سوڕی کارەبا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-13-03:21:00 - کۆدی بابەت: 4450
سوڕی کارەبا

ناوه‌ڕۆك

سوڕی کارەبا چییە؟

سوڕی کارەبا وەکو ئەڵقەیەک وایە کە لە ڕێڕەوی شەمەندەفەری ڕێگا پێچاوپێچەکان دەچێت و دەجووڵێت و لە پاشدا دەگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی. لەبەر ئەوەی سوڕە کارەبا بە شێوەی ئەڵقەیە ڕێڕەوێکی داخراوی هەیە، کەواتە سوڕی کارەبا ڕێڕەوێکی داخراوە بارگە کارەباییەکانی پیا تێپەڕ دەبێت.

هەموو سوڕە کارەبایەک لە سێ بەشی سەرەکی پێک هاتووە کە بریتین لە سەرچاوەی وزە و تەلی گەیەنەر و بارگ (load) کە وزەکەی تیا کاردەبێت وەک گڵۆپ و ڕادیۆ، بە هۆی تەلە گەیەنەرەکانەوە بە سەرچاوەی پێدانی وزەکە دەگەیەنرێت، ئەو (بارگ)ـانەی وزەی کارەبا دەگۆڕن بۆ وزەی گەرمی یان بۆ وزەی ڕووناکی یان وزەی میکانیکی، ئەو بارگانە بەهۆی ئەو بەرهەڵستیەی پیشانی دەدەن دژی تێپەڕبوونی تەزووی کارەبا، وزە کارەباییەکە دەگۆڕن بۆ شێوەکانی تری وزە.

بەشەکانی سوڕە کارەبا 

بارگ: نموونە لەسەر بارگ کە تیایدا گڵۆپ و تەلەفزیۆن و پانکە و هەندێک لە ئامێرەکانی تری ناوماڵ دیاری دەکات.

سەرچاوەی وزەی کارەبا: لەوانەیە سەرچاوەی وزەی کارەبا پاتریەک بێت یان شانەیەکی کارۆ ڕووناکی وە یان دینەمۆیەکی کارەبا بێت لە وێزگەیەکی بەرهەم هێنانی وزەدا.

تەلی گەیەنەر: بەشەکانی سوڕەکارەبا بە یەک دەگەیەنێت ئەم تەلانە لە ماددەی گەیەنەر پێک هاتوون و بەرگریان زۆر کەمە وەک مس.

سویچ بۆ دەستبەسەراگرتنی سوڕە کارەبا

هەندێ جار سوڕی کارەبا سویچیشی تێدادەبێت، سویچ بۆ داخستن و کردنەوەی سوڕی کارەبا بەکاردێت، لە دوو پارچە پێکدێت کە لە ماددە گەیەنەرەکان دروست کراون، پارچەیەکیان جووڵآو دەبێت دەسکێکی نەگەیەنەری هەیە. بۆ ئەوەی بارگە بە ناو سوڕەکەدا بڕوات پێویستە سویچەکە داخراو بێت، بەڵآم کاتێک سویچەکە کراوە دەبێت ئەوە سوڕەکە پچراو دەبێت و بارگە ناتوانێت بە ناو سوڕەکەدا بڕوات. سویچی گڵۆپەکان و دووگمەکانی توانا لە دەزگای ڕادیۆ و تا سویچی کۆمپیوتەر و ژمێرکارەکان هەموویان بە هەمان شێوە کاردەکەن.

جۆرەکانی سوڕە کارەبا

کاتژمێری دیوار و گڵۆپەکان کۆمپیوتەر هەموو ئەم نموونانە پێیان دەوترێ (بارگ) (load) لە سوڕی کارەبایدا، لە ڕاستیدا زۆر لە سوڕە کارەباکان زیاتر لە یەک (بارگ)ـی تێدایە. دەتوانرێت (بارگ)ـەکان بە ڕێگای جیاواز بە یەکتری ببەسترێن، لە کۆتایدا سوڕە کارەباییەکان بۆ دوو جۆر دابەش دەکرێن، سوڕی دواییەک وە سوڕی هاوڕێک و جیاوازی نێوانیان بریتییە لە چۆنێتی بەستنی ئەم (بارگ)ـانە بەیەکەوە.

سوڕە دواییەک بەستراوەکان 

سوڕە کارەبای دواییەک بەستراو ئەو سوڕەیە هەموو بەشەکانی بە جۆرێک بەیەکەوە بەستراون کە ئەڵقەیەکیان پێک هێناوە و یەک ڕێگە هەیە بۆ ئەوەی بارگە کارەباییەکانی پێدا تێپەڕ ببێت، بۆیە بارگە جوڵاوەکان بە هەموو بەشەکانی سوڕەکەدا تێپەڕ دەبن. هەموو (بارگ)ـانە کە لەم سوڕی بەستراوە هەمان تەزوو بە هەر یەکەیاندا تێپەڕ دەبێت.

بەکارهێنانی سوڕە کارەبایی دواییەک بەستراو

لە سووڕی  دواییەک بەستراودا یەک ڕێگە هەیە بۆ تێپەڕبوونی تەزووی کارەبا وە لە کاتی پچڕانی هەر بەشێکی سوڕەکە تێپەڕبوونی بارگە بە سوڕەکەدا دەوەستێت. بۆ نموونە کاتێک یەکێک لە گڵۆپەکانی سوڕە دواییەک بەستراوەکە بسوتێت ئەوا پچڕان لە سوورەکە ڕوودەدات و هەموو گڵۆپەکانی تری سوڕەکە دەکوژێنەوە، بەستی سوڕە کارەبا بە شێوەی دواییەک گونجار نییە بۆ بەستنی سوڕی ناو ماڵ، وای دابنێ ئەو ساردکەرەوەیەی لە ماڵدا هەیە بە شێوەی دواییەک لەگەڵ گلۆپێک بەستراوە، کاتێک گڵۆپەکە لە کەڵک دەکەوێت ساردکەرەوەش لە ئیشکردن دەوەستێت. بەڵآم ئەو سوڕەی کە بە شێوەی دواییەک دەبەسترێت لە هەندێک باردا سودی هەیە بە تایبەتی لە ئیشپێکردنی ئامێری ئاگادار کردنەوەدا، ئەگەر هەر بەشێکی سوڕە دواییەکەکە لە کار بکەوێت هیچ تەزوویەک بە سوڕەکەدا تێپەڕ نابێت وا لە زەنگێکی کارەبا دەکات دەکات بە دەست لێدان بکات بۆ ئاگادار کردنەوەی لەو گرفتەی ڕووی داوە.

سوڕە هاوڕێک بەستراوەکان

سوڕە کارەبای هاوڕێک بەستراو سوڕێکە کە (بارگ)ـەکانی لقی جیاجیادا دەبەسترێن، دەگونجێت ئەو (بارگە)ـانە لەگەڵ یەک جیاواز بن تەزووی ڕێگەی جیاجیای هەیە بۆ تێپەڕ بوونی. بە پێچەوانەی سوڕی دواییەکەوە ئەو تەزووانەی بە (بارگ)ـە جیاجیاکاندا تێپەڕ دەبێت لە سوڕی هاوڕێکدا یەکسان نین، لە جیاتی ئەمە جیاوازی ئەرکی کارەبای سەر (بارگ)ـەکان یەکسانە. 

بەکارهێنانی سوڕی هاوڕێک بەستراو

لە سوڕی هاوڕێکد دەتوانرێت هەر لقێک بە تەنها بەکاربهێنرێت. ئەگەر یەکێک لە (بارگ)ـەکان لە کار بکەوێت یان لا ببرێت تەزوو بە بەشەکانی تردا تێپەڕ دەبێت. واتە (بارگ)ـەکانی تر بە ئاسایی کاردەکەن، لە سوڕە کارەبای ناو ماڵدا کە هاوڕێک بەستراوە هەر سۆکێتیکی کارەبا بە لقێکی سەربەخۆ دادەنرێت. ناگونجێت کوژانەوەی گڵۆپێک یان لە کارکەوتنی کار بکاتە سەر بەشەکانی تر واتە لە سوڕی هاوڕێکی ناو ماڵ دا دەتوانیت لە هەر کاتێکدا بتەوێت چ ئامێرێک یان گڵۆپێک بەکاربهێنیت هەرچەندە ئەگەر ئامێرێکی دی لە کەڵک کەوتبێت. 

ڕێنمایی خۆپاراستن لە کارەبا 

لەبەر ئەوەی ئامێرە کارەباییەکان ڕۆژانە بەکاردەهێنرێت، بۆیە پێویستە بزانین کە بەکارهێنانی کارەبا مەترسی لێ دەکەوێتەوە، بۆ ئەوەی خۆت بپارێزی و دڵنیابیت لە کاتی بەکارهێنانی کارەبادا پەیڕەوی ئەم ڕێنمایانەی خوارەوە بکە:

1. دڵنیابە لەوەی کە تەلەکانی کارەبای ناو ماڵ ڕووت نین و بەرگی نەگەیەنەریان پێوەیە. 
2. (بارگ)ـێکی وا بەکارمەهێنە کە تواناکەی زیاتر بێت لەوەی تەلەکانی سوڕەکە بەرگەی دەگرن.
3. ئامێری کارەبایی بەکارمەهێنە کاتێک دەستت تەڕ بێت یان لە شوێنێکی تەڕدا وەستابیت.
4. هیچ تەنێک مەخەرە ناو کونی سۆکێتی کارەباوە جگە لە پلاکەکەی خۆی نەبێت.


سەرچاوەکان



3252 بینین