پارتی دیموکراتی کوردستان

له‌لایه‌ن: - محمد یوسف - به‌روار: 2019-08-01-13:02:00 - کۆدی بابەت: 108
پارتی دیموکراتی کوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی پارتی دیموكراتی كوردستان


پارتێکى سیاسی کوردییە، خەبات دەکات لەپێناو بەدیهێنانى سیستەمێکى دیموکراسی پەرلەمانى فیدڕالی لە عێراق و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد. لەلایەن مەسعود بارزانییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

 

دامەزرانن

پارتى دیموکراتى کوردستان لە 16 ى ئابی 1946 بەسەرۆکایەتى "مەلا مستەفاى بارزانى" دامەزرا، سەرەتا ئەم پارتە ناوى "پارتى دیموکراتى کورد" بوو، لەکۆنگرەى سێیەمدا کەلە کەرکەوک لە16 ى کانونى دووەمى 1953ئەنجام درا، بڕیار درا بە گۆڕینى ناوەکەى بۆ "پارتى دیموکراتى کوردستانى".

ئەم پارتە لەماوەى تەمەنى خۆیدا 13 کۆنگرەى بەستووە، لەکۆنگرەى نۆیەمدا کەلە 4 ى تشرینى یەکەمى 1979 ئەنجام درا، مەسعود بارزانى بەکۆى دەنگى ئامادە بوانى کۆنگرە وەک سەرۆکى پارتەکە هەڵبژێردرا.

 

ئاڕاستەى ئایدۆلۆجى

پارتى دیموکراتى کوردستان واخۆى دەناسێنێت کە پارتێکى دیموکراتى نیشتمانییە، باوەڕى بە مافەکانى مرۆڤ و دادپەروەرى کۆمەڵایەتى وئازادى تاک ومافی نەتەوەى کورد وسەرجەم نەتەوەکانى دیکە بە مافی چارەى خۆنوسین، هەیە.

 

ئامانجەکان 

پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئاستى نەتەوەیی ونیشتمانى ونێودەوڵەتى چەند ئامانجێکى بۆ خۆى دیاریکردووە.
لەسەر ئاستى نەتەوەیی، یەکێک لەئامانجەکانى بەنێودەوڵەتیکردنى سیاسییانەى کێشەى کوردە، ئەوەش لە چوارچێوەى ڕێکخراوە نێودەوڵەتی وهەرێمایەتییەکاندا، هەروەها هەوڵ دەدات کە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد سیفەتى چاودێرى پێبدرێت لەو ڕێکخراوانەدا، ئەوەش بەمەبەستى بەرگریکردن لەمافە نەتەوایەتى و نیشتمانییە ڕەواکانى لەو ڕێکخراوانەدا.

هەروەها هەوڵ دەدات لەپێناو گێڕانەوەى سەرجەم ئەو ناوچانەى کەلەهەرێمى کوردستان دابڕاون، ئەوەش بەپێى ماددەى 140 ى دەستورى عێراق وئەو ڕێکارانەى لەو ماددەیەدا هاتووە، هەروەها لەو ڕێگایەوە سنورى هەرێمى کوردستان جێگیر بکات. سەرەڕاى ئەمانەش بەرگرى لەمافەکانى کورد بکات لەسەرجەم ناوچەکانى دیکەى عێراق

هەروەها پارتى دیموکراتى کوردستان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کەهەوڵى بەدەست هێنانى مافە نەتەوایەتییەکان دەدات بەڕێگایەکى ئاشتیخوازانە وبڵاوکردنەوەى کلتورى گفتوگۆ ولێبوردەیی لەنێو ماڵى کوردا، ڕەوایەتى نەدان بەپەنابردن بۆ بەکارهێنانى هێز.

 

کۆنگرەکانی حزب لە سەرەتای دامەزراندنییەوە

  1. کۆنگرەی یەکەم: 16/8/1946، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (70) نوێنەر.
  2. کۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئاداری ساڵی (1951) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (30) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.
  3. کۆنگرەی سێیەم: 26/1/1953، لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی نزیکەی (35-40) نوێنەر بەسترا.
  4. کۆنگرەی چوارەم: 4-7/10/1959، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.
  5. کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (1960)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.
  6. کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەموزی ساڵی (1964) لە شارۆچکەی قەلێدزێ بەسترا.
  7. کۆنگرەی حەوتەم: 15/11/1966، لە گەڵاڵە بەسترا.
  8. کۆنگرەی ھەشتەم: 1/7/1970، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (488) نوێنەر بەسترا.
  9. کۆنگرەی نۆیەم: 4/10/1979، لە زێوەی دەڤەری (مەرگەوەڕ) بەسترا، تێیدا بە تێکرای دەنگ (مسعود مستەفا بارزانی) بەسەرۆکی پارتی ھەڵبژێردرا.
  10. کۆنگرەی دەیەم: 2-12/12/1989، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (332) نوێنەر بەسترا.
  11. کۆنگرەی یانزەیەم: 1993، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (2176) نوێنەر بەسترا.
  12. کۆنگرەی دووانزەیەم: 6-14/10/1999، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (1473) نوێنەر بەسترا.
  13. کۆنگرەی سیانزەیەم: 11/12/2010-18، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری زیاتر لە (1500) نوێنەر بەسترا.

 

سەرۆکەکانی پارتی دیمورکراتی کوردستان

  • مەلا مستەفا بارزانی (1946-1979)دامەزراندن تاکوو مردن (کۆنگرەی یەکەم تا کۆنگرەی نۆیەم)

  • مەسعوود بارزانی (1979-تائێستا) مردنی باوکی - تائێستا (کۆنگرەی نۆیەم تا کۆنگرەی سێزدە)

 

لقەکان

  • لقی یەک لەدھۆک
  • لقی دوو لە ھەولێر
  • لقی سێ لە کەرکووک
  • لقی چوار لە سلێمانی
  • لقی پێنج لە بەغداد
  • لقی شەش لە بەرلین ئەورووپا
  • لقی حەوت لە ئەمریکا لە شاری واشنتۆن
  • لقی ھەشت لە زاخۆ
  • لقی نۆ لە ئاکرێ
  • لقی دە لە سۆران
  • لقی یازدە لە ڕانیە
  • لقی دوازدە لە ھەڵەبجە
  • لقی چواردە لە موسڵ
  • لقی پازدە لەدیالا - خانەقین
  • لقی شازدە لە ھەولێر ودەوروبەری لەشاوێس
  • لقی حەڤدە لە شەنگال
  • لقی ھەژدە لە ئامێدی
  • لقی نۆزدە لە چەمچەماڵ
  • لقی بیست لە شێخان
  • لقی بیست و یەک لە دەوروبەری سلێمانی
  • لقی بیست و دوو لە گەرمیان - کەلار
  • لقی بیست و سێ لە مەخموور
  • لقی بیست و چوار لە شەقڵاوە
  • لقی بیست و شەش لە بالەکایەتی

 

ئاڵا و ھێمای حیزب

 

ئاڵا

ئاڵای پارتی بەشێوەیەکی سەرەکی پێکدێت لە ھەریەک لە پیتەکانی (Pdk) کە ئاماژەن بۆ پیتەکانی سەرەتای ناوی پارتی بە رێنووسی لاتینی (PARTIYA DEMOKRATA KURDISTANE) بە رەنگەکانی زەرد و سوور کە لەسەر شێوەی بازنەیەک کێشراون.

ھێما

ھێمای پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوو بازنە پێکدێت، بازنەی دەرەوە و بازنەی ناوەوە کە خۆرێکی درەوشاوە لەخۆدەگرێت، لەگەڵ چل و شەش تیشک کەھێمایە بۆ ساڵی 1946، کە تێیدا پارتی دامەزرا. لە ناوەڕاستی خۆرەکە ھەڵۆیەکی تیادایە کە سەربەرزانە وەستاوە. لە سەرەوەی درەشمەکە و لەنێوانی چێوەی ھەردوو بازنەکە، ناوی پارتی نوسراوە. لە خوارەوەی ھەڵۆکە، پیتەکانی سەرەتای (Kurdistan Democratic Party-KDP) نوسراوە. خوارووی چێوەی بازنەی ناوەوەی دروشمەکە بە دوو گوڵەگەنمی یەکتربڕ تەواوکراوە. لە ژێر خۆرەکە و بۆشایی نێوان چێوەی ھەردوو بازنەکە نوسراوە (PARTIYA DEMOKRATA KURDISTANE) بە ڕەنووسی لاتینی نوسراوە. ھەموو دروشمەکەیش لە سەر رەھەندێکی سپی کێشراوە کە ھێمای پاکیزەیی و ئاشتی و ئازادی و ھەماھەنگییە.

 

پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئاستى نیشتمانى

لەسەر ئاستى نیشتمانى پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵ دەدات لەپێناو بەهێزکردنى سیستەمى دیموکراسی و فیدرالی لەعێراق، بەشێوەیەک کە مافی هاوڵاتیبوونى سەرجەم عێراقییەکان پارێزراوبێت، هەروەها ببێتە هۆکارێک بۆ بەهێزکردنى پێگەى عێراق لە ئاستى نێودەوڵەتیدا وپاراستنى سەربەخۆیی وسەروەرى عێراق.

هەروەها هەوڵى بەهێزکردنى پێگەى یەکگرتووى نیشتمانى عێراق وهەرێمى کوردستان دەدات، کاردەکات لەپێناو دۆزینەوەى ڕێگاچارەى گونجاو بۆ چارەسەر کردنى بابەتە هەڵپەسێراوەکانى نێوان هەرێمى کوردستان وحکومەتى فیدرالی بەپێی دەستور، لەهەمانکاتدا گرەنتی کردنى مافە نەتەوایەتى وکلتورى وئیدارییەکانى پێکهاتەکانى دیکە وەک: تورکومانەکان وئەرمەنییەکان وئاشورییەکان وکلدانییەکان.

 

پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى

لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى پارتى دیموکراتى کوردستان هەوڵدەدات لەپێناو بەهێزکردنى پەیوەندییە دۆستایەتییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان وڵاتانى هاوسێ، هەروەها پتەوکردنى پەیوەندییەکان لەسەر بنەماکانى بەرژەوندى هاوبەش وڕێزى یەکتر گرتن ودۆستایەتى، هەروەها دەست وەرنەدانە کاروبارى یەکتر وچارەسەرکردنى کێشەکان بەپێی پرنسیپەکانى یاساى گشتى نێودەوڵەتى.

هەروەها پارتەکە هەوڵ دەدات لەپێناو ئەوەى کە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان ونوسینگەکانى پەیوەست بەو ڕێکخراوەوە سیفەتى چاودێرى پێ ببەخشرێت، ئەوەش بەمەبەستى پارێزگاریکردن لە مافی نەتەوەى کورد وبەرگریکردن لە دوبارە چەوساندنەوە وئەنجام دانەوەى کۆمەڵکوژى کردنیان.

لەکاتى ئێستادا سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان "مەسعود بارزانى" یەو جێگرەکەشی " نێچیرڤان بارزانی" یە.


سەرچاوەکان



36381 بینین