نەخۆشی سەدەف

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-11-26-17:16:00 - کۆدی بابەت: 10455
نەخۆشی سەدەف

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

نەخۆشی سەدەف (بە ئینگلیزی: Psoriasis disease، بە عەرەبی: مرض الصدفية) نەخۆشییەكی پێستە كە دەبێتە هۆی ئەوەی خانەكانی پێست تا دە هێندە خێراتر لە حاڵەتی ئاسایی زیاد بكەن. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێستەكە كۆببێتەوە و ببێتە پەڵەی سوور كە بە توێكڵی سپی داپۆشراوە. دەتوانن لە هەر شوێنێك گەشە بكەن، بەڵام بە زۆری لەسەر پێستی سەر، ئانیشك، ئەژنۆ و بەشی خوارەوەی پشت دەردەكەون. سەدەف لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر ناگوازرێتەوە. هەندێك جار لە ئەندامانی هەمان خێزاندا ڕوودەدات. بە زۆری نەخۆشی سەدەف لە سەرەتای تەمەنی پێگەشتندا دەردەكەوێت. لە زۆربەی خەڵكدا گاریگەری لەسەر بەشێكی كەمی جەستەی دەبێت، بەڵام لە حاڵەتە توندەكاندا، سەدەف دەتوانێت بەشێكی زۆری جەستە داپۆشێت. دەكرێت پەڵەكان چاك ببنەوە و دواتر لەكاتێكی تری ژیانی كەسەكەدا دەربكەونەوە. 

نیشانەكانی

نیشانەكانی نەخۆشی سەدەف بەگوێرەی جۆرەكەی دەگۆڕێت، هەندێك لە نیشانە باوەكانی لەكەی سەدەف، كە باوترین جۆریەتی بریتییە لە: 

  • لەكەی سووری سەر پێست، كە زۆرجار بە توێژاڵی زیووی داپۆشراوە. لەوانەیە ئەم لەكانە خوران و ئازاریان هەبێت، هەندێك جاریش درزیان تێدەبێت و خوێنیان لێدێت. لە حاڵەتە سەختەكاندا، لەكەكان گەشە دەكەن و تێكەڵ دەبن و ڕووبەرێكی فراوان دەگرنەوە.
  • ناڕێكی نینۆک و نینۆکی پێ، لەوانە گۆڕانی ڕەنگ و چاڵبوونی نینۆکەکان. هەروەها لەوانەیە نینۆکەکان بشکێن یان جیاببنەوە.
  • لەكەی توێژاڵ یان توێژاڵ لەسەر پێستی سەر.

هۆكارەكانی نەخۆشی سەدەف

كەس بە وردی هۆكاری نەخۆشی سەدەف نازانێت، بەڵام پسپۆڕان پێیان وایە كە ئەمە بەهۆی كۆمەڵێكە لە هۆكار. هەر شتێكی هەڵە لە سیستمی بەرگری جەستە دەبێتە هۆی هەوکردن و ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی خانە نوێیەكانی پێست بە خێرایی. بەشێوەیەكی ئاسایی خانەكانی پێست هەر ١٠ بۆ ٣٠ ڕۆژ جارێك دەگۆڕدرێن، ئەمە لە نەخۆشی سەدەفدا هەر ٣ بۆ ٤ ڕۆژ جارێك ڕوودەدات. كۆبوونەوەی خانە كۆنەكان كە لەلایەن خانە نوێیەكانەوە شوێنیان دەگیرێتەوە، ئەو توێژاڵە زیویانە دروست دەكات. سەدەف دەكرێت بۆ نەوەكان بگوازرێتەوە، بەڵام لەوانیە نەوەیەك بەجێ بهێڵێت، بۆ نموونە ڕەنگە باپیرێك و نەوەكەی توشی ئەم نەخۆشییە ببن، بەڵام دایكی منداڵەكە توش نەبێت. ئەو شتانەی كە دەتوانن ببنە هۆی تەشەنە كردنی نەخۆشی سەدەف بریتین لە: 

  • بڕین، برین یان نەشتەرگەری
  • فشاری سۆزداری
  • هەوكردنی قوڕگ
  • دەرمانەكان، لەوانە دەرمانی پەستای خوێن، دەرمانی دژە مەلاریا، لیسیۆم و ماددە جێگیركەرەكانی تری باری دەروونی، دژە زیندەییەكان و دەرمانی NASID.

دەستنیشانکردن نەخۆشییەكە

پشکنینی جەستەیی

ئاسانە بۆ پزیشکەکەت کە نەخۆشی سەدەف دەستنیشان بکات، بەتایبەت ئەگەر پەڵەكە لەسەر ئەم شوێنانە بێت:

  • گوێیەکان
  • ئانیشك
  • ئەژنۆکان
  • ناوک
  • نینۆک 

پزیشکەکەت پشکنینی جەستەیی تەواوت بۆ دەکات و لێتدەپرسێت ئایا کەسانی خێزانەکەت نەخۆشی سەدەفیان هەیە؟

پشكنینی تاقیگەیی

كە تیایدا بەشێك لە پێستەكە وەردەگیرێت و پشكنینی بۆ دەكرێت بۆ دڵنیایی ئەوەی كە هەوكردنی پێستت نییە. هیچ پشكنینێكی تر نییە بۆ پشتڕاستكردنەوە یاخود ڕەتكردنەوەی نەخۆشی سەدەف.

چارەسەری سەدەف

هیچ چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ سەدەف نییە، بەڵام کۆمەڵێک چارەسەر دەتوانن نیشانەکانی و دەرکەوتنی پەڵەی پێست چارەسەر بکەن.

  • لە زۆربەی حاڵەتەکاندا یەكەم چارەسەر كە بەكاربهێنرێت چارەسەری سەر پێستە كە بریتییە لە وەرگرتنی ڤیتامین D، بەكارهێنانی كرێم و مەڵهەم كە لە پێستەكە دەدرێن.
  • ئەگەر ئەمانە کاریگەر نەبوون، یان حاڵەتەکەت توندتر بوو، لەوانەیە چارەسەرێک بە ناوی فۆتۆتێراپی بەکاربهێنرێت. چارەسەری فۆتۆ بریتییە لە بەرکەوتنی پێستت بە هەندێک جۆری تیشکی سەروو بنەوشەیی.
  • لە حاڵەتە توندەکاندا، کە چارەسەرەکانی سەرەوە بێ کاریگەرن، لەوانەیە چارەسەری سیستماتیکی بەکاربهێنرێت، كە دەرمانی زارەکین یان دەرزین کە كار لە هەموو جەستە دەكەن.

ژیان لەگەڵ نەخۆشی سەدەفدا

هەرچەندە سەدەف تەنها خورانێکی بچووکە بۆ هەندێک کەس، بەڵام دەتوانێت کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کوالێتی ژیانی ئەو كەسانە هەبێت کە زیاتر تووشی بوون. بۆ نموونە هەندێک کەس کە تووشی نەخۆشی سەدەف بوون متمانە بەخۆبوونیان كەمە، بەهۆی دەركەوتنی نیشانەكانی نەخۆشییەكە لەسەر ڕووخساریان. هەروەها زۆر باوە کە نەرمی و ئازار و ئاوسانی جومگەکان و شانە بەستراوەکان دروست دەبێت. ئەمەش بە هەوکردنی جومگەکانی سەدەف ناسراوە.


سەرچاوەکان



4738 بینین