ئادابەکانی چۆنیەتی سەردانکردنی دوو هاوسەری نوێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2024-05-27-20:41:00 - کۆدی بابەت: 13014
ئادابەکانی چۆنیەتی سەردانکردنی دوو هاوسەری نوێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئادابەکانی چۆنیەتی سەردانکردنی دوو هاوسەری نوێ (بە ئینگلیزی: Etiquette of how to visit two newlyweds، بە عەرەبی: آداب زيارة العروسين). لەم ژیانەدا هەموو کارێک کە دەیکەین پێویستە ئادابێکی تایبەت بەخۆی هەبێت. سەردانکردنی خەڵک ئادابی تایبەتی هەیە و بەتایبەت ئەگەر ئەو ماڵە ماڵی دوو هاوسەری نوێ بێت. بوک و زاوا دوای هاوسەرگیری دەچنە ماڵی خۆیانەوە هەمووان بۆ پیرۆزباییکردن سەردانیان دەکەن و دەچنە ماڵەکەیان، بەڵام زۆرجار بەهۆی نەزانییەوە لەم سەردانانەدا دەکرێت دڵی بوک و زاواکە ئازار بدەن، زۆر گرنگە بزانرێت چۆن و کەی سەردانیان دەکرێت و پێویستە چی بوترێت.

ئادابەکانی سەردانی دوو هاوسەری نوێ چۆنە؟

کاتی سەردانکردن

زۆر گرنگە کاتێک سەردانیان دەکەیت لە کاتێکی گونجاودا بێت، واباشە بە زۆری ئێواران سەردانیان بکەیت، هەروەها دەبێت پێش ئەوەی بڕۆیتە ماڵیان ئاگاداریان بکەیتەوە، چونکە دەکرێت لە ماڵەوە نەبن یاخود ئامادە نەبن بۆ پێشوازیکردن لە میوان. هەرگیز بەبێ ئاگادارکردنەوە مەڕۆ بۆ سەردانیان. ئەگەر بکرێت واباشە ژن و مێردەکە هەردووکیان پێکەوە لەوێبن.

بردنی دیاری

هەمووان کاتێک دەچن بۆ سەردانی ماڵی بوک و زاوایەک بە دەستی خاڵی ناڕۆن و دیارییان بۆ دەبەن. تاکوو دەتوانیت با دیارییەکە پارە بێت ئەگەر هاتوو بڕێکی زۆر کەمیش بێت. تۆ نازانیت ئەوان پێویستیان بە چییە و چییان دەوێت، بەڵام بە هەبوونی بڕێک پارە دەتوانن خۆیان پێویستییەکانیان بکڕن. یاخود دەکرێت لەگەڵ چەند کەسێکدا پێکەوە کۆببنەوە و دیارییەکی وەک (بەفرگر، تەباخ، ئوتو، فڕنی کارەبایی، سۆپا، گسکی کارەبایی، بەتانی، موبەڕیدە) ئەویش بە ئاگاداری بوک و زاواکە و پێویستە دیارییەکە بە دڵی ئەوان بێت.

پرسیاری بێزارکەرانە

ئادابێکی ناشرینە کاتێک دەچیتە ماڵی دوو هاوسەرێ نوێوە پرسیار بارانیان بکەیت، بەتایبەت ئەگەر پرسیارەکان هیچ پەیوەندییەکیان بە تۆوە نەبێت، کۆمەڵێک پرسیار هەیە کە نابێت بکرێت وەک:

  • چۆن یەکتریتان دۆزییەوه؟
  • خۆشەویست بوون؟
  • بۆچی ماوەی دەستگیرانداریتان ئەوەندە کەم یاخود زۆر بوو؟
  • بەتەمانین زوو منداڵتان ببێت؟
  • بۆچی ئەوەندە ئاڵتوونت کرد؟
  • پارەتان هەیە؟
  • ئەمە ماڵی خۆتانە یان کرێچین؟

چاوپۆشی کردن

ئەوان دوو هاوسەری نوێن و هێشتا ماوەیەکی زۆر کەمە پێکەوە دەژین و بۆ یەکەمجارە خۆیان ماڵ بەڕێوەدەبەن، بۆیە ئەگەر لەکاتی پێشوازیدا هەڵەیەک یان کەموکوڕییەکیان هەبوو پێویستە چاوپۆشییان لێ بکەیت و گرنگی پێ نەدەیت، زۆر هەڵەیە لە شوێنێکی کە باسیان بکەیت و گلەییان لێ بکەیت.

مانەوە لە ماڵیان

زۆر هەڵەیە بۆ ماڵی تازە بوک و زاوا بۆ نان خواردن بمێنیتەوە، لانی کەم پێویستە چەند مانگێک تێبپەڕێت ئینجا، ئەوان سەرەتای ژیانیانە و ڕۆژانە بانگهێشت دەکرێن بۆ میوانی و کات و توانای ئەوەیان نییە کە لە ماڵیان بمێنیتەوه، واباشە کاتژمێرێک زیاتر دانەنیشت، بەتایبەت ئەگەر شەو بوو نابێت تاکوو درەنگێک لەوێ بمێنیتەوه.


سەرچاوەکان



544 بینین