ناوهڕۆك
پڕۆژە
پڕۆژە واتا كۆمەڵە كارێكی پێكەوە بەستراو و لەدوای یەك كە جێبەجێ دەكرێن لەلایەن كۆمەڵە كەسێكەوە كە دەیانەوێت بیرۆكەیەك بكەن بە كارێكی ڕاستەقینە لە كاتێكی دیاریكراودا، جێبەجێ كردنی ئەم كۆمەڵە كارانە پێویستی بە چەند سەرچاوەیەك هەیە كە بە پێی بیرۆكەكان دەگۆڕێت، لەكۆتاییدا خاوەنی پڕۆژەكە ئامانجێك دادەنێت كە دەیەوێت پێی بگات، بۆیە چەند پڕۆژەیەكی بچووك هەیە بۆ گەنجەكان كە دەتوانن بە ئاسانی سەركەوتووبن تێیدا و بەسەر ناڕەحەتییەكانی ژیاندا سەربكەون.
چەند پڕۆژەیەك بۆ گەنجان
چەندین پڕۆژەی بچووكی ئاسان هەن كە گەنجان دەتوانن ئەو وزەی كە هەیانە تێیدا بەكارێبهێنن و كاتە بەتاڵەكانیانی پێ پڕبكەنەوە هەروەها سوودێكیان پێبگەیەنێت، ئەو پڕۆژانە بریتین لە:
كاری تەكسی
تەكنەلۆژیا دەرگایەكی گەورەی كردووەتەوە بەڕووماندا بۆ پێشكەوتن و ئەنجامدانی پڕۆژەی بچووك، یەكێك لەوانە كاری تەكسییە لە ڕێگەی بەرنامەكانی ئامێرە زیرەكەكانەوە، ئەم شێوازە تازەیە لەم دواییانەدا هاتووەتە ناو كوردستانەوە، پێویستی ئەم كارە ئەوەیە كە گەنجەكە شۆفێری بزانێت و ئۆتۆمبێلی هەبێت، هەروەها لەگەڵ زانینی ناوچەكە و ئەو شوێنانەی كە سەرنشین داوای لێدەكات بۆی بڕوات.
باخەوانی
زۆربەی كەسەكان خاوەنی خانوو و ماڵی گەورەن كە ڕووبەرێكی فراوانی هەیە كە دەیانەوێت بە گووڵەكان بیڕازێننەوە یان هەندێك جار دەیانەوێت ئەو ڕووەكانەی تێبكەن كە بەروبومیان هەیە، بەڵام زۆرجار خاوەن ماڵەكە یان باخەكە كات یان شارەزایی تەواوی نییە بۆ ڕێكخستنی باخەكەی بەشێوەیەكی گونجاو، بۆیە لێرەدا توانای ئەو گەنجانە دەردەكەوێت كە لە باخەوانی دەزانن و دەتوانن گرنگی پێبدەن، بۆیە گەنجان دەتوانن نوسینگە یان كۆمپانیای بچووك بكەنەوە تایبەت بە كاری باخەوانی و سەرپەرشتیكردنی.
گەیاندنی خۆراك (دلیڤەری)
بەبۆنەی زیادیوونی ئیش و كارەوە كەسەكان زیاتر پێویستیان بە خواردنی نانەكانیان هەیە لە دەرەوە یان لەسەر ئیشەكانیان، بۆیە ئەمە بە هەلێكی باش دادەنرێت بۆ ئەو كەسانەی كە توانای ئامادەكرنی خواردنیان هەیە (خواردەمەنییە گەڕۆكەكان) یان گەیاندنی ئەو خواردنانەی كە چێشتخانەكان دروستی دەكەن.
بازرگانی ئەلیكترۆنی
چەندین بازاڕی ئۆنلاین هەیە كە هەزارەها پۆلێنی تایبەتی بەرهەمەكانی تێدایە، كە هەریەك لەو پۆلێنانە ئاڕاستەكراون بۆ كۆمەڵێكی تایبەتی بەكارهێنەران وەك تەمەنە جیاوازەكان و ڕەگەزە جیاوازەكان، بۆیە هەرگەنجێك كە كەمێك شارەزایی هەبێت لە بازاڕگەریدا دەتوانێت كۆمەڵە بەرهەمێك بفرۆشێت كە تایبەتە بە پۆلێنێكی دیاریكراو، هەروەها سۆشیال میدیاكان ئاسانكاری زۆریان كردووە بۆ دەستكردن بە بازرگانی ئۆنلاین.
خزمەتگوزاری وەڕگێڕان
خزمەتگوزاری وەڕگێڕان بە یەكێك لەو خزمەتگوزارییانە دادەنرێت كە دەتوانێت زۆرترین سوود بە چوادەورەكەت بگەیەنێت، ئەمەش بەبۆنەی تێكەڵبوون و بەریەككەوتنی زیاتری وڵات و زمانەكان، بە تایبەت سۆشیاڵ میدیاكان ئەم تێكەڵبوونەی ئاسانتر كردووە، بۆیە لەم حاڵەتەدا پێویست بە وەڕگێڕ دەبێت بۆ وەرگێڕانی ئەو زانیاری و هەواڵانەی كە بەزمانەكانی تر بڵاودەكرێنەوە.
هەنگاوەكانی دامەزراندنی پڕۆژە
هەموو پڕۆژەیەك با ئامانجەكەشی جیاوازبێت بە چەند هەنگاوێكدا دەڕوات بۆ دەسپێكردن و جێبەجێكردنی ئەو بیرۆكانەی كە هەن، لێرەدا باسی ئەو هەنگاوانە دەكەین.
- دەستنیشانكردنی مەودای (بوار)ـی پڕۆژەکە: هەنگاوەكانی سەرەتای هەموو پڕۆژەیەك بە دیاریكردنی ئەو بوارەیە كە دەتەوێت پڕۆژەكی تێدا ئەنجام بدەیت، ئەم هەنگاوە بۆ دیاریكردنی ئەو ئامانجەیە كە دەتوێت بە دی بهێنیت.
- دەستنیشانكردنی سەرچاوە بەردەستەكان: پێویستە بزانین كە پڕۆژەكەمان پێویستی بە چ سەرچاوەیەك هەیە بۆ دامەزراندن و دواتر سەركەوتنی.
- دانانی خشتەیەكی كاتی: كات بە گرنگترین هەنگاوەكانی سەركەوتن دادەنرێت، بۆیە دەبێت كاتی كاركردنەكان بە ڕێكی دابەشبكرێت و كارەكان دوانەخرێن.
- دانانی پلانی جێبەجێكردن: دەبێت پلانی تایبەت و تۆكمە دابنرێت بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە و هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئاستەنگییەك كە دێتە پێش.
- گۆڕانكاری كردن: لەكات جێبەجێ كردنی پڕۆژەكەتدا هەموو شتێك بەو شێوازە ناڕوات كە پلانت بۆ دانابوون بۆیە دەبێت ئامادەبیت بۆ ئەنجامدانی چەند گۆڕانكارییەك.
- دامەزراندنی كارمەند: كاتێك پڕۆژەیەك دادەمەزرێنیت پێویستە كارمەند هەبێت بۆ ئەنجامدانی كارەكان و یارمەتیدانت.
- چاودێریكردنی توانا: پێویستە چاودێری توانای پڕۆژە و كارەكانت بكەیت بۆ ئەوەی گەر پێویست بكات گۆڕانكاریان تێدا بكەیت و باشتریان بكەیت.
- ئاگاداركردنەوەی هاوبەشەكان: لە كاتی بوونی هاوبەش لە پڕۆژەكەتدا دەبێت لە كاتی هەر ڕووداوێك یان بڕیاردانێكت ئاگاداریان بكەیتەوە، بەم شێوەیە دەتوانیت بە ئاسانی چارەسەر بۆ كێشەكان بدۆزیتەوە و بە شێوازێكی باشتر بڕیاربدەن.
تایبەتمەندییەكانی بەڕێوبەری پڕۆژەی سەركەوتوو
لەكاتی بوونی هەر پڕۆژەیەكی سەركەوتوو دەبێت كۆمەڵە كەسێك هەبن كە توانا و لێزانینێكی باشیان هەیە كە توانیویانە پڕۆژەیەكی لەو شێوەیە دابمەزرێنن، گرنگترین ئەو تایبەتمەندییانە بریتییە لە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكان و بەرەوپێشچوون، هەروەها توانای بەستنەوەی بەهرەی كارمەندەكان و پڕۆژەكە بەیەكەوە، دەبێت ئەو كەسانەی كە پڕۆژەیەك دادەمەزرێنن باوەڕیان بە خۆیان هەبێت و ڕاستگۆبن و نابێت كارەكانیان دوابخەن و خۆ بەزلزان بن.
سووڕی ژیانی پڕۆژەكان
سووڕی ژیانی پڕۆژە ئەو كاتە دیاریكراوەیە كە تێیدا پڕۆژەیەك دەست پێدەكات و كۆتایی دێت، گەر پڕۆژەكە سەركەوتوو بێت ئەوا بەم قۆناغانەدا تێدەپەڕێت:
- قۆناغی سەرەتا: ئەو قۆناغەیە كە ئامانجەكانی پڕۆژەكە تێیدا دیاری دەكرێت لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی كە پێویستییەتی.
- قۆناغی پلان دانان: ئەو قۆناغەیە كە تێیدا پلانەكان دادەنرێن بۆ جێبەجێكردن.
- قۆناغی جێبەجێكردن: ئەو قۆناغەیە كە تێیدا ئەو پلانانەی كە دانراون جێبەجێ دەكرێن و پڕۆژەكە دروست دەكرێت.
- قۆناغی داخستن: ئەو قۆناغەیە كە تێیدا پڕۆژەكە دادەخرێت و پێداچوونەوە بە ئەنجامەكەیدا دەكرێت.