ئەو سیفەتانەی کە ژن دەیەوێت لە پیاوەکەیدا هەبێت

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-13-20:00:00 - کۆدی بابەت: 13175
ئەو سیفەتانەی کە ژن دەیەوێت لە پیاوەکەیدا هەبێت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئەو سیفەتانەی کە ژن دەیەوێت لە پیاوەکەیدا هەبێت (بە عەرەبی: الصفات التي تريدها المرأة في زوجها، و بە ئینگلیزی: The qualities a woman wants in her man)، هەموو ئافرەتێک دەیەوێت پیاوێکی باشی هەبێت و هەوڵی هەموو ئافرەتێکیش بەدەستهێنانی پیاوێکی ڕاستگۆ و جیاوازە. هەمیشە ژنان پیاوێکی پێگەیشتوو و متمانەپێکراویان دەوێت، لەبەرئەوەیە کە ژنان دەیانەوێت پەیوەندییەکەیان دوور و درێژ بێت.

ئەو سیفەتانەی کە ئافرەت لە پیاوەکەیدا دەیەوێت

یەکەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان بە ڕێز و حورمەتبن
یەکێک لەو سیفەتانەی کە ژن لە پیاودا دەیەوێت ئەوەیە کە هاوبەشی ژیانی ڕێز لە بڕیارەکانی بگرێت بە گشتی. پیاوی باش تێڕوانینێکی بەنرخی هەیە کاتێک کە خێزانەکەی پرسی پێ دەکات بۆ کار و بڕیارەکانی ژیانی. لەگەڵ ئەوەشدا نەک تەنها ڕێز لە بڕیارەکانی دەگرێت بەڵکو پێویستە پشتگیریشی بکات.

دووەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان کەسێکی فکرکراوە (بیرکراوە) بن نەک کۆنەپەرست
یەکێک لەو سیفەتانەی کە ژن لە پیاودا دەیەوێت ئەوەیە کە پیاوەکەی کەسێک بێت کە باوەڕی بە هاوسەرەکەی هەبێت، هەروەها لەوە دڵنیا بێت کە هاوسەرەکەی ئەوەندە بەتوانایە کە دەتوانێت ئاگاداری خۆی بێت. هەمیشە ئافرەتان خوازیاری ئەوەن کە پیاوەکانیان کەسێکی فکرکراوە بێت و دوور بێت لە بیرکردنەوە و بڕیارە کۆنەپەرستەکان و هەمیشە پاڵپشتی خێزانەکەی بێت لە هەموو بارودۆخەکانی ژیانیدا.

سێیەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان سوپاسگوزاربن
هەمیشە خانمان بێ ئەوەی داوای بکەن پێویستیان بە سوپاسگوزاری هاوسەرەکانیانە، واتا کاتێک کە کارێک بۆ هاوسەرەکانیان دەکەن وا پێویستە و وایان پێخۆشە کە هاوسەرەکانیان سوپاسگوزاری دەرببڕن بۆیان. ڕاستترین ڕێگە بۆ ئەوەی بزانیت کە ئەو کەسەی هەڵتبژاردووە بۆ ژیانت گونجاوە یان نا پێویستە گرنگی بدەیت بە بنەمای ئەوەی کە چۆن مامەڵە لەگەڵ هەوڵەکانتدا دەکات. ئایا هەرگیز سوپاسگوزاری بۆ تۆ نیشان دەدات؟ ئەگەر ئەو سوپاسگوزاریت نیشان نەدات کاتێک شتەکانی بۆ دەکەیت، ئەوا تۆ لەگەڵ کەسێکی هەڵەدایت.

چوارەم/ پیاوان پێویستە گوێگرێکی باش بن بۆ ژنەکانیان
هەموو کەسێک شتێکی هەیە بۆ وتن بەڵام ئەو کەسەی کە دەبێتە هاوسەرت واتا گوێ لە قسەکانت دەگرێت ئەو کەسەیە کە بۆ ژیانی تۆ گرنگە، هەمیشە گرنگی بە بۆچوونی تۆ دەدات و هەمیشە گوێی لە قسەکانی تۆیە. تۆ ناترسیت بۆچوونی ڕاستەقینەی خۆت لەبەردەمیدا دەرببڕیت چونکە هەمیشە گوێگرێکی باشە لە بەرانبەردا. هاوسەرێک کە بە باشی و بە ڕاستی گوێت لێدەگرێت، ئەو شتانەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر پێت وتووە لەبیری دەبێت و هەرچیەکت پێ وتووە لە کاتی خۆیاندا جێبەجێیان دەکات. ئەمە باشترین پاڵپشتییە بۆ خانمان چونکە هەمیشە هاوڕێیەکیان هەیە کە قسەی لەگەڵدا بکەن. شتێکی ئەرێنی کە دەتوانیت بۆ ژنێک بیکەیت ئەوەیە کە ببیستیت چی دەڵێت و بمێنیتەوە لە گفتوگۆکردندا. 

پێنجەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان میهرەبان و بەڕێزبن
هەندێک لە خانمان ڕاهاتوون کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کارەکان ئەنجام بدەن و ئاگاداری پێداویستییەکانی خۆیان بن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە پێویستیان بە هاوسەرێکی باش و میهرەبان نییە، بە تایبەت کەسێک کە بە ڕێزەوە ئاگاداری بێت. بۆیە لە کاتی هاندانی ژنەکەتدا بۆ هەرکارێکی باش گرنگی بدە بە بیرکردنەوەی و قسە میهرەبانەکان پشتگوێ مەخە.

شەشەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان ڕاستگۆ و جێی متمانەبن
خانمان هاوبەشێکیان دەوێت کە بتوانن پشتی پێ ببەستیت، کە ڕاستگۆیی و پشتگیریان پێشکەش بکات. یەکێک لەو سیفەتە سەرەکیانەی ژن لە پیاودا دەیەوێت، ڕاستگۆیی و متمانەپێکردنە. ژنان کەسێکیان دەوێت کە بتوانن پشتگیریان بکات لە هەموو کاروبارێکی ڕۆژانەیان و ڕاستگۆ بن لەگەڵیان و کار ئاسانیان بۆ بکەن. پیاوێکی ناپاک و متمانەپێنەکراو بەردەوام دەبێت لە بێهیواکردنی هاوبەشەکەی و هەمیشە ئەوە نیشان دەدات کە بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە پەیوەندییەکەیان نادات.

حەوتەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان لە ڕووی سۆزدارییەوە بەهێزبن
ئەو ڕۆژانە کۆتایی هات کە چەمکی پیاوسالاری ژەهراوی وای دەکرد پیاوە ڕەق و بێباکەکان جێگەی ستایشکردن بن. ژنان پیاوی ڕاستەقینەیان دەوێت کە کراوە بن سەبارەت بە دەربڕینی سۆز و خۆشەویستییان. ژنان دەیانەوێت بەڕاستی هەستەکانیان لەگەڵ پیاوەکانیان باس بکەن و لە هەستەکانیان ڕانەکەن، ئەمەش وا دەکات باشتر پەیوەندی لەگەڵ هاوسەرەکانیان دروست بکەن. بەم جۆرەش هاوسەرەکان دەتوانن زیاتر گرنگی بە یەکتر بدەن چونکە ئاشنابوونیان بە هەستەکانی یەکتر ڕێگەیان پێدەدات هاوسۆزی زیاتر بۆ یەکتر دەرببڕن.

هەشتەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان لە ڕووی سێکسییەوە گونجاو بێت
سێکس بە بەشێکی گرنگ دادەنرێت لە پەیوەندی هاوسەرگیریدا، هەربۆیە دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی سەرنجی خانمان ڕابکێشێت. لە پەیوەندیدا ئەوەی ژن لە پیاودا دەیەوێت کەسێکە کە بە باشی سەرجێی لەگەڵدا بکات، هەروەها پێویستە هەست بە سەرنجڕاکێشانی هاوبەشەکەی بکات بۆ ئەوەی داهاتوویەکی دوور و درێژیان پێکەوە هەبێت.

نۆیەم/ ژانان دەیانەوێت پیاوەکانیان پەروەردەکار بێت
یەکێک لەو سیفەتانەی ژن لە پیاودا دەیەوێت ئەوەیە کە پیاوەکەی کەسێک بێت کە گرنگی بدات بە پەروەردەکردن و فێرکردنی ئەو شتانەی کە ژنەکەی نایزانێت. ژنان هەمیشە بەدوای کەسێکدا دەگەڕێن کە بتوانێت مامەڵەیەکی باشیان لەگەڵدا بکات و هانیان بدات لەکاتێکدا پێکەوەن. پیاوی پەروەردەکار کەسێکە کە ژن دەتوانێت لەگەڵیدا بژی و چاو لە ڕەفتار و هەڵسوکەوتی بکات بۆ ئەوەی خێزانێکی تێگەشتووی تەندروستیان هەبێت، هەروەها بتوانن ئایندەیەکی باش وێنا بکەن. 

دەیەم/ ژنان دەیانەوێت پیاوەکانیان کراوەبێت بۆ ڕەخنەی ئەرێنی
پەرەسەندن بەشێکە لە سروشت و پێویستە بەشێک بێت لە ژیانی تاکەکەسی هەموومان، یەکێک لەو سیفەتە سەرەکیانەی ژن لە پیاودا دەیەوێت ئەوەیە کە پێویستە کراوە بێت بۆ وەرگرتن و بیرکردنەوە لە ڕەخنەی ئەرێنی. پیاوی باش پێویستە وەرگر بێت بە مەرجێک بزانێت هاوبەشەکەی هەوڵی گۆڕینی تەواو نادات بەڵکو وای لێدەکات بیر لە پەرەسەندنی ئەرێنی بکاتەوە. کراوە بوون بەرامبەر ڕەخنەی ئەرێنی بە مانای گۆڕینی تەواوەتی بۆ هاوبەشی ژیانت نییە. واتە ئامادەی ئەو شتانە لەبەرچاو بگریت و بیریان لێبکەیتەوە کە کەسێکی ئازیزت بە مەبەستی باش باسی دەکات.

پوختە

ژنێک کە بەدوای پیاوێکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵیدا هەبێت، خۆی بۆ هەندێک شت ئامادە دەکات کە تایبەتە بە پیاوەکەی. بەڵام هەندێک سیفەت هەیە کە ئەو لە پیاوەکەیدا دەیەوێت کە بناغەی هەر پەیوەندییەکی تەندروست و بەردەوام پێکدەهێنن. هاوبەشێکی پێگەیشتوو و پشت بەستوو ئاماژەیە بۆ پەیوەندییەک کە دەرفەتی گەشەکردن بۆ هەردوو هاوبەشەکە دەڕەخسێنێت. بناغەیەکی باش دەبێت بۆ ئەو گۆڕانکاری و وەرچەرخانانەی کە ژیان پێیدا تێدەپەڕێت.


سەرچاوەکان



491 بینین