زانیارییە دیجیتاڵییەکان

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-08-12-19:22:00 - کۆدی بابەت: 14004
زانیارییە دیجیتاڵییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانیارییە دیجیتاڵییەکان یان زانیارییە ئەلکتڕۆنییەکان (بە عەرەبی: المعلومات الرقمية، بە ئینگلیزی: Digital Information). بریتییە لە گۆڕینی داتا و زانیاری لە کاری دەستی و کاغەزەوە بۆ سیستمە کۆمپیوتەرییەکان لە ڕێگای بەکارھێنانی پڕۆگرامە جۆراوجۆرەکان. زانیاری دیجیتاڵی لە ئێستادا زۆربەی ئامێرەکانی وەرگرتن و کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان وەکوو (مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان و فڕۆکە و ئامێرەکانی سەر ڕووی زەوی) بە شێوەی دیجیتاڵی زانیارییەکان کۆدەکەنەوە لە ڕێگای بەکارھێنانی شەپۆلی کارۆموگناتیسی دواتر دەیگۆڕن بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی پاشان بە فۆڕماتی دیجیتاڵی زانیارییەکان پڕۆسێس دەکرێن و ھەڵدەگیردرێن.

فۆڕماتی ھەڵگرتنی زانیارییەکان

کاتێک وێنەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان یاخود وێنەی فڕۆکەیەک دادەبەزێنین زۆر گرنگە کە بزانین فۆڕماتی ئەو وێنەیە چ جۆرە فۆڕماتێکە، چونکە جۆری فۆڕماتە دەسنیشانی دەکات کە ئایە ئەو وێنەیە ئامادەیە بۆ کارکردن لەسەری یان نا. بۆ نموونە کاتێک وێنەی مانگی دەستکردی (Landsat) یان مانگی دەستکردی ئاسمانی (Sentinel) دادەبەزێنین گرنگە بزانین چ جۆرە فۆڕماتێک ھەڵدەبژێرین کە بگونجێت لەگەڵ کار و پڕۆژەکانمان بۆ ئەوەی کاتی کەمتری بووێت بۆ پڕۆسێسکردنی. لە گرنگرین فۆڕماتە جیاوازەکانی ھەڵگرتنی زانیارییەکان بریتین لە: 

١- فۆڕماتی Geo TIFF
لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم فۆڕماتە ئەوەیە کە وردە بۆیە قەبارەکەی گەورەیە و ئەگەر بمانەوێت کار لەسەر وێنەیەک بکەین و شیکردنەوی بۆ بکەین لە ڕێگای بەکارھێنانی تەکنیکەکانی (GIS) و (Remote Sensing) ئەوا پێویستمان بەم فۆڕماتە دەبێت، چونکە وردترین فۆڕماتە کە خۆی وێنەکەی جیۆریفرێنسکراوە و پێویستی بەوە نییە بیخەینە سەر شوێنی ڕاستەقینەی خۆی.

٢- فۆڕماتی BIL and BSQ
ئەم فۆڕماتە بەکاردێت بۆ پڕۆسێسکردنی داتای خاو یان ئاڵوگۆڕکردنی داتا لە نێوان سۆفتوێرەکان کە فۆڕماتی کلاسیکین، ئەم فۆڕماتە ناتوانرێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەکاربێت بۆ شیکردنەوەی داتاکان، چونکە جیۆڕیفرێنس نەکراوە.

٣- فۆڕماتی JPEG
ئەم فۆڕماتە بەھۆی ئەوەی داتاکانی پەستێوراون بۆ ئەوەی قەبارەی داتاکان بچووک ببێتەوە بۆیە کواڵیتی وێنەکان دابەزیوە، ئەم فۆڕماتە بۆ شیکردنەوە و دەرھێنانی داتا و زانیاری سوودی نییە، چونکە جیۆریفرێنس نەکراوە. کەواتە بۆ تۆمارکردن و شیکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لە ڕێگای تەکنیکەکانی (GIS و RS) واباشترە فۆڕماتی (Geo TIFF) بەکاربێت وە بۆ پڕۆسێسکردن و ئاڵوگۆڕکردنی داتاکان لە نێوان سۆفتوێرەکان واباشترە فۆڕماتی (BIL and BSQ) بەکاربێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەرھەمی شیکردنەوەی داتاکان بۆ کەسێک بنێرین و وەکوو وێنە یان لە ڕێگای داتاشۆ پیشان بدرێت یان پرێنت بکرێت وابشترە پشت ببەسترێت بە فۆڕماتی (JPEG)، بەڵام ئەم فۆڕماتە ھەنێک لە کواڵیتی وێنەکە کەم دەکاتەوە بەھۆی بچووکردنەوەی قەبارەی وێنەکە.

تایبەتمەندییەکانی وێنە دیجیتاڵییەکان: 

بۆ ناساندنی وێنە دیجیتاڵییەکان چوار جۆری جیاواز ھەن، کە ھەریەکێکیان تایبەتمەندی تایبەت بەخۆی ھەیە، لە گرنگترینیان بریتین لە: 

١- Spatial Resolution: ئەم تایبەتمەندییە پێکدێت لەوەی ئایە ئەم وێنەیە چەند زانیارییەکان پیشاندەدات کە چاوی مرۆڤ دەیبینێت، بۆ نموونە کە سەیری وێنەکە دەکەیت ورد ترین شت چییە کە بەچاو دەیبینیت ئەم وردیەش بریتییە لە ڕووبەری پیکسڵەکە (Instantaneous Field of View) بە جۆرێک ھەتا پیکسڵەکە بچووکتربێت بابەتی وردتر دیاریدەکات لەسەر ڕووی زەوی. بۆ ئەم مەبەستەش وردی ئەم تایبەتمەندییە پۆلێندەکرێت بەسەر چەند جۆرێک کە بریتین لە: 

  • وردی زۆر بەرز Very High Resoultion: بەو ئامێرانە تۆماردەکرێت کە وردی وێنەکانیان کەمترە لە (١ مەتر) بە وردی زۆر بەرز ناودەبرێن، بۆ نموونە وێنەگرتنی فڕۆکە و مانگە دەستکردەکان وردی زۆر بەرزیان ھەیە وەکوو (Geoeye , Worldview) بەکارھێنانی ئەم ڕێگایانە وادەکات کە وردی زۆر بەرز بەدەست بھێنرێت.
  • وردی بەرز High Resolution: بەو ئامێرانەی وردی پیکسڵەکانیان لە نێوان (١ بۆ ١٠) مەترە دەگوترێت وردی بەرز، زۆرێک لە مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان ئەم جۆرە بەکاردێنن وەکوو (IKONOS , Quickbird) وێنە ئەم مانگە دەستکردانەش لە زۆر بوار بەکاردێن وەکوو بواری پلانسازی شارەکان و چالاکییە کشتوکاڵییەکان و چاودێریکردنی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان.
  • وردی ناوەند Medium Resolution: بەو ئامێرانە دەگوترێت کە وردی پیکسڵەکانیان لە نێوان (١٠ بۆ ١٠٠) مەترە زۆرێک لەو مانگە دەستکردانە وێنەکانیان بێ بەرامبەرە بەتایبەتی مانگی دەستکردی (Landsat و Sentinel 1 - 2) وێنەی ئەم مانگە دەستکردانە لە زۆر بواردا بەکاردێن وەکوو جیاکردنەوەی جۆرەکانی ڕووی زەوی و بەکارھێنانی زەوی لە بوارە جیاوازەکان.
  • ئاستی نزم Low Resolution: بەو ئامێرانە دەگوترێت کە وردی پیکسڵەکانیان (لە سەرووی ١٠٠ مەترە) نموونە وەکوو مانگی دەستکردی (GOES و MODIS) وێنەی ئەم جۆرە مانگە دەستکردانە بۆ وێنە زۆر گەورەی ئاستی نێودەوڵەتی بەکاردێن وەکوو چاودێریکردنی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و گۆڕانکارییە کەش و ھەواییەکان.

٢- Spectral Resolution: ئەم تایبەتمەندییە لە زانیارییە دیجیتاڵییەکان توانای خودی ئامێری ھەستەوەرەکە دیاریدەکات کە چەند ھەست بە شەپۆلەکان دەکات لە درێژی شەپۆلی جیاوازدا، ئەم وردیە زۆر گرنگە بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکان.

٣- Temporal Resolution: ئەم جۆرە وردییە بریتییە لە دووبارەبوونەوەی کۆکردنەوەی زانیاری لە ھەمان شوێن یان (Frequency) بۆ نموونە کاتێک لە ڕێگای یەکێک لە مانگە دەستکردەکانەوە وێنەی شاری ھەولێر دەگرین، ئایە چەند کاتی پێدەچێت تاکوو ھەمان ئەو مانگە دەستکردە بە دەوری زەویدا دەخولێتەوە دێتەوە ھەمان شوێن بۆ ئەوەی وێنەی شاری ھەولێر بگرێت، ئەم کردارەش پێی دەگوترێت (Temporal Resolution) کە گرنگی زۆری ھەیە بۆ چاودێریکردنی گەشەی ڕووەک و کشتوکاڵ و چاودێریکردنی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و بەکارھێنانی خاک و چەندین بواری تر.

ئەم تایبەتمەندییەش بەپێی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان دەگۆڕێت، بە جۆرێک ھەندێکیان وردی بەرزیان ھەیە بەڵام (Temporal Resolution) یان کەمە، واتە بە کاتێکی کەمتر دەگەڕێنەوە ھەمان شوێن بۆ وێنەگرتنی شوێنەکە، مانگی دەستکردی ئاسمانی ھەیە ڕۆژانە وێنەی ئەو شوێنەی مەبەستە تۆماریدەکات یاخود لە ماوەی چەند ڕۆژێک جارێک وێنەی شوێنی مەبەست تۆمار دەکات، بەڵام ھەیانە ھەفتەیەک یان مانگێکی پێدەچێت، تاکوو وێنەی شوێنی مەبەست تۆماردەکات.

بۆ نموونە مانگی دەستکردی ئاسمانی (MODIS) ڕۆژانە وێنەی ئەو شوێنە تۆمار دەکات کە پیایدا تێپەڕدەبێت و وردییەکی بەرزی ھەیە، بەڵام لاندساتی ئەمریکی کاتێکی زۆری پێویستە تاکوو دێتەوە ھەمان شوێن کە ماوەکەی ١٦ ڕۆژە، بەڵام سوودی زۆری ھەیە بۆ چاودێریکردنی گۆڕانکارییە وەرزییەکان و گۆڕانکارییە درێژخایەنەکان و گۆڕانکارییە ژینگەییەکان و ڕووبەرە گەورەکان.

٤- Radiometric Resolution: بە شێوەیەکی گشتی ئەم جۆرە وردییە دیاریدەکات کە بریتییە لە ژمارەی بیتەکانی بەکارھاتوو لەلایەن سێنسەرەوە بۆ تۆمارکردنی زانیارییەکان، بۆ نموونە ھەستەوەرێکی ٨ بیتی دەتوانێت ٢٥٦ ئاستی ڕووناکی جیاواز پیشانبدات، بەڵام ھەستەوەرێکی ١٦ بیتی دەتوانێت ٦٥,٥٣٦ ئاستی ڕووناکی جیاواز پیشانبدات.

تێکھەڵکێشی وێنەکان Image Fusion

بریتییە لە تێکەڵکردنی زانیارییەکانی ناو وێنەیەک بۆ ناو وێنەی دووەم، بە مەبەستی دەستکەوتنی زانیاری وردتر تایبەتمەندی زیاتر لەسەر بابەتەکە و کەمکردنەوەی ژمارەی وێنەکان، لێرەدا ئامانجی سەرەکی لە تێکھەڵکێشی وێنەکان تەنھا کەمکردنەوەی ژمارەی وێنەکان نییە، بەڵکوو ئامانجی سەرەکی بریتییە لە دروستکردنی وێنەی گونجاو کە بتوانرێت شیبکرێنەوە و زانیاریان تیادا دەربھێنرێت. لە تەکنیکی ھەستکردن لە دوورەوە (Remote Sensing) دوو جۆری جیاوازی وێنە ھەن کە بریتین لە: 

١- وێنەی (Panchromatic) کە بە بەرزترین کواڵیتی بەردەست دەکرێت لەلاین مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان.
٢- وێنەی (Multispectral) وردیەکەی کەمترە لە وێنەی (Panchromatic)، زۆر جار چوار ھێندە وردیەکەی کەمترە، بۆیە دەتوانێت لە ڕێگای تەکنیکی (Image Fusion) وێنەی (Panchromatic) لەگەڵ وێنەی (Multispectral) بەیەکەوە تێکھەڵکێش بکرێن بەم جۆرەش وێنەیەکی نوێ بەرھەمدێت کە تایبەتمەندی وردی پانچڕۆماتیکی ھەیە و ھەم مەڵتیسپێکچڕاڵەکەش چەندین باندی جیاواز لە خۆدەگرێت.

گرنگترین جۆرەکانی تێکھەڵکێشی وێنەکان

  • Sensor Fusion: بریتییە لە تێکھەڵکێشکردنی داتای ھەمان شوێن کە لە ڕێگای ئامێرە جیاوازەکانەوە تۆمارکراوە، بۆ ئەوەی زانیارییەکی وردتر و جیاوازتر لەسەر شوێنەکە بدەن بەدەستەوە، بۆنموونە تێکھەڵکێشی داتای (Radar , Lidar , Optical).
  • Temporal Fusion: بریتییە لە تێکھەڵکێشکردنی وێنەی ھەمان ئامێر یان مانگی دەستکرد، بەڵام داتاکە لە دوو کاتی جیاوازدا کۆکرابێتەوە  بۆ دۆزینەوەی گۆڕانکارییەکان و شیکردنەوەی جیاواز.
  • Spatial Fusion: بریتییە لە تێکھەڵکێشکردنی دوو وێنەی جیاواز کە وردی جیاوازیان ھەیە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی وردی یەکێک لەو وێنانەی کە وردییەکەی کەمترە و بگات بە ئاستی ئەو وێنەیەی کە وردیەکەی بەرزە.
  • Spectral Fusion: بریتییە لە تێکھەڵکێشکردنی باندەکانی چەند وێنەیەک کە بە باندی جیاواز وێنەیان تۆمارکراوە بۆ کۆکردنەوەیان لە یەک وێنەدا.

پۆلێنکردنی وێنەکان (Image Classification)

پۆلێنکردنی وێنەکان بریتییە لە جیاکردنەوە و بەشبەشکردنی پیکسڵەکانی ناو وێنەیەک بۆ بابەتی جیاواز و ناولێنانیان بەپێی تایبەتمەندی پیکسڵەکە، دوای پۆلێنکردنی وێنەکان دەکرێت بە ڕەنگی جیاواز پۆلێنەکان جیابکرێنەوە و ناویان لەسەر بنووسرێت، بۆ نموونە کاتێک مانگێکی دەستکردی ئاسمانی وێنەی ڕووی زەوی دەگرێت نازانین کامە ڕووبەری ئاوە و کامە ڕووبەری سەوزاییە و کامە یەکەکانی نیشتەجێبوونە، بۆ ئەم مەبەستەش ھەڵدەستین بە ئەنجامدانی کرداری (Image Classification) واتە پیکسڵەکانی وێنەکە پۆلێندەکەین ئایە ھەر پیکسڵێک سەر بە چ بابەتێکە، بەم ڕێگایەش دەتوانریت بە کاتێکی کەم و تێچوویەکی کەم وێنەکە دەستنیشانبکرێت و شیبکرێتەوە کە لەچی پێکھاتووە، جگە لەم تایبەتمەندییەش دەتوانرێت بە ھەمان ڕێگا وێنەکە بەراوردبکرێت کە چەند ڕووبەری ئەو شارە بەبیابانبووە یان ڕووبەری سەوزایی چەند کەمی کردووە یان زیادیکردووە.

تەکنیکەکانی پۆلێنکردنی وێنەکان

١- Supervised Classification
ئەم جۆرە پۆلێنکردنە بریتییە لە بەشبەشکردنی پیکسڵەکانی وێنەکە بە پشت بەستن بە چەند پیکسڵێکی ناو وێنەکە، واتە لەم جۆرە پۆلێنکردنە سەرەتا چەند دانە پیکسڵێک پۆلێندەکرێن دواتر لەسەر بنەمای ئەم پیکسڵانە ھەموو پیکسڵەکانی تر پۆلێندەککرێن، بۆ نموونە وێنەی مانگێکی دەستکردی ئاسمانی بەردەستکراوە چەند پۆینتێکی ئاو دەستنیشاندەکەین لەسەری دەنووسینی ڕووبەری ئاو، پاشان چەند پۆینتێک لە ڕووبەری نیشتەجێبوون دیاریدەکەین و لەسەری دەنووسین ڕووبەری نیشتەجێبوون بۆ پۆینتەکانی تریش بە ھەمان شێوە. لەم جۆرە پۆلێنکردنە زیاتر پشت دەبەسترێت بە ڕەنگی وێنەکە و جۆری دیاردەکان و سێ پۆلێنی جیاواز بوونی ھەیە لەم پۆلێنکردنە کە بریتین لە: 

  • Support Vector Machine (SVM)
  • Maximum Likelihood Classification
  • Random Forest

٢- Unsupervised Classification
ئەم جۆرە پۆلێنکردنە پشت بە ھیچ داتایەکی پێشوەختە نابەستێت کە پێیەوە بەند بێت، بەڵکوو پیکسڵەکان بەپێی نزیکیان پۆلێندەکات بۆسەر چەند بەشێکی جیاواز، پاشان کە جیاکرانەوە پێویستە بەکارھێنەر خۆی لەسەریان بنووسێت بەپێی ئەزموونی خۆی دیاریانبکات و جیایان بکاتەوە. لەم جۆرە پۆلێنکردنە زیاتر پشت بە ژمارە و خشتە دەبەسترێت و توێژەر کاری لەسەر دەکات، لە گرنگترین ڕێبازەکانی ئەم پۆلێنە بریتین لە: 

  • K - Means Clustering
  • Hierarchical Clustering
  • Principal Component Analysis

تێکەھەڵکێشی باندەکان (Band Combination)

بۆ ئەوەی وێنەیەک پولێنبکرێت زۆر گرنگە باندی گونجاو بەکاربھێنرێت بۆ پیشاندانی وێنەکە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە وێنەکە پیشانبدرێت، بۆ نموونە وێنەی مانگی دەستکردی سێنتیناڵ و لاندسات ڕیزبەندی جیاوازیان ھەیە لە پیشاندانی وێنەکان، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ناوی باندەکان و ژمارەی باندەکان بە وردی بزانین کە باندی سوور ژمارە چەندە و باندی ژێر سوور ژمارە چەندە.

بە شێوەیەکی گشتی لە پڕۆگرامی (Arc Gis Pro) یان (ENVI) یان ھەر پڕۆگرامێکی تر وێنەکان دەکرێت دروستبکرێن بە تێکەڵکردنی سێ باند، بەڵام بۆ ئەوەی ڕەنگێکی سروشتی پیشانبدات کە چاوی مرۆڤ هەستی  پێبکات پێویستە باندی (سوور و سەوز و شین) بەکاربێن و بەڕیزبەندی باندەکان دابنرێن بۆ ئەوەی وێنەکە بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەوێت.

بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت وێنەکانی مانگی دەستکردی لاندساتی ٨ بەکاربھێنین بۆ ئەوەی لە وێنەکەدا ئەو شوێنانەی کە ڕووبەری ئاون بە ڕوونتری پیشانبدرێن پێویستە باندەکانی (٥ و ٦ و ٤) بە ڕیزبەندی بەکاربێنین، بەڵام ئەگەر بمانەوێت وێنەی شوێنە کشتوکاڵییەکان بە شێوەیەکی ڕوون لە وێنەکان پیشانبدەین ئەوکات پێویستە باندەکانی (٦ و ٥ و ٢) بەکاربێنین. لە مانگی دەستکردی لاندسات چەند جۆرێک لە تێکھەڵکێشی باندەکان ھەیە بۆ ئەوەی وێنەی دیاریکراو بە جۆری خوازراو پیشانبدرێت، گرنگترینیان بریتین لە: 

١ - Natural Color
بریتییە لە پیشاندانی وێنەیەک بە بەکارھێنانی سێ باند بە جۆرێک وێنەکە بەو جۆرە دەربکەوێت کە چاوی مرۆڤ بە شێوەی سروشتی دیاردەکانی نێو وێنەکە ببینێت، بۆ نموونە لە مانگی دەستکردی (Landsat 8 و Sentinel 2) بۆ دەستکەوتنی وێنەیەکی سروشتی پێویستی بە (باندی ٤ سوور و باندی٣ باندی سەوز و باندی٢ باندی شین) ھەیە بۆ ئەوەی ھەریەک لە ڕووبەرەکانی ئاو و خاک و نیشتەجێبوون و سەوزایی بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەون. لە (Landsat 8) بەم جۆرە دیاردەکانی نێو وێنەکە پیشاندەدات: 

  • ڕووبەری ئاو بە ڕەنگی شینی تاریک
  • ڕووبەری سەوزایی بە ڕەنگی سەوز
  • خاکی ئاسایی بە ڕەنگی قاوەیی
  • ھەور بە ڕەنگی سپی 
  • ناوچەی نیشتەجێبوون بە ڕەنگی ڕەساسی یان سپی.

٢- False Color
بریتییە لە تێکھەڵکێشکردنی باندەکانی دەرەوەی باندە سروشتییەکان بۆ ئەوەی وێنەیەک دەستبکەوێت کە چاوی مرۆڤ بە شێوەیەکی ئاسایی دیاردەکانی نێو وێنەکە نەبینێت، ئەم کردارەش زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی توێژەران ڕووکارە سروشتی و ژینگەییەکانی نێو وێنەکە بدۆزنەوە. بۆ نموونە بەکارھێنانی وێنەکانی مانگی دەستکردی (Landsat 8)، ئەگەر بمانەوێت وێنەیەک دروستبکەین کە زۆر بە ڕوونی ڕووبەری سەوزایی لە ڕووکارەکانی تری وێنەکە جیابکەینەوە ئەوا پێویستمان بە بەکارھێنانی (باندی ٥ نزیک ژێر سوور و باندی ٤ سوور و باندی ٣ سەوز) دەبێت، بەم ڕێگایەش ڕووبەری سەوزایی لە وێنەکە بە ڕەنگی سوور دەردەکەوێت و ڕووکارەکانی تریش بە ڕەنگی سووری کاڵ یان لێڵ دەردەکەون.


سەرچاوەکان



55 بینین