ناوهڕۆك
مەلای جزیری
مەلای جزیری بە مەلا ئەحمەد یا شێخ ئەحمەد بەناوبانگە لەبەرئەوەی لە شاری جزیرەی پایتەختی بۆتان ژیاوە بە جزیری ناوی دەركردووە، ئەم شاعیرە مەزنە لە ساڵی (٩٧٥) كۆچی بەرامبەر ساڵی (١٥٦٧-١٥٦٨)ز ھاتۆتە دونیاوە، مەلا جزیری وەك ھەموو مەلا گەورەكانی كوردستان ڕۆژانی فەقێیەتی و خوێندنی لە گەلێك ناوچەی كوردستاندا بردۆتە سەر، پاشان لە چەند شوێنێك مەلایەتی كردووە و دوایی لە مزگەوتی سور جێگری بووە، كە لە ڕۆژانی دەسەڵاتی میرانی بۆتاندا شوێنی خوێندن و پێگەیشتن بووە و سەدان فەقێی تێدا بووە كە میر خۆی مەسرەفی كردوون.
مەلای جزیری نازناوی ھۆنراوەی (مەلا یان مەلێ) بووە، ھەندێك جار (نیشان)یشی بۆ خۆی كردووە بە ناو، چونكە دڵی خۆی بە نیشانی تیری خۆشەویستی و ئازار داناوە، یا ھەر نیشان خاڵی گۆنایە كە بەر لەوەی زۆر باسی خەت و خاڵی كردووە، خۆی ناوناوە (نیشانی).
مەلای جزیری بە دامەزرێنەری ئەدەبی كلاسیزمی كوردی بەزاراوەی كرمانجی سەروو دادەنرێت، چونكە لە سەردەمی خۆیدا بەرھەمێكی ئەدەبی پەتەوتازەی ھێنایە كایەوە، كە لەمەو پێش بەو جۆرە نەبوو، واتە تازەگەر بووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەشەسەندنی شاری جزیرە و ئاواتی پەلھاوێشتنی میرانی بۆتان بووە، دەتوانرێت ڕاستی ئەم لێكدانەوەیە بە دێڕێكی مەلای جزیری خۆی بسەلمێنرێت، كە لە وێدا ئاواتی ئەویش لەوە دایە، كە ھۆنراوەكانی لە سنوری جزیرە بچنە دەرەوە شاعیر دەڵێت:
گوڵی باخی ئیرەمی بۆتانم
شەب چراغی شەبی كوردستانم
واتە: گوڵی باخی ئیرەمی بۆتانم و شەو چرای شەوی كوردستانم.
بەرھەمەكانی
مەلای جزیری دیوانێكی گەورەی ھۆنراوەی كوردی ھەیە، ئەم دیاوانە چەند جار و لە چەند شوێندا وەك (بەرلین، ئەستەمبووڵ، ھەولێر، قامیشلۆ، بەغدا و تاران) چاپكراوە، دیوانەكە ھەموو لە چاپەكەی قامیشلۆدا بە عەرەبی لێكدراوەتەوە.
ڕۆژھەڵاتناس و كوردناسی بەناوبانگ ڤلادیمێر مینۆرسكی دەڵێت : (ئەگەر ڕۆژھەڵاتناسی ئەوروپا كەسێكی چەنگ نەكەوێت دیوانی مەلای جزیری بگۆڕێتە سەر زمانەكانی ئەوروپی، ئەوا بەڕاستی لە نرخی ئەدەبی كوردی و بەرزی زمانی كوردی ناگات) بەڵێ مەلای جزیری بە ڕابەری ئەدەبی كوردی دەژمێردرێت. چونكە لە سەردەمی خۆیدا شتێكی ھێنایە ناوەوە، كە تەواو تازە بوو.
تا سەردەمی ئەو ھەموو خوێندەواری كورد خەریكی خوێندنەوە و چێژ لە ئەدەبی ڕۆژھەڵات وەرگرتن بوون، بەڵام ئەو ھات و سەر لە نوێ بە بۆن و ئاوازی مۆسیقای ھۆنراوەی ڕۆژھەڵات ھۆنراوەی كوردی نووسیی، زۆرجار ئەدەبناسان باسی پەیوەندی نێوان مەلای جزیری و حافزی شیرازی دەكەن و دەڵێن: حافز زۆر كاری كردۆتە سەر مەلای جزیری.
یا مەلای جزیری زۆر شتی لە حافز وەرگرتووە. بەڵام ئەو كارتێكردنە ھەر چەندێك بێت، بەشی تازەگەری و ڕابەری بۆ مەلا دەمێنێتەوە، چونكە ئەوەی حافز فارسی بووە، بەڵام ئەوەی ئەم حافز كوردی بوو، مەلا پێش ھەموو كەس بە كوردی پەیڕەوی ئەدەبی خۆرھەڵاتی ئیسلامی كردوو ھونەری ئەم جۆرە ھۆنراوانەی بە كوردی داڕشت ئەمە بۆ ئێستا كۆنە بەڵام بۆ ئەو كاتە تازە بوو.
ڕوخساری ھۆنراوەكانی
ئەمڕۆ بە ھۆنراوەی مەلای جزیری دەڵێن كلاسیزمی كۆن.
ھۆنراوەی مەلای جزیری تەنھا لە بابەتی كلاسیزمی كوردی نییە، بەڵكو بابەتی كلاسیزمی ڕۆژھەڵاتە.
١- زمانێكی كوردی تێكەڵ بە وشەی فارسی و عەرەبی و تەنانەت توركیشی بەكارھێناوە.
٢- بەكارھێنانی ئەو (كێش)انەی ھۆنراوەی عەرەبی كە لە فارسیدا ھەبوون.
٣- پاراستنی پەیڕەوی ھۆنراوەی كلاسیزمی لە سەروادا، واتە یەكێتی سەرواو دواپیت ڕەویە.
٤- پاراستنی بابەتی غەزەل و قەسیدە لە ھۆنراوەدا، دەتوانن ھۆنراوەی مەلای جزیری بە چەشنێك لەو وشەكارییە دابنێین كە لە ھەموو ھۆنراوەی كلاسیزمیدا ھەبووە، بەڵام دەتوانین ئەوەش بڵێین كە مەلای جزیری زۆر بەھرەوەرانە توانیویەتی سۆزی دڵی خۆی بە جۆرێك بكات بە وشەو بە بۆنراوە، كە ھیچ زۆر لە خۆكردنی پێوە دیار نەبێت كە سۆزی دڵەكە، وشەكارییەكە، دابپۆشێت و ھۆنراوەی جوان و پڕ لە سۆزمان پێببەخشێت.
ناوەڕۆكی ھۆنراوەكانی
دەتوانین بڵێین دیوانی مەلای جزیری دیوانی دڵدارییە، بەڵام كام دڵداری؟ ئەدەبناسان زۆر بە درێژی لەوە دەدوێن، كە دڵداری مەلای جزیری وەك ھۆنراوەی (حافز و جامی و ابن الفارز) دڵداری ئاسمانی، یان دڵداری سۆفیانە و خواییە.
بەڵێ لە ھۆنراوەی كوردیدا ئەم چەشنە ھۆنراوەی دڵدارییە دیارە. زۆر جار كە شاعیر لە دڵداری سەرزەمیندا سەرناكەوێت، ڕێگە دەباتە بەر ھیوایەكی دوور، بە نائومێدی نەبوونێكی بێكۆتایی، بەو ئاواتەی لەو دونیا لەگەڵ دڵداردا بە یەكتر بگەنەوە، بەم جۆرە دڵدارییەكەش لەوەوە، كە حەز لە جوانی لەش و لار و چاو و ئەبرۆ، بەرەو حەز لێكردنێكی تر دەبرێت، بەرە و زاڵبوونی گیان بەسەر لەشدا. بەم جۆرە مەلای جزیری دەستی ناگاتە دڵدارەكەی كە ناوی (سەلمایە) كە خوشكی میری بۆتان بوو لەبەرئەو جیاوازیە كۆمەڵایەتیەی كە لەنێوان ئەو و خوشكی میردا ھەیە، ئەوا خۆشەویستەكەی دەباتە مەیدانی مەیدانی گیانەپەرستی و ڕێبازی سۆفیگەری.
خاسیەتێك لە ھۆنراوەی مەلای جزیریدا ھەیە، كە دوای خۆی لای ھەندێك شاعیری سۆفی تر دیارە، ئەویش ئەوەیە كە دەست دەدەیتە خوێندنەوەی ھۆنراوەكانی وات بە بیردا دێت، كە پەیكەرێكی جوانی لە بەردەمی شاعیردا بێت، شاعیر بە وشە سەرلە نوێ نیگاری ئەو نەخشەیە بكێشێتەوە و ھەستی خۆشەویستی خۆی بۆ ئەو دەردەبڕێت، بەڵام وردە وردە ئەو پەیكەرە دەبێت بە جوانی خوایی و شاعیر لە میحرابی ئەودا بە سەرسامی دەوەستێت.
ئەمەیە ناوەڕۆكی ھۆنراوەی مەلای جزیری، ھەر لەبەر ئەمەشە، كە دڵسۆزی و ڕاستگۆییەكی تەواو لە ھۆنراوەكانیدا بەدی دەكەین ھۆنراوە لای مەلای جزیری بۆ مەبەستێكە، كە خۆی بۆ تواندۆتەوە، ھەر لەبەر ئەوەیە، كە ھۆنراوەكانی لەدەوری یەكباسدا دەسوڕێنەوە، ئەگەر ھەندێك وردەباسی تر لە ھۆنراوەكانی بەدیبكرێت ئەوا ھەر لە پەراوێزی ئەم باسەدان.
بەدەم ئەو دڵدارییە ڕاستەقینەوە مەلای جزیری ھەندێك باسی ترشی كردووە بە كەرستەی ھۆنراوەكانی، وەك ستایشی ھەندێك لە میرەكانی جزیرە، یان بە ئاماژەی شاعیرانە باسی ھێرشی مەغۆل و تاتار، یا ھەندێك وەسفی گشتی سروشتی جوانی كوردستانی كردووە.
نموونەیەك لە هۆنراوەكانی
نمونەیەك لە ھۆنراوەی مەلای جزیری:
ئیڕۆ ڕەمزا دێم دوڕی
میننەت كو من مەسرووەر دل
دلبەر ب فنجانا سوڕێ
مەی دامەو مەخموورە دل
ڕەمزەك نھێن ئاڤێھتە دل
میھری ژ باتێن مێھتە دل
شەھزادێی سوڕ ڕێھتە دل
شەھكاسەیە فەرفوورە دل
ھۆستایێ عیشقێ دل ھەڤووت
سەرتا قەدەم ھێنگێ د سووت
ڕەمزا (ئەنەلحەق) ھەر دگووت
باوەڕ بكەن مەنسوورە دل
لێكدانەوە
١- واتە منەت مەمنونتم خودا كە من ئەمڕۆ دڵی بەھۆی ئەو خۆشەویستەوە خۆش كرد، كە ڕووی وەك دوڕوایە، ئەوەی دڵی بردین و جامی مەی دڵ ڕاكێشانی خۆیی داینێ و دڵ بەوە سەرخۆشە.
٢- خۆشەویستەكەم ئیشارەتێكی نھێنی ھاوێشتە دڵەوە و خۆشەویستی بە باتینی یا بەشاراوەیی دڵی منی مژی، شازادە جەزبی خۆیی ڕشتە دڵەوە وەك فەغفوری وایە.
٣- وەستای دڵ سوتاوی عەشق كاتێك، كە لەسەر تا بەپێی بە ئاگری عەشق دەسووتا، ئەو ڕەمزی (ئەنەلحەق)ی دەگووت، باوەڕبكە كە دلی من مەنسورە، لێرەدا مەنسور مانای سەركەوتوو دێت و ھەموو دێڕەكەش ئیشارەتە بۆ سەر گوزەشتەی مەنسوری ھەلاج (٨٥٨ - ٩٢٢)ز كە تامرد، ھەر ھاواری دەكرد (ئەنەلحەق) واتە: شاعیر دەڵێت منیش لە عەشقی خوادا وەك مەنسور تامردن و سوتاندن ھەر ھاواری (ئەنەلحەق) مە. ئەمەش لە سۆفیگەری پلەی فەنابونی پێ دەڵێن.