فارابی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-01-01-22:22:00 - کۆدی بابەت: 1025
فارابی

ناوه‌ڕۆك

فارابی ٨٧٢-٩٥٠ ز

ئەبوونەسر محەمەد فارابی، گەورە بیرمەند و فەیلەسووفی دنیای ئیسلام. لە سەرتاسەری گێتیدا بە پیتۆڵ نێوی دەرکردووە، وەلێ خۆ ئەو تەنێ کاری لە فەلسەفەدا نەکردووە، چەندان کتێبیشی لە بواری : گەردونناسی، لۆژیک، ئەندازیاری، مۆسیقا داناون.
فارابی لای ئەبوبیشری مەتای بەغدادی لۆژیکی خوێندووە، دواتر بۆ خوێندن ڕوو لە (حیران) دەکات و لای (یوحنا) ی کوڕی (حەیلان) ی مەسیحی فێری: وشەسازی، بیرکاری، ڕستەسازی، لۆژیک دەبێت. دواتر دەگەڕێتەوە و بەغدا و هەموو کتێبەکانی ئەرستۆ بە دەرس دەخوێنێت. دوای ئەوەی خوێندنی زانستەکان لە بەغدا تەواو دەکات، دەچێتە حەلەب و پەیوەندی بە دارودەستەی (سەیفولدەولەی حەمدانی) ـیەوە دەکات، ڕێزێکی تایبەتی لێ دەنێن.
فارابی جگە لە زمانی عەرەبی، زمانی یۆنانی و زۆرینەی زمانەکانی خۆرهەڵاتی کە ئەو دەم باوبوون زانیون.
لە هێندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە کراوە، کە فارابی زۆر زمانی بیانیی زانیون، تا هێندێک وەک ئەفسانەیان باسکردووە، گوایە بە حەفتا زمانی بیانی قسەی کردووە. ئاشکرایە لە دوای ئەرستۆ بە مامۆستای دووەم نێوزەند کراوە.
فارابی حەزی بە تەنیایی و گۆشەگیری کردووە، تەنیا لە نێو سەوزایی و کانی و جۆباران لەگەڵ خەڵک دانیشتووە، کتێبی نووسیون و ڕاماوە. وەک گەورەترین فەیلەسووفی عەرەب لە قەڵەم دەدرێت، کە شارەزایی لە چەندان زانست و هونەری جۆربەجۆردا هەبووە.
لە زانستی ماتماتیک و نوژداری و قووڵبووەتەوە، لە مۆسیقا شارەزایێکی وردی هەبووە.

کتێبەکانی فارابی

فارابی کتێبگەلێکی زۆری نووسیون، بە گوێرەی فارابیناسەکان زیاتر لە سەد کتێب دەبن. دیارترین کتێبەکانی: (أراء أهل المدینة الفاضلة)، (احصاء العلوم)، (وما ینبغي ان یقدم قبل تعلم الفلسفة)، (کتاب الموسیقی الکبیر)، (الإحصاء في الإیقاع)... بەڵام زۆرینەی کتێبەکانی فەوتاون.
فارابی بەدەر لە نووسین ئامێرێکی موزیکی داهێناوە، کە لە شێوەی (ئالەتی قانوون) بووە، بەشێک لە مێژوونووسان دەڵین فارابی خۆی (ئالەتی قانوون)ـی موزیکیی داهێناوە، نەک ئامرازێکی لە شێوەی ئەو بەشێکی دیکە دەڵێن: بیرۆکەکەی لە فارسەکان وەرگرتووە، بەڵام پەرەی پێداوە و فراوانی کردووە.
بە هەرحاڵ، فارابی بە یەکێک لەو بلیمەتانی جیهان دادەنرێت، کە بە هۆی بیر و فەلسەفە و زانستەکەیەوە، توانی گۆڕانکاریی بەسەر هەموو جیهاندا بێنێت.

پوختەیەک لە ژیانی

- لە فاراب (بوخارستان) لە دایک بووە، لە دیمەشق کۆچی دوایی کردووە. رووحێکی بێگەرد و دەروونێکی پاکی هەبووە، بە شێوەی سۆفیانە ژیانی بە ڕێ کردووە.
- ماوەیەکی زۆری لە شەن و کەکردنی ڕێڕەوی فەلسەفییە کۆن و نوێیەکاندا بەسەر بردووە.


سەرچاوەکان



2415 بینین