاتبوو موسڵمانان حوکمیان کردووە، لەلایەن موسڵمانانەوە ناوچەکە لە نێوان ساڵانی ٧١١ـی زایینی بۆ ١٤٩٢ـی زایینی حوکمی ئیسلامی کراوە و بە دیاریکراوی لەلایەن ئومەوییەکانەوە ڕزگار کرا و دەسەڵاتی ئیسلامی پێگەیشت، ماوەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس نزیکەی ٨٠٠ ساڵ واتا هەشت سەدەی خایاندووە.

قۆناغەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس

  • فەتح کردن و گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلام ٧١١
  • سەردەمی سەرەتایی دەسەڵاتی ئومەوی ساڵی ٧١١ بۆ ٧٣٢
  • دەوڵەتی ئومەوی قورتوبە و سەردەمی دووەم و خەلافەتی سەربەخۆی ئومەوییەکان لە ئەندەلوس ساڵی ٧٥٦ بۆ ١٠٣٩
  • سەردەمی دەسەڵاتی مەلیکەکانی تەوائیف ساڵی ١٠٣٩ بۆ ١٠٨٥
  • سەردەمی دەسەڵاتی موڕابیتەکان ١٠٨٥ بۆ ١١٤٥
  • سەردەمی دەسەڵاتی موەحیدەکان ١١٤٧ بۆ  ١٢٣٨
  • سەردەمی ئیمارەتی غەڕناتە ١٢٣٨ بۆ ١٤٩٢

مێژووی ئەندەلوس پێش فەتحی ئیسلام

لە ڕابردوودا و لە سەردەمە کۆنەکاندا پێش گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلامی بۆ ناوچەکانی ئەندەلوس کۆمەڵێک هۆز و گەلی جیاواز و بەربەری دانیشتووی ناوچەکە بوون کە ڕەچەڵەکیان دەگەڕایەوە بۆ باکووری وڵاتانی ئەسکەندەنافیا نموونەی وڵاتانی دانیمارک و سوید و نەرویج، بە هۆزە هەمەجییەکان ناسراو بوون و پێیان دەوترا "هۆزە ڤاندەلیسییەکان" و هێرشیان کردە سەر نیمچە دوورگەی ئیبیریا و لەوێ نیشتەجێ بوون، بە تێپەڕبوونی کات ئەو هۆزانە ناوچەکانیان بەجێدەهێشت، ئەندەلوس کەوتە دەست چەند نەتەوە و گەلێکی خاچپەرست کە بە "قووتە ڕۆژاواییەکان" ناسراو بوون و ڕەچەڵەکیان دەگەڕایەوە بۆ ناوچەکانی ئەڵمانیا، ماوەی دەسەڵاتیان لە ئەندەلوس تاکوو گەیشەتنی فەتحی ئیسلامی بەردەوامی هەبووە.

سەرەتای فەتحکردنی ئەندەلوس

نیمچەدوورگەی ئیبیریا کە هەردوو وڵاتی ئیسپانیا و پورتوگال دەگرێتەوە و ڕووبەری ناوچەکە نزیکەی ٦٠٠ هەزار کیلۆمەتر دووجایە، ئەوەی ئەو ناوچەیەی لە وڵاتی مەغریبی عەرەبی جیادەکردەوە گەروویەک بوو کە دوای فەتحکردنی ئەندەلوس بە گەرووی کێوی تاریق ناسرا. دوای ڕزگارکردنی هەموو ناوچەکانی باکووری ئەفریقا و گەیاندنی ئیسلام پێیان، پرۆسەی گەیاندنی ئیسلام بە ئەفریقا لە سەردەمی دەسەڵات عومەری کوڕی خەتتابەو دەستی پێکردبوو و تا سەردەمی دەسەڵاتی خەلیفە وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیکی ئومەوی هەموو ناوچەکانی باکووری ئەفریقا ڕزگارکران.

بەربەستەکانی ڕزگارکردنی ئەندەلوس

دووری نێوان مەغریب و ئەندەلوس لە سنووری دەریاییەوە زیاتر لە ١٣ کیلۆمەتر بووە، بۆیە موسڵمانان کەشتی تایبەتیان نەبوو بۆ پەڕینەوە و گەشتکردن لەو دوورییە و ئەزموونی ئەو جۆرە جەنگانەیان نەبوو کە لە ڕێگەی دەریاوە دەکران، چونکە زۆرێک لە جەنگەکانی ئیسلام جگە لە جەنگی (ذات الصواری) هەمووی جەنگی وشکانی بوونە. ژمارە و سوپای موسڵمانان و پێداویستییەکانی جەنگ لە باکووری ئەفریقا بەراورد بە سوپای ئەندەلوس زۆر کەمتر بووە. شوێن و هەڵکەوتەی جوگرافی ئەندەلوس ڕێگرێکی تر بوو بۆ سوپای موسڵمانان و سنوورێکی ئاوی لە نێوان ئەندەلوس و مەغریب هەبوو، بەوهۆیەوە موسڵمانان شارەزایی و زانیاری تەواویان لەسەر جوگرافیای ناوچەکە نەبووە.

ڕزگارکردنی ئەندەلوس

بارودۆخی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەندەلوس لەو سەردەمە زۆر خراپ بوو، کاتێک ئەفسەرێکی سوپا بە ناوی (لووزرق) کودەتای سەربازی دژی پاشای ئەندەلوسی قووتییەکانی ئەوکاتە ڕاگەیاند، بارودوخی ناوچەکانی ئەندەلوس پشێوی تێکەوتبوو. بۆیە زۆرێک لە لایەنگرانی دەسەڵاتی پاشای لەکارلابراو هانایان بۆ موسڵمانەکان دەبرد تاکوو یارمەتیان بدەن، نموونەی (یۆلیان) پاشای ناوچەی سەبتە هانای بۆ "تاریقی کوڕی زیاد" برد کە سەرکردەی ئەو سوپایەی موسڵمانان بوو کە لە شاری تەنجە جێگیر کرابوو و پاڵپشتی خۆیانی ڕاگەیاند بۆ هاوکاریکردنیان لە فەتحی ئەندەلوس.

تاریقی کوڕی زیاد والی "مووسای کوڕی نەسیری" دەسەڵاتداری ناوچەی مەغریبی ئاگادار کردەوە و ئەویش خەلیفە وەلیدی کوڕی عەبدولمەلیکی لە دیمەشق ئاگادار کردەوە کە دەسەڵاتداری ئەو سەردەمەی ئومەوییەکان بوو، لە سەرەتا دەسەڵاتداری دیمەشق ڕاڕا بوو لە بڕیاردان چونکە موسڵمانان هیچ زانیارییەکیان لەسەر سروشتی خاکی ئەندەلوس نەبوو، بۆیە دوای ڕازیبوونی خەلیفەی دیمەشق، مووسای کوڕی نەسیر کۆمەڵێک سەرباز کە لە ٥٠٠ کەس پێکهاتبوون بە نهێنی بە سەرکردایەتی "تەڕیفی کوڕی مالیک" ناردنی بۆ خاکی ئەندەلوس تاکوو هەواڵ و زانیاری بۆ بێننەوه. بۆیە دوای گەڕانەوەیان سوپایەک کە لە حەوت هەزار سەرباز پێکهاتبوو بە سەرکردایەتی تاریقی کوڕی زیاد ئامادە کرا و ڕەوانەی ئەندەلوس کرا. لە "دوورگەی سەوز" چەند ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەنێوان سوپای موسڵمانان و سوپای قووتە ڕۆژاواییەکان ڕوویدا و سوپای موسڵمانان تێیدا سەرکەوتوو بوون و پێشڕەوییان کرد.

هەواڵ گەیشتە تاریقی کوڕی زیاد کە سوپایەکی سەد هەزار کەسی دژیان ئامادەکراوە، ئەویش داوای هاوکاری لە والی مووسای کوڕی نەسیر کرد و پێنج هەزار ئەسپسواری تر بۆ سوپای موسڵمانان نێردرا، لە ناوچەی "دۆڵی بربات" ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هەردوو سوپا ڕوویدا و جەنگەکە هەشت ڕۆژ بەردەوام بوو و تێیدا سوپای موسڵمانان سەرکەوتنیان بەسەر قووتییەکان تۆمار کرد و ئەو جەنگە بە "جەنگی دۆڵی بربات" ناسرا، سەرکەوتن لەم جەنگە هاوکاری تاریقی کوڕی زیادی کرد کە شارەکانی ئەندەلوس یەک یەک ڕزگار بکات نموونەی ئیستیجە، غەڕناتە، مەلەگە، قورتوبە، ئیلبێرە و مورسییە تاگەیشتە تۆلیدۆی پایتەخت، پاشان مووسای کوڕی نوسەیریش لە باکوورەوە چەند ناوچەیەکی فەتح کرد و ئەندەلوس بووە ویلایەتێکی ئیسلامی سەر بە دیمەشق.

سەرەتای دەسەڵاتی ئومەوییەکان لە ئەندەلوس

دوای فەتحکردنی ئەندەلوس و گەیشتنی دەسەڵاتی ئیسلامی بە ناوچەکە، ئەندەلوس بووە ویلایەتێک لە ویلایەتەکانی دەوڵەتی ئومەوی و تا سەردەمی فەرمانڕەوایی هیشامی کوڕی عەبدولمەلیک لە نێوان ساڵانی (٧٢٤ بۆ ٧٤٣) زایینی ئەندەلوس سەر بە دەسەڵاتی ناوەندی دیمەشقی پایتەختی ئومەوییەکان بوو، هاوکات لە سەرەتادا شاری قورتوبە کرا بە پایتەختی دەسەڵات. دوای لاوازبوونی دەوڵەتی ئومەوی و بە تایبەت دوای دەرکەوتنی گرووپی خەواریجەکان و هەڵگیرسانی شۆڕشی بەربەرییەکان، ئومەوییەکان دەسەڵاتیان لە ئەندەلوس لاواز بوو، بۆیە چەند جەنگێک لە ئەندەلوس هەڵگیرسا.

چەند جەنگێک لە نێوان خاچ‌پەرستان و موسڵمانانی ئەندەلوس ڕوویدا چونکە موسڵمانان دەیانویست لەڕێی ئەندەلوسەوە هەوڵی پێشڕەوی زیاتر بدەن بۆ فەتحکردنی ناوچەکانی ئەورووپا، دیارترینی جەنگەکان جەنگی توور یان جەنگی (بلاط الشهداء) بوو، کە لە ساڵی ٧٣٢ هەڵگیرسا و تێیدا موسڵمانان شکستیان هێنا و ئەم جەنگە بووە هۆی ڕاگرتنی فەتحی موسڵمانان بۆ ناوچەکانی ئەورووپا. ئەندەلوس لەم سەردەمەدا لە زۆر ڕووەوە هەر وەکوو ویلایەتێکی ئاسایی سەر بە دیمەشق بووە.

کەوتنی دەسەڵاتی ئومەوییەکان لە شام و دەسەڵاتی سەربەخۆیان لە ئەندەلوس

ئەم سەردەمە بە سەردەمی خەلافەتی قورتوبەش ناودەبرێت، لە ساڵی ١٣٢ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ٧٥٠ـی زایینی دوای ئەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتی ئومەوی بە ڕابەرایەتی کۆتا خەلیفەیان بە ناوی "مەڕوانی کوڕی محەمەد" لە جەنگی زاب بەرانبەر عەباسییەکان شکستیان هێنا و ڕووخا، دەوڵەت و دەسەڵاتی عەباسییەکان دەسەڵاتی دیمەشق و ناوچە ئیسلامییەکانیان گرتەدەست و هەر پاشا و دەسەڵاتدارێکی ئومەوی مابوایە لەناویاندەبرد، دەسەڵاتدارێکی ئومەوی بە ناوی (عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاوییە) لە دیمەشقەوە بەرەو مەغریبی عەرەبی هەڵهات

ویستی ویلایەتێکی سەربەخۆ لە ناوچەکانی ئەفریقا و مەغریب دابمەزرێنێت، بەڵام والی مەغریب (عەبدولڕەحمانی فەهری) دژی بۆچوون و هەوڵەکانی بوو و ئەویش ویستی سەربەخۆیی مەغریبی هەبوو، بۆیە عەبدولڕەحمانی کوڕی موعاوییە ڕۆیشتە ئەندەلوس، لەو کاتەدا ئەندەلوس ڕووبەڕووی چەند هێرشێکی خاچپەرستانی هاوسنووری ببووەوە و عەبدولڕەحمان ئەمەی بە هەل زانی و لەگەڵ چەند هۆز و خێڵێکی ناوچەکە ڕێککەوتن، بەڵام والی ئەو کاتەی ئەندەلوس (یوسف فەهری) بەو بڕیارە ڕازی نەبوو بۆیە لە ساڵی ٧٥٦ جەنگی دژی ڕاگەیاند و تێیدا عەبدولڕەحمان سەرکەوتوو بوو، توانی بچێتە قورتوبەوە و خەڵکی ناوچەکە بەیعەتیان پێدا و لە مزگەوتی گەورەی قورتوبە نوێژی هەینی بۆ کردن و هەڵگیرسانی ئیمارەت و دەوڵەتی ئومەوی سەربەخۆی لە ئەندەلوس ڕاگەیاند و ئەم دەسەڵاتەی ئومەوییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسییەکان بوو، بەڵام بە شێوەیەکی سەربەخۆ تەنها حوکمی ئەندلوسیان دەکرد.

لە ماوەی ٣٢ ساڵی دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان

توانی بارودۆخی ئەندەلوس جێگیر بکات و سنووری ناوچەکانی ئەنەدەلوسی لە ئیسپانەکان دەپاراست و چەند جەنگێکی گرنگی بردەوە، لە ماوەی دەسەڵاتی ئەو و دوای ئەویش لە ئەندەلوس دەوترێت "سەردەمی زێڕینی ئەندەلوس" چونکە ناوچە بوژایەوە و گرنگی زۆری پێ درا و شارستانییەت و زانستی ئەندەلوس لە جیهانی ئەورووپا ناوبانگی دەرکرد.

سەردەمی مەلیکەکانی تەوائیف

بە دووەم قۆناغی مێژووی ئیسلامی لە ئەندەلوس دەوترێت سەردەمی مەلیکەکانی تەوائیف یان شاکانی تەوائیف یاخود تەوائیفەکان، ئەوان کۆمەڵ و دەستەیەک بوون کە دوای کەوتنی دەسەڵاتی سەربەخۆی ئومەوییەکان دەسەڵاتیان وەرگرت، تەوائیفەکان ئەندەلوسیان پارچە پارچە کرد و شارەکانیان دابەش کردە سەر نزیکەی ٢٦ ویلایەت، هەر ویلایەتێک والی و شا و دادەوەر و دەسەڵاتداری خۆی هەبوو، ئەم سەردەمەی دەسەڵات لە ئەندەلوس بە

سەردەمێکی ئاڵۆز و ناجێگیر دەناسرێت، دووبەرەکی و جەنگی ناوخۆ و ململانێ لەسەر دەسەڵات لەنێوان شاکانی ویلایەتەکانی ئەندەلوس هەڵگیرسا، بەوهۆیەوە ئیسپانەکان توانیان دەسەڵاتیان لە ناوچەکانی دەوروبەری ئەندەلوس بەهێز بکەن و بە سەرکردایەتی "شا ئالڤێنسۆی شەشەم" گەڕانەوە و چەند ناوچەیەکی ئەندەلوسیان لەژێر دەسەڵاتی موسڵمانان دەرهێنا و لە ساڵی ٤٧٨ـی کۆچی بەرانبەر بە ساڵی ١٠٨٥ـی زایینی دوای سێ ساڵ لە گەمارۆدانی شاری تۆلیدۆیان داگیرکرد کە یەکێک بوو لە شارە گرنگەکانی ئەندەلوس.

سەردەمی دەسەڵاتی موڕابیتەکان

موڕابەیتەکان دەسەڵاتداری وڵاتی مەغریبی هاوسنووری ئەندەلوس بوون، دوای کەوتنی شاری تۆلیدۆ و زیاتربوون و فراوانبوونی دەسەڵاتی ئیسپان لە ئەندەلوس مەلیک و شای چەند ویلایەتێکی ئەندەلوس داوای هاوکارییان لە موڕابیتەکانی مەغریب کرد. بۆیە موڕابیتەکانی دەسەڵاتداری مەغریب داوای موسڵمانەکانی ئەندەلوسیان پەسەند کرد و لەڕێگەی دەریاوە بە سوپاکەی زۆرەوە بەرەو ئەندەلوس کۆچیان کرد و دوای گەیشتنیان ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی سوپای ئیسپان بوونەوە، لە ناوچەی زەلاقە جەنگێک لە نێوان موڕابیتەکان و ئیسپانییە خاچ‌پەرستەکان ڕوویدا و تێیدا موڕابیتەکان سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و بۆ ماوەیەک ڕێگرییان لە فراوانبوونی دەسەڵاتی ئیسپان کرد له ئەندەلوس.

سەردەمی دەسەڵاتی مۆڕابیتەکان لە ئەندەلوس لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە سەرکردەکەیان بە ناوی "یوسفی کوڕی تاشافین" دەسەڵاتی ناوچەکانی ئەندەلوسی وەرگرت و دەسەڵاتی مەلیک و شاکانی تەوائیفی سڕکرد و خۆی دەسەڵاتی زۆری ناوچەکانی گرتەدەست، موڕابیتەکان زۆرێک لەو ناوچەنەی کە ئیسپان لە سەردەمی تەوائیفەکان داگیریان کردبوو وەریانگرتەوە بەڵام سەرباری هەوڵەکانیان نەیانتوانی شاری تۆلیدۆ وەرگرنەوە. بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتی سەرەکی موڕابیتەکان لە مەغریب بوو، بەهۆی لاوازییان دژی دەسەڵاتیان لە مەغریب چەند شۆڕشێک هەڵگیرسا، بەوهۆیەوە لە زۆر ڕووەوە ناوچەی ئەندەلوس پشتگوێ خرا و دەسەڵاتیان تاڕادەیەک لاواز بوو، چونکە سەرقاڵی سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی مەغریب بوون.

بۆیە ئیسپانییەکان بە دەرفەتیان زانی و چەندان ناوچەی تریان لە ئەندەلوس داگیرکردەوە. مەراکیشی پایتەختی مەغریب لەلایەن "عەبدولموئمینی کوڕی عەلی" سەرۆکی جووڵانەوەی موەحیدەکان داگیر کرا لە ساڵی ١١٤٧ کۆتایی بە دەسەڵاتیان هێنرا و کۆتا پاشایان بە ناوی "ئیبراهیم تاشفین" کوژرا.

سەردەمی دەسەڵاتی موەحیدەکان

دوای کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی موڕابیتەکان لە ساڵی ٥٣٩ـی کۆچی "عەبدولموئمینی کوڕی عەلی" دەسەڵاتی وەرگرت و بە دامەزرێنەری دەسەڵاتی موەحیدەکان دادەنرێت. ناوی موەحیدون واتا یەکخستن یان یەکسان کردن، ئەوان توانیان خاکی ئەندەلوس تاڕادەیەک یەک بخەن و بەوهۆیەوە جەنگی زۆر لەنێوان موەحیدەکان و ئیسپانییەکان ڕوویدا. دوای واژۆکردنی چەند پەیماننامەیەکی ئاشتی لەنێوان هەردوولا، ئیسپانییەکان بەندی پەیماننامەکانیان شکاند و لە ساڵی ٦٠٩ـی کۆچی لە "جەنگی عیقاب" موسڵمانەکان شکستیان هێنا و زۆرێک لە خاکی ئەندەلوسیان لەدەست دا نموونەی شارەکانی قورتوبە و مارسیا، تەنیا شانشینی غەڕناتە مایەوە کە بە "ئەندەلوسی بچووک" ناسرا.

ئەمارەتی غەڕناتە

دوای ئەوەی لە سەردەمی موەحیدەکان موسڵمانەکان زۆربەی خاکی ئەندەلوسیان لەدەستدا، تەنیا غەڕناتە مایەوە کە لەلایەن "محەمەدی ئەحمەڕ" بەڕێوە دەبرا و بۆ ماوەی بیست ساڵ بەو مەرجەی کە لەژێر ڕکێفی شای قەشتالە بمێننەوە توانیان بەردەوامی بە دەسەڵاتیان بدەن لە غەڕناتە و لەگەڵ "فێرناندۆی سێیەم" پەیمانی ئاشتییان بەست، و بەوهۆیەوە سێڤیلیا دووەم گەورەترین شاری ئەندەلوس هەرەسی هێنا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانییەکانەوە. دوای کۆچی دوایی محەمەدی ئەحمەڕ نەوەکانی دەسەڵاتی ئەمارەتی غەڕناتەیان گرتەدەست و دەسەڵات بەسەر سێ برای دابەش کرا، بەڵام دەسەڵات و پێگەیان لاواز بوو و کێشە و دووبەرەکی و ململانێی  ناوخۆیی لەنێوانیان هەبوو.

کۆتایی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس

ئیمارەتی غەڕناتە کۆتا ناوچە بوو کە بەدەست موسڵمانەکانەوە مابوو، کاتێک "ئەبوو عەبدوڵڵای بچووک" لەساڵی ٨٨٧ـی کۆچی هەمیشە لەگەڵ مامێکی لەسەر دەسەڵات کێشە و دووبەرەکی ناوخۆیی و ململانێیەکی زۆری هەبوو بۆیە غەڕناتە دابەش بووە سەر دوو بەشەوە و لەلایەن دوو کەسەوە بەڕێوەدەبرا، لەو ماوەیەشدا فێرناندۆ شای ئارگۆن لەگەڵ شاژنە ئیلیزابێسی دووەم شاژنی قشتالە هاوسەرگیرییان کرد، بۆیە هەردوو شانشینەکە دژی غەڕناتە یەکیان گرت و لە ساڵی ٨٩٧ـی کۆچی کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیسلامییەکان هێنرا،

بە دیاریکراوی لە ساڵی ١٤٩١ بە نووسراوێکی فەرمی خاکی غڕناتە لەلایەن وەزیر "ئەبووقاسمی عەبدولمەلیک" بە فرمانی شا ئەبووعەبدوڵڵای کوڕی عەلی پێشکەش بە شا فێرناندۆی پێنجەمی شای قشتالەکان کرد، لە ڕۆژی دووی کانوونی دووەمی ساڵی ١٤٩٢ـی زایینی بەرانبەر یەکی ڕەبیعی یەکەمی ساڵی ٨٩٧ـی کۆچی بە فەرمی خاچ‌پەرستەکان چوونە غەڕناتەوە و دوای هەشت سەدە لە ئەندەلوس کۆتایی بە دەسەڵاتی ئیسلامییەکان هێنرا.

ئیسپانییەکان پەیمانیان لەگەڵ ئەو موسڵمانانە بەست کە لە غەڕناتە و شوێنەکانی تر مانەوە بەوەی کە پارێزگاری لە مزگەوتەکانیان دەکرێت و دەتوانن بە ئازادی بە موسڵمانی بمێننەوە، بەڵام زۆری نەخایاند بەندەکانی ئەو پەیماننامەیە هەڵوەشێندرایەوە، پڕۆسەی بەزۆر مەسیحیکردنی موسڵمانەکان دەستی پێکرد، هاوکات زۆرێک لە مزگەوتەکان به زەبری هێز گۆڕدران بۆ کڵێسا نموونەی مزگەوتی گەورەی غەڕناتە، زۆرێک لە موسڵمانەکان ناوچەکانیان بەجێدەهێشت. مانەوەی دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئەندەلوس نزیکەی ٨٠٠ ساڵی خایاند سەرەتای فەتح تاکوو کۆتایی دەسەڵاتی ئومەوییەکان بە سەردەمی زێڕین ناوزەد دەکرا.


سەرچاوەکان



3242 بینین