ناوهڕۆك
ناساندن
ڕێنمایی بۆ ئەو خێزانانەی کە منداڵی نابیستیان هەیە (بە ئینگلیزی: A guide to families who have child with hearing impairing، بە عەرەبی: تعلیقات لعائلات ذوء الأطفال مصابين بالصمم)، ڕۆڵی خێزان لە پەروەردە و ڕێنمایی منداڵانی نابیست زۆر گرنگە، بۆیە هەریەک لە دایک و باوک، مامۆستا و ڕێنمایکاران پێویستە بە چاوی رێز و هاندان مامەڵە لەگەڵ منداڵی نابیستدا بکەن تا بتوانێت بە دەروونێکی تەندروستەوە لەگەڵ ژینگە و دەورووبەریدا خۆی بگونجێنێت و لە گرفتی دەروونی و ڕەفتاری و کۆمەڵایەتی بە دوور بێت.
ڕێزگرتن و هاندانی منداڵی نابیست بەم ڕێگایانە
قبوڵکردن
ئەرکی سەرشانی دایک و باوکە منداڵی نابیست قبوڵ بکەن و ڕێزی بگرن و میهر و خۆشەویستی پێ بدەن تا هەست بە کەمی نەکات، چونکە کەم توانایی بیستن لە دەستی منداڵدا نیە و منداڵ لێی بەرپرس نیە، ئەوەی پێویستە منداڵی نابیست هەست بە پەراوێزخستن و پشتگوێخستن و توانج نەکات لە لایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە، بۆیە خێزان قوتابخانەی یەکەمە بۆ پەروەردەی منداڵی نابیست و پێویستە لەسەر دایک و باوک لە بری سوکایەتی و بە کەم سەیرکردنی منداڵی نابیست هەوڵ بدەن هانی بدەن و کار لەسەر خاڵە بەهێزەکانی بکەن تا منداڵی نابیست توانا و لێهاتووییەکانی بخاتە کار و سەرکەوتوو بێت لە ژیاندا.
پاڵپشتیکردن
- دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی.
- دیاریکردنی شوێنی تایبەت بۆ ڕاهێنان و فێرکردنی کەسانی نابیست.
- لایەنی هەڵچوونی کەسانی نابیست لەبەرچاو بگیرێت و گرنگی پێ بدرێت.
- پەرە بە چەمکی خودی نابیست بدرێت تا زیاتر هەست بە بوونی خۆی بکات.