زینک

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-26-22:32:00 - کۆدی بابەت: 7897
زینک

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زینک (بە ئینگلیزی: zinc) توخمێکی کیماییە و کانزایەکە دەکەوێتە کۆمەڵەی دوازدەی خشتەی خولییەوە، کە ئەم کۆمەڵەیە پێشی دەوترێت کۆمەڵەی زینک، هێما کیمیاییەکەی بریتییە لە Zn، ڕەنگێکی خۆڵەمێشیی زیویی هەیە، توخمی زینک کانزایەکی بنچینەییە و یەکێکە لەو کانزایانەی کە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە، هەروەها گرنگییەکی بەرچاوی بازرگانی هەیە.

مێژوو

کانزای زینک لە مێژوودا زۆر لەدوای کانزا باوەکانی تر دۆزرایەوە، مس و قوڕقوشم و تەنەکە و ئاسن دەتوانرێت وەک کانزای شل بە گەرمکردنی خاوی ئۆکسیدەکانیان لەگەڵ خەڵووزدا (کاربۆن) دەست بکەون، ئەم پڕۆسەیە پێی دەوترێت لێکردنەوە (بە ئینگلیزی: reduction) و لە جۆرێکی تایبەتی فڕندا ئەنجام دەدرێت، ئۆسکیدی زینک تاکوو پلەی گەرمییەکەی نەگاتە سەروو ٩٠٧ پلەی سیلیزی ناتوانرێت بە کاربۆن لێکردنەوەی بۆ بکرێت، لەبەر ئەم هۆیە ئەو فڕنانەی بۆ لێکردنەوە کانزاکانی تر دروستکراون ناتوانن زینک لێبکەنەوە.
چەند بەڵگەیەک بوونیان هەیە لەسەر ئەوەی کە یۆنانییەکان پەیان بە بوونی زینک بردووە و پێیان وتوە زیوی ساختە، بەڵام هیچ ڕێگایەکی زانستییان نەزانیوە بۆ بەرهەمهێنانی بڕێک لەو کانزایە، ڕۆمانەکان لە کۆتاییەکانی ساڵانی ٢٠٠ پێش زاییندا بڕێکی بەرچاویان لە تێکەڵەی مس و زینک داڕشتەی مس و زینک و توخمەکانی تر بەهەمهێناوە.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ٣٠
کۆمەڵە ١٢
خول ٤
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ar] 3d10 4s2

فیزیایی

دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) ڕەق
پلەی توانەوە ٤١٩ پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان ٩٠٧ پلەی سیلیزی
چڕی ٧,١٤ گرام\سانتیمەتر سێجا

ئاوێتەی کیمیایی و بەکارهێنان

ئۆکسیدی زینک

لە ئاوێتە کیمیاییەکاندا توخمی زینک زۆربەی جار دۆخی ئۆکسانی بریتییە لە +2، چەند ئاوێتەیەکی کەم هەن کە دۆخی ئۆکسانیان بکاتە +1، ئۆکسیدی زینک ZnO یەکێکە لە گرنگترین ئاوێتە کیمیاییەکانی زینک، دەتوانرێت بە خاوێنییەکی بەرز و بە چەندین شێوە و قەبارەی کریستاڵی بە سووتاندنی هەڵمی زینک لە هەوادا ئامادە بکرێت، لەبەر توانا زۆرەکەی بۆ گەیاندنی گەرمی ئۆکسیدی زینک زۆرجار وەک جیاکەرەوەیەک لاستیکی لێ دەئاڵێنرێت، لە کریستاڵی ئۆکسیدی زینکدا تۆڕەکەی (بە ئینگلیزی: lattice) کراوەیە و تێیدا ئایۆنەکانی ئۆکسجین و زینک تەنها ٤٤٪ قەبارەکەی پڕدەکەنەوە، تۆڕ بریتییە لە ڕێکوپێکی ئەو پێکهاتەیەی کە لەلایەن ئایۆنەکانەوە دروست دەبێت، ئەم کەمییە لە تۆڕی کریستاڵەکەدا دەکرێت بە زیادکرنی توخمی نامۆی تر یان زینک خۆی بۆ جێگا بەتاڵەکانی تۆڕەکە چارەسەر بکرێت، ئەم چارەسەرەی کریستاڵی ئۆکسیدی زینک دەبێتە هۆی دروست بوونی ڕەوشتی جیاوازی کارەبایی و کارۆڕووناکی و هاندەرانە بۆی، لە ئەنجامی ئەمەشدا ئۆکسیدی زینک وەک نیمچەگەیەنەر لە بەرهەمهێنانی تەلەفزیۆن و گڵۆپی فلۆرسێنتدا بەکاردێت، کاریگەرییەکەی لەسەر توانای کارلێککردنی چەندین ئاوێتەی کیمیایی هۆکارە بۆ ئەوەی وەک هاندەر بەکاربێت لە چەندین کرداری بەرهەمهێنانی وەک دروستکردنی لاستیکی دەستکرد و میسانۆڵ، هەروەها لە بۆیەی وێنەکێشان و ئارایشت و پلاستیک و دەرماندا بەکاردێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەر ئەوەی کە لەژێر کاریگەری ڕووناکیدا ئۆکسیدی زینک توانای گەیاندنی کارەبای بە چەندین ئەوەندە زیاد دەکات، لە چەندین پڕۆسەی فۆتۆکۆپیدا بەکاردێت.

گۆگرداتی زینک

گۆگرداتی زینک ZnSO4 ئاوێتەیەکی نێوەندییە و لە کاتی بەرهەمهێنانی زینک لە ماددە خاوەکانییەوە بە پڕۆسەی کارۆشیکاری (بە ئینگلیزی: electrolytic) دروست دەبێت، وەک لەناوبەری گژوگیای زیانبەخش بەکاردێت لە کاتی بەرهەمهێنانی ڕیشاڵی ڕایۆن، ڕایۆن قوماشێکی دەستکردی چنراوە کە لە سلیلۆزی بووژاوە و پوختەکراوی سەرچاوەی ڕووەکییەوە دروست دەکرێت.

کلۆریدی زینک

کلۆریدی زینک ZnCl2 بە کارلێکی ڕاستەوخۆ یان بە بەهەڵمکردنی گیراوەی ئاوی کە لە کارلێکی جیاوازدا دروست بووە ئامادە دەکرێت، ئاوێتەیەکی بەهێزی هەڵمژەری ئاوە و وەک کارای ڕەنگکەر بەکاردێت.

گۆگردیدی زینک

گۆگردیدی زینک ZnS وەک ماددەیەکی خاو لە سروشتدا دروست دەبێت و دەتوانرێت بە گیراوەی خوێیەکانی زینک لەگەل گۆگردیدی هایدرۆجین ئامادە بکرێت، بۆ ماوەیەکی زۆر وەك ڕەنگکەرێکی سپی بەکاردەهات، بەڵام وردە وردە دووەم ئۆکسیدی تیتانیۆم جێگەی گرتەوە، گۆگردیدی زینک کاتێک بە تێکردنی بڕێکی کەم لە مس، مەنگەنیز، زیو یان ئاڕزنیک چالاک دەکرێت تایبەتمەندی درەوشانەوەی دەبێت، لەبەرئەم هۆیە لە شاشەی تیشکی ئێکس و ڕووناکی فلۆرسێنت و ڕووی درەوشاوەی کاتژمێری دەستی و دیوار بەکاردێت.

زینک و لەشی مرۆڤ

زینک لە لەشی مرۆڤدا ماددەیەکی خۆراکییە کە چەندین ڕۆڵی گرنگی هەیە، لەبەر ئەوەی لەشی مرۆڤ بەشێوەیەکی سروشتی زینک بەرهەم ناهێنێت و باری ناکات، بۆیە پێویستە لەڕێگەی خواردن یان دەرمانی تەواوکەری ماددەی خۆراکییەوە بڕی پێوستی زینکی دەست بکەوێت، ئەو پڕۆسانەی لەشی مرۆڤ کە زینک تیایاندا بەشدارە بریتیین لە:

  • ڕوونکردنەوەی جینی
  • کارلێکەکانی ئەنزیمی
  • کاری سیستمی بەرگری
  • بەرهەمهێنانی پڕۆتین
  • دروستکردنی DNA

زینک بەشێوەیەکی بەرفراوان لە چەندین جۆری خۆراکی ڕووەکی و ئاژەڵیدا بوونی هەیە.

ڕۆڵی زینک لە لەشی مرۆڤدا

زینک کانزایەکی بنچینەییە کە لەش بە چەندین ڕێگای بێشومار بەکاری دەهێنێت، هەروەها دووەم بەردەستترین کانزای لەشی مرۆڤە لەدوای ئاسن و لە هەموو خانەکانی لەشی مرۆڤدا بوونی هەیە، کانزایەکی پێویستە بۆ چالاکی زیاتر لە ٣٠٠ جۆری ئەو ئەنزیمانەی کە بەشدارن لە کردارەکانی زیندەپاڵ و هەرسکردن و کاری دەمارەکان و چەندین پڕۆسەی تری گرنگی لەشی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا لە گەشە و کاری خانەکانی بەرگری گرنگییەکی زۆری هەیە، کانزایەکی بنچینەییە بۆ تەندروستی پێست و دروست بوونی DNA و بەرهەمهێنانی پڕۆتین، هەروەها لەبەر ڕۆڵەکەی لە گەشەی و دابەشبوونی خانەکاندا گرنگە بۆ گەشەی لەش و بەرەوپێش چوونی.
لەبەر ئەوەی یەکێک لەو ئەنزیمانەی کە دیاریکەری تام و بۆنی گونجاوە پشت بە زینک دەبەستێت، بۆیە ئەم ماددە خۆراکییە پێویستە بۆ هەستەکانی تام و بۆنکردن و کەمیی زینک دەتوانێت توانای بۆنکردن و تامکردن کەم بکاتەوە.

ئەو خۆراکانەی سەرچاوەی زینکن

زۆربەی ئاژەڵ و ڕووەکەکان بە شێوەیەکی سروشتی دەوڵەمەندن بە زینک، کە ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی لەشی مرۆڤ ڕۆژانە بڕی پێویستی دەست بکەوێت، ئەو خۆراکانەی زۆرترین ڕێژەی زینکیان تێدایە بریتیین لە:


سەرچاوەکان



2560 بینین