ئێزیدی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-12-17:34:00 - کۆدی بابەت: 7178
ئێزیدی

ناوه‌ڕۆك

ئێزیدی

ئێزیدییەکان یان یەزیدییەکان (بە کوردی: Êzîdî‏)، کۆمەڵەیەکی ئایینی کوردین و لە بنەچەدا دەگەڕێنەوە بۆ نەتەوە ئاریاییەکان و بە شێوەزاری کرمانجی قسەدەکەن، زۆرینەیان لە ناوەڕاست و ڕۆژئاوای کوردستان دەژین، ئەوانی دیکەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچە کێشە لەسەرەکانی عێراق دەژین.

لەگەڵ ئەوەی ئێزیدییەکان کوردن بەڵام زۆرێکیان لەگەڵ کولتووری عەرەبی تێکەڵ بوون و هێشتاش جلوبەرگی عەرەبی لەبەردەکەن، ئێزیدییەکان پێیان وایە ئایین و گەلەکەیان جیاوازە و لە سەردەمی بوونی ئادەم و حەواوە هەن، بەڵام بەپێی قسەی توێژەران ئایینەکەیان لە ئایینی کۆنی بابلییەکانەوە وەرگیراوە، لەلای بەشێک لە توێژەرانیش ئایینەکە لە یەزیدی کوڕی مەعاویەوە وەرگیراوە چونکە ئێزیدییەکان بە یەزیدیش دەناسرێن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و ناوی ئێزیدییەکان لەوێوە نەهاتووە بەڵکوو بە واتای (بەندەکانی خودا) دێت، هەندێکیش پێیان وایە ئێزیدی تێکەڵەیەکی زەردەشتی و مانۆیی و میتراییە.

کەسایەتییە سەرەکییەکانی ئایینەکە عەدی کوڕی موسافیری ئەمەوی و مەلەک تاوسن.

جوگرافیا و بیروباوەڕ

بە درێژایی مێژوو ئێزیدییەکان لە ناوچە کوردییەکان لە نێوان سنووری باکوور و ڕۆژئاوا و باشوور ژیاون، لە کتێبی شەرەفنامەدا لەلایەن شەرەفخانی بەدلیسی لە ساڵی ١٥٩٩ باس لەوە کراوە ئێزیدییەکان بەسەر ناوچەکانی مووسڵ و دهۆک و ئامەد و حەلەب و بۆتاندا دابەش بوون.

ئێزیدییەکان بە زمانی کوردی و شێوەزاری کرمانجی و ئەوانەشی لە دەوروبەری مووسڵ و سووریا و بەعشیقەن بە عەرەبی قسەدەکەن، هەموو نوێژ و ئەرکە ئایینییەکانیان بە شێوەزاری کرمانجییە بەڵام کتێبە ئایینییەکان بە زمانی سریانی نووسراون، بەپێی مێژوو خاوەنی زمانێکی تایبەت بوون بەڵام بەپێی کات نەماوە، بنکەی ئایینەکە پەرستگای لالشە لە نزیک مووسڵ، دیارترین هۆزەکانیان بریتین لە: هەبابات و مەسقورە و عەمرا و عەبیدی و هەراقی و شەهوان و حەیالی و جەحش.

ئێزیدییەکان بەسەر سێ چیندا دابەش دەبن کە بریتین لە: شێخ، پیر، مورید و هاوسەرگیری لەنێوان چینەکان حەرامە، لەکاتی نزاکردن ڕوو لە خۆر دەکەن و باوەڕیان بە لەبەرگرتنەوەی ڕۆحەکان و حەوت فریشتە هەیە، لە مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ بەڕۆژوودەبن، ئایینەکەش ئایینێکی داخراوە و کەسێکی دیکە ناتوانێت ببێتە ئێزیدی جگە لەوانەی دایک یان باوکیان ئێزیدین.

کڵێشەی ئایینی

  • خوا - ئێزدان: زاتێکی گەورەیە و لە نووسین و وەسف و نموونە باڵاترە؛ سیفەتەکانی کۆنن وەکوو زاتی خۆی ھیچ شتێک لەسەر شێوەی ئەو نییە و لە ھیچ شتێک ناچێت. لەبەر ئەوەی خودایە کەواتە خوای مرۆڤە.
  • مەلیکە تاووس گەورەی ھەموو فریشتەکانە، مەلیکە تاووس بریتییە لە عەزازیل یان بە عەرەبی (عزائیل) (بە ئینگلیزی: Melek Taus یان The Peacock Angel) کە حوکمی ھەموو زەوی دەکات بە یارمەتی و ھاوکاری حەوت فریشتەی دیکە ئەو حەوت فریشتەش لەژێر فرمانی خودای گەورەدان.
  • پارێزگای لالش پیرۆزترین شوێنی ئاینی یە.
  • پیرەکان: پیرۆزترین و کۆنترین چینی ئایینی ئێزدین. ئێزدییەکان وەک ئارسان و زەردەشی و ئالویەکانی باکووریان چینی پیراتیان ھەیە،
  • بیرۆکەی ناو: ناوی ئێزدی (یان ئێزدای) یان «ئێزدانی» واتای پەرستراوە، و وشەی ئێزدی واتا «بەندەی خودا» یاخود بە کورمانجی «ئەز دایم» واتا ئەو (خودای ئەز دایم) و بەم شێوەیە شوێنکەوتوانی ئاینەکە باسی خۆیان دەکەن.

مێژوو

بەدرێژایی مێژوو ئێزیدییەکان ٧٢ جار تووشی کوشتن و هێرشی کۆکوژی بوونەتەوە، بەهۆی ئەمەشەوە ئێزیدییەکان لە وڵاتەکانی دیکە بڵاوبوونەتەوە و زۆرێکیان بەناوچەکاندا بڵاوەیان کردووە، و بەو هۆیەشەوە گەلێکی داخراون و لەنێو خۆیاندا کۆکن و هەمیشە پێکەوەن، لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە هێرش کرایە سەریان و سەدان کەسیان کوژران و هەزارانیان لە شەنگال ئاوارەبوون و زۆرێک لە کچەکانیش وەک کاڵا فرۆشران لە بازاڕەکانی مووسڵ و سووریا.

کڵێشە

لەنێو ئێزدییەکان کەسێک هەیە بۆ سەرکردایەتی کە وەک نوێنەری مەلەک تاووس سەیردەکرێت و سەرکردایەتی کۆبوونەوە و کۆنگرە نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان دەکات، هەموو ئەم کەسانەش لە خێزانێکەوە دێن کە پێیان دەڵێن خێزانی "عەگید یاخود عەقید"، لەلایەن عەدی کوڕی موسافرەوە چەند چینێک بۆ ئێزیدییەکان دیاری کراوە، کە بریتین لە:

  • چینی شێخ: پلەباڵاترین چینە و ئەندامەکانی بریتین لە شێخەکان کە فریشتەکان دیارییان کردوون
  • چینی پیر: ئەندامەکانی لە پیر عەلای هاوڕێی عەدی کوڕی موسافرەوە هاتوون
  • چینی مورید: زۆرینەی ئێزیدییەکان پێک دێنن، هەرکەس لە دوو چینەکەی دیکە نەبێت واتە لەم چینەیە.

هەروەها پیاوانی ئایینیش دابەش دەبن بۆ سێ چین کە بریتین لە: 

  • چینی فەقیر: بەرزترین چینی پیاوانی ئایینیە، نابێت لە سەرەتای گەورەبوونیەوە ڕیش و سمێڵی لاببات.
  • چینی قەوال: ئەو کەسانەن کە وتە ئایینییەکان دەخوێننەوە، کولتووری خۆیان لە باو و باپیرانەوە بۆ دەمێنێتەوە و زیاتر لە ناوچەکانی بەعشیقە و بەحزانی هەن.
  • چینی عەرافی: ئەو کەسانەن لە پەرستگای لالش کاردەکەن.

دانیشتوانی ئێزیدی

ئێزیدییەکان جیا لە کوردستان و عێراق، لە هەریەک لە ئەرمینیا و جۆرجیاش بوونیان هەیە، بەپێی کتێبی شەرەفنامە لە سەدەی ١٦ لە ناوچەکانی مووسڵ و دهۆک و ئامەد و خوی ئێران و ئورفا و حەلەب و بۆتان بوونیان هەبووە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییە جیهانییەکانی سەدەی بیست و هەڵگیرسانی چەندین جەنگ، بڵاوبوونەوەی زۆرێک لە دانیشتوان گۆڕانی بەسەردا هات و تێکچوو، ئێزیدییەکانیش بەشێک بوون لەوان و ژمارەیەکی دیاریکراو نییە بۆیان.

زۆرینەیان لە وڵاتی عێراق و ناوچەکانی کوردستانن و ژمارەی گشتییان لە نێوان ٧٠,٠٠٠ بۆ ٥٠٠,٠٠٠ کەس دەبێت، بەڕێژەی زۆر گەورە لە هەردوو ناوچەی شێخان و شەنگال بوونیان هەیە، جیا لەوەش بەهۆی کۆچ و پەنابەرییەوە وەک هەموو هاوڵاتییەکی دیکە ژمارەیەکی زۆریان لە ئەورووپا و بەتایبەت ئەڵمانیا بوونیان هەیە، ئەڵمانیا ڕێژەی نزیکەی ٤٠,٠٠٠ ئێزیدی لەخۆگرتووە و لە هەریەک لە سوید و نەرویج و هۆڵەندا و بەلجیکا و دانیمارک و فەڕەنسا و سویسرا و شانشینی یەکگرتوو و ئەمریکا و کەنەداش نزیکەی ٥,٠٠٠ کەس دەبن.

ئەرکە ئایینییەکان

  • یەکتاپەرستی: ئێزیدییەکان باوەڕیان بە یەکتاپەرستییە و باوەڕیان بە بوونی جنۆکە و ڕۆحی خراپەکار و عفریت و شەیتان نییە، وە پێیان وایە باوەڕبوون بەم شتانە وا لە مرۆڤ دەکات پاساو بۆ ئەو کارانە بهێنێتەوە کە دەیکات. بۆیە لەلای ئێزیدییەکان مرۆڤ بەرپرسە لەو هەموو ئەو کارانەی کە دەیکات، خوا سەرچاوەی هەموو کارێکی باشەیە و خراپەکردن لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئەقڵ و نەفسەوە دێت و ئەگەر مێشک سەرکەوتوو بوو بەسەر دەروون و نەفسدا مرۆڤ چاکە بەدەست دەهێنێت. 
  • نوێژ: ئێزیدییەکان ڕۆژانە پێنج جار نوێژ دەکەن: (بەیانی، خۆرهەڵاتن، نیوەڕۆ، عەسر، ئێوارە) و لە هەموو نوێژەکاندا ڕوو لە خۆر دەکەن جگە لە نوێژی نیوەڕۆ کە ڕوو لە پەرستگای لالش دەکەن.
  • ڕۆژوو: ئێزیدییەکان لە هەر کاتێکی ساڵ بێت دەتوانن ڕۆژوو بگرن، بەڵام ئەوەی لەسەریان ئەرک بێت ڕۆژووی سێ ڕۆژەی سەرەتای ساڵە بەناوی (ئیزی)، لە ماوەی سێ ڕۆژدا هەمووان خۆیان لە تەواوی خۆشی و ویستەکان دەگرنەوەو لە ڕۆژی چوارەمدا جەژنی ئیزی دەگێڕن، هەروەها پیاوانی ئایینی تایبەت لە ساڵەکەدا هەشتا ڕۆژ ڕۆژوو دەگرن، ئەوانیش (چلەی زستان و چلەی هاوین) بە تەواوی.
  • ڕووگە: خۆر لەلای ئێزیدییەکان گەورەترین دروستکراوی خوایە و بۆ نزا و نوێژ ڕووی تێدەکەن و دەستنوێژ دەگرن و ڕووی لێ دەکەن و دەستەکانیان بەرزدەکەنەوە، دەبێت پێیەکانیان ڕووت بێت و پێڵاویان لەپێ نەبێت، 
  • لەبەرگرتنەوە: ئێزیدییەکان باوەڕیان بە لەبەرگرتنەوەی ڕۆح هەیە و پێیان وایە مرۆڤەکان لەدوای مردنیان ڕۆحیان لە کەسێکەوە دەڕواتە نێو جەستەی کەسێکی دیکە کە لەدایک دەبێت، ڕۆحیش لەناوناچێت بەڵکوو لە نەوەیەک بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە.
  • هاوسەرگیری: لەنێو چینەکاندا هاوسەرگیری حەرامە، بەڵکوو هەرکەس دەبێت تەنیا لە چینی خۆی هاوسەرگیری بکات. 

جەژنەکان

  • جەژنی سەری ساڵ: دەكەوێتە یەکەمین چوارشەمەی مانگی نیسان.
  • جەژنی لەدایکبوون: یادی لەدایکبوونی عەدی کوڕی موسافیرە.
  • جەژنی چلەی هاوین: دەكەوێتە ڕۆژی ٣٠ی تەمووز.
  • جەژنی چلەی زستان: ئەم جەژنە دەكەوێتە ڕۆژی ٢ی شوبات.
  • جەژنی قوربان: ئەم جەژنە دەگەڕێتەوە سەردەمی ئیبراهیم پێغەمبەر، ڕێوڕەسمی ئەم جەژنە لە پرسگەی لالش دەگێڕدرێت.
  • جەژنی جەمای یان جەماعە: یەكێكە لە جەژنە دێرینەكانی ئێزیدی، بۆ ماوەی ٧ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
  • جەژنی ڕۆژووی ئێزید: دوای سێ ڕۆژ بەڕۆژوو بوون، لە ڕۆژی چوارەمدا دەكەوێتە هەینی سێیەم لە مانگی كانوونی یەكەم.
  • جەژنی خدر ئیلیاس: ئەم جەژنە دەكەوێتە ڕۆژی پێنجشەمی مانگی سێیەمی شوبات.
  • جەژنی بێلیندا: ئەم جەژنە دەكەوێتە هەینی یەكەم لە مانگی كانوونی دووەم.


سەرچاوەکان



2591 بینین