سووریا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-11-17:20:00 - کۆدی بابەت: 6252
سووریا

ناوه‌ڕۆك

سوریە

سوریا یان سوریە، (بە عەرەبی: الجُمهُورِيّةُ العَرَبِيّةُ السُورِيّةُ)، یەکێکە لە وڵاتە عەرەبییەکان و وڵاتێکی کۆماری ناوەندییە و لە ١٤ پارێزگا پێکهاتووە و پایتەختەکەی شاری دیمەشقە، بەشێک لە کوردستانی گەورە دەکەوێتە باکووری ئەو وڵاتە کە بە خۆرئاوای کوردستان دەناسرێت، سوریا دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕۆژئاوای ئاسیا، لە باکوورەوە لەگەڵ تورکیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ عێراق و لە باشوورەوە لەگەڵ ئوردن هاوسنوورە، لە ڕۆژئاواشەوە لەگەڵ هەریەک لە لوبنان و فەڵەستین (ئیسرائیل) و دەریای سپی ناوەڕاست هاوسنوورە، ڕووبەری وڵاتەکە ١٨٥,١٨٠ کیلۆمەتری دووجایە، و کەشوهەواکەی گەرم و نیمچە فێنکە.

بەرزترین لوتکە جەبەل شیخ
نزمترین شوێن دەریاچەی طبریا -٢١٤ مەتر
ڕووبەر ١٨٥ هەزار کیلۆمەتری دووجا
ڕێژەی ئاو ٠,٨٤%
پایتەخت دیمەشق
زمانی فەرمی عەرەبی
جۆری حووکم کۆماری نیمچە سەرۆکایەتی
سەرۆکی وڵات بەشار ئەسەد
سەرۆک وەزیران حسین عەرنوس
بەرواری سەربەخۆیی ١٧/٤/١٩٤٦
دراو لیرەی سوری
ڕێڕەوی ڕۆشتن ڕاست
ژمارەی نێودەوڵەتی تەلەفۆن ٩٦٣+

لەگەڵ عێراقدا پێکەوە کۆنترین ناوچەکانی زەوی پێکدەهێنن کە چەندین شارستانییان لەخۆگرتووە، سوریای ئێستا بۆماوەی وڵاتانی شامە کە لە مێژوودا پێگەیەکی زۆری هەبووە و جێگای چەندین میرنشین و دەوڵەت بووە و پێیشی وتراوە هیلالی بەپیت بەهۆی بەپیتی و بوونی سەرچاوەی ئاوی و کشتوکاڵی لە ناوچەکە.

لەگەڵ دەستپێکی سەدەی یانزەیەم زمان و کلتووری خەڵکی ناوچەکە گۆڕاوە بۆ عەرەبی و پێشووتر بەشێک بووە لە ئیمپڕاتۆریەتی سلۆقییەکان، دواتریش بێزەنتییەکان تا ئەوکاتەی فەتح کراوە لە نێوان ٦٣٣ بۆ ٦٤٠ـی زایینی، دواتریش بووە بە شوێنی سەرەکی دەوڵەتی ئومەوییەکان، لەدوای ئەوانیش سەردەمی عەباسییەکان و عوسمانییەکانی بینیووە هەتاوەکوو جەنگی جیهانی یەکەم، ساڵی ١٩٢٠ سوریا سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند بەڵام فەڕەنسا دژی وەستایەوە و تاوەکوو ساڵی ١٩٤٦ سەربەخۆ نەبوو، لە ساڵی ١٩٦٣ـەوە حیزبی بەعسی سۆسیالیستی هاتە سەر حووکم و هەتاوەکوو ئەمڕۆ فەرمانڕەوای وڵاتەکەیە، ساڵی ٢٠١١ و لەگەڵ دەستپێکی بەهاری عەرەبی وڵاتەکە تووشی جەنگێکی خوێناوی ناوخۆ بوویەوە و بووە یەکێک لە گەورەترین جەنگە ناوخۆییەکانی سەردەمی نوێی جیهان، لە ساڵی ٢٠١٢ـش حووکمڕانی وڵاتەکە گۆڕا بۆ حووکمی کۆماری سەرۆکایەتی.

خەڵکی سوریا دانیشتوانێکی مامناوەندن لە ڕووی ئاستی ژیانەوە و سوریا خاوەنی چەندین هۆز و تیرە و نەتەوە و ئایینە و %٦٣ـی وڵاتەکە عەرەبن، ڕێژەی دانیشتوانی وڵاتەکە بەهۆی جەنگەوە ناجێگیرە و بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، لە ساڵی ٢٠٢١ نزیک بووە لە ١٨ ملیۆن کەس، کە پێشووتر لە ٢٠١١ دانیشتوانی وڵاتەکە ٢١ ملیۆن کەس بوون.

%١٢ـی وڵاتەکە عەرەبی عەلەوین و %٩ـی لە کوردەکان پێکدێن کە خاوەنی کەمترین ماف بوون لەنێویاندا.

وڵاتەکە خاوەنی ئابوورییەکی بێهێزە و هەتاوەکوو ساڵی ٢٠٠٠ ئابووریەکی زۆر لاوازی هەبوو، پشتی بە کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و سامانە سروشتییەکان دەبەست، بەڵام ئێستا گۆڕانکاری بەسەر هەموو ئەوانە هاتووە.

سوریا دوای ساڵی ١٩٦٣

لە ڕۆژی ٨ـی مارسی ساڵی ١٩٦٣ کۆمەڵێک چەکداری سوپا لە حیزبی بەعس کودەتایەکی سەربازییان ئەنجامدا و هاتنە سەر حووکم، بەهۆیەوە زۆرێک لە سیاسیەکان هەڵهاتن، بەهۆی باڵباڵێن لەنێو حیزبیش دوو کودەتای دیکە ڕوویاندا لە ١٩٦٦ و ١٩٧٠ کە دووەمیان بووە هۆی هاتنە سەر حووکمی وەزیری بەرگری (حافز ئەسەد) و حیزبی بەعسی وەک تاکە حیزبی وڵات دانا.

لەدوای ئەو لە ساڵی ٢٠٠٠ کوڕەکەی (بەشار ئەسەد) هاتە سەر حووکم و هەمان سیاسەتی باوکی بۆ دەستگرتن بەسەر وڵاتدا بەکارهێنا، هەرچەندە وڵات کەمێک بووژایەوە بەڵام جیاوازییەکان ئەوەندە نەبوون.

بەهۆی ئەمانەشەوە ساڵی ٢٠١١ خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستی پێکرد لە سەرانسەری سوریا، بۆ وەستاندنی خۆپیشاندانەکان سوپای سوریا و هێزە چەکدارەکانی بەشار ئەسەد هێرشیان کردە سەر خەڵکی مەدەنی و بە فیشەک و گاز و تەقینەوە وەڵامیان دانەوە، هەر بۆیە خەڵکی دەستیان کرد بە دروستکردنی هێزی چەکداری و سوپای ئازادیخوازی سوریا دروستبوو کە لە سەرباز و خەڵکی مەدەنی دیکە پێکهاتبوو دژی حکوومەتی بەشار ئەسەد، جەنگ لە نێوان هەردوولا دەستی پێکرد و گەیشتە نێو شارەکان، جەنگیش لە چەکی دەستییەوە تەشەنەی کرد بۆ بەکارهێنانی تانک و فڕۆکە و بۆمباران و تەقاندنەوەی بەرمیلی بۆمبڕێژکراو.

لەوکاتەوە زیاتر لە ٢١٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە لە نێوانیان دەیان هەزار منداڵ و ژن هەن.

جەنگی ناوخۆی سووریا

جوگرافیا

سوریا زۆرترین سنووری لەگەڵ تورکیا هەیە لە باکوورەوە و هەریەک لە عێراق و ئیسرائیل و لوبنان و ئوردن و دەریای سپی ناوەڕاست چواردەوری وڵاتەکەیان داوە، ڕووبەرەکەی ١٨٥,٠٠٠ کیلۆمەتری دووجایە و بەشی کوردستانی ٣١ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، و سوریا هەریەک لە بەرزاییەکانی جۆلانی گڕکانی و دەشتی حەورانی بەپیت و شاخی عەرەبی بەردی ئاگرینی لەخۆ دەگرێت.

خاوەنی کەشوهەوایەکی مامناوەند و نیمچە گەرمە و کەشوهەواکەی لە بەهار و پاییز مامناوەندە و لە زستان باراناوی و ساردە و هاوینی گەرم و وشکە.

ڕۆژئاوای کوردستان

لە دوای جەنگی ناوخۆ و ساڵی ٢٠١٢ـەوە زۆرینەی بەشی ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر دەستی شەڕڤانانی یەپەگەدایە، لە ساڵی ٢٠١٣ حکوومەتێکی خۆجێییان لەگەڵ عەرەب و ئاشوورییە مەسیحییەکان و سریانییەکان دروستکرد و ناوی لێنا: (ڕێڤەبەرییا خۆسەریێ دێمۆکڕاتیکا ڕۆژئاڤاێ کوردستان) و لە سێ کانتۆن پێکدێت، کە هەریەک لە کۆبانێ و عەفرین و جەزیرەن.

ڕۆژاڤا

ئەدەب

لە ڕووی هونەرەوە سوریا خاوەنی بەشێکی زۆر لە هونەری نووسراو بیستراو و بینراوی وڵاتانی عەرەبی بووە، هەریەک لە بوحتوری و ئەبی تەمام و موتەنەبی سیانەی کۆنی سورین، هەروەها لە سەردەمی نوێدا هەریەک لە نزار قەبانی و ئەدۆنیس و محەمەد ماغوت و حەنا مینە و زەکەریا تامر.

هەروەها خاوەنی فاڕابی و ئەبی عەلای مەعری بووە.


سەرچاوەکان



1834 بینین