باکووری کوردستان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-22-13:44:00 - کۆدی بابەت: 6670
باکووری کوردستان

ناوه‌ڕۆك

باکوور

باکووری کوردستان یان کوردستانی تورکیا (بە کرمانجی: Bakurê Kurdistanê)، ناوێکی نافەرمییە بۆ بەشی دابڕاوی باکووری کوردستانی گەورە و گەورەترین بەشی خاکی کوردانە، لەدوای پەیماننامەی سیڤەر و ڕێککەوتن و ئەنجامدانی پەیماننامەی لۆزان ناوچەکە خراوەتە سەر تورکیا و ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٠ ملیۆن کەس زیاترە، ئەم پارچە دابڕاوەش وەک پارچەکانی دیکە زمانی کوردی و نووسین و چالاکی کوردانەی لێ قەدەغە کرابوو بۆ ماوەیەکی زۆر، لەدوای حوکمی ئەتاتورکەکانەوە کوردانی باکووری کوردستان تووشی ڕاوەدوونان و شوێنکەوتن و هەڕەشەی لەناوچوون بوونەوە و چەندین شۆڕشیان لەو ماوەیەدا دژی دەسەڵاتی ئەوکاتی تورکیا کە پێشتر چەندین بەڵێنی پێدابوون و بەجێی نەگەیاندن هەڵگیرساند، وەک شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شێخ ڕەزای دەرسیم و کوردەکانی ئامەد و ئاگری داخ.

باکووری کوردستان لەگەڵ هەریەک لە هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئێران (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) و ڕۆژئاوای کوردستان دراوسێیە.

مێژوو

حیزبی تەعالی و تەرەقی کورد

لە سەدەکانی ناوەڕاست ناوچەکە لە ژێر دەستی میرنشینە کوردییەکان بوو و لە سەدەکانی ١٠ و ١١ میرنشینی مەڕوانی حوکمی ناوچەکەی دەکرد، لە سەدەی ١٣ـیش میرنشینی هەکاری لە ناوچەکانی هەرێمی جۆلەمێرگ و شاری وان دەسەڵاتدار بووە، لە سەردەمی عەباسییەکان میرنشینی بەدلیسیش دەسەڵاتداری کردووە کە بنەماڵەی بەدرخانییەکان بەرێوەیان بردووە و تاوەکوو دواتر دەسەڵاتی عوسمانییەکان هاتە نێو کوردستان و کردیە بەشێک لە دەوڵەتی عوسمانی.

بەپێی نووسراوەکانی ساڵی ١٥٢٧ دەسەڵاتە بەهێزەکانی ناوچەکانی باکوور بە ویلایەتی کوردستان نووسراون و خاوەنی دەسەڵاتداری کورد بوون و بەڕێوبردنی خۆییان هەبووە لە ژێر دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانی، بەڵام ئەوانەی دەسەڵاتیان لاواز بووە لەگەڵ ناوچەکانی دیکە تێکەڵکراون و کراون بە یەک سەنجاک یان سنجق.

بەپێی کتێبی یاسا کە لەلایەن ئەولیا چەلەبی باسکراوە دوو یەکەی ئیداری جیاواز هەبووە لە چاو سنجقەکانی دیکە، کە یەکەی سنجقی کوردەکان کە دەسەڵاتی ئەرستۆکراتی پشتاوپشتیان هەبووە، لەگەڵ یەکەی حکومەتی کوردی، سنجقی کوردان دەبوایە باج بدەن و سەرباز بنێرن بۆ سەربازی بەڵام حکومەتە کوردییەکان پێویستی نەدەکرد باج  و سەرباز بدەن بە دەسەڵاتی عوسمانی و عوسمانییەکان کاریان بەسەریانەوە نەبووە، لە کۆتایی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا دەسەڵاتی کوردەکان سەربەخۆ بوون و جیابوونەوە.  

بەپێی توێژینەوەکانی ساڵانی ١٨٧٨ کوردەکان بە زۆری لە ناوچەکانی ئەرزێڕۆم و قارس و ڕۆژهەڵات و باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵدابوون، بەدرێژایی مێژوو کوردەکان تووشی کارەسات و کوشتن و داگیرکردن بوونەتەوە، کوردانی باکوور لەدوای ساڵی ١٩٢٣ و دروستبوونی کۆماری تورکیا بە دەستی ناسیۆنالیزمەکانی تورکیا چەندین کارەساتیان تووشبووە، هەریەک لە کپکردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و کوشتارگەی دێرسیم و زیلان و کپکردنی شۆرشی ئاگری داخ بە بۆمباران و گەمارۆدان لە بەرپەرچدانەوەکانی کەمالییەکان بوون بۆ کوردەکان.

لەو ماوەیەشدا خاوەنی چەندین کەسایەتی گەورە بووە لە بواری نەتەوایەتی و ئایینی کە سەعید نوورسی یەکێکە لە دیارترینیان.

کوردانی باکوور هەتاوەکوو ساڵی ١٩٩١ بە تورکی چیاکان ناودەبران و بوونی کورد دانی پێدانەدەنرا، هەریەک لە وشەکانی کورد و کوردستانیش لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە قەدەغە کرابوو بە هەر زمانێک بێت، لەدوای شۆڕشەکانی ساڵی ١٩٨٠ـەوە زمانی کوردی لە شەقامەکانیش قەدەغەکرا و زۆرێک لەو کەسانەی بە کوردی قسەیان کرد و گۆرانییان وت لەو ماوەیەدا دەستگیرکران، خوێندن بە کوردی لە تورکیا ڕێگەپێنەدراوە و تەنیا وەک وانەیەک لە چەند ناوچەیەک ڕێگەپێدراوە.

لە ساڵانی نەوەدەکان هەزاران کوردی باکوور کۆچیان بۆ شارەکانی ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر کرد و بە شێوەیەک کە کوردانی ئەستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٩٥ گەیشتبوونە ٢ ملیۆن کەس، بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کوردەکانی ئەستەنبووڵ لە ساڵی ١٩٩٨ ژمارەیان ٣ ملیۆن کەس بووە، و بە پێی ڕاپۆرتەکانی سەرژمێری %٣٥ـی دانیشتوانی شارە تورکییەکان کوردەکانی باکوورن.

کوردی باکوور لە سەردەمی ئەتاتورک

سەرکوتکردنی ڕاپەرینی یەکەمی کۆچگیری (١٩٢٠ - ١٩٢١)

پاش ئەوەی هۆزەکانی کوردانی عەلەوی، لە ناوچەکانی سەر بە کۆچگیری لە باکوری خۆرئاوای باکوری کوردستان، کەوتنە خۆ ئامادە کردن بە دەست پێکردنی ڕاپەرینێک، لە دژی ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکی (حکومەتی ئەنکەرا)، ئەوە بوو سەرەتا شۆڕشگیرانی کوردانی عەلەوی سەرەتا سەرکەوتنی بەرچاویان بە دەست هێنا، بەڵام دواتر هێزەکانی سەر بە بزووتنەوەی کەمالییەکان، توانیان، لە ڕێکەوتی ١٩٢١/٥/٢٤بە تەواوی کۆتایی بهێنن بەو ڕاپەرینە، کە بە پێی بەڵگە فەرەمییەکان بێت، نزیکەیی (١١٣) شەهید و (١٥٩) دیل لە کوردانی عەلەویی هەبوو، و هەروەها ژمارەیەک سەرکردە و (٢١٧) چەکداری هەڵاوتووی کورد دەستگیر کران، ئەوە بێجگە لەو دەیان هەزار هاوڵاتی کوردانی عەلەویی کۆمەڵکۆژکران، و هەروەها فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ (١٧) لە سەرکردەکانی ڕاپەرینەکە دەرچوو، و لە کۆی (٤٠٠) چەکداری دەستگیراو تەنها (١١٠) چەکداریان بێتاوان دەرچوون، و ئەوانیش بۆ خۆرئاوای تورکیا دوورخرانەوە.

سەرکوتکردنی شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران (١٩٢٥)

شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران

لە پاش ئەوەی ڕاپەرینی یەکەمی کۆچگیری لە باکوری خۆرئاوای باکوری کوردستان سەرکوت کرا، ئەوە بوو دۆخی باکووری کوردستان بە گشتی، و ناوچەی کۆچگیری بە تایبەتی ئاڵۆز بوو و ناجێگیر بوو، و دەوڵەتی تورکیا کەوتبووە زۆڵم و زۆرداری کردن و دوورخستنەوەی کوردان لە ناوچەکانی خۆیان بەرەو خۆرئاوای تورکیا، بەوەش دۆخی باکوری کوردستان لە جاران زیاتر ئاڵۆز و ترسناکتر بوو، و ئەوەش لە وای لە شۆڕشگیرانی کورد خۆیان کۆ بکەنەوە و بڕیاردرا، لە ڕێکەوتی ١٩٢٥/٣/٢١ شۆڕش بە سەرکردایەتی شێخ سه‌عیدی پیران دەست پێ بکات، بەڵام هێزێکی تورک هێرشی کردە سەر شۆڕشگیران، بەوەش شۆڕشی کوردان لە وادەی دیاری خۆی دەستی پێکرد، کە ئەوەش لە ڕێکەوتی ١٩٢٥/٢/٨ بوو، و شۆڕشگران سەرەتا توانیان سەرکەوتن بە دەست بهێنن، بەڵام دواتر شۆڕشگیران لە بەرامبەر بە هێزی مەشق کراوی هێزی تورکیا شکستی هێنا، و ‌‌ئه‌وه‌بوو هێزە شۆڕشگیرەکان ته‌نها دۆڵی (داڕه‌خان) ی گوندی پیرانیان به ‌ده‌سته‌وه‌ مابوو کە دوا قەڵای بەرگری بەرگرییان بوو، کە بووە ‌دوا داستانی شۆڕشگیران به‌ سه‌رکردایه‌تی شێخ سه‌عیدی پیران، له ‌ئه‌نجامدا شۆڕشگیران شکستیان هێنا، و شێخ سه‌عیدی پیران و د. فوئاد به ‌دیل گیران، له ‌دادگایی کردنی ڕووکه‌شی بڕیاری له ‌سێداره‌دان بۆ شێخ سه‌عیدی پیران و د. فوئاد و چل و حه‌وت که‌س له‌ هاوڕێیانیان ده‌رچوو، کە ‌له ‌ماوه‌ی (2.30) کاتژمێر و نیو بڕیاره‌که‌‌  جێ به‌جێ کرا له ‌ڕێکه‌وتی ١٩٢٥/٦/٢٩ له ‌شاری ئامه‌د، و هەروەها لە ئەنجامی سەرکوتکارەکەی سوپای کۆماری تورکیا بە دەیان هەزار کەسی بێتاوان کۆمەڵکۆژ کران و دەیان هەزار کەسی تری کوردان ڕاگواستران بەرەو خۆرئاوای تورکیا.

سەرکوتکردنی جوڵانەوەی کۆچ ئوشاغی (١٩٢٦)

ئەم جوڵانەوەیە، لە پاش ئەوەی شۆڕشەکەی شێخ سەعیدی پیران سەرکوت کرا، لە سنووری پارێزگای خارپێت (ئەلازیگ)ـی باکوری کوردستان لە لایەن چەند هۆزەێکی کوردانی عەلەوی دەستی پێکرد، و سەرەتا توانیان سەرکەوتن بە دەست بهێنن، و بەڵام بە هۆی ناردنی هێزی زیاتری تورک بۆ سەرکوت کردنی جوڵانەوەکە، و لە ڕێکەوتی ١٩٢٦/٩/١٩ هێزەکانی سوپای تورکیا بە فەرماندەیی حەیدەر پاشا بەرەو پارێزگای خارپێت دەستیان کرد بە جموجۆڵی سەربازی، و لە ڕێکەوتی ١٩٢٦/١٠/٦ هێزەکانی سوپای تورک هێرشیان کردە سەر چەکدارانی هۆزە بەشداربووەکانی جوڵانەوەکە، و هێرشەکە تاوەکو ڕێکەوتی ١٩٢٦/١٠/٨ بەردەوام بوو، و دواتر گفتوگۆ دەستی پێکرد، بەڵام ئەو گفتوگۆیانە بێ ئەنجام بوو و لە ڕێکەوتی ١٩٢٦/١٠/١٦ شەڕ دەستی پێکردووە هەتاوەکوو ١١/٣٠ و  هێزەکانی تورکیا سەرکەوتنیان بە دەستهێنا، بەوەش جوڵانەوەی کۆچ ئوشاغی شکستی هێنا، و خەڵکێکی کورد لەو هێرشانەدا کۆژران، و دووبارە دۆخێکی ترسناک ڕووی لە ناوچەکانی کوردانی عەلەوی کرد، و کەوتنە ڕاگواستنیان لە شوێنەکانی خۆیان بۆ ناوچەکانی تر خۆرئاوای تورکیا.

سەرکوت کردنی شۆڕشی ئاگری داغ (کۆماری ئارارات) (١٩٢٧ - ١٩٣٢)

شۆڕشی ئاگری داغ

لە پاش سەرکوت کردنی شێخ سه‌عیدی پیران، و تورکەکان کەوتنە گیانی کوردان، و خەڵکی زۆریان ڕاگواست بۆ ناوچەکانی تری تورکیا، و خەڵکێکی زۆر لە سەرکردە و شۆڕشگیر ئاوارەی باشور و خۆرئاوای کوردستان بوون، و هەروەها سه‌رکرده ‌و ڕۆشنبیران و شۆڕشگیران و سه‌رۆک هۆزه ‌نیشتمانپه‌ره‌وه‌ره‌کانی کوردی باکوری کوردستان، له ‌مانگی(ئابی ساڵی 1927)، له ‌هاوینه‌هه‌واری بحه‌مدون له ‌وڵاتی لوبنان کۆبوونه‌وه ‌ کۆنگره‌ی پارتی خۆیبوون دامەزرا، کە پارتی ‌خۆیبوون له ‌ئه‌نجامی یه‌کگرتنی چه‌ند ڕێکخراوه‌یه‌کی کوردی باکوری کوردستان پێکهات، که‌ ئه‌مانه‌ بوون (ڕێکخراوی ته‌عالی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی ڕێکخراوه ‌کوردییه ‌کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، لێژنه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد، کۆمه‌ڵه‌ی پێشکه‌وتن) ، کە لەو کۆنگره‌یهدا‌ پارتی خۆیبوون  بڕیاری دووباره‌ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش له ‌ناوچه‌ی ئارارات، له‌ باکوری کوردستان درا، ژه‌نه‌ڕاڵ ئیحسان نووری پاشا کرایه ‌سه‌رکرده‌ی هێزه ‌چه‌کداره‌کانی شۆڕشی ئارارات، که ‌ئه‌وه‌ بوو هێزه ‌شۆڕشگیره‌کانی کورد له ‌باکوری کوردستان ڕوویان کرده،‌ ناوچه‌ی ئارارات و ده‌ستیان کرد به‌ خۆ ڕێکخستن و مه‌شقی سه‌ربازی.
له‌ ڕێکەوتی ١٩٢٧/١٠/٢٨ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، و دامه‌زراندنی کۆماری ئارارات ڕاگه‌ێنرا، و ژه‌نه‌ڕاڵ ئیسحان نووری پاشا کرایه‌ سه‌رۆک کۆماری ئارارات ‌و ئیبراهیم هه‌سکی (ئیبراهیم پاشا) سه‌رۆک هۆزی جه‌لالی کرایە جێگیری، و ‌لادێی کورداڤا کرایه‌ پایته‌ختی کۆمار له ‌پارێزگا‌ی ئاگرێ، و هەروەها شۆڕشگیران به‌ سه‌رکردایه‌تی ژه‌نه‌ڕاڵ ئیسحان نووری پاشا، توانیان چه‌ندان سه‌رکه‌وتنیان به‌ سه‌ر هێزه‌کانی تورک به‌ ده‌ست هێنا توانییان ، ناوچه‌کانی (وان، بیلیس، موش، ئیگدیر، قارس) ڕزگار بکه‌ن، بەڵام دواتر تورکەکان هێزێکی زۆریان ڕەوانەی ئەو ناوچانە کرد، و توانیان هاوکێشەی سەربازی لە بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن ، ئەوەش بە هاوکاری و پشتیوانی هێزەکانی سوپای شانشینی ئێران بوو، تا ئەوە بوو سەرئەنجام لە ڕێکەوتی ١٩٣٢/٩/١٧ کۆتایی بەو کۆمارە کوردستانییە هات، و جارێکی تر بە دەیان هەزار کەسی کورد کۆمەڵکۆژ کران لە لایەن سوپای کۆماری تورکیا.

سەرکوت کردنی جموجۆڵی پلومەر (١٩٣٠)

لەو کاتەدا هێزەکانی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ هێزە شۆڕشگیرانی شۆڕشی ئاگری داغ (کۆماری ئارارات) سەرقاڵی شەڕ کردن بوو، ئەوە بوو کوردانی عەلەوی ئەو دەرفەتەیان بە هەڵزانی و خۆیان دووبارە ڕێکخستەوەم ، و هۆزە چەکدارەکانی کوردانی عەلەویی لە سنووری پارێزگای ئەرزەڕووم و ئەرزەنگان (ئەرزنجان) و دێرسیم هێرش و پەڵاماری بنکە سەربازییەکانی سوپای تورکەکان دەدا، و لە ڕێکەوتی ١٩٣٠/١٠/٢٦ هێزەکانی سوپای تورکیا دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی دژی چەکدارانی هۆزە بەشدار بووەکانی جموجۆڵی پلومەر، و لە ڕێکەوتی ١٩٣٠/١١/٧ ژەنەڕاڵ عومەر خالیس پاشا کرایە فەرماندەیی هێرشەکانی هێزەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هۆزە چەکدارە بەشدار بووەکان، و لە ڕێکەوتی ١٩٣٠/١١/١٢شەڕێکی گەورە لە نێوان هۆزە چەکدارە بەشدار بووەکان و هێزەکانی سوپای تورکیا، و هێزە تورکییەکان سەرکەوتن، و بەڵام نوری دێرسیمی یەکێک لە سەرکردە کوردەکانی جموجۆڵی پلومەری کوردانی عەلەوی، لە بیرەوەییەکانی دا دەڵێت، هێزەکانی تورک لە شاڵاوەکاندا شکستیان هێنا، و دواتر ناچار بوون لە ناوچەکە بکشێنەوە، و دواتر جموجۆڵی پلومەر کۆتایی پێهات.

سەرکوت کردنی ڕاپەرینی دووەمی کۆچگیری (دێرسیم) (١٩٣٦-١٩٣٨)

لە پاش ئەوەی هێزەکانی تورکیا، توانیان کۆتایی بە شۆڕشی ئاگری داغ (کۆماری ئارارات) بهێنن، دۆخێکی نالەبار و ترسناک باکوری کوردستانی گرتووە، و جارێکی تر کەوتنە ڕاگواستنی کوردان بەرەو ناوچەکانی خۆرئاوای تورکیا، و ئەوە بوو کوردانی عەلەوی بە سەرکردایەتی سەید ڕەزا دێرسیمی، دەستیان کرد بە ڕاپەرین لە سنووری پارێزگای دێرسیم و پارێزگای ئەرزەڕووم و پارێزگای خارپێت، و ئەوە بوو هێزەکانی تورکیا بە دوو قۆناغ بەڕەنگاری شۆڕشگیتران بوونەوە، کە قۆناغی یەکەم لە ڕێکەوتی ١٩٣٧/٣/٣٠ دەستی پێ کرد، و تاوەکو ڕێکەوتی ١٩٣٧/١١/١٠ بەردەوام بوو، کە لەو ڕێکەوتدا فەرمانی لە سێدارە دان بۆ سەید ڕەزا دێرسیمی دەرچوو، و لە ڕێکەوتی ١٩٣٧/٩/٥ سەید ڕەزا دێرسیمی و هاوڕێیانی لە سێدارە دران، و هەروەها عیسمه‌ت ئینۆنۆی سەرۆک وەزیرانی ئەو دەمەی تورکیا لە بەردەم ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیا ڕایگەیاند کە:(کێشەی دێرسیم کۆتایی پێهات، و دەستمان کردووە بە چاکسازیە کاریگەرییەکان و پارێزگای دێرسیم بە شێوەیەکی باش ڕێکدەخەین).

پاش ئەوەی قۆناغی دووەم دەستی پێ کرد، لە ڕێکەوتی ١٩٣٨/١/٢ تاوەکو ڕێکەوتی ١٩٣٨/١٠/٣٠ بەردەوام بوو، کە لە سەر زاری وەزیری ناوخۆی تورکیا، کە لە بەردەم ئەنجوومەنی گەورەی نیشتمانی تورکیا ڕایگەیاند کە:( لە ئەمڕۆوە کێشەی کورد کۆتایی پێهات، و کوردە دڕەندەکان بە زەبری بۆمب بە شارستانی کران)، کە لە سەروبەندەدا مستەفا کەمال ئەتا تورک سەرۆک کۆماری تورکیا لە وەڵامی بروسکەێکی فەوزی چەخماقی سەرۆک ئەرکانی سوپا نوسیوتی:(سوپای بە توانا و  باڵادەستمان وەکو هەمیشە جێگای بڕوای میللەتە، مانۆڕە پڕ شانازییەکەی سوپا کارێکی گەورەیە، تەلەگرافی سەرکەوتنەکانم پێگەیشت پڕ بە دڵ سوپاسگوزاری سوپا دەکەم).

کە لە ئەنجامی هەر دوو قۆناغەکەدا نزیکەی (10.000) بۆ (13.360) شۆڕشگیر شەهید کران، و نزیکەی (40) هەزار بۆ (80) هەزار هاوڵاتی کورد کۆمەڵکوژ کران، و نزیکەی (11.818) کەس لە ناوچەکەدا ڕاگواستران بۆ خۆرئاوای تورکیا، و و جارێکی تر کۆچ پێکردنی کوردان دەستی پێکردووە کە بە جۆرێک بوو نەدەبوو، ژمارە و ڕێژەی کورد لە هیچ ناوچەیەکی خۆرئاوای تورکیا لە (5%) ی دانیشتوان تێپەڕ بکات.

بەستنی په‌یماننامه‌ی سه‌عیدئاباد (١٩٣٧)

پەیماننامەی سەعید ئاباد، لە ڕێکەوتی ١٩٣٧/٧/٨ لە کۆشکی سەعید ئاباد لە شاری تارانی پایتەختی شانشینی ئێران، له ‌نێوان وەزیرانی دەرەوەی  شانشینی عێراق بە نوێنەرایەتی شا غازی شای شانشینی عێراق، و وەزیری دەرەوەی بە نوێنەرایەتی شا ڕەزا پەهلەوی شای شانشینی ئێران، و وەزیری دەرەوەی تورکیا بە نوێنەرایەتی مستەفا کەمال سەرۆک کۆماری تورکیا، و وەزیری دەرەوەی شانشینی ئه‌فغانستان بە نوێنەرایەتی شا محەمەد زاهیر شای شانشینی ئەفغانستان واژۆ کرا، کە ئەو پەیماننامەیە بۆ ئەوە بوو کە بتوانن برە هەر هەموو دژی هەر شۆڕشێک ببنەوە بە گشتی و شۆڕش و ڕاپەرینەکانی کورد  بە تایبەتی کە لە دژی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەرپا دەکران.

جوگرافیا

باکووری کوردستان دەکەوێتە باکووری هەرێمی کوردستان و عێراق و گەورەترین پارچەی دابڕاوی کوردانە، چەندین دەریاچە و ڕووباری تێدایە و چیاکانی بەرزییان دەگاتە زیاتر لە ٣٧٠٠ مەتر کە بەشێک لە چیاکانی تۆرۆس پێکدێنن، کەشوهەوایەکی کیشوەری هەیە و هاوینی گەرم و فێنک و زستانی زۆر ساردە.

هەریەک لە ڕووباری فوڕات و دیجلە لە باکووری کوردستانەوە هەڵدەقوڵێن و فوڕات بە درێژی ١١١٠ کم بەناو کوردستاندا دەڕوات و دیجلەیش ٨٤٧ کیلۆمەتری لە کوردستاندایە، هەروەها خاوەنی دەریاچەی وانە کە ڕووبەرەکەی ٣,٧٦٥ کیلۆمەتری دووجایە ١٠٠ مەتر قووڵە، ناوچەیەکی زۆر بەپیتە و بەرهەمی کشتوکاڵی و ئاژەڵی زۆری لێیە و ناوچەیەکی زۆری دەشتاییش لەخۆی دەگرێت، خەڵکی زیاتر بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵەوە خەریکن و ئابووری ناوچەکە دابین دەکات.

بەهۆی جەنگی پارتەکانی کوردانی باکوور و سوپای تورکیا هەزاران گوند خاپوور بوون و ئێستا چۆڵکراون و خەڵکیش بە ڕێژەیەکی زۆر لە گوندەکان نامێننەوە بەهۆی باری ئاسایشەوە و شاری ئامەد زۆرترین کورد لە خۆی دەگرێت و ناوچەکانی دیکە بەهۆی شەڕەوە چۆڵبوونیان پێوەدیارە.

دانیشتوان

دانیشتوانی باکووری کوردستان گەورەترین دانیشتوانی کورد لەخۆدەگرێت و زیاتر لە ٢٠ ملیۆن کەسی تێدایە کە زۆرینەیان موسوڵمانن.

خوێندن

خوێندن بە کوردی ساڵانێکی زۆر قەدەغەبوو، لە ساڵی ٢٠١٤ حکوومەتی نوێی تورکیا خوێندنی بە کوردی بە هەڵبژاردە دایە خوێندنگاکانی حکوومەت لە ناوچەکە، دواتریش هەندێک خوێندنگای ئەهلی کرانەوە بەڵام زۆری نەبرد کە داخران.

بەرەی نوێی جەنگ لەگەڵ تورکیا

حیزبەکانی باکوور

لە ساڵی ١٩٧٨ـەوە پارتی کرێکارانی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئۆجەلان بە چالاکترین پارتی داخوازیکاری مافی کورد دادەنرێت لە باکوور، لە ساڵی ١٩٨٤ـەوە لەگەڵ تورکیا چووەتە جەنگەوە و چەندین جار پێکەوە ئاگربەستیان ڕاگەیاندووە، سەرەتا داوای سەربەخۆییان کردووە و دواتریش مافی ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی، بەڵام لەلایەن تورکیاوە ڕەتکراوەتەوە بۆیە جەنگی نێوانیان بەردەوامە.

شارەکان

باکووری کوردستان لە ٢٥ شاری گەورە پێکهاتووە و هەریەک لە ئامەد و وان و دێرسیم و مووش و بەدلیس لە بەناوبانگترین شارەکانی باکوورن، شارەکان بریتین لە:

  1. ئامەد
  2. ئاگری
  3. وان
  4. جۆلەمێرگ
  5. شڕناخ
  6. مێردین
  7. مامەکی
  8. سەمسوور
  9. سێرت
  10. بەدلیس
  11. مووش
  12. ئەرزنگان
  13. چەولیگ
  14. ڕحا
  15. ئەنتاکیا
  16. مەرعەش
  17. ڕەشقەلاس
  18. قەرس
  19. ئەرزیڕۆم
  20. سێواس
  21. مەلەتی
  22. ئەردێخان
  23. ئێلح
  24. دیلۆک
  25. خارپێت

هۆزەکانی باکوور

مووما

ھۆزێکی کوردی کوردستانی باکوورە. نزیکەی ٦٠٠ خێزان دەبن و لە ناوچەی سەرووی خۆرئاوای جەزیرەدا نیشتەجێ بوون.

میران

ھۆزێکی کوردی کوردستانی باکوورە، لە دەوروبەری قەزای جەزیرەدا دەژین و کۆچەرین و لە هاویندا لە بەرزاییەکانی وان نیشتەجێ دەبن و لە ١٠ تیرە پێکهاتوون و ٢٠٠٠ خێزان دەبن.

میللی

ھۆزێکی گەورەی کوردی کوردستانی باکوورە. لە دێر زەمانەوە لە کوردستانی باکووردا نیشتەجێ بوون، بە تایبەتی لە دەوروبەری شاری ئۆرفەو نسیبین و دیاربەکر. ژمارەیان ٢٥ ھەزار خێزان دەبن بە زمانی کرمانجی ژورو قسە دەکەن. یەکێتی ئەم ھۆزە، لە ٤٨ تیرەو خێڵ پێکھاتوە، و بوون بە سێ بەشەوە (١) میللی، (٢) زیلان، (٣) بابا کوردی ئەم سێ بەشە لە کۆن زەمانەوە ناکۆکیان لە بەینا بووە. مە ڵبەندە کەیان شاری (ڤیران) ـە؛ و بە ناوبانگترین سەرۆکیان ئیبراھیم پاشای میللییە، کە حکوومەتی عوسمانی زۆر جار ھێرشیان کردووەتە سەریان. ئەم ھۆزانە لە کاتی کوشتاری ئەرمەنە کاندا.. زۆریان یارمەتی ئەرمەنییەکان داوە، وپاراستویانن و لە کوشتن ڕزگاریان کردون.

سینا میللی

خێڵێکی کوردی کوردستانی باکوورە. نزیکەی ٢٠٠٠ خێزان دەبن. لە سەدەی چواردەھەم لە ناوچەی نزیک خەرپوتەوە دەژیان. ھەواری ئێستایان، کە لە ٤٨ گونددا دەژین، لە ناوچەی بازار چیک لە خۆر ھەڵاتی مەر عشەوەیە. ھەموویان مسوڵمانن و مەزھەبی شیعەن. بە کرمانجی ژوروو قسە دەکەن. زۆربەیان گەرمیان و کوێستان دەکەن، و ئەوانی تریان بە کشتوکاڵەوە خەریکن.


سەرچاوەکان



3141 بینین