جینۆسایدی بارزانییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕەوەند حوسەین - به‌روار: 2021-02-19-03:04:00 - کۆدی بابەت: 2373
جینۆسایدی بارزانییەکان

ناوه‌ڕۆك

جینۆسایدی بارزانییەكان

گەلی كورد بۆ دەستەبەر كردنی مافە ڕەواكانی هیچ كاتێك لە خەبات و تێكۆشان سڵی نەكردوە و لەو رێگا سەخت و ناهەموارەشدا گەلێك شۆڕشی بەرپا كردووە و كۆمەڵێك قوربانی داوەو خوێنێكی ئێجگار زۆریشی ڕشتووە، دیارە ئەوخەبات و بەرخودانەی كوردان بۆ پاڕاستن و بەرگریكردن لە خاك و وڵات و مۆركی نەتەوایەتی بووە، بەڵام هەمیشە دوژمنان و داگیركەران بەوە گەلی كوردو شۆرشەكەیان تاوانبار كردوە كە گوایە ئەم بزوتنەوانە جیاوازیخوازان و بە كرێگیراوی زایۆنیزم و ئیمپریالزمن و دەیانەوێ خاكی وڵات پارچە پارچە بكەن و سەروەریشی بشێوێنن. جێبەجێكردنی جینۆساید لە كوردستاندا لەلایەن ڕژێمی عێراقەوە بەرامبەر بە ڕەگەزی كورد هەر بە تەنها بە هێرشەكانی ئەنفالەوە نەبەستراوەتەوە، ئەگەر چی جینۆساید لەمەیاندا گەیشتۆتە لوتكەی تاوان و پێشیلكاری دژ بە گەلی كوردستان، بەڵام سیاسەتی كۆچ پێكردنی زۆرە ملی گوندنشینەكان و وێرانكردنی لە ماوەی نێوان ١٩٣٦ تا ١٩٩١  دوو دیاردەی ئاشكرای پێشیلكاریەكانی مافی مرۆڤن و لەنیازەكانی جێبەجێكردنی تاوانی جینۆسایدن كە ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق پیادەی كردوون، هەروەها دیاردەكانی كۆچ پێكردنی زۆرە ملی كوردەكان لە کوردستان بەمەبەستی بە عەرەب كردنی ئەو ناوچانە، دەركردنی دەیان هەزار كوردی فەیلی وجینۆسایدکردنیان لەساڵەكانی (١٩٣٦-١٩٨٠) بە چەند قۆناغ بەرەو ئێران، هەروەها راگواستن و كۆمەڵكوژی بارزانیەکان هەر لەسەردەمی عوسمانیەکان تاکو بەعسی دیکتاتۆر کە هەزاران شەهید و قوربانی و بێ سەرو شوێنكردنی نزیكەی (٨) هەزار نێرینەی بارزانی لە ساڵی ١٩٨٣ دا لێکەوتەوە، تەنها بەتاوانی كوردبوون و بارزانی بوونیان،ئەوانە هەمووی تا دەگاتە كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و تاوانی جینۆساید و ئەنفال لە ١٩٨٨ و کۆڕەوە ملیۆنیەکەی بەهاری ١٩٩١ و بەڵگەی حاشاهەڵنەگرن بۆ تاوانباركردنی رژێمی عێراق بە تاوانی قڕ كردنی بە كۆمەڵی ڕەگەزی كورد وبەدەنگ و بە تەنگەوە هاتنی  ٤ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وبە جینۆساید ناساندنی هەموو ئەو تاوانانە کە لە سەدەی بیستەم بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە .

ڕاگواستن و نەفی کردن لە عێراق و تورکیا (١٩٠٧- ١٩٤٥)

لە کۆتایی ساڵی ١٩٠٧ لە لایەن هێزی سوپای عوسمانی بە سەرکردایەتی فەریق (فازل پاشای داغستانی)کە والی بەغدا بوو پەلاماری دەڤەری بارزانیاندا و ناوچەی بارزان و گوندەکانی سوتاند و ئەوەی هەبوو تاڵانیان کرد، تەنانەت ژن و منداڵیشیان بە دیل گرت لەم ڕووداوە دایکی مەلا مستەفای بارزانی لەگەڵ خۆی کە تەمەنی سێ ساڵان بوو لە بەندیخانەی  موسڵ زیندانی کران و بنەماڵەی بارزانیەکانی دیکەش ڕاگوێزران بۆ موسڵ و ١٢٠ بارزانی تریش دەستبەسەرکران. و لەجیاتی بارزانییەکان چەند هۆزێک زەوی و زاری شێروانیەکانیان لە لای رۆژهەڵاتەوە داگیر کرد و هێزە سەربازییەکانیش لە بەرەی دووەمی دینارتە پێشرەویان کرد و هەموویان لە جەرگەی دەڤەری بارزان یەکیان گرتەوە  و مەروماڵاتیان تاڵان کرد و خانووو و زەوی و زاری بارزانیان سوتاند.

لە ساڵی ١٩٠٩ سوپایەکی گەورە بە یارمەتی بەکرێگیراوەکان و جاشە کوردەکان پەلاماری بارزانیان دا. لە ساڵی ١٩١٣ جارێکیتر سوپای عوسمانی هێرشیان کردە سەر بارزان نەمەش بووە هۆی شەهید بوونی ١٥ کەس و ئاوارەبوونی شێخ عبدالسالم و هەندێک لە بارزانیەکان بەرو کوردستانی رۆژهەڵات و دیسان سوپای تورک گوندەکانیان لەدوای تاڵان کردن ئاگر تێبەردا. لە پاییزی ١٩١٤ لە پاش دەستبەسەرکردنی شێخ عبدالسالم بەرو زیندانی موسڵ بەرێکرا و لە کانوونی یەکەمی ١٩١٤ لە دادگایی کردنێکی سەرپێ و کارتونی بە بێ فەرمانی باب عاڵی و بە فەرمانی والی موسڵ سلیمان نەزیف حوکمی لەسێدارەدان بەسەر خۆی و سێ لە هاورێیەکانی دا، لە زیندان والی موسڵ کە کورد بوو سەر بە ئیتحادەکان بوو بە شێخی گوتبوو حکومەت دەسەڵاتدارە هەر زەرەرێکی پێ بکەوێ دەتوانێت دەقاتیش تۆڵە بستێنێت، بەڵام هەر زەرەرێک بە تۆ بکەوێ بە هیچ قەرەبوو نابیتەوە و چاری حکومەتیش بە تۆ ناکرێت. ئەویش لە وەڵامدا وتبووی من لە پێناو ئازادی گەلی کورد هەموو ئازارێک دەچێژم بۆ چی مافی کورد نادەن؟

 لە ساڵی ١٩٢٠ کار بەدەستانی ئینگلیز بریاریاندا دەستێکی کوشندە لە بارزانییەکان بوەشێنن و گەورەترین عەشیرەتی کورد بسڕنەوە تا رێگە بۆ نیشتەجێ بوونی ئاشورییەکان تەخت ببێ بە بیانووی ئەوەی ئاشوورییەکان تەنیا لە ناوچە شاخاوییەکان دەتوانن نیشتەجێ بن. لێرەدا نەخشەی سڕینەوەی بەریتانیا بەرامبەر بە بارزانیەکان روونتر دەردەکەوێت کە بە هەر شێوازێک ئەم دەڤەرە بە بارزانیەکان چۆڵ بکات، بەڵام ئاشورییەکان هەموویان بەم  کارە رازی نەبوون و هەندێکیان نەیانویست ئەو پەیوەندییە مێژووییە نێوان خۆیان و بارزانیەکان تێکبدەن و گەڕانەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان و بەم کارە نەخشەی بەریتانیای پۆچەڵ کردەوە.

یەکەمین ڕاپەرینی بارزان

یەکەم راپەرینی بارزان ساڵی ١٩٣١-١٩٣٢ لە ئەنجامی هێرشەکانی حکومەت بە یارمەتی هێزی ئاسمانی بەریتانیا و بۆمباران کردنی بەردەوامی دەڤەرەی بارزان بوو، لە (١٩/١٢/١٩٣١) تاخمێک هێزی عێراق بریتی بوون لە ٤ تۆپ و هەندێک ڕەشاش مەڵبەندی بارزانیان گەمارۆدا و بۆ رۆژی دواتر هێزی ئاسمانی ئینگلیز ئاواییەکانی بارزانیان بۆردومان کرد بارزان روبەرووی پەلامارێکی کوشندەی سەربازگەی بلە بووە کە بەم هۆیە بارزان راپەری.

مەعروف چیاوک لە ساڵی ١٩٨١  راپۆرتێکی لە ٨ خاڵ و ٣ پێشنیار بۆ چارەسەر بۆ جەمال مەدفەعی سەرۆکی ئەوسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نوسیوە کە زۆر بە تێر و تەسەلی باسی لە بارۆدۆخی ئەوکاتەی دەڤەری بارزانی کردوە تیشکی خستووتە سەر زۆڵم و زۆرداری دەرحەق بە بارزانیەکان دەکات و دەڵێت" ئەوان ناپاک و یاخی نین،نەریتە کۆنەکان و زانینی ئەوان بە مەرامی ئینگلیز و سەرباری ئەوەش شێوازی بەرێوبردن لەو ناوچانەدا وای لێکردوون سەختگیر بن و ئەو شتانە رەت بکەنەوە..هەروەها لە بەشێکی دیکەدا هاتووە" لای ئێوە شاراوە نیە کە کوردەکان هەموویان هەر لە شوانێک بگرە تا سەرۆکێک لەو باوەرەدان کە تاوانبار کردنی بارزان بە یاخییبوون و سوپا ناردنە سەریان بە ئاماژەی ئینگلیز بەرێوەدەچێ ،دەزانن ئەوماستە موویەکی تێدایە چونکە وەکو رووداوەکان نیشانی دەدەن،ئینگلیز مەرامی تایبەتی خۆی هەیە لە راگواستنی بارزانیەکان. مەعروف چیاوک لە راپۆرتەکەی داوای کشانەوەی سوپا و دەرکردنی لێبووردنی گشتی و ئەنجامدانی چاکسازی سپاردنی ئیدارەی ناوچەکە بە خۆیان دەکات و دەڵێت" هۆکاری ڕوبەڕوبوونەوەی بارزانیەکان لەگەڵ سوپا کەوتنەوەی زیانی گیانییە چونکە سوپا تەنگی بەوان هەڵچنیوە، بۆیە لەو باوەرن لە ناوچوونیان مسۆگەرە جا چ بەرورووی سوپا ببنەوە یان خۆیان بەدەستەوە بدەن وەک یەک وایە بۆیان.

ڕاپەرینی دووەم (١٩٤٥-١٩٦٠)

لە دوای کۆتایی هاتنی شۆرشی ساڵی (١٩٤٣-١٩٤٥) راگواستنێکی تری بارزانیەکان دەستی پێکرد، خێزانە بارزانیەکان ناوچەی (بەرۆژ و نزار) لە چیای شیرین پەڕینەوە بەرەو کانی ڕەش کە بە ڕاپەرینی دووەمی بارزانیەکان ناسراوە، فڕۆکەکانی فەرمانڕەوای بەغدا و ئینگلیز بەردەوام بۆردوومانی ماڵ و خێزانەکانیان کرد و تەنانەت گوندە چۆڵکراوەکانیان ڕووخاند و سوتاند، ژمارەیەک ئافرەتی سکپر و منداڵ لە ڕێگا گیانیان لەدەستدا هەندێکیان بە هێزە ئاسمانیەکانی بەریتانیا كە پێنج گوندیان بۆردوومان كرد و هێندێکیان لە برسان و لە سەرمان بەتەواوی لەگەڵ خاک یەکسان کرد و بارزان و ١٧ گوندی دیکە زیانێکی فراوانیان بەرکەوت.

 لە ١١/١٠/١٩٤٥ بارزانیەکان لە ڕێگەی کێلەشین مەرگەوەرەوە چوونە ناو خاکی ئێران بەڵام تا ئاودیوبوونیان فرۆکەکان دەستیان لە بۆمبارانی خەڵکەکە هەڵنەگرت. لە راپۆرتێکی نێردراوی کۆنسوڵی عێراق لە تەورێز ژمارەی خێزانە کوردەکانی بارزانیەکان کە خاکی عێراقیان جێهێشتووە بۆ وڵاتی ئێران بەم شێوەی خوارەوە دیاری کراوە:

  •  ١٥٠ خێزان لە بۆکان نیشتەجێ کراون.
  •  ١٥٠ خێزان لە ناوچەی سولدز و مەهاباد.
  •  ١٠٠ خێزان لە مەهاباد.
  • لە هەمانکاتدا ١٠٠٠- ١٥٠٠ خێزان لە شنۆ و نەغەدە نیشتەجێ کراون.

لە ڕاپۆرتێکی ڕێپێدراوی پاشایەتی عێراق لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوە نێردراوە هاتووە: ژمارەی ئەوانەی لەگەڵ بارزانی چوونە ئێران (٢٠٠٠) کەسن کە هەزاریان چەکدارن، هەروەها دەڵێت ژمارەی پەنابەران ڕوو لە زیاد بووندایە. ئەوەی جێگای ئاماژە پێکردنە هەر خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات (ئێران) لە پێشکەش کردنی هاوکاری بە بارزانیەکان درێغیان نەکرد، بەڵام بارزانیەکان لەرووی ئابوورییەوە و لەرووی تەندرووستی لە بارودۆخێکی خراپ ژیانیان دەگوزراند. زۆر نالەبار بوو ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ خراپی باری ئابووری خەڵکی ناوچەکە لەو سەردەمەدا بە هەنگاونان بۆ دامەزراندنی کۆماری کوردستان بوو. هەر وەک لە راپۆرتێکی دیکەی عێراق لە تاران بۆ وەزارەتی دەرەوە نێردراوە ئاماژەی بە بارودۆخی خراپی بارزانیەکان بە تایبەتی لە مەهاباد بەم شێوەیە کردوە:" ئەوان پێخواس بوون هیچ پێداویستیکی ژیانیان نیە". باڵوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە ناویان وەک قەڵاچووکردنێکی بارزانیان ئەژمار دەکرێت نەخۆشی تیفوئید لە ناویاندا لە شەش مانگی یەکەم ساڵی ١٩٤٦ بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٥٠٠ کەسیان. تا ساڵی ١٩٤٧ ئەو نەخۆشیە بەردەوام بوو و دواجار ژمارەیان گەیشتە ٢٠٠٠ کەس بە جۆرێک کە وای لێهات زۆربەی گوند و ئاواییەکان کوردستانی رۆژهەڵات لە ناوچەکانی مەهاباد و شنۆ و بۆکان نەما کە گۆڕستانێکی بارزانیەکانی لێ نەبێت.

ڕوخاندن و ڕاگواستن و کوشتار (١٩٦٠-١٩٧٤)

لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٠ عەبدلکریم قاسم رۆژنامە کوردییەکانی یەک لەدوای یەک قەدەغە کرد. بەرێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کار خرا، گەلێک کورد بەندکران، زۆر لە کاربەدەستانی کورد بەتایبەتی لە سوپا و پۆلیس بۆ ناوچە عەرەبیەکان دورخرانەوە، زۆریش کوژران و جموجۆلی پارتی دیموکراتی کوردستان بەری پێگیرا، چەندین چاوپێکەوتنی بارزانی و قاسم سودێکی نەگەیاند، قاسم سیاسەتی دژەکوردی گرتە بەر و ٪١٠٠ ی باجی لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی زیادکرد. هەروەها پەنای بردە بەر خێڵەکانی دەوروبەری بارزان و چەکی پێدان بۆ بەربەرەکانی دەڤەری بارزان و دەستی کرد بە گرتنی هەندێک لە کادرەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەم هۆیەش گرژی کەوتە نێوانیان و لە یاداشتنامەیەک لە ٣١/٧/١٩٦١ داوای کار کردن بە بەندی سێی دەستووری کاتی بەزامنکردنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد و جێبەجێکردنی پاکسازی و گەڕاندنەوەی کارمەندانی کورد بۆ شوێنەکانیان کرا.

لە ڕۆژانی ٩-١١/٩/١٩٦١ هێزی ئاسمانی عێراق ناوچەی بارزان و هەندێک ناوچەی تری لە کوردستان بۆمباران کرد و هێرشی سوپای عێراق بۆ سەر کوردستان دەستی پێکرد رۆژانی ١٤ و ١٦ و ١٨ ی ئەیلول جارێکی دیکە بارزان بۆردومان کرایەوە کە چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی شۆرشی ئەیلول بوو، چوار باڵەفڕی جۆری مێگا ١٥ و١٧ گوندی ڕێزان و هاوینەهاواری ببانا لە چیای شیرین بۆمباران کرد بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام بوو تا ئەو رادەیە کە هیچ گوندێک لە بارزان نەما لەم بۆمبارانە کوێرانە دەربازیان بێت. عەبدولکریم قاسم ١٢٠ فرۆکەی جەنگی خستەگەڕو زۆر دڕندانە دژی کورد وەستایەوە، هێزی ئاسمانی عێراق سەدان گوندی کاولکرد و گەلێک کوردیان کوشت. لە ١٠/٦/١٩٦٣ هێزەکانی ئاسمانی و فڕۆکە جەنگیەکان بە هەموو توانایەکەوە دژی پێشمەرگە و کوردستان و سیاسەتی خاک سوتاندنی بەکار هێنا و جیاوازییان لە نێوان چەکدار و بێ چەکەکان کە ژن و منداڵ و پیرەکان بوون نەدەکرد و ڕەچاوی هیچ رێکەوتننامەیەکی جیهانی تایبەت بە جەنگ و جاڕنامەی مافی مرۆڤ نەکرد.

لە ٢٤/٩/١٩٦٣ پارتی دیموکراتی کوردستان کە سەرکردایەتی شۆرشی ئەیلولی دەکرد یاداشتێکی پێشکەش بە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوکانی نێودەڵەتی کرد تیایدا بە تێر و تەسەلی باسی بارودۆخی کوردستان کرابوو بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ ڕاگرتنی شەری قڕکردنی کورد، لەسەر ئەم یاداشتە لێژنەی بەرگری لە مافی مرۆڤ یاداشتەکەی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرز کردەوە و تیدا ئاگاداری کردەوە بەو نەهامەتیانەی بەسەر کورد هاتووە و هەوڵیدا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ئەم کێشەیە.

"شایانی باسە عێراق ئەندامبوو لە نەتەوەیەکگرتووەکان و جارنامەی مافی مرۆڤی پەسەند کردبوو".

حاجی بالین شینۆ دەڵێت"لە ١٩٦٣ هەموومان ئاوارەی ناوچەی شێروان بووین و فرۆکە بە شێوەکی زۆر دڕندانە بەردەوام بۆردومانی دەکردین خاک و باغ و بێستان و مەروماڵات بەهۆی بۆردوومانەوە سوتێنران و لە ناو چوون، سەید مەلا حەسن ئیروانی و رەوشن مەلا فەقێ و چەند کەسیتر شەهید بوون و زۆریتریش بریندار بوون، رەوشەن هەر لە نزیک گوندی کولەکا بە جلوبەرگەوە نێژرا، دواتر فڕۆکەکان هەر بەمەش نەوەستان و تێزابیان بەسەر خەڵکەکدا باراند و چەند کەسێک گیانیان بەم تێزابە سوتا.

ڕاگواستن و کۆچپێکردنی زۆرەملی و جینۆساید (١٩٧٥-١٩٩١)

لە ساڵی ١٩٤٧ ڕژێمی بەعسی عێراق بە هەموو هێز و توانای خۆی هەڵیكوتایە سەر كوردستان و ئەنجامدانی تاوانی جۆراجۆر هەر لە گرتن و كوشت و بڕی خەڵكی سڤیلی ناوچەكە و لێدانیان بە تۆپ و تەیارە، لە وانەش چۆمان و پردی گەڵاڵە و قەسری و دیلمان هەروەها ٢٤-٤-١٩٧٤ گەڵپەی ئاگری لە شاری قەڵادزێ هەڵگیرساندو بە بۆمبی ناپاڵم هیرشی كردە سەر ئەم شارە و زانكۆیەكەی خەڵتانی خوێن كرد، و بە سەدان كەس بوون بە قوربانی، ئەمانەو بەدەیان تاوانی ترو گەمارۆدانی پێشمەرگە خیانەت كردنی ئاشكرای ئەمریكا و شای ئێران بوو ، ڕاوەدونان و بۆمباران و ڕوخاندن و راپێچكردنی خەڵك بووە هۆی كۆچپێكردنی زۆرە ملی زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ كەس لە خێزانی كورد بۆ ناوچە سنووریەكانی وڵاتی ئێران لە بەهاری ١٩٤٧ ،پاش ئەم تاوانە رژێم بە بڕوبیانووی دروست كردنی پشتێنەی ئەمنی لە ناوچە سنورییەكانی ئێران و توركیا لە پرۆسەیەكی سەربازی هەستا بە سوتاندن وێران و خاپور كردنی خانووبەر و ڕەز و باغ و وشككردنی كانیاوەكان لە گوند شارو شارۆچكەكانی ئەم ناوچانە.

رێكەوتننامەی شوومی جەزائیر لەساڵی ١٩٧٥ لە نێوان محمد ڕەزای پەهلەوی شای ئێران و سەدام حوسێن جێگری سەرۆكی عێراق لە ژێر چاودێری جەزائیر بە ئامادەبوونی هۆاری بۆمدین سەرۆكی جەزائیر ئیمزا كرا، كە بووە هۆی نسكۆی شۆڕشی ئەیلول.

لە دوای نسکۆ خەڵکێکی زۆر و بەشێک لە بارزانیەکان ئاوارەی ووڵاتی ئێران بوون و بەشەکەی تر لە گوندەکانیان مانەوە و قۆناغێکی تری راگواستنی بارزانیەکان دەستی پێکرد و دەیان هەزار لە خەڵکی کوردستان و گوندنیشینەکانی دەڤەری بارزان لە ماڵ و حاڵیان دەرکران و بە زۆر بۆ بیابانە رووتەکانی باشووری عێراق راگوێزران کە بە مەترسیدارترین قۆناغی راگواستنی بارزانیەکان و تەنانەت بە قۆناغی راگوستنی کوردیش ئەژمار دەکرێت.

لەم قۆناغە دەیان هەزار لە خەڵکی گوند نیشینی دەڤەری بارزان لە ماڵەکانیان راپێچ کران و بە زۆر بۆ ناوچەرووتەکانی بیابانی باشووری عێراق رایانگواستن کە خەڵکی ٧٦ گوندی ناوچەی بارزان بوون و هەر سێ عەشیرەتی (بەرۆژی و نزاری و هەرکی بنەجێ و هەندێک لە گوندەکانی مزووری و شێروانی) گرتەوە.

تاکو ساڵی ١٩٧٦ ژمارەی راگوێزراوان بۆ باشووری عێراق بە ٣٠٠٠٠٠ سێ سەد هەزار، بەسەدان ئافرەت و منداڵ و پیرو پەككەوتە بۆ ناوەڕاست و خوارووی کەس مەزندە کراوە عێراق راگوێزران لەشاری دیوانییە نیشتەجێ كران دواتریش بەسەر گوند وناحیەو ئۆردوگاكان دابەش كران وەك ناحیەی شافعیە گوندی جحێش، مەرجوجە و ئۆردوگای خەیریی و چەند ئۆردوگایەكی تر.

لە دوای ئەوەی حکومەتی عێراق بریار گەراندنەوەی کوردەکانی دا کە بۆ ناوچە کوردنیشینەکان بگەرێنەوە بەڵام رێگەی بە گەرانەوەی بارزانیەکان نەدا و محکومی کردن کە هەر لە خوارووی عێراق بمینێنەوە. لەکاتی راگواستنی بە زۆرەملی کوردەکان هەندێکیان لەڕێگا گیانیان لەدەستدا، هەموو جۆرە یارمەتی دانێک بۆیان قەدەغەکراو بوو ئەو کەسانەی هاوکاری راگوێزراوە کوردەکانیان کردەبا و خوراکیان داونەتێ وکاریان بۆ دەستەبەر کردن یا بەرگریان لێ کردن لە هەر پلە و بە پێی بەڵگەنامە و پایەک لە کارەکانیان دوور خرانەوە، سزادران و زیندانی کران ووتەی شایەت حاڵەكان ئەو راگوێزراوانەی فەرمانبەر و پلەدار بوون لە کارەکانیان یا دور خرانەوە یا پلەکانیان دابەزێندرا.

جینۆساید كردنی بارزانییەكان بە شێوەیەکی چروپڕتر لە جاران دەست پێ کرد

١-دەستگیركردنی صابر مستەفا محمدعبدالسالم بارزانی و ٢٢ كەس لە هەڤاڵانی لە ٢٦/٧/١٩٨٣ لە بەغدا و بریاری حوكمی لە سێدارەدان و دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانیان بە نووسراوێك لە سەرۆكایەتی (دادگای شۆرش) بە ژمارە ١٤٤٦ \ج\١٩٨٣ لە ٣٠/٨/١٩٨٣ دەرچووە بۆ سەرۆكایەتی دیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، كە بڕیاری گرتنیان لەلایەن دادەوەری لێكۆلینەوە سەر بە بەرێوەبەرایەتی ئەمنی بەغدا دراوە.

٢-بە پێی بەڵگەنامە فەرمییەکانی رژێمی بەعس لە كۆتاییەكانی تەمووز و سەرەتای ئابی ساڵی ١٩٨٣ دا هێزێكی گەورە و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی پێكهێنراو كە پێكهاتبوون لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و بنكەی فەرمانگەی ئەمنی حوكمی زاتیو فەوجەكانی تەواری و هێزەكانی حەرەس جمهوریی بە شێوەیەكی زۆر نهێنی هەستان بە گەمارۆدانی ئەو كۆمەڵگا زۆرەملیانەی كە بارزانییەكان تێیدا نیشتەجێ بوون دواتر دەستگیركردنیان بە سێ قۆناغ:

قۆناغی یەكەم:٣١/٧/١٩٨٣ کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرملی قودس و قادسیە كە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.

قۆناغی دووەم:١٠/٨/١٩٨٣ كۆ كردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر كە سەر بە قەزای شەقڵاوە و كۆمەڵگای دیانا سەر بە ناوچەی ڕەواندز و كۆمەڵگای بەحركە سەر بە پارێزگای هەولێر و لادێكانی مێرگەسوور سەر بە ناوچەی زێبار.

قۆناغی سێیەم: ١٠/١/١٩٨٣ جارێکی تر بە شێوەیەک چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردووگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.

ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی ڕەسمی بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە ٨٤ لە ڕێكەوتی ٢٩/٣/١٩٨٩ كە ناردوویەتی بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار و تیایدا تەئكید لەوە دەكاتەوە" كە لە بەیانی ڕۆژی ١/٨/١٩٨٣ دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی(د.فازل براك) هێزێكی سەربازی سەر بە حەرەس جمهوریدا كۆمەڵگەكانی "قدس، قادسیە لە قوشتەپە" كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنییان لە پازدە ساڵ بەرەو ژوور بووەو بە سەیارەی گەورەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغداد."

قۆناغی دوای جینۆساید و ژیانی ئافرەتان و منداڵان

لە کاتی دەستبەسەرکردنی نێرینە بارزانیەکان ئەو ئافرەت و منداڵانەی بەدوای هاوسەر و کور و باوکیان چوون تا سەر شەقام بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لێیاندرا و تەنانەت لەلایەن سەربازەکان تەقەیان لێکراوە، لە ئەنجام چەندین کەسیان بریندار بوون یەکێک لە وانە منداڵێک بە ناوی (شلێر شێخ عومەر ساڵح) بوو کە بەدوای باوکی بە گریانەوە ڕای کرد و بەر گولـلەی سەربازەکان دەکەوێت لە فەقەراتی دەدرێت کە پاش چوار مانگ لە ژێر کاریگەری برینەکە گیانی لەدەستدا. سەرچاوە کوردییەکان دەڵێن ئەو بارزانیانەی لە ساڵی ١٩٨٣دا دەستگیر و بێسەروشوێن کران چەکی کیمیایان بەسەردا تاقی کراوەتەوە. بۆ ماوەی کەمتر لە ساڵێک لە پاش رەشبگیریەکە رژێمی بەعس هەڵسا بە بڕینی کارەبای ئۆردووگاکان و نەیاندەهێشت ئافرەتەکان لە ئۆردووگا بچنە دەرەوە تەنانەت بۆ بازاڕیش. هەروەها دەرگای قۆتابخانەی ئۆردووگایان بەڕووی قوتابیە بارزانیەکان داخست کە بڕیارەکە بە نوسراوی ژمارە ٩/٦-٤٣٦٦٣ لە رێکەوتی ٤/١٢/١٩٨٣ لە لایەن بەرێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دراوە. رژێم هەر بەوەش نەوەستا بەڵكو خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیشی پشتگوێ خست و لە هەمانکات بە شکاندنی بۆری ئاو گواستنەوەی ئاویان بۆ ناو ئۆردووگا و برینی بڕی ئازووقەیان کە رژێم ئەوسا بە هاوڵاتیانی دەدا.

دەرئەنجام

یەكەم: شاڵاوەکانی جینۆساید وەک زنجیرە تاوان كە دەرهەق بە نەتەوەی كورد ئەنجامدرا بێت، لە وانەش ڕاگواستنی زۆرەملی وجینۆسایدی بارزانییەکان، ئامانجی سەرەكی رژێم تیایدا پاكتاو كردنی نەژادی و بڕانەوەی رەچەڵەكی مرۆڤی كورد بووە، ئەم تاوانە نامرۆڤانەیە كاریگەرییەكی ئێجگار گەورەی كردە سەر نەتەوەی كورد بە گشتی و تاكی كورد بە تایبەتی هەروەها زەرەر و زیانێكی زۆریشی بە هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵی كوردەواری بەبێ جیاوازی گەیاند. بۆیەدەبێت لێکۆلینەوەی زیاتر بۆ هەڵدانەوەی ئاسەوارەکانی ئەو تاوانانە بکرێت بە تایبەتی لەسەر کەسوکاری قوربانیان.

دووەم: ژنانی بە جێماوەی جینۆسایدی بارزانیەکان لە دوای تێپەربوونی ٣٢ ساڵ لە بێسەروشوێن بوونی پیاوەکانیان سەرەرای هێنانەوەی ٢ کەرەت لە ڕوفاتی گۆری بەکۆمەڵی بارزانیەکان تاکو ئێستاش چاوەرێی گەڕانەوەی باوک و برا و كوڕ و هاوسەرەکانیان دەکەن، تاکو ئێستاش هاوسەرگیرییان نەکردۆتەوە، كە رێژەی (٩٦٪) پێك دێنن كە ئەمەش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نادیاربوونی چارەنووسی هاوژینیان و دابونەریتی كۆمەڵگا و هەروەها پەروەردە كردنی منداڵەكانیان.

سێیەم: ئاسەواری تاوانەکان بووە هۆی بڵاو بوونەوەی كۆمەڵێك گرفت و نەخۆشی دەروونی كە بە ڕێژەی (٧٦٪) ئافرەت لە خێزانی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان دووچاری نەخۆشی دەروونی وەك (دڵەراوكێ، خەمۆكی، ترس، لەهۆش چوون، نەخۆشی جەستە دەروونیەكان سایكۆسۆماتی، ...هتد هاتوون ).

چوارەم: ئافرەت قۆچی قوربانی هەموو تاوانەكانە و لە شاڵاوی جینۆساید کردنی بارزانییەکانیش ئافرەتەکان ئازار و مەینەتی زۆریان لە ڕاگواستنی زۆرەملی و شەڕ و شۆرش و جینۆساید، بەرکەوتووە جا چ ئەوانەی بوونە قوربانی و چ ئەوانەی بەجێماوەن.

پێنجەم: هەموو ئەركە ئابووری و كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیی كەوتە سەرشانی ئافرەت كە ئەوەش بوەتە هۆی تێك چوون و شڵەژانی خێزان و پەیوەندیییە كۆمەڵایەتیەكان و گۆڕانی سیستەمی پەروەردەیی لە ناو خێزانی كەسوكاری جینۆساید چونكە لە پێش جینۆساید سەرپەرشتیاری خێزان رێژەی (٨٩٪) لەژێر دەسەڵاتی پیاو بووە بەرامبەر (١٠.٨٪) لەژێر دەسەڵاتی ئافرەت بووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە دوای جینۆساید لە ناو خێزانی جینۆسایدکراوەکان گۆڕانێكی زۆری بەسەردا هاتووە بۆتە بە رێژەی (٦.٩٩ ٪) لە ژێر دەسەڵاتی ئافرەت دابووە.

شەشەم: وێڕای زەرەرو زیانی گیانی لە شەڕ و ڕاگواستنی بە زۆرەملێ و جینۆساید كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر ژێرخانی ئابووری كوردستان و دوچاری ئیفلیجی و شڵەژانی كرد، چونكە ئاشكرایە گوندو دێهاتەكان كە سەرچاوەی بنەڕەتی داهاتی كوردستان بوون بە گشتی وێرانكران و لە ناوچەی بارزانیش زیاتر لە ١٥٠ گوند وێران کران و سوتێنران لە ناوبردران بەمەش ئابووری كوردستان روی لە كزی كردو بەرەو هەلدێرچوو.

حەوتەم: راگواستن و جینۆساید و گۆرینی شوێنی نیشتەجێ بوون و كاریگەرییەكی ئێجگار گەورەی كردە سەر كلتور و فۆلكلۆر و داب و نەریتی رەسەن و ڕەوشت و خەسڵەتە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری کردووە بۆتە هۆی لە دەستدانی هەندێك لەو بنەما سەرەكی و پتەوانەی كە لە كۆمەڵگەدا بەدی دەكران خێزانەكان دوای گۆڕانی شوێنی دانیشتن و لەبەر دابڕانیان لە خزم و كەس و كاریان بە ناچاری وازیان لە داب و نەریتی رەسەنی خۆیان هێناوە بەڵام ئەم دیاردەیە لە ناو کەسوکاری جینۆسایدکراوی بارزانیەکان بە رێژەی (٧٠-٣٠) بەدی دەکرێت کە کەمترە لە چاو جینۆسایدکانی دیکە و ئەوان تاکو ئیستاش پابەندن بە داب و نەریتی رەسەن و شێوازی جل و بەرگ پۆشین و کلتورو شێوازی ئاخەوتنی خۆیان.


سەرچاوەکان



10275 بینین