کانزا

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-23-12:32:00 - کۆدی بابەت: 3571
کانزا

ناوه‌ڕۆك

کانزا چییە؟

سامانە کانزاییەکان بە شێوەی کەرەستەی خاو لە توێژاڵی زەویدا هەن و قورساییەکەیان بە نیوەی قورسایی پێکهاتووی توێژاڵی زەوی دادەنرێت و بە شێوەیەکی ناڕێک بەسەر وڵات و ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بوون. دروستبوون و  پێهاتنی کانزاکان لە سروشتدا پشت بە بار و شوینەواری دیاریکراو دەبەستن. پێکهاتنی جیۆلۆجی بە هۆیەکی سەرەکی دەژمێررێت بۆ بوونی جۆر و بڕی ئەو کانزایەی کە لەوانەیە هەبن، هەروەها جۆری ئەو بەردانەی ڕووی زەویان داپۆشیوە هۆیەکی کاریگەرن لەم بوارەدا. بۆ نموونە ئەو ناوچانەی لە بەردی نیشتوو پێکهاتوون (خەڵووز و نەوت)ـیان تێدا زۆرە، لە کاتێکدا کانزا سەرەکییەکانی وەک ئاسن و مس لەو ناوچآنەدا زۆرن کە بەردی ئاگرینیان تێدا زۆرە، کەچی زێڕ و زیو و قوڕقوشم لەو ناوچانەدا هەن کە لە بەردی گۆڕاو و نیشتوو پێکهاتوون. کیمیازانەکان کانزا بە سامانێکی سروشتی هاوتوخم دادەنێن کە بنەماکەی بریتییە لە دوو توخم یان زیاتر کە نائەندامین و توێژاڵی زەوی پێکدەهێنن.
  سوربوون لەسەر ئەم پێناسەیە هەندێک کانزای ناسراوی وەک خەڵوز و نەوت و فۆسفات لە کۆمەڵەی کانزاکان وەدەر دەنێت، کەچی بەپێی ئەم پێناسەیە ئاو بە یەکێک لە کانزاکان دادەنێ. بەڵام ئەوانەی کانزا دەردەهێنن خۆیان بەم پێناسەیەوە نابەستنەوە و وای دادەنێن کە هەر ماددەیەک توێژاڵی زەوی پێک بێنێت و لە چوارچێوەی بازرگانیدا بەکاربهێنرێت کانزایە. هەروەها هەر ماددەیەک کە لە ناوجەرگەی زەوی یان لەسەر ڕووی زەوی دەربهێنرێت بۆ مەبەستی کەڵک وەرگرتن لێیان و لەو بەردانەی کە لە ناو زەویدان، یان دەوریان داوە بە کانزا دادەنرێن. بەردیش بریتییە لە تیکەڵیکی سروشتی کە لە دوو کانزا یان زیاتر پێکهاتووە و دەشکرێت بە سێ جۆر: ئاگرین و نیشتوو و گۆڕآو، بریتین لە بەشێک لە توێژالی زەوی لە کانزایەک یان کۆمەڵە کانزایەک پێک دێن بە هێندی پێویست بە شێوەیەکی ئابووری بەکار دەهێنرێن لە بارودۆخێکی ئەوتۆ کە لەگەڵ کرداری بەکارهێناندا بگونجێ. 

ئەو شتانەی کاریگەریان هەیە لەسەر شوێن و بڕ و جۆری کانزاکان

تەمەنی بەرد و مێژووە جیۆلۆجییەکەی

بەردە زۆر کۆنەکان گەلێک کانزایان تێدایە کە لە پێکهاتووی بەردە نوێیەکاندا بەدی ناکرێن. بۆ نموونە، خەڵووز لەو بەردانەدا هەیە کە لە چاخی خەڵوزیدا هەبوون، لە کاتێکدا نەوت لە ناوچەی بەردە نیشتووە نوێیەکاندا دەست دەکەوێت و مرۆڤ ناتوانێت لەو ناوچانەی نەوتیان تێدایە بۆ خەڵووز بگەڕێت.

کارتێکردنی داماڵران و جووڵەی توێژاڵی زەوی لە بەردەکان

وا زانراوە کە هەندێ بەرد بە شێوەیەکی ئاسۆیی لە قووڵایی ئۆقیانووس و ڕووبارەکاندا نیشتوون، لە ئەنجامی جوڵاندنی هەمەجۆری زەوی ئینجا ئەم جووڵەیە پێچاوپێچی بێت یان شکاوەیی هەندێک لە بەشەکانی توێژاڵی زەوییان بەرز کردۆتەوە و هەندێکی تریشیان نزم کردۆتەوە، جا لە کاتی بەرزبوونەوەدا بەردەکانی ناوجەرگەی زەوی لە ناوەوە بەرز دەنەوە و ئەگەر ئەو بەردانە تووشی هۆی داماڵران هاتن، ئەوا بەردەکانی ناوەوە لە ڕووی زەوی نزیک دەبنەوە، یان لەسەر ڕووی زەوی دەردەکەون و دەبن بە سەرچاوە بۆ گەلێک کانزای بەسوود. نموونەش بۆ ئەمە ئەو ناوچە بەناوبانگانەن کە کانزایان تێدا دەردەهێنرێت لە چیای ئۆراڵ.

ئاو و هەوا

ئاو و هەوا دەورێکی باڵای لە دۆزینەوە کانزادا هەیە. ئەو شوێنانەی کە ئێستا خەڵووزیان زۆرە لە کۆندا ئاو و هەوایەکی نیمچە گەرمی باراناوی (نیمچە یەکسانی) هەبووە کە بۆتە هۆی گەشەکردنی ئەو جەنگەڵ و دارستانەی بوون بە ژێر نیشتووەکاندا و بە تێپەڕبوونی چەرخێکی زۆر بوون بە بەرد و خەڵووزی بەردینیان لێ دروست کردووە، بەڵام ئەو ناوچانەی کە زۆر وشکن، ئاو و هەوا یارمەتی داوە بۆ پێکهاتنی عەماری گەورەی نیتراتی سۆدیۆم، ئەو خوێیەی لە ئاودا دەتوێتەوە و ئەگەر چینەکانی لەو ناوچانەدا بدۆزرانایەتەوە کە بارانیان زۆرە، دەمێک بوو لە ئاودا توابوونەوە. باشترین نموونەش بۆ بوونی نیترات لە ناوچە بیابانییەکانی (شیلی و پیرۆ)ـن.


سەرچاوەکان

153 بینین