پەرلەمانی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-03-31-23:56:00 - کۆدی بابەت: 8101
پەرلەمانی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەرلەمانی کوردستان (بە ئینگلیزی: Parliament of Kurdistan، بە عەرەبی: برلمان كردستان)، بە فەرمی بە پەرلەمانی کوردستان-عێراق  یان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان-عێراق دەناسرێت. ئەنجوومەنی نوێنەرانی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان و ھێزی یاسادانەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە. پەرلەمانی کوردستان بۆی ھەیە ھەر یاسایەکی فیدڕاڵی لە ھەرێمدا بخاتە کار کە بەدەر بێت لە تایبەتمەندیی دەسەڵاتەکانی فیدڕاڵی کە لە ماددەی ١١٠ی دەستووری کۆماری عێراقی فیدڕاڵیدا ھاتوون.

ئەندامانی پەرلەمان چوار ساڵ جارێک لە ھەڵبژاردنی گشتیی لە ھەرێمی کوردستاندا دەستنیشان دەکرێن. لانی کەم دەبێ ٢٥٪ -ی ئەندامانی پەرلەمان ژن بن. دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان پێک دێت. لە ھەر ساڵێکدا دوو خولی بەستنی ھەیە، یەکەم لە ئازار تا کۆتاییی حوزەیران و دووەم لە ئەیلوول تا کۆتاییی کانوونی یەکەم.

مێژوو

خولی یەکەم (١٩٩٢ - ١٩٩٤)

دوای شکستھێنانی گفتوگۆکانی نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی سەدام، لە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ١٩٩١ حکوومەتی عێراق دەستی کرد بە کێشانەوەی دامودەزگا کارگێڕییەکان لە ناوچەکانی کوردستان. بەرەی کوردستانی کە لە حەوت حیزب پێک ھاتبوو وەک دەسەڵاتی دیفاکتۆی ناوچەکە بیری لە دامەزراندنی سیستمێکی پەرلەمانی کردەوە لەڕێی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی سەربەخۆی ئازاد و دیموکراتییەوە. بۆ ئەمەش لێژنەیەکی تایبەتی لە ١٥ کەس لە سیاسەتوانەکانی ناو بەرەی کوردستانی پێک ھێنرا بەم ئەندامانەوە: ڕەشید عەبدولقادر، مەعرووف ڕەئووف، نازم حەوێزی، حاکم ئەمیر، شەمسەددین موفتی، مەحموود بابان، سەعدی بەرزنجی، خورشید شەوکەت، مستەفا عەسکەری، فەرسەت ئەحمەد، قەیس دیوالی، حەسەن عەبدولکەریم، بەختیار حەیدەری، قادر جەباری و، فەرەنسۆ ھەریری.

ئەم لیژنەیە دوای ئەوەی چەند دانیشتنێکی لە نێوان ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ تاوەکو ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢ ئەنجام دا، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەش بە سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی کرد و لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٩٢ لەلایەن بەرەوە بڕیاری لەسەردرا و بە ناوی یاسای ژمارە ١ بۆ ساڵی ١٩٩٢ یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنیی نیشتمانیی کوردستان – عێراق پەسەند کرا. ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە ڕێگای دەنگدانی گشتی و نھێنی و ڕاستەوخۆ لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ بە بەشداریی ٩٦٧,٢٢٩ دەنگدەر ئەنجام درا. کە بەھاوکاری و پشتیوانیی چاودێرانی بیانی بەڕێوە چوو. بەپێی یاسای ھەڵبژاردن ھەر حیزبێک دەبوایە ٧٪ -ی دەنگەکان بەدەست بھێنێ بۆ ئەوەی کورسییەکی پەرلەمان مسۆگەر بکات. ئەم لیستانە لە ھەڵبژاردنەکەدا بەشدار بوون:

ناوی لیست ژمارەی دەنگەکان ڕێژە لە سەت
پارتی دیموکراتی کوردستان ٤٣٧,٨٨٩ ٤٥٫٥
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ٤٢٣,٨٣٣ ٤٣٫٦١
ئیسلامییەکان ٤٩,١٠٨ ٥٫٥
یەکگرتن (پارتی سۆشیالست و پارتی سەربەخۆییی کوردستان) ٢٤,٨٨٢ ٢٫٥٦
یەکێتیی دیموکراتی کوردستان و حیزبی شیوعی و بێلایەنەکان ٢١,١٢٣ ٢٫١٧
پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان ٩,٩٠٣ ١٫٠٢
لیستی سەربەخۆی دیموکراتەکان ٥٠١ ٠٫٠٥

بەپێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، کە لەلایەن دەستەی باڵای سەرپەرشتیاری ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەندرا، کە بە سیستمی نوێنەرایەتێی ڕێژەیی بەرێوە چوو، تەنیا لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی ھاوبەشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و حیزبی زەحمەتکێشان ھاتنە نێو پەرلەمان لە کۆی ١٠٥ کورسیی پەرلەمان ھەریەک لە یەکێتی و پارتی ٥٠٪ی کورسییەکانیان بەرکەوت. جەوھەر نامیق سالم لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵبژێردرا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان.

بەپێی بڕیارێکی سەرکردایەتیی سیاسیی بەرەی کوردستانی، ٥ کورسی بۆ مەسیحیەکانی کوردستان تەرخان کرا، کە ٤ ئەندامیان لە لیستی بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری و ١ ئەندامیش بۆ لیستی یەکگرتووی مەسیحییەکانی کوردستان تەرخان کرا.

خولی گواستنەوە (٢٠٠٢–٢٠٠٥)

بەھۆی ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ، لە ٢ی ئایاری ١٩٩٤ نەتوانرا ھەڵبژاردنی خولی دووەم ئەنجام بدرێت. پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیاندنێکی دیکۆمێنتیدا کە لە ١٩ خاڵ پێک ھاتبوو دژی ئەم شەڕە ھەڵویستی دەرکرد و چەندین لێژنەی مەیدانیشی بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاگربەست و بڕیاردانی ئاشتی لە بەرەکانی شەڕدا پێک ھێنا، ھەروەھا ٥٩ ئەندام بۆ ماوەی ١٠١ ڕۆژ لە ھۆڵێکی نێو پەرلەمان دژی شەڕی ناوخۆ پەناگیریی خۆیان ڕاگەیاند. بەڵام پەرلەمانیش بووە قوربانیی شەڕی ناوخۆ.

بەھۆی ڕێکەوتننامەی ئاشتیی واشنتۆن کە لە ساڵی ١٩٩٨ بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی ئەوسای ئەمریکا مادلین ئۆلبرایت لە نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعوود بارزانی واژوو کرا، پەرلەمانی کوردستان یەکی گرتەوە. لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٢ یەکەم کۆبوونەوەی یەکگرتنەوەی کرد و ھەفتەیەکیش دوای ئەوە کۆبوونەوەی دووەمی یەکگرتنەوەی لە سلێمانی گرێ دا. ٢٣ نوێنەری یەکێتی گۆڕدران و نوێنەرێکی دیکەش بۆ پارتی زۆرکرا. ماوەی سەرۆکایەتیی ئەم خولەی پەرلەمان ٣ مانگ بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ڕۆژ نووری شاوێس و ٢ مانگیش بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال فوئاد دیاری کرا. بەڵام بەگشتی ئەم خولە درێژەپێدەری خولی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانی سالی ١٩٩٢ بوو.

خولی دووەم (٢٠٠٥–٢٠٠٩)

لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٥ خولی دووەمی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئەنجام درا. لە ھەڵبژاردنی خولی دووەمی پەرلەمانی کوردستان، ١٣ لیستی جیاواز بەشداریان کرد کە بە سیستمی نوێنەرایەتیی ڕێژەیی بەڕێوە چوو. تێیدا ١٧٥٣٩١٩ کەس لە دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بەشداریان تێدا کرد. لەم ھەڵبژاردنەدا، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە ١٠٥ ئەندام بۆ ١١١ ئەندام بەرزکرایەوە. لە ئەنجامدا تەنھا ٣ لیست لەکۆی ١٣ لیستەکە، توانیان بگەنە پەرلەمان، ئەوانیش لیستی نیشتمانیی دیموکراتی کوردستان کە ١٠٤ کورسی و لیستی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ٦ کورسی و لیستی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و سەربەخۆکان ١ یەک کورسییان بەدەست ھێنا. عەدنان موفتی سەرۆکی پەرلەمان و فەرسەت ئەحمەد عەبدوڵڵا سکرتێری پەرلەمان لە خولی دووەم بوون. ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردنەکان:

ناوی لیست ژمارەی دەنگەکان ڕێژە لە سەت کورسییەکان
لیستی نیشتمانی دیموکراتی کوردستان ١٥٧٠٦٦٣ ٨٩٫٥٥ ١٠٤
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ٨٥٢٣٧ ٤٫٨٦ ٦
لیستی زەحمەتکێشان و سەربەخۆکان ٢٠٥٨٥ ١٫١٧ ١
پارتی کاری دیموکراتی کوردستان ١١٧٤٨ ٠٫٦٧ ٠
بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان ١٠٩٥٢ ٠٫٦٢ ٠
لیستی بێلایەنەکان ١٠٢٦٢ ٠٫٥٩ ٠
پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان ٩٠٨١ ٠٫٥٢ ٠
تەجەموعی کۆماری عێراق ٩٤٩٩ ٠٫٥٤ ٠
بەرەی نیشتمانیی وەحدەی عێراق ٨٢٥٥ ٠٫٤٧ ٠
بزووتنەوەی دیموکراسیخوازانی کوردستان ٦٦٩٠ ٠٫٣٨ ٠
پارتی پارێزگارانی کوردستان ٥٥٠٦ ٠٫٣١ ٠
حیزبی ئەخای وەتەنی عێراقی ٣٤٢٢ ٠٫٢٠ ٠
ڕەوتی نیشتمانیی کوردستان ٢٠١٨ ٠٫١٢ ٠

خولی سێیەم (٢٠٠٩–٢٠١٣)

ڕۆژی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩ خولی سێیەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەرێوە چوو کە ٢٤ لیست بەشداریی ھەڵبژاردنیان کرد، بۆ کێبرکێ لەسەر ١١١ کورسی و تێیدا ١١ لیست توانیان ڕێژەی یاسایی بەدەست بێنن و بێنە ناو پەرلەمان. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بایکۆتی ھەڵبژاردنەکانی کرد. ئەنجامی کۆتاییی ھەڵبژاردن لە نووسراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە ١٨ی ئابی ٢٠٠٩ ھاتووە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

ناوی لیست ژمارەی دەنگەکان ڕێژە لە سەت کورسییەکان
لیستی کوردستانی ١٠٧٦٣٧٠ ٥٧٫٣٧ ٥٩
گۆڕان ٤٤٥٠٢٤ ٢٣٫٧٢ ٢٥
لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازی ٢٤٠٨٤٢ ١٢٫٨٤ ١٤
بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق ٢٧١٤٧ ١٫٤٥ ٢
بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمانی لە کوردستان ١٨٤٦٤ ٠٫٩٨ ٣
ئەنجوومەنی میللی کلدانی سریانی ئاشوری ١٠٥٩٥ ٠٫٥٦ ٣
ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی ١٥٠٢٨ ٠٫٨٠ ١
لیستی چاکسازیی تورکمانی ٧٠٧٧ ٠٫٣٨ ١
لیستی ڕافیدەین ٥٦٩٠ ٠٫٣٠ ٢
ئارام شاھین داود باکۆیان (ئەرمەنی) ٤١٩٨ ٠٫٢٢ ١
لیستی تورکمانیی ھەولێر ٣٩٠٦ ٠٫٢١ ١

خولی چوارەم (٢٠١٣–٢٠١٨)

خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢١ ئەیلوول ٢٠١٣ لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی نیمچە کراوە بەڕێوە چوو ٣١ لیست بەشداریان لەم ھەڵبژاردنە کرد بەڵام تەنھا ١٧ لیست توانیان ببنە خاوەن کورسییەکانی پەرلەمان، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی ھەرێمی کوردستان ئەنجامی کۆتایی بەم شێوەیە ڕاگەیەند:

ژمارەی لیست ناوی لیست ژمارەی دەنگەکان کورسییەکان
١١٠ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ٧٤٣٩٨٤ ٣٨
١١٧ لیستی گۆڕان ٤٧٦٧٣٦ ٢٤
١٠٢ لیستی یە‌کێتی نیشتمانی کوردستان ٣٥٠٥٠٠ ١٨
١٠٥ لیستی یەکگرتووی ئیسلامی ١٨٦٧٤١ ١٠
١٠٤ لیستی کۆمە‌ڵی ئیسلامی ١١٨٥٧٤ ٦
١٠١ لیستی بزووتنە‌وی ئیسلامی کوردستان ٢١٨٣٤ ١
١١١ لیستی سۆسیالیست ١٢٥٠١ ١
١٠٧ لیستی ئازادی ١٢٣٩٢ ١
١١٥ لیستی ئاراستەی سێیەم ٨٦٨١ ١
١٢٦ لیستی ڕافدین (قائمە الرافدین) ٦١٤٥ ٢
١٢٧ ئە‌نجومە‌نی گە‌لی کلدانی سریانی و ئاشووری ٥٧٣٠ ٢
١٢٤ لیستی پێشکەوتنی تورکمان ٥٢٥٩ ٢
١٢١ لیستی ھە‌ولێری تورکمانی ١٩٥١ ١
١٢٠ لیستی گۆڕان و نوێبوونە‌وی تورکمانی ١٩٢٦ ١
١٢٢ لیستی جبھە‌ی تورکمانی عێراقی ١٧٥٣ ١
١٢٥ لیستی ابناو النھرین ١٠٩٣ ١
١٣١ لیستی ئەرمەن ٥٣١ ١

خولی پێنجەم (٢٠١٨ - ٢٠٢٢)

بەپێی ماددەی یەکەم بڕگەی یەکەم لەیاساى ژماره‌ (٢)ى ساڵى ٢٠١٧ ى یاساى دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانى هه‌رێم، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠١٨ ڕۆژی ٣٠/٩/٢٠١٨ دیاری کرد وەک وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ٣٠٨٥٤٦١ هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەبوو. لەو ژمارەیە ١٨٤٥٩٧٩ هاوڵاتی بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کرد کە ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان دەکاتە ٥٩٪. لەو هەڵبژاردنەدا ٢٩ لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد و لە ئەنجامدا ١٦ لیست توانیان کورسی پەرلەمان بەدەست بهێنن بەم شێوەیەی خوارەوە:

ژمارەی لیست ناوی لیست ژمارەی دەنگەکان کورسییەکان
١٨٣ لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان ٦٨٨٠٧٠ ٤٥
١٠٥ لیستی یە‌کێتی نیشتمانی کوردستان ٣١٩٩١٢ ٢١
١٤٨ لیستی گۆڕان ١٨٦٩٠٣ ١٢
١٣٤ جووڵانەوەی نەوەی نوێ ١٢٧١١٥ ٨
١٩٤ لیستی کۆمە‌ڵی ئیسلامی ١٠٩٤٩٤ ٧
١١٩ هاوپەیمانیی بەرەو ئیسڵاح ٦٧٧١٢ ٥
١٢٧ لیستی سەردەم ١٥٤٣٤ ١
١٦٤ لیستی ئازادی ٨٠٦٣ ١
٢١٥ پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ٣٣١٨ ٢
٢٥٨ پارتی چاکسازی تورکمانی ٣١٢٥ ١
٢٢٤ لیستی میلـلەت ٨٨٥ ١
٢٧٢ لیستی بەرەی تورکمانی ١٥٤٥ ١
٣٦٨ هاوپەیمانی یەکێتیی نەتەوەیی ٨٠٨٨ ٣
٣٠٦ لیستی ڕافیدەین ٢٦٢٦ ١
٣٤٤ ئەنجومه‌نى گه‌لى كلدانى سریانى و ئاشوورى ٢٩٦٣ ١
٤٩٧ لیستی ئەرمەن ٦١٥ دەرچووە

ئەرک و دەسەڵاتەکانی پەرلەمانی کوردستان

پەرلەمانی کوردستان ئەم ئەرک و دەستەڵاتانەی خوارەوەی ھەیە:

  • دەرچوواندنی یاسا
  • بڕیاردان لەسەر ڕێککەوتننامەکان و یەکلاکردنەوەی کێشەی چارەنووسیی گەلی کوردستان و دەسنیشانکردنی پەیوەندیی یاسایی لەگەڵ دەسەڵاتی مەڵبەندی
  • ناولێنانی سەرۆکی وەزیرانی ھەرێم و متمانەدان بە ئەنجوومەنی وەزیران و کێشانەوەی متمانە لێیان
  • پەسندکردنی بودجەی گشتیی و نەخشەکێشانی گەشەپێکردن و بڕیار لە سەردانیان
  • چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن

پشتیوانەی یاساییی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان

ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانەی یاساییان ھەیە، کە پاراستنی یاسایی پێویستیان بۆ دابین دەکات تاکو بە ئازادی ئەرکەکانیان جێبەجی بکەن و، ئەندام لەسەر دەربڕینی بیروڕاری لە کاتی ئەنجامدانی کارەکەی لە ئەنجوومەندا لی پرسینەوەی لەسەر نەبێت و نابی ڕاوەدوو بنرێـت، یا بگیرێت لە کاتی خولەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەندا بەبی ڕەزامەندیی ڕاوەدوو پەرلەمان، تەنیا لە بارەی ئەوە نەبی، کە لە تاوانێکدا گیرا بی، ھەروەھا نابی ئەندام ڕاوەدوو بنرێتیان بگیرێت لە دەرەوی کاتی خولی بەستنی ئەنجوومەن بەھۆی تاوانێک بە بی وەرگرتنی ڕەزامەندیی سەرۆی پەرلەمانی کوردستان تەنیا لەو بارەدا نەبێت کە لە تاوانێکدا گیرا بێت.

لیژنەکان

لیژنە ھەمیشەیییەکان

بەپێی ماددەی ٣٧ی پەیڕەوی ناوخۆی پەلەمانی کوردستان:

لیژنە ھەمیشەیییەکانی ئەنجوومەن لەیەکەم خولیدا کەدوای ھەڵبژاردندەبەسترێت پێکدەھێنرێن ولەپێکھێنانیاندا، ئارەزووی ئەندامان وپسپۆرییان ڕەچاودەکرێت. بەپێی ماددەی دووەمی بریاری ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٩ بڕگەی ٣ لەماددەی ٣٩یەمی ھەموارکراو، ھەموار دەکرێت و بەم شێوەیەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە: لیژنەی ھەمیشەیییەکان لەژمارەیەک ئەندام پێکدێن کە لە پێنج ئەندام کەمتر نەبن و لەیازدە ئەندامیش زیاتر نەبن و ھەر لیژنەیەش لەناو ئەندامانیدا سەرۆکێک و جێگرێکی سەرۆک و بڕیاردەرێک بۆ خۆی ھەڵدەبژێرێت.

لیژنە ھەمیشەیییەکانی پەرلەمانی کوردستان، کە لەخولی سێیەمدا دیاریکراون ئەمانەن:

  • لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری
  • لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیییەکان
  • لیژنەی پەروەردە و فێرکردنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
  • لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری
  • لیژنەی یاسایی
  • لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و منداڵ و خێزان
  • لیژنەی بەرگری لەمافی ژن
  • لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگە
  • لیژنەی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشت و گوزار
  • لیژنەی پاراستنی مافی بەکاربەر
  • لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن و شوێنەوارەکان
  • لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان
  • لیژنەی کاروباری پێشمەرگە و شەھیدان و قوربانیانی جینۆساید
  • لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ھاوچەرخکردنی لادێ
  • لیژنەی وەرزش و لاوان
  • لیژنەی مافی مرۆڤ
  • لیژنەی دەسپاکی (نەزاھەت)
  • لیژنەی کاروباری کۆمەڵەی مەدەنی
  • لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی


سەرچاوەکان



1671 بینین