مەسعوود بارزانی

له‌لایه‌ن: - بۆردی نووسەرانی ئینسایکلۆپیدیای زانیاری - به‌روار: 2021-07-05-19:25:00 - کۆدی بابەت: 5753
مەسعوود بارزانی

ناوه‌ڕۆك

کوڕە گەورەی بارزانی

مەسعوود مستەفا بارزانی لە ڕۆژی ١٦/٨/١٩٤٦ لە شاری مەهاباد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لەدایکبووە، بۆ ماوەی ١٢ ساڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە و لە دوای باوکییەوە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستاندا کە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩دا ئەنجامدرا، بۆ خولێکی نوێ بە سەرۆکی ھەرێم ھەڵبژێردرایەوە، لە ماوەی ١٤ی حوزەیرانی ٢٠٠٥ تاکوو ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ لە پلەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا بووە.

لەدایکبوون ١٦/٨/١٩٤٦
شوێنی لەدایکبوون مەهاباد - ڕۆژهەڵاتی کوردستان
پیشە سەرۆکی هەرێم - سەرۆکی حیزب - پێشمەرگە - فەرماندەی سەربازی
ماوەی سەرۆکایەتی ٢٠٠٥ بۆ ٢٠١٧
حیزبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان

منداڵی و گەنجێتی

مەسعوود بارزانی لە ڕۆژی ١٦/٨/١٩٤٦ لە شاری مەهاباد لەدایکبووە لە هەمان ڕۆژ کە یەکەمین کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەستراوە و باوکی بووە بە سەرۆکی پارتەکە، ‌پاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد له‌ ساڵی 1947 له‌گه‌ڵ ماڵەوەیاندا دەگەڕێنرێتەوە بۆ باشووری کوردستان، باوکیشی لەگەڵ ٥٠٠ پێشمەرگەدا بەرەو یەکێتی سۆڤیەت هەڵدێت و تا ڕووخانی ڕژێمی پادشایەتی و دامەزراندنی کۆماری عێراق لە ١٩٥٨ لەوێ دەمێنێتەوە، به‌ ده‌ستپێكی هێرشی سووپای عێراق بۆ سه‌ر باشووری كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی 11/9/1961دا، مەسعوود بارزانی به‌ ناچاری واز لە خوێندن دەهێنێت، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ـی ئایاری ١٩٦٢ـی و لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ده‌كات.

کاری پێشمەرگایەتی و سیاسی

ساڵی 1967 یەكێك دەبێت لە دامه‌زرێنه‌رانی دەزگای پاراستن و سەرپەرشتیاری دەزگاکە بووه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا، ساڵی 1970 ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری شۆڕشی ئه‌یلول و حكومه‌تی عێراق بووه‌ و لە هەمان ساڵدا له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی هه‌شته‌می پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌ و دواتر به‌ ئه‌ندامی یه‌ده‌گی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ستنیشان كراوه‌.

دوو مانگ دوای نسكۆ، به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانیدا و به‌ هاوڕێیه‌تی ئیدریس بارزانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك سه‌ركرده‌، و فه‌رمانده‌ و كادیری پێشكه‌وتوودا، بناغه‌ی "سه‌ركردایه‌تی كاتی"ـی پارتی دیموكراتی كوردستان داده‌ڕێژێته‌وه‌، دواتریش لە نێوان ساڵانی 1976 بۆ 1979دا، لە ئەمریكا لەلای مسته‌فا بارزانیی باوكیدا بووە کە لەبەر هۆکاری نەخۆشی سەردانی ئەمریکای کردبوو.

لە هەمان ساڵ بۆ ڕێکخستنی کاروباری حیزب سەردانی ڤیەننا دەکات و لەوێ چاوی بە ئیمام خومەینی ڕابەری شۆڕشی نوێی ئێران دەکەوێت، لەو کاتەدا لەلایەن دەزگای هەواڵگری عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەری و دوو لە پاسەوانەکانی بریندار دەبن و هەوڵەکە شکست دەهێنێت.

دوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ سەردانی شاری تاران دەکات و لەوێ دەمێنێتەوە، لە ماوەی مانەوەیدا لە ئێران هەواڵی کۆچی دوایی باوکی پێدەگات و لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای تەرمی موستەفا بارزانی دەگەڕێننەوە و لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە خاکی دەسپێرن.

لە هەمان ساڵ و دوای کۆچی دوایی سەرۆکی حیزب، لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە بە سەرۆکی پارتی هەڵدەبژێردرێت و دەبێتە دووەمین سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنفالی ١٩٨٣ـی بارزانییەکاندا ٣٧ کەسی بنەماڵەکەی ڕادەگوێزرێن و بێسەروشوێن دەکرێن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا.

لە کاری سەرکردایەتی پارتی و پێشمەرگایەتی بەردەوام بووە و لە ساڵی ١٩٨٨ سەرکردایەتی "داستانی خواکوڕک"ـی گرتۆتە ئەستۆ.

لە ساڵی ١٩٨٩ـدا دووبارە بۆ جارێکی دیکە بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵدەبژێردرێتەوە، لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و درووستبوونی دەسەڵاتی کوردی لە ناوچەکە لە ١٩/٦/١٩٩١ لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤەوە خەڵاتی ئاشتی بۆ گەلی کوردی پێ بەخشراوە و ئەویش خەڵاتەکە پێشکەش بە دانیاڵ میتران هاوژینی سەرۆکی فەڕەنسا دەکات، لە ساڵی ١٩٩٢ خۆی بۆ سەرۆکایەتی کوردستان هەڵدەبژێرێت و بەهۆی ناکۆکی لایەنە کوردییەکان ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت، هەر لە هەمان ساڵ ئەندامی سەرۆکایەتی کۆنگرەی نیشتمانی عێراقی بووە کە بە کورتکراوەی INC ناسراوە.

لە ساڵی ١٩٩٣ بۆ جاری سێیەم بە سەرۆکی پارتی هەڵدەبژێردرێتەوە، لە ماوەی جەنگی ناوخۆی کوردستانیشدا لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ جارێکی دیکە دەبێتە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو ماوەیەشدا چەند جارێک لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی گەیشتنە ڕێککەوتن بەڵام سەرکەوتوو نەبوو و دووبارە جەنگ لە دژی یەکتری دەستی پێکردەوە، تا دواجار لە ساڵی ١٩٩٨ لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گەیشتنە ڕێککەوتن و جەنگ کۆتایی هات.

لە ساڵی ١٩٩٢ هەتاوەکو کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی دەیان سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات و پێشوازی شاندی وڵاتانی دیکە هەبووە.

لە ١/٤/٢٠٠٣ بە سەرۆکی ئەنجوومەنی دەسەڵاتدارێتی عێراق هەڵبژێردراوە، هەشت مانگ دواتریش لە شارەدێی پیرمام لەگەڵ جەلال تاڵەبانی کۆدەبێتەوە و واژوو لەسەر "ڕێککەوتننامەی ستراتیژی" دەکەن.

سەرۆکایەتی

لە ١٢/٦/٢٠٠٥ بە بڕیاری ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردراوە، و هەتاوەکو ساڵی ٢٠٠٩ چەندین دیدار و سەردانی بۆ دەرەوەی وڵات هەبووە و ساڵی ٢٠٠٥ و لەدوای هەڵبژاردنی بە جلوبەرگی کوردییەوە لەگەڵ جۆرج بۆش سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کۆدەبێتەوە.

 لە ٢٥/٧/٢٠٠٩ بۆ جارێکی دیکە بووە بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی دەنگی %٧٠.

ساڵی دواتریش لە کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە دەبێتەوە بە سەرۆکی پارتەکە.

ساڵی ٢٠١٣ بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران بۆ ماوەی دوو ساڵ ماوەی سەرۆکایەتییەکەی درێژ کرایەوە کە دواتر ئازاد جوندیانی وتی ئەمە بیرۆکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە، ئەم بڕیارە بووە جێی مشتومڕێکی سیاسی زۆر گەورە و بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان بە سەرۆکی ماوەبەسەرچوو و سەرۆکی ناشەرعی ناویان دەبرد، لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە مافی ڕەوای خۆیان دەزانی و بەرگرییان لێدەکرد.

لە ساڵی ٢٠١٤ فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە لە جەنگی دژی داعش و هەتاوەکو لەناوچوونیان ئەو ئەرکەی گرتۆتە ئەستۆ.

ساڵی 2015 ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان دۆسیه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی خسته‌ به‌رده‌ستی‌ ئه‌نجومه‌نی ڕاوێژکاری كوردستان، دواتریش بە بڕیارێک بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمیان بۆ دوو ساڵی تر پێ بەخشی.

ڕیفراندۆم

مه‌سعوود بارزانی، لە ساڵی ٢٠١٧ هەڵمەتێکی بۆ بەڕێوچوونی ڕیفراندۆمێکی گشتگیر بە ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکانیشەوە دەستپێکرد بۆ دەنگدان بە کوردستانێکی سەربەخۆ، له‌ ڕێكه‌وتی 25/9/2017، ڕێفراندۆمی بۆ سه‌ربه‌خۆیی باشووری كوردستان سازدا، و له‌ ئه‌نجامدا 93% ده‌نگده‌رانی كوردستان، به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان دا.

لە ٢٩/١٠/٢٠١٧ بڕیاری وازهێنانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم هێنا.

ژیانی تایبەتی

ساڵی ١٩٦٥ هاوسەرگیری کردووە و خاوەنی هەشت منداڵە، و هەریەک لە زمانەکانی عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی دەزانێت، حەزی لە پەرتووکی ڕامیاری و سیاسی و مێژووییە و حەز بە شیعرەکانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و وەفایی دەکات.

لە بواری وەرزشدا حەزی لە هەریەک لە وەرزشەکانی مەلەکردن و تۆپی پێیە.

بەرهەمی ئەدەبی

ساڵی 1986 یه‌كه‌مین به‌رهه‌می خۆی له‌ بواری خه‌باتی بارزانی و مێژووی پارتیدا، له‌ ژێر ناونیشانی بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد له‌ سێ به‌رگدا و به‌ زمانی عه‌ره‌بی له‌ چاپ ده‌دات، كه‌ تاكو ئێستا چه‌ندین جار پێداچوونه‌وه‌ی بۆ كردووه‌ و بۆ سه‌ر زمانه‌كانی كوردی به‌ هه‌ردوو دیالێكتی كرمانجی سه‌روو و كرمانجی ناوه‌ڕاست، توركی و فارسی و ئینگلیزی‌ وه‌رگێڕدراوه‌.


سەرچاوەکان

939 بینین