قەزای بەردەڕەش

له‌لایه‌ن: - لەنیا کەریم - به‌روار: 2022-03-31-22:55:00 - کۆدی بابەت: 8093
قەزای بەردەڕەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەردەڕەش (بە ئینگلیزی: Bardarash)، قەزایەکی سەر بە پارێزگای دهۆکە، دەکەوێتە دووری ٧٠ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر و دووری ٣٢ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مووسڵ.

جوگرافیای بەردەڕەش

قەزای بەردەڕەش دەکەوێتە باشووری ڕۆژھەلاتی پارێزگای دھۆک و دەکەوێتە نێوان زێی گەورە لە ڕۆژھەڵاتەوە و ڕووباری خازر لە ڕۆژئاواوە، قەزاکە لەگەڵ چەندین ناوچەی تر سنووردارە بەم شێوەیە:

  • قەزای ئاکرێ و قەزای شێخان لە باکوورەوە
  • قەزای ئاکرێ و زێی گەورە لە ڕۆژهەڵاتەوە
  • قەزای شێخان، ڕووباری خازر و قەزای حەمدانییە لە ڕۆژئاواوە
  • پارێزگای هەولێر لە باشوورەوە

دانیشتوان

ژمارەی دانیشتوانی قەزای بەردەڕەش پێکدێت لە زیاتر لە ٢٦٥٣٥ کەس.

بە قەزابوونی بەردەڕەش

شوێنی قەزای بەردەڕەش شوێنێکی ستراتیژییە و دەکەوێتە نێوان شاری مووسڵ و قەزای ئاکرێ، ھەردوو پارێزگای دھۆک و ھەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ڕووبەری قەزاکە بریتییە لە ٣٩٩٬٢٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی، لەدوای تێپەڕبوونی ١١٦ ساڵ بەسەر بە ناحیە بوونیدا، بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاری بە قەزابوونی بەردەڕەش لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دەرچوو، لە دوای دەرچوونی بڕیاری بە قەزابوونی بەردەڕەش، لە ڕێورەسمێکدا لە بەرواری ٨/٤/٢٠٠٧ بڕیارەکە جێبەجێ کرا و مازن محەمەد سەعید وەک یەکەم قایمقامی قەزای بەردەڕەش دیاری کرا.

ناحیەکانی سەر بە قەزاکە

قەزای بەردەڕەش لە سێ ناحیەی سەرەکی و چەندین گوند پێکدێت ئەوانیش بریتین لە:

  • ناحیەی ڕۆڤیا
  • ناحیەی دارەتوو
  • ناحیەی کەڵەک

بابەت: گوندەکانی بەردەڕەش

لەقلەقەکانی بەردەڕەش

لەقلەقەکان بە ئەوە ناسراون کە لە شوێنی سەقامگیر دەمێننەوە و ئەو شوێنانە جێدەهێڵن کە شەڕ و ناسەقامگیریی تێدایە یان هەست بە مەترسی بکات لەسەر ژیانی، ئەم جۆرە باڵندەیە هێندە دڵی ناسکە ئەگەر یەک جار ئازار بدرێت ناوچەکە بەجێهێدەڵێت، نزیکەی پەنجا ساڵ لەمەوپێش جووتێک حاجی لەقلەق لە سنووری قەزای بەردەڕەش دەگیرسێنەوە و هێلانە دروست دەکەن، دوای ئەوەی چەندین وەچە دەخەنەوە، ئێستا بوونەتە ژمارەیەکی زۆر و رۆژانە سەرنجی گەشتیاران رادەکێشن و خەڵکی ناوچەکەش ئاشنایەتییان لەگەڵیاندا پەیدا کردووە.


سەرچاوەکان



699 بینین