یاسای کۆڵۆم

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2025-07-25-17:27:00 - کۆدی بابەت: 15076
یاسای کۆڵۆم
فیزیا

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

لە زانستی فیزیادا، لقی ئێلکترۆستاتیک (کارەبای وەستاو) تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لەو دیاردانەی کە پەیوەستن بە بارگە کارەباییە وەستاوەکانەوە. بۆ تێگەیشتن لەم بوارە، پێویستە لە بنچینەییترین یاسای بگەین کە حوکمی هێزی نێوان ئەم بارگانە دەکات. ئەم یاسا بنەڕەتییە بریتییە لە "یاسای کۆڵۆم". ئەم یاسایە بەردی بناغەی هەموو لقەکەیە و بەبێ تێگەیشتن لێی، شیکارکردنی دیاردە کارەباییەکان ئەستەم دەبێت. یاسای کۆڵۆم بە سادەیی ئەو هێزە شاراوەیەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە لە نێوان بارگە کارەباییەکاندا بوونی هەیە، جا ئەو هێزە پاڵنەر بێت یان ڕاکێشەر.

مێژووی دۆزینەوەی یاساکە

پێش سەدەی هەژدەهەم، زانایان تێبینی دیاردەی کارەباییان کردبوو، وەک ئەوەی کاتێک شوشە بە ئاوریشم لێکدەخشێنرێت توانای ڕاکێشانی پارچە کاغەزی بچووکی دەبێت. بەڵام ئەم زانیارییانە تەنها وەسفکاری بوون و هیچ پێوانەیەکی وردی زانستی بۆ بڕی ئەو هێزە بوونی نەبوو. لە ساڵی 1785، زانا و ئەندازیاری فەڕەنسی، چارڵز-ئۆگستین دێ کۆڵۆم، توانی ئەم بوارە بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی نوێ. چارڵز-ئۆگستین ئامێرێکی ورد و هەستیاری داهێنا کە بە "میزانی پێچ خواردوو" (Torsion Balance) ناسرابوو. لە ڕێگەی ئەم ئامێرەوە، توانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بڕی ئەو هێزە بپێوێت کە لە نێوان دوو گۆی بچووکی بارگاویکراودا دروست دەبێت. ئەو بە وردی تێبینی کرد کە چۆن گۆڕینی بڕی بارگەکان و دووری نێوانیان کاریگەری لەسەر هێزەکە دادەنێت، و لە ئەنجامدا توانی ئەو یاسا بەناوبانگە دابڕێژێت کە بە ناوی خۆیەوە ناسراوە. ئەم کارەی چارڵز-ئۆگستین زانستی کارەبای لە قۆناغی تێبینییەوە گۆڕی بۆ زانستێکی پێوانەیی و ورد.

ڕوونکردنەوەی خودی یاسای کۆڵۆم

یاسای کۆڵۆم بە زمانێکی سادە وەسفی ئەو هێزە دەکات کە لە نێوان دوو بارگەی کارەناییدا هەیە. ئەم یاسایە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت. بەشی یەکەمی باس لە جۆری هێزەکە دەکات، کە زۆر سادەیە: بارگە هاوشێوەکان یەکتری پاڵ دەدەن (بۆ نموونە دوو بارگەی پۆزەتیڤ یان دوو بارگەی نێگەتیڤ)، لە کاتێکدا بارگە جیاوازەکان یەکتری ڕادەکێشن (وەک بارگەیەکی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ). ئەمە هەمان ئەو بنەمایەیە کە وا دەکات ئەلیکترۆنە نێگەتیڤەکان بە دەوری ناوکی پۆزەتیڤی گەردیلەدا بسوڕێنەوە.
بەشی دووەم و گرنگتری یاساکە، باس لە بڕ و توندی ئەم هێزە دەکات. کۆڵۆم بۆی دەرکەوت کە بڕی هێزەکە بە دوو فاکتەری سەرەکییەوە بەندە. یەکەمیان، بڕی بارگەکانە؛ واتە هەرچەندە بڕی بارگەکان زیاتر بێت، هێزی نێوانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوانە زیاد دەکات. دووەم و گرنگترینیان، دووری نێوان بارگەکانە، هێزی کۆڵۆم بە شێوەیەکی پێچەوانە لەگەڵ دووجای دوورییەکەدا دەگۆڕێت واتای ئەمە ئەوەیە کە ئەگەر دووری نێوان دوو بارگە دوو هێندە زیاد بکرێت، هێزی نێوانیان چوار جار کەم دەکات. ئەم پەیوەندییە پێی دەوترێت "یاسای دووجای پێچەوانە" و وا دەکات کە هێزی کارەنایی لە دووری کەمدا زۆر بەهێز بێت بەڵام بە خێرایی لەگەڵ زیادبوونی دووریدا لاواز ببێت.

سوود و بەکارهێنانە کردارییەکانی یاساکە

هەرچەندە یاسای کۆڵۆم یاسایەکی بنچینەیی فیزیايە، بەڵام کاریگەرییەکانی ڕاستەوخۆ لە ژیانی ڕۆژانە و تەکنەلۆجیای هاوچەرخدا بەدی دەکرێن. بۆ نموونە، تەکنەلۆجیای پشت ئامێرەکانی کۆپیکردن (فۆتۆکۆپی) و پرینتەری لەیزەری، بە شێوەیەکی زیرەکانە پشت بە یاسای کۆڵۆم دەبەستێت. ئەم ئامێرانە بارگەی کارەبایی وەستاو بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی تۆنەری (حبر) وشک بۆ سەر کاغەز و دروستکردنی وێنە و نووسینەکان. بە هەمان شێوە، هەندێک لە ئامێرەکانی پاککەرەوەی هەوا (Air Purifier) گەردیلەکانی تۆز و خۆڵ بارگاوی دەکەن و پاشان بەهۆی هێزی ڕاکێشانی کۆڵۆمەوە، لەسەر پەڕەیەکی کانزایی کۆیان دەکەنەوە و بەمەش هەواکە پاك دەکەنەوە. لە بواری کیمیادا، زۆربەی پەیوەندییە کیمیاییەکان کە گەردیلەکان پێکەوە دەبەستنەوە و مۆلیکول دروست دەکەن، لە بنەڕەتدا ئەنجامی هێزی ئێلکترۆستاتیکی نێوان گەردیلەکانن. هەروەها، زانینی ئەم یاسایە بنچینەیە بۆ دیزاینکردنی پێکهاتە ئەلیکترۆنییەکانی وەک گەیەنەرەکان (capacitors) کە لە نزیکەی هەموو ئامێرێکی ئەلیکترۆنیدا بۆ هەڵگرتنی وزەی کارەبایی بەکاردەهێنرێن. بە کورتی، تێگەیشتن لە یاسای کۆڵۆم نەک تەنها کلیلی تێگەیشتنە لە سروشتی کارەba، بەڵکو بناغەی گەلێک تەکنەلۆجیایە کە ژیانی هاوچەرخیان داڕشتووە.


سەرچاوەکان



24 بینین