دهۆک

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2020-06-17-14:05:00 - کۆدی بابەت: 155
دهۆک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دھۆک (بە ئینگلیزی: Duhok، بە عەرەبی: دهوك) شارێکی گەورەی باشووری کوردستان و ناوەندی پارێزگای دھۆکە و لە ناوچەی بادینان ھەڵکەوتووە. خەڵکەکەی بە شێوەزاری کورمانجی قسە دەکەن. دانیشتووانی ئەو شارە بە گشتی بە ١،٦٤٨،٦١١ کەس مەزەندە دەکرێت، ھەروەھا خەڵکی پارێزگاکە بە ٢٨٤٫٠٠٠ کەس خەمڵێندراوە.

زانیاری گشتی

وڵات عێراق
هەرێم هەرێمی کوردستان
پارێزگا دهۆک
پارێزگار عەلی تەتەر
ڕووبەر ٥٧٧ کیلۆمەتری چوارگۆشە
بەرزی لە ئاستی ڕووی دەریا ٥٦٥ مەتر
دانیشتووان ١،٦٤٨،٦١١
هێڵەکانی زەوی

٣٦ پلە لە باکوور

٤٣ پلە لە ڕۆژهەڵات

زمان

زۆرینە (کورمانجی)

کەمینە (ئاشووری)

ئایین

زۆرینە (ئیسلامی سوننە مەزهەب)

کەمینە (مەسیحی و ئێزیدی)

ناوی دهۆک

لە بارەی ناوی دھۆک بۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام ئەوەی کە لە ھەموویان بەناوبانگترە ئەوەیە کە (دھۆک) بە واتای (دوو چیا، یان دوو ھێلکە) دێت، ناوی ئاشووری شارەکە نوھەدرایە.

دیمۆگرافیا

لە ناو ئەم شارەدا کەمینەیەک لە نەتەوەی ئاشووریش نیشتەجێن. ئەم شارە لە کۆندا یەکێک لە ناوچە بازرگانییەکانی ئاشوورییەکان بووە و کەوتبووە ناو سنووری دەسەڵاتی ئاشورییەکان. دواتر کورد لەم ناوچەیەدا جێگیر بوون و پێکھاتەی لە ساژییەکان بۆ کوردەکان گۆڕدڕا. ئەمڕۆ دھۆک ناوچەی زاراوەی کورمانجییە. لە سەرەتای مانگی نیسانی ١٩٩١ لە ئاکامی ھێرشە ئاسمانییەکانی عێراق بۆ سەر ناوچەکە، ھەموو دانیشتووانی شاری دھۆک لە شارەکە ھەڵاتن. لە دوای ئەوەی کە ناوچەی دژەفڕین لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکا لە باکووری عێراق دانرا، لەبەر ئەوەی کە دھۆک نەدەکەوتە ئەم ناوچەیە، خەڵکی ئەم ناوچەیە بۆ ناوچەکەیان گەڕانەوە.

مێژووی شاری دهۆک

بە درێژایی مێژوو تا ئێستا دهۆک پێگەیەکی ستراتیجی لە ڕووی مێژوویی و جوگرافی بەدەستهێناوە. ئەوەی جێگای سەرنجە دهۆک وەک ڕێڕەوێکی بازرگانی بووە لە نێوان عێراق و تورکیا و سووریادا و وەک دەروازەیەک بووە بۆ کوردستانی عێراق، ئەمەش لە تۆمارە مێژووییەکان و ئەو پاشماوانەی کە لە شارەکەدا هەن دیارە.

ڕەچەڵەکی شارەکە بۆ سەردەمی چاخی بەردین دەگەڕێتەوە، بووە بەشێک لە ئیمپڕاتۆریەتی ئاشووری، پاشان ئیمپڕاتۆریەتی بابلی، پاش ڕووخانی بابل کەوتە ژير دەسەڵاتی دەوڵەتی هەخامەنی، دواتر کەوتە ژێر دەسەڵاتی پاشا ئەلێکساندەری سێیەمی یۆنانی، دواتر کەوتە ژێر دەستی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم. بووە ناوەندێکی گرنگی مەسیحییەتی سریانی کە بە بیت نۆهدری ناسرا.

لە ساڵی ١٢٣٦ کاتێک حەسەن بەگ سەیفەدین چووە ناوچەی بادینانەوە شارەکە بەناوبانگ بوو، پاش شەش ساڵ لەلایەن عوسمانیەکانەوە دەستی بەسەردا گیرا و هەرێمەکە لە مووسڵەوە بەڕێوەبرا.

لە ساڵی ١٨٤٢ کلاودیوس ڕیچ دهۆکی بە شارۆچکەیەکی بچووکی ٣٠٠ خانوویی ناوبرد، کە دانیشتووانی سەرەکی هۆزی کوردی دۆسکی بوون.

لە ساڵی ١٩٢٩ دانیشتووانی شارەکە بە ٣٥٠٠ کەس مەزندەکرا کە زۆرینەیان کورد بوون، لە ٥٥٠ خێزان کە ٦٥ خێزانیان مەسیحی بوون، ٣٠ خێزانیش جوولەکە بوون.

لە ٢٧ـی ئایاری ساڵی ١٩٦٩ پارێزگای دهۆک پێکهێنرا و بووە ناوەندی شاری دهۆک. کۆچی گووندنشینان بۆ شارەکان و گەڕانەوەی کۆچبەران لە دوو دەیەی ڕابردوودا، بووە هۆی گەشەکردنی ژمارەی دانیشتووان بە شێوەیەکی بەرچاو. 

هەڵمەتەکانی ئەنفال لەنێوان ساڵانی ١٩٧٨ بۆ ١٩٨٩ لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان لە دژی کوردان ئەنجامدرا، ١٨٢،٠٠٠ کەس مردن و زیاتر لە ٢٠٠٠ گووند وێرانکران. ئەم گۆڕانکارییانە لە دانیشتووان بووەتە هۆی فراوانبوونی شارەکان بەبێ پلان لە بەشەکانی باشوور، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتییەوە و کۆچبەرەکان لە ناو شارەکاندا نیشتەجێ بوون. 

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە

ئەوەی جێگای باسە پارێزگای دهۆک شارێکی فرە کولتووری و فرە ئایینییە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٥٠٫٠٠٠ کەسە کە دەکاتە یەک بەش لە سێ بەشی دانیشتووانی هەموو شارەکە. 

لە ڕووی نەتەوەییەوە کورد زۆرینەی دانیشتووانەکەی پێک دەهێنێت، هەروەها ئاشووری، کلدانی، ئەرمەنی و عەرەبیش کەمینەن. ئیسلامی سوننە مەزهەب ئایینی زۆرینەی دانیشتووانە، کەمینە ئایینی مەسیحی و ئێزیدی پەیڕەو دەکەن.

دهۆک بە چەندین لایەنی شاراوەی ئابووری کۆمەڵایەتی تایبەتمەندە، بەهۆی شوێنە ستراتیجییەکەی بۆ بازرگانی و گەشتیاری، میراتی سروشتی و کولتووری، دیمەنی کشتوکاڵی فراوان لە ناوچەکە. کەرتی بازرگانی گەشەی کردووە و ئێستا دهۆک وەک ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

گەشتیاری

دهۆک بە دیمەنە سروشتییە سەرنج ڕاکێشەکانی ناسراوە، هەروەها یەکێکە لە سەنجڕاکيشترین ناوچەکان کە دانیشتووان و گەشتیاران دەتوانن هەست بە چوار وەرزی ساڵ بکەن.

بەنداوی دهۆک، زاوێتە، سەرسەنگ، ئامێدی، ئاکرێ، زاخۆ و سۆلاڤ گرنگترین ئەو شوێنانەن کە گەشتیار بۆلای خۆیان ڕادەکێشن.

دهۆک خاوەنی میراتی کۆن و مێژووییە کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی ٦٨١-٧٠٥ـی پێش زایینی دەگەڕێنەوە، خاوەنی زیاتر لە ٤٢ شوێنەواری کۆنە وەک مزگەوتی گەورە، بازاڕی کۆن کە لە ناوەندی شارەکەیە، کڵێسای سانت ئیت ئیلاها، ئەشکەوتەکانی شارۆخا، حەلامات و چارستین کە شوێنێکی مێژوویی گرنگە و بایەخێکی گەشتیاری زۆری هەیە.

پاش هەوڵێکی ئەکادیمی گەورە لە شوباتی ساڵی ٢٠١١ قەڵای ئامێدی خراوەتە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆوە.

کەشوهەوا

دهۆک وەک شارەکانی تری باشووری عێراق کەشوهەوایەکی چواروەرزی هەیە، هاوینی گەرمی دەریای ناوڕاستی هەیە، کە هاوینانی گەرم و بێ بارانە، زستانانی سارد و بە بارانە. 

بارانبارین لە مانگە فێنکەکاندا زۆرە، لە کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاردا زۆرترین باران دەبارێت. لە شارەکە بەفر بۆ ماوەی دوو یان سێ ڕۆژ دەمێنێتەوە، لە بەرزایی و شاخەکانیش بۆ ماوەیەکی زۆرتر بەفری پيوە دەمێنێتەوە، لە کۆتایی پاییزدا باران دەگەڕێتەوە.

شارۆچکەکانی دهۆک


سەرچاوەکان

6323 بینین