بنەما سەرەکییەکانی GPS

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-06-27-16:20:00 - کۆدی بابەت: 13347
بنەما سەرەکییەکانی GPS

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سیستمی جیھانی دیاریکردنی شوێن یان سیستمی شوێن دۆزی جیھانی (بە عەرەبی: نظام تحديد المواقع، بە ئینگلیزی: Global Positioning System). سیستمێکە پەیوەستکراوە بە مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان (Satellite Based) کە لەلایەن وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا (DOD) لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بنیاتنراوە لەلایەن سێ زانای ئەمریکی (ڕۆجەر ل . ئیستۆن و ئیڤان گێتینگ و بڕادفۆڕد پارکینسۆن) پەرەی زیاتری پێدراوە. سەرەتای سەرھەڵدان و کارپێکردنی لەلایەن ئەمریکاوە لە بواری سەربازی بووە، بەڵام دواتر بە ھۆکاری ڕوودانی چەند کارەساتێکی مرۆییەوە خەڵکی مەدەنی (سڤیل) توانیان سوودی لێ وەربگرن ھەریەک و بە کوالیتییەکی جیاواز.

ئامێرەکانی GPS (داتای شوێنی Position) و (داتای کاتی Time) ھەرخاڵێک لەسەر زەوی بە خێرای و بەردەوامی پێوانە بکات لە ژێر ھەر بارودۆخ و کاریگەرییەکی کەش و ھەوا بێت لە ڕووبەری وشکانی و ئاویی و ئاسمانی. لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری بەکارھێنەرانی ھەیە ھەربۆیە سیستمی کارپێکردنی بریتییە لە (Passive) واتە مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان تەنھا داتا دەنێرن و ئامێرەکانی GPS لەسەر زەوی داتاکان وەردەگرن لە مانگە دەستکردە ئاسمانییەکانەوە.

لە ئێستادا GPS بووە بە بەشێک لە سیستمێکی گەورەتر کە بە (GNSS) ناسراوە کە لەم چەند ساڵەی دوایدا زیاتر پەرەی سەندووە لە بەیەکەوە بەستنی چەند سیستمێکی وەکوو (GPS, Galileo, Glonass) کە لە بنچینەدا ئەرکی سەرەکیان بریتییە لە دۆزینەوەی شوێنەکا (Positioing) کە پێویستی بە ٢٤ مانگی دەستکردی ئاسمانی ھەیە بۆ ئەوەی لە تەواوی زەویدا بەردەست بێت، بەڵام ھەمیشە ژمارەیەکی زیاتر بەردەستە بۆ پاڵپشتیکردنی سیستمە بە کوالیتییەکی بەرزتر.

مانگە دەستکردەکانی GPS

یەکەمین مانگی دەستکردی ئاسمانی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بریتیبوو لە (Sputnik 1) کە لە ڕێکەوتی (٤ - ١٠ - ١٩٥٧) ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا لەلایەن یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو، ئەگەر چی ئەم مانگە دەستکردە ئاسمانییە تەنھا بۆ ماوەی سێ ھەفتە ئاکتیڤ بوو دواتر پیلەکانی لە کار کەوتن، بەڵام دەرگایەکی فراوانتری کردەوە لە بەرامبەر بەرەوپێشچوون و پەرەپێدانی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان. سەرەتای بنیاتنانی مانگە دەستکردەکانی GPS بە زنجیرەیەک دەستیپێکرد کە لە ١١ سەتەلایت پێکھاتبوو بە (Block I) ناسراوبوو، بەڵام بەھۆی ھەڵەیەکی تەکنیکی لە یەکێک لە مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان تەنھا ١٠ مانگی دەستکردی بە سەرکەوتووی ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانکران لە ڕێکەوتی (٢٢ - ٢ - ١٩٧٨) و یەکێک لە مانگە دەستکردە بە ناوی (Navstar 7) لە بۆشایی ئاسمان ونبوو

ئەم زنجیرە مانگە دەستکردە ئاسمانییانە بۆ مەبەستی تاقیکاری ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانکرابوون، گۆشەی لاری (Inclination) ی خولگەی ئەم زنجیرە مانگە دەستکردیانە ٦٣° لە ھێڵی ئیستیواوە جێگیر کرابوون، دواتر لە ھەنگاوەکانی داھاتوودا ئەم گۆشەیە گۆڕدرا و تەمەنی ئەم زنجیرە مانگە دەستکردە ئاسمانییانە ٤.٥ ساڵ بوو. نەوەی دووەمی مانگە دەستکردەکانی GPS بە (Block II, Block IIA) ناسراون، تایبەتمەندی ئەم مانگە دەستکردە ئاسمانیانە بریتیبوو لە زیادکردنی زانیاری لە نامەی ڕێنیشاندەردا (Navigation Message) لە مانگی دەستکردی ئاسمانی (Block II) توانای خەزنکردنی داتا و زانیاری ھەبوو بۆ ١٤ ڕۆژ، بەڵام مانگی دەستکردی ئاسمانی (Block IIA)  توانای خەزنکردن و داتا و زانیار بۆ ماوەی ١٨٠ ڕۆژ. لاری خولگەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکانی (Block II , Block IIA) بریتیبوو لە (٥٥)° لە ھێڵی ئیستیواوە، ماوەی تەمەنیان ٧.٥ ساڵ بوو.

گرنگترین مانگە دەستکردە ئاسمانییەکانی GPS

  • OPS 5111: لە ڕێکەوتی ٢٢ - ٢ - ١٩٧٨ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان و لە ڕێکەوتی ١٧ - ٧ - ١٩٨٥ لە کارکەوت.
  • Navastar 7: لە ڕێکەوتی ١٩ - ١٢ - ١٩٨١ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان، بەڵام بەھۆی ھەڵەیەکی تەکنیکی لە ئاسماندا ونبوو.
  • USA 154: لە ڕێکەوتی ١٠ - ١١ - ٢٠٠٠ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان. 
  • USA 213: لە ڕێکەوتی ٢٨ - ٥ - ٢٠١٠ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.
  • USA 232: لە ڕێکەوتی ١٦ - ٧ - ٢٠١١ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.
  • USA 239: لە ڕێکەوتی ٤ - ١٠ - ٢٠١٢ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.
  • USA 242: لە ڕێکەوتی ١٣ - ٥ - ٢٠١٣ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.
  • USA 256: لە ڕێکەوتی ٢ - ٨ - ٢٠١٤ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.
  • USA 265: لە ڕێکەوتی ٣١ - ١٠ - ٢٠١٥ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.
  • USA 266: لە ڕێکەوتی ٥ - ٢ - ٢٠١٦ نێردراوەتە بۆشایی ئاسمان.

خزمەتگوزاری GPS

وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا (DOD) دوو جۆری خزمەتگوزاری GPS پێشکەش دەکات بە بەکارھێنەرانی کە بریتین لە: 
١- Precise Positioning Service (PPS)
ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە کوالیتییەکی بەرزی ھەیە بۆ دۆزینەوەی شوێن و کات لە ڕێگای ناردنی دوو شەپۆل لە مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان دوو جۆری شەپۆل L1 و L2 کۆدی P/Y بەکاردێنێت، بەم جۆرەش تەنھا بەکارھێنەرە ڕێگا پێدراوەکان دەتوانن ئەم خزمەتگوزارییە بەکاربھێنن بە تایبەتی بنکە سەربازییەکان، وردی ئەم سیستمە لە نێوان٢ بۆ ٩ مەترە لە بارودۆخی ئاساییدا.

٢- Standard Positioning Service (SPS)
ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە کوالیتییەکەی نزمترە، چونکە تەنھا یەک شەپۆل بەکاردێنێت کە بریتییە لە L1 کە ئەم شەپۆلە کۆدی C/A بەکاردێنێت و ھەموو کەسێک دەتوانێت سوود لەم خزمەتگوزارییە وەربگرێت، وردی ئەم سیستمە لە نێوان ٥ بۆ ١٠ مەتر دایە لە بارودۆخی ئاساییدا.

چۆن سیگناڵی GPS بەردەستکرا بۆ خەڵکی ئاسایی (مەدەنی - سڤیل)

سەرەتای دەرکەوتن و سەرھەڵدانی GPS تەنھا لە بواری سەربازیدا سوودی لێوەرگیراوە، بەڵام سوود وەرگرتن لە GPS لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە دوای کارەساتێکی مرۆیی دێت، کاتێک فڕۆکەیەکی ھێڵی ئاسمانی کۆری لە جۆری (٠٠٧) لە ساڵی ١٩٨٣ لە یەکێک لە گەشتەکانیدا دەیەوێت لە نیۆڕکەوە بچێت بۆ سیئۆل بە ٢٦٩ سەرنشینەوە کە ٦٢ سەرنشین ئەمریکی بوونە و ١٠٥ سەرنشین کۆری بوونە، جگە لەوەی ٢٤ مناڵی خوار تەمەنی ١٢ ساڵی ھەڵگرتبوو لە ڕێگای ئاڵاسکا، بەڵام بەھۆی ئەوەی ڕێڕەوەی فڕۆکەکە ھەڵەی تێدەکەوێت بەبێ ئاگاداربوونی فڕۆکەوانەکە بەم جۆرەش فڕۆکەکە دەچێتە سنووری ئاسمانی یەکێتی سۆڤیەت.

لەم کاتەشدا یەکێتی سۆڤیەت فڕۆکە کۆرییەکە بە فڕۆکەیەکی سیخوڕی دەزانێت و بێ ئاگا لەوەی ئەم فڕۆکەیە خەڵکی مەدەنی تیایەو ڕێڕەوەکەی ھەڵەی تێکەوتووە، ھەربۆیە فڕۆکەکە دەخەنە خوارەوە، لە ئەنجامدا ھیچ سەرنشینێک بە سەلامەتی دەربازیان نابێت. دەرئەنجام ئەم کارەساتە پشێووی زۆری نایەوە، ھەربۆیە سەرۆکی ئەوکاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (ڕۆلاند ڕەیگان) بڕیاریدا کە GPS بۆ تەواوی خەڵکی ئاسایی بەردەست بکات بەبێ بەرامبەر، ئەم بڕیارەش ڕێگا خۆشکەر بوو بۆ کەرتە گشتییەکان و کەرتە حکوومییەکان.

بۆچی GPS گرنگە؟

لە سەرەتای دەرکەوتنی شۆڕشێکی گەورەی بەرپاکرد لە بوارەکانی (سەربازی Military) و (ڕووپێوی Surveying) و (کەشتیوانی و دەریایی Navigation)، دواتر خەڵکی ئاسایش توانی بەکاریبھێنێت و لە ئێستادا ھەموو کەسێک دەتوانێت لە ڕێگای ئامێرە زیرەکەکان سوودی لێوەربگرێت بەھۆی ئەو پێشکەوتنەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەخۆیەوە بینیووە. لە بواری ڕووپێویدا GPS شوێنی زۆرێک لە تەکنیکەکانی گرتەوە کە پێشتر بەکاردەھێنران، چونکە GPS خەرجی کەمترە و بە ڕێژەی ٥٠٪ تێچووەکان لەم بوارەدا کەمدەکاتەوە بە تایبەتی ئەگەر ڕێبازی (RTK GPS) بەکاربھێنرێت.

لە ڕووی کاتیشەوە بە ڕێژەی ٧٥٪ کاتی تەرخانکراو بۆ ھەر پڕۆژەیەک کەمدەکاتەوە، بە جۆرێک ئەگەر وەرگرتنی داتا لە بوارێکی دیاریکراودا بە ئامێرەکانی تر کاتژمێرێکی بووێت، بە GPS تەنھا ١٥ خولەکی پێویستە بە خەرجییەکی کەمتر و کوالیتییەکی بەرزتر، جگە لەمەش دەتوانرێت لە ڕووبەری ئاویی و وشکانی و ئاسمانی بەکاربھێنرێت لە ژێر کاریگەر ھەر بارودۆخیکی کەش و ھەوا بێت، بە تایبەتی بۆ ئاڕاستەکردن و چاودێریکردنی ئامێرەکانی گواستنەوە و بازرگانی.

بوارەکانی بەکارھێنانی GPS

زیاتر لە چوار دەیەیە کە تەکنەلۆجیای GPS بەردەستکراوە بۆ ھەموو بوارەکانی ژیان مرۆڤ دەتوانێت بە کەمترین کات و تێچوو سوودی لێ ببینێت و جێگای زۆرێک لە تەکنیکەکانی گرتەوە، بە جۆرێک بە دەگمەنی تەکنەلۆجیایەک یاخود بوارێکی ژیان ھەبێت کە GPS تیادا بەکارنەھێنرێت، لە گرنگترین ئەو بوارانە بریتین لە: 

١- بەکارھێنانی GPS بۆ خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان
بەکارھێنانی GPS بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە شارەوانییەکان ئاسنکاری زۆری دروستکردووە، بە جۆرێک کە نەخشە نوێ (Up - To - Data) بەکارھێنانی لەگەڵ GIS وادەکات نەخشەیەکی زۆر ورد بە تێچوو و ماندووبوونێکی کەم بەرھەم بێت، بە تایبەتی بۆ دانانی ماستەر پلانی شارەکان و دابەشبوونی ھێڵەکانی (ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و غاز و ڕێگا و بان) چ ئەوانەی نوێن یاخود ئەوانەی لە کارکەوتوون، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە سیستمی زانیارییە جوگرافییەکان (GIS) وەردەگیردرێت و نەخشەی بنەڕەتی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەی دیجیتاڵی دروستدەکرێت، دواتر لەڕێگای GPS داتا و زانیارییەکان کۆ دەکرێنەوە.

٢- بەکارھێنانی GPS لە بواری ئەندازیاری شارستانیدا
بەھۆی ئەوەی کار و پڕۆژەکانی ئەندازیاری شارستانی لە ژینگەیەکی ئاڵۆز و چڕ و پڕدا ئەنجام دەدرێن، ھەربۆیە ئەنجامدان و بەڕێوەبردنی کار و پڕۆژەکانیان سەخترن، بەڵام بەکارھێنانی GPS داتای و زانیاری تەواو دەدات بەدەستەوە بەم جۆرەش ئەنجامدانی کار و پڕۆژە ئەندازیارییەکان ئاسانتر دەبێت بۆ نموونە لە بواری دروستکردنی ڕێگا و بان GPS لەگەڵ جۆرێک لە پەیوەندی وایەر لێس و کۆمپیوتەر دەبەسترێت لەو ئامێرانەی کە کاری ھەڵکۆڵین و تەختکردنی ڕێگاکان دەکەن، بە جۆرێک دیزاینی ڕووی زەوییەکە بە فۆڕماتێکی دیجیتاڵی دەخرێنە ناو سیستمەکە و دواتر لە ڕێگای بوونی شاشەی کۆمپیوتەرەوە دەتوانرێت بزانرێت کە دیزاینەکە تەواوە یان کەموکورتی ھەیە. بە شێوەیەکی گشتی لە ھەرێمی کوردستان زیاتر ئامێری (Level) بەکاردێت بۆ دروستکردنی ڕێگاکان و کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی بەرزی و نزمی ڕێگاکان، بەڵام GPS زیاتر لە پڕۆژە گەورەکاندا بەکاردێت.

٣- بەکارھێنانی GPS بۆ ڕووپێوی نەخشەکان
دیاریکردنی سنووری نەخشە و خانوو و بینا و زەوییەکان لەسەر نەخشەیەکی ورد و نوێ ئەرکی سەرەکی ڕووپێوییە لە شارەوانییەکان، بۆ دیاریکردنی ئەو پارچە زەویانەش لە ڕابردوودا میتۆدی کلاسیک و سادە بەکارھاتوون بە جۆرێک ئەم میتۆدانە لە مەودایەکی گەورە و فراواندا دووچاری بەربەست بوونەتەوە و نەتوانراوە سوودیان لێ وەربگیردرێت، بەڵام GPS بەسەر ھەموو ئەو بەربەست و گرفتانە زاڵبووە، بە جۆرێک کە دەتوانرێت ھەموو میتۆدەکانی GPS بەکاربھێنرێت بە گوێرەی جۆری پڕۆژەکان، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی میتۆدی (RTK) یەکێکە لە باشترین و گونجاوترین میتۆدەکان، جگە لەمەش دەتوانرێت GPS لەگەڵ ئامێری (Total Station) ببەسترێت بۆ ڕووپێویکردنی ئەو شوێنانەی کە سەختن و دەست گەیشتن پێیان کارێکی ئاسان نییە.

٤- بەکارھێنانی GPS لە بوای نەخشەسازیدا بە بەکارھێنانی فڕۆکە
بە شێوەیەکی گشتی لە ڕابردوودا وێنەگرتنی شوێنە گەورە و سەختەکان لە ڕێگای بەکارھێنانی فڕۆکە و تەکنیکە کلاسیکییەکانی وەکوو Photogrammetry بووە، بنچینەی ئەم ڕێبازەش بۆ دروستکردنی نەخشە کامێرایەکی تایبەت بە فڕۆکەیەکەوە دەبەسترا و لە ماوەیەکی دیاریکراودا وێنەی ئەو شوێنەی مەبەست بووە بە دەست دەھێنرا و دواتر بڕیار دەدرا کە نەخشەکە چۆن دروستبکرێت، بەڵام لە ئێستادا لە ڕێگای GPS دەتوانرێت زۆر بە ئاسانی شوێنی کۆردینەیتی فڕۆکە و کامێرای وێنەگرتنەکە دیاریبکرێت لەگەڵ کاتی گرتنی وێنەکە، بەیەکەوە بەستنەوەی GPS لەگەڵ IMU دەتوانرێت ئاڕاستە و ڕووگەی وێنەکانیش بزانرێت.

لە تەکنەلۆجیا پێشکەوتووەکانی ئێستادا داتای سێنسەرەکان بە شێوەیەکی دیجیتاڵی بەردەست دەکرێن بە کات و تێچوویەکی کەمتر بە بەکارھێنانی (Remte Sensing, LIDAR) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ سوود لە جیۆڕیفرێنسکردنی ڕاستەوخۆ وەردەگرن لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی سیستمی LIDAR پێوانەکردنی بەرزی دیاردەکان و کۆکردنەوەی داتای و زانیاری دیارەدەکان لە شەوان و کەش و ھەوای سەخت وەکوو بوونی ھەور و بای بەھێز و توانای تێپەڕبوونی بە نێو ناوچە چڕ و دارستانەکانیش ھەیە.

٥- بەکارھێنانی GPS بۆ پێوانەکردنی نەخشەی قوڵایی ژێر دەریاکان
بۆ ئەوەی کەشتییەکان پارێزراوبن لە ڕووداوە سروشتییەکان پێویستیان بە نەخشەی بەرزی و نزمی ژێر دەریاکان دەبێت، بۆ خۆپاراستن و دوورکەوتنەوە لەو شوێنانەی کە مەترسی بەرکەوتنی کەشتییەکان بە ژێر ئاوەکانەوە ھەیە. بۆ ئەم مەبەستەش سوود لە ئامێری پێوانەی قوڵی دەیاریەک - تیشکی ھەیە کە ناسراوە بە (Signal - Beam Echo Sounder) ئەم ئامێرە لە بەشی ژێرەوەی کەشتییەکان جێگیر دەکرێت لە ڕێگای (Echo Sounder) شەپۆلی دەنگی دەنێرێتە ژێر دەریاوە، دوای بەرکەوتنی شەپۆلەکە بە بنکی ئاوەکە دەگەڕێتەوە Echo Sounder، قوڵی ئاوەکە بە پشت بەستن بە چوون و دانەوەی شەپۆلەکە دەپێورێت لەگەڵ خێرایی شەپۆلەکە لە ئاودا، بەکارھێنانی ئەم جۆرە ڕێبازە لە ڕابردوودا زۆر گونجاو نەبووە.

چونکە کات و تێچووی زۆری پێویستبووە و نەخشەیەی تەواوی ناوچەکە نادات بە دەستەوە و ھەموو شوێنەکانیش پێوانە ناکات، بەڵام لە ئێستادا لەگەڵ سەرھەڵدانی تەکنەلۆجیای نوێ نەخشەی بەرزی و نزمی ژێر دەریاکان بە ئاسانترین شێوە بە دەست دەھێنرێت لە ڕێگای بەکارھێنانی فرە شەپۆلەکان (Multibeam Echo Sounder) لەگەڵ ھەردوو سیستمی GPS و INS بەیەکەوە دەبەسترێن بەم جۆرەش دەتوانرێت (١٥٠)° پێوانەی قوڵی ئاوەکە بکات لەگەڵ دیاریکردنی ڕاستەی کەشتییەکە بە کات و تێچوویەکی کەمتر و کوالیتییەکی بەرزتر.

٦- بەکارھێنانی GPS لە بواری چالاکی کشتوکاڵی
لە ئێستا دا GPS ھاوشانی ھەریەک لە تەکنیکەکانی (GIS و RS) بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و سەردەمیانە بەکاردەھێنرێت، بە جۆرێک کە (Differencial GPS) کۆردینەیت لە دە سانتیمەتر بۆ مەترێک بەدەست دەکات، ئەمەش سوودی لێ وەردەگیردرێت بۆ زانینی جۆری خاک و کۆنتڕۆڵکردنی و پەینکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان جگە لە چاودێریکردن و بەڕێوەبردنیان، جگە لەمانەش یەکێکی تر لە سوودە گرنگەکانی GPS لە بواری کشتوکاڵیدا ڕێنیشاندەرە بۆ فڕۆکە پڕژێنەرەکان (Sprayer) کە لە بواری کشتوکاڵیدا بەکاردەھێنرێن بە دوو جۆرە یان ئاو پڕژێنکردنی بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان و پڕژاندنی ماددە کیمیاییەکان لە ڕێگەی فڕۆکەی تایبەتەوە.

کێشەی سەرەکیش لە پڕژاندا بریتییە لەو ڕێژە دیاریکراوە کە دەبێت بپڕژێنرێت، بە جۆرێک ئەگەر شوێنێک کەمتر یان زیاتر پڕژاندنی بکرێت بە زیانی بەرووبوونە کشتوکاڵییەکان دەشکێتەوە، بەڵام بەکارھێنانی GPS لە ئێستادا کارەکەی زۆر ئاسانکردووە لە ڕێگای فڕۆکەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ڕێڕەوەکە دیاریدەکرێت ئاڕاستە دەکرێت لە ڕێگای پڕۆگرامێکی تایبەتەوە کە بەستراوەتەوە بە GPS و ڕێژەی پێویست لە ئاو یان ماددە کیمیاییەکان دەپڕژێنرێتە بەرووبوومە کشتوکاڵییەکان بە کات و تێچوو و ماندووبوونێکی کەمتر.

٧- بەکارهێنانی GPS بۆ دارستان و کارەساتە سروشتییەکان

لە ئێستادا ڕوودانی کارەساتە سروشتییەکان (ئاگر کەوتنەوە) لە دارستانە بەناوبانگەکانی جیھان لە حاڵەتەوە بووە بە دیارەدە، بۆ ئەم مەبەستەش GPS یەکێکە لە گرنگترین ئەو سیستمە پێشکەوتووانەی کە بە کلیلی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەزانرێت و پشتی پێ دەبەسترێت لە ڕێگای زانینی زانیاری ورد لەسەر دووری ڕووداوی ئاگر کەوتنەوەکان و ڕووبەری سووتاو یان (گڕ گرتوو) و چۆنییەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، جگە لەم بوارش دیاریکردنی جۆری مێروولە مەترسیدارەکان لە دارستانەکان و دروێنەکردن کە پشتر سوود لە (Aerial Photography) وەردەگیردرا، ئەم ڕێگایەش زۆر ورد نەبوو، بەڵام لە ئێستادا سوود لە (Differential GPS) وەردەگیردرێت و دەتوانرێت داتاکان زۆر بە وردی و دەما و دەست Real - Time بەدەستبھێنرێن.

٨- بەکارھێنانی GPS بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی سروشتییەکان
گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی پێویستی بە بوونی نەخشەی جیۆلۆجی ژێر زەوی ھەیە کە ئەم پڕۆسەیە پێی دەگوترێت (Seismic Surveying) کە شەپۆلی دەنگی لەرەلەری نزم دەنێرێتە چینە بەردینەکانی ژێر زەوی لە ڕێگای ئامێری تایبەتی لەرزاندن (Vibrator) کە بەستراوەتەوە بە ئامێرێکی ھەڵکۆڵین، دوای ناردنی شەپۆلە دەنگییەکە لەڕێگای لەرینەوە ئەو شەپۆلە گەڕاوانە تۆماردەکرێن لە ڕێگای (Geophones) دواتر بە گوێرەی بەھێزی شەپۆلە دراوەکان و ھەڵکۆڵین دەزانرێت چ جۆرە ماددە و کانزایەک لە چینەکانی ژێرەوەی زەوی بوونی ھەیە،  ھەمان تەکنیک بەکاردەھێنرێت بۆ گەڕان بەدوای کانزاکان و سەرچاوە سروشتییەکان لە بنکی دەریا و زەریاکاندا، بەڵام شەپۆلە نێردراوەکان پێیان دەگوترێت (Shock Wave) وە ئەو ئامێرەی شەپۆلە دراوەکان وەردەگرێت و تۆماریدەکات پێی دەگوترێت (Hydrophones)، بێگومان ئەنجامدانی ئەم کارە بەبێ GPS کارێکی زۆر ئەستەمە و قوڕسە بێت.

٩- بەکارھێنانی GPS لە بواری سەربازی
ھەر لە سەرەتای سەرھەڵدانی ئەم تەکنیکە لە بواری سەربازی سوودی لێ وەرگیردراوە، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆجیا ئەم تەکنیکە زیاتر خزمەتی ئەو بوارەی کردووە، چ بۆ دۆزینەوەی ئامانجەکان بێت یان بۆ ھێرشکردن یان بۆ بەرگریکردن بێت بە تایبەتی بۆ زانینی ماوەی دووری نێوان ھێڵی بەرگریکردن و ھێرشبردن و دەستنیشانکردنی ئامانجەکان بێت کە کارئاسانی زۆر گەورەی بۆ دەزگا ھەواڵگرییەکانی جیھان دروستکردووە. جگە لە ھەموو ئەم بوارانە تەکنیکی GPS لە چەندین بواری تر بەکاردێت وەکوو (پیشەسازی و بازرگانی و گواستنەوە و چاودێیکردن).


سەرچاوەکان



22 بینین