ناوهڕۆك
ناساندن
سەرەتا میرنشینە عەرەبییەکانی سەردەمی پێغەمبەر ﷺ (بە عەرەبی: القبائل العربية في زمن اارسولﷺ، بە ئینگلیزی: Arab tribes in the time of the prophet), کە میرنیشینەکانی یەمەن و حیرە، شام و حیجاز، میرنشینایەتی لە نێو عەرەبەکانی دیکەدا دەگرێتەوە.
دۆخی ڕامیاری و سیاسی
فەرمانڕەواکانی دوورگەی عەرەب لە کاتی دەرکەوتنی پەیامبەردا ﷺ دوو شێوە بوون:
- پاشا تاجدارەکان: ئەمانە میر و پاشاگەلی ناسەربەخۆ بوون.
- سەرانی هۆز و تیرە: ئەمانەش هەمان دەسەڵاتی پاشا تاجدارەکانیان هەبوو زۆربەی هەرە زۆریان سەربەخۆبوون، لەوانەیە هەندێکیشیان دەسەڵاتیان لە پاشا تاجدارەکان پێبەخشرا بێت. پاشای تاجدار بریتی بوون لە: پاشای شام و دەورووبەری و پاشای حیرە.
میرنشینی یەمەن
لە هەرە کۆنترین گەلێک کە لە یەمەن ناسرابن و لەبارەیانەوە زانیاری دەست خرابێت، گەلی سەبەئن لە عەرەبی موستەعرەبە، شوێنەوارەکانی ئەور لە بارەیانەوە دوواوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٥ سەدە بەر لە هاتنی پێغەمبەر عیسا گەشەسەندن و پەرەسەندنی شارستانییەتەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ٢١ی بەر لە زایین. دەکرێت ڕۆڵی پاشاکانی یەمەن بە ئەم شێوەیە ڕوون بکرێتەوە:
١- لە ١٣٠٠ی بەر لە زایین تا ٦٢٠ی بەر لە زایین: دەوڵەتەکەیان لەم سەردەمەدا بە دەوڵەتی مەعینییەکان ناسرابوو، لە وشکانییەکانی نێوان نەجران و حەزەرمەوتدا نشتەجێ بوون، هێندە نفوزیان تەشەنەی کرد تا گەیشتە عولا و مەعان لە ڕۆژهەڵاتی حیجاز. هەر لەو سەردەمەشدا بەنداوی مەئرەبیان دامەزراندووە، کە گرنگییەکی زۆری لە مێژووی یەمەندا هەیە، کە خێری باشی لە ڕووی زەوی و زارەوە بۆ بەرهەمهێنان. پاشاکانیان ناونا مەکرەبی سەبەئـ، وەک چۆن دەڵێیت کیسرای فارس، پایتەختەکەیان بردبووە شاری سیراوح، ٢٢ تا ٢٦ پاشا لەم ماوەیەدا فەرمانڕاوییان کردووە.
٢- لە نێوان ٦٢٠ی پێش زایین بۆ ١١٥ی پێش زایین: دەوڵەتەکەیان لەم ماوەیەدا بە دەوڵەتی سەبەئـ ناسراوە، پاشان دەستبەرداری وشەی مەکرەب بوون وەک نازناو بۆ پاشاکانیان و هە بە تەنها پێیان دەوتن پاشای سەبەئـ، پایتەختیان لە سیراوحەوە گواستەوە بۆ مەئرەب کە ١٩٢ کیلۆمەتر دوورە لە ڕۆژهەڵاتی سەنعاوە.
٣- یەمەن لە نێوان ١١٥ی بەر لە زایین تا ٣٠٠ی زایین: دەوڵەتەکەیان بە حەمیرییەی یەکەم ناسرا، لەبەر ئەوەی هۆزی حەمیرییەکان دەسەڵاتیان بەسەر سەبەئدا هەبوو، لەبری شاری مەئرەب شاری ڕیدایان کردە پایتەختی خۆیان. سەرەڕای گۆڕینی ناوەکەی لە ڕیدانەوە بۆ زیفار. لەم ماوەیەدا دەوڵەتەکەیان بەرەو لەنێو چوون هەنگاوی هەڵهێنا، لە سەرەتاوە بازرگانییەکەیان تێکشا لەبەر دوو هۆکار:
- دەست بەسەرداگیرانی باکووری حیجاز لەلایەن ئەنباتییەکانەوە.
- دەستبەسەرداگیرانی ڕێگای ئاویی و بازرگانییەکان لە لایەن ڕۆمەکانەوە.
٤- لە ساڵی ٣٠٠ی زایینی تا سەرهەڵدانی ئیسلام لە یەمەندا: دەوڵەت لەم سەردەمەدا ناو دەبرا بە دەوڵەتی حەمیرییەی دووەم، پاشاکانیش ناوبران بە فەرمانڕەوای سەبەئــ و ڕەیدان و حەزەرمەوت و یەمەن. شەڕ و پێکدادان زۆر فراوان بەرۆکی ناوچەکەی گرتبوو ئەمە ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ داگیرکردنی شوێنەکەنیان لەلایەن بێگانەوە. لەو کاتەدا ڕۆمەکان چوونە نێو عەدەنەوە، بە هاوکاری ئەمان، حەبەشییەکان توانییان لە ساڵی ٣٤٠ی زاییندا یەمەن بخەنە نێو قەڵەمڕەوی خۆیانەوە، بە کەڵک وەرگرتن لە ململانێی هۆزەکانی هەمدان و حیمەرەوە و داگیرکارییەکانیشیان تا ساڵی ٣٧٨ی خایاند، دیسانەوە یەمەنییەکان سەربەخۆییان دەستکەوتەوە، بەڵام لەو کاتەدا بەنداوی مەئرەب درزی تێبوو، دواتر لافاوێکی گەورە دروست بوو کە زیانێکی گەورەی دروستکرد ماڵەکان خاپوور بوون و خەڵکی بێخانە و لانە کرد.
ساڵی ٥٢٣ی زایینی زونەواسی جوولەکە هێرشێکی بەهێزی کردە سەر مەسیحییەکانی نەجران، بەهیوای ئەوەی لە گاورێتییان بخات و بیانخزێنێتە ناو ئایینی یەهودەوە، هەر ئەوەی کە بە گوێیان نەکرد، شیوێکی قوڵی پڕ لە ئاگری بە بڵێسەی بۆ دانان و هەموویان هاویشتە ناوییەوە، ئەم کارە کاردانەوەی مەسیحییەکانی لێکەوتەوە و ئەوانیش دەستیان کرد بە داگیرکردنی وڵاتانی عەرەبی بە یارمەتی ڕۆمەکان، حەبەشییەکانیشیان هاندا و بەلەمی ئاوییان دروستکرد زیاتر لە ٧٠ هەزار سەربازی حەبەشییان کردە ناو یەمەن و بۆ جاری دووەم داگیریان کردەوە بە سەرکردایەتی ئیریات لە ساڵی ٥٢٥ و ئیریات هەر بە پاشایی مایەوە تا ئەو ڕۆژەی ئەبرەهەی کوڕی سەباحی ئەشرەم کوشتی و خۆی چووە جێگاکەی کە خۆی یەکێک بوو لە سوپاسالارەکان.
ساڵی ٥٤٩ لە پاش ڕازییکردنی پاشای حەبەشە، خۆی کردە سەرداری وڵاتی یەمەن، ئەبرەهە ئەو پیاوە بوو کە سوپای هێنایە سەر کەعبە تا تەخت و تاراجی دەربهێنێت، خۆی و سوپاکەی بە ئەسحابی فیل ناسراون، کوڕەکەی یەکسوم چووە جێگای باوکییەوە و دواتریش کوڕی دووەمی مەسروق وەک باسدەکرێن، ئەم دووانە لە باوکیان خراپتر بوون، ڕووپەڕی ئەوسای مێژووی وڵاتی یەمەنیان پڕکرد لە ستەم و چەوساندنەوە.
بەڵام خەڵکی یەمەن لە پاش ڕووداوی فیل، هانایان بردە لای فارسەکان و لەو ڕێگەیەوە حەبەشییەکانیان لە وڵات دەرکرد و دیسانەوە لە ساڵی ٥٧٥ی زایینیدا سەربەخۆییان دەستکەوتەوە بە سەرکردایەتی مەعدیکرب سەیف کوڕی زی یەزنی حیمەیری و دواتریش کردیانە ئاغای خۆیان، بەڵام مەعدیکرب کۆمەڵێکی حەبەشەیی وەک خزمەتکار و بەردەست لا مابوونەوە و خزمەتیان دەکرد، تا ڕۆژێک دەرفەتیان لێ هێنا و کوشتیان، بە کوژرانی ئەم دەسەڵات لە دەستی زی یەزندا نەمایەوە و بووە وڵاتێکی ژێردەستەی فارسەکان و پاشاکانیشیان هورز و مەرزەبانی کوڕی هورز و دواتر تینجانی کوڕی و پاشان خوسرەوی کوڕی تیجان و پاشان بازان کە بووە کۆتا فەرمانڕەوای فارس کە لە ساڵی ٦٢٨ی زاینییدا بڕوای هێنا و بە کۆتا پێغەمبەر ﷺ و دەسەڵاتی فارس بەسەر یەمەنەوە کۆتایی هات.
میرنشینی حیرە
فارسەکان فەرمانڕەوای عێراق و دەورووبەریان دەکرد، هەر لەو کاتەوەی کە کوڕشی گەورە هەموویانی لە دەوری یەک کۆکردەوە لە ٥٧٧ ــ ٥٢٩ پ.ز کەس نەیتوانی شکستی پێبهێنێت تاوەکو هاتنی ئەسکەندەری مەقدۆنی لە ساڵی ٣٢٦ پ.ز، دارای پاشایان لەناوبرد و شکۆی دەوڵەتەکەیان تێکشکاند و خاکەکەیانی پارچە پارچە کرد، چەند پاشایەکی بۆ دانان بۆ ماوەیەک دەسەڵاتدارییان کرد تا ساڵی ٢٣٠ز. لە سەردەمی ئەو پاشایەندا، قەحتانییەکان کۆچیان کرد و بەشێکیان لە خاکی عێراق داگیرکرد تا لە پاشتریشدا هەندێک لە عەدنانییەکان پێیان گەیشتەوە و لە کەناراوەکانی دوورگەی فوڕات نیشتەجێبوون. یەکەمین فەرمانڕەوا مالیکی کوڕی فەهم بوو لە قەحتانییەکان لە ئەنبار نشتەجێبوون، لە سەردەمی ئەردەشێری کوڕی بابەک دیسانەوە هێز بەبەری ئێرانییەکاندا هاتەوە و دەوڵەتی ساسانیان لە ساڵی ٢٢٦زایینیدا دامەزراند ئەویش فارسەکانی کۆکردەوە و عەرەبەکانی ئەو دەورووبەرەشی خستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە.
لە سەردەمی ئەردەشێردا، جوزەیمەی وەززاح فەمانڕەوای حیرە بوو، لەگەڵ ئەو بیابان و شتانەی عێراق کە هۆزی ڕەبیعە و موزەری تێدا نیشتەجێ بوو وەک ئەوەی ئەردەشێر وای بە باش زانیبێت ناکرێت خۆی ڕاستەوخۆ خۆی فەمانڕەوایەتی عەرەبەکان بکات و ڕێگرییان لێ بکات کە هەڵنەکوتنە سەر دەسەڵاتەکەی، هەندێک سەربازی فارس لای پاشای حیڕە مابوویەوە بۆ پارێزگاریکردنی سوڵتان لە عەرەبە بیابانشینەکان، جوزەیمە لە ساڵی ٢٦٨ زایینیدا مرد. لە پاش مەرگی جوزەیمە، دەسەڵاتی حیرە و ئەنبار درایە دەستی عومەری کوڕی نەسری لوخمی لە ساڵی ٢٦٨ ــ ٢٨٨ وەک یەکەم فەرمانڕەوای لوخمییەکان، یەکەمین کەسێک بوو حیرە بکاتە پایتەختی خۆی، ئەو هاوسەردەمی کیسرا سابووری کوڕی ئەردەشێر بوو، پاشتریش دەسەڵات هەر بە دەست لوخمییەکانەوە مایەوە. لە پاش مەرگی قوباز، ئەنەوشیروان ئاغای مەملەکەتی فارس بوو، ناوی کیسرا ئەنەوشیروانی پێوە لکێنرابوو، مونزیری کردەوە بە کاربەدەستی حیڕە و ناردیشنی بە شوێن حاریسی کوڕی عەمردا بەڵام ئەو نەچوو، وڵاتی بەرەو دارولکەلب جێهێشتبوو، هەر لەوێش مایەوە تا مرد.
میرنشینەکەیان لە پاش مونزیریش هەر بەردەوام بوو تا سەردەمی نوعمانی کوڕی مونزیر، ئەوە بوو بەهۆی بوختانێکەوە کە لە لایەن زەیدی کوڕی عەدی عەبادییەوە کە بۆی هەڵبەسترابوو، کیسرا لێی تووڕە بووبوو، دواتر کیسرا ناردی بە شوێن نیعماندا و دواتر ئەوی خستە زیندانەوە تا گیانی سپارد و لە جێگەی ئەو ئەیازی کوڕی قەبیسەی تائی کرد بە والی حیرە. دواتر جەنگ لە نێوان بەنی شەیبان و فەرسەکاندا هەڵگیرسا لە ناوچەی زیقاڕ، لە جەنگەکەدا بەنی شەیبان بەسەر فارسەکاندا سەرکەوتن، ئەوە یەکەم جار بوو کە عەرەب بەسەر فارسدا سەردەکەوێت، لەم جەنگەوە ڕووناکییەک لە حیجاز لە دایک بوو بوو ﷺ. مێژوونووسان لە بابەت بەرواری ئەم جەنگەوە ڕای جیاوازیان هەیە و هەریەکە و شتێکیان وتووە، کەمێک پێش لە دایکبوونی پێغەمبەر بووە ﷺ، هەندێکی تر دەڵێن پێش پێغەمبەربوونیەتی و هەندێکی تر پێیان وایە پاش بوونە پێغەمبەرە بە ماوەیەکی کەم، یان پاش کۆچ بۆ یەسریب یان پاش بەدرە.
کیسرا لە پاش ئەیاز، فەرمانڕەوایەکی دیکەی بۆ حیڕە دانا بە نێوی ئازادبەهی کوڕی ماهیبانی کوڕی میهرابنداد، ئەمیش ١٧ ساڵ سەرداری حیڕە بوو، پاشان لە ساڵی ٦٣٢ دا دەسەڵات گەیشتەوە دەستی ئالی لوخم و هەر لە خۆیان مونزیری کوڕی نوعمان کە بە مەعروور ناسرابوو کردیان بە سەرداری خۆیان، بەڵام زۆری نەخایاند لە پاشی هەشت مانگ خالیدی کوڕی وەلید بە سەربازی موسڵمانانەوە دایان بەسەریدا.
میرنشینی شام
لەو کاتەوەی کە عەرەبەکان دەستیان دایە کۆچکردن، هەندێکیان چوونە شام و لە بەرەبابی قوزاعە بوون لە تیرەی سولەیح ی کوڕی حولوان کە لە ئەمانیش بەنی زەجعەم کە بە زەجاعە ناسراوبوون و لەلایەن ڕۆمەکانەوە سەرپەرشتی دەکران تا ڕێگرییان پێ بکات لە عەرەبە سارانشیینەکان کە نەبادا شتێک ئەنجام بدەن و لەولاشەوە ئامادەبن دژی فارسەکان.
لە باناوبانگترین فەرمانڕەواکانیان: زیادی کوڕی هەبوولە، دەورانی فەرمانڕەوایەتییەکان لە سەرەتای سەدەی دووەمی زاینییەوە تا کۆتاییەکەی خەمڵێندراوە. دەسەڵاتیان بە هاتنی ئالی غەسسان کۆتایی هات و ڕۆم کردنی بە ئاغای شام و شاری بصريان کردە پایتەختی دەسەڵاتەکەیان. وەکو کاربەدەستی ڕۆمەکان لەسەر شام مانەوە تا جەنگی یەرموک لە ساڵی ١٤ی کۆچیدا و کۆتا میریان کە ناوی جەبەلەی کوڕی ئەیهەم بوو، لە سەردەمی خەلیفەی دووەمی موسوڵماناندا موسوڵمان بوو.