مس

له‌لایه‌ن: ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-22-23:22:00 - کۆدی بابەت: 3567
مس

ناوه‌ڕۆك

بەکارهێنانی مس

دۆزینەوەی مس دەگەڕێتەوە بۆ پێنج هەزار ساڵ پێش زاین کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵات دۆزرایەوە و دۆزینەوەشی بە سەرەتای چەرخێکی تازە دانراوە لە ژیانی مرۆڤدا چونکە جێگای بەردی گرتەوە لەو ئامرازانەی کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەکاری هێناون. مس لەم کاتەی ئێستاماندا دەورێکی باڵا لە پیشەسازیدا دەبینێت و بۆ گرنگی لە دوای ئاسن دێت، ئەو خاسیەتانی مس هەیەتی وای لێکردووە بایەخێکی زۆری هەبێت. مس تێکەڵاو کردنی لەگەڵ کانزاکانی تردا ئاسانە، ٤٠٪ـی بەرهەمی جیهانی ئەم کانزایە دەچێتە ناو دروستکردنی تێکەڵە جیاوازەکان. بڕۆنز لە تێکەڵکردنی مس لەگەڵ تەنەکە و مسی زەرد لە ئەنجامی تێکەڵکردنی لەگەڵ تۆتیادا بەرهەم دەهێنرێت، مس بەوەش ناسراوە کە گەیەنەرێکی باشە بۆ گەرمی و کارەبا و زۆر لەبارە بۆ لێدان و کشان و بەرگری داخوران و هۆیەکانی ئاو و هەواش دەکات، سەرەڕای ئەوەش کە دەتوانرێ دووبارە بتوێنرێتەوە، ئەمەش یاریدەدەری پاراستنی خاوەکانی دەکات. مس سەبارەت بە ڕێژەی ئەو کانزایەی کە لە خاوەکانیدا هەیە لەگەڵ ئاسن جیاوازە. لە کاتێکدا لە ڕێژەی ئەم کانزایە بریتی بێت لە ١.٥-٢٪ـی خاوەکانی، ئەوا بەرهەمهێنانی ڕێژەی کانزا لە خاوەکاندا دەگاتە ٤٨-٧٠٪، ئینجا دەڵێن لە ڕووی ئابوورییەوە باشە، لەبەر ئەوە پێویستە بۆ دەرهێنانی خاوەکانی مس لە کانەکانییەوە نزیک بێت پێش گواستنەوەی بۆ ڕزگاربوونی لە خەرجی زۆری گواستنەوە. خاوەکانی مس لە سروشتدا لە دوو شێوەدان: کانزای فلزی کە لە چەند دەمارێک یان چەند پۆرگێک یان خاوی پەرش و بڵاوی کانزاکە لە ناوچەی بەردەڵانێکی فراوان و جار و باریش لە ئەنجامی کرداری پوختەکردنی خاوەکانی مس کانزای گرانبەهای وەکو زیو و زێڕ بەرهەم دەهێنرێت کە بۆ پڕکردنەوەی خەرجی کانزا دەرهێنانەکە سوودیان لێدەبینرێت.

چۆنیەتی پوختەکردنی مس

کەرەستە خاوەکانی مس دوای دەرهێنانیان لە ناوجەرگەی زەوی بە چەند قۆناغێکدا دەڕۆن پێش ئەوەی بۆ پیشەسازی دەست بدەن.

  1. پوختەکردنی فلزی مس لە خڵتەکان
    ئەمەش بە هاڕینی فلزەکان دێتەدی، ئینجا ئاوێکی بەخوڕی دەکرێتە سەر بۆ راماڵینی ئەو خڵتانەی کێشیان کەمە و سووکترن و کانزاکەش دەنیشێ، پاشان ئەو شتە زیادانەی ڕاماڵراون دووبارە دەهاڕێتەوە بۆ بەدەستهێنانی ئەو کانزایەی تێیدا ماوە، ئەم کردارە لە نزیک کانەکانەوە بەجێ دەهێنرێت.
  2. قۆناغی تواندنەوە
    فلزەکانی مس دەتوێنرێنەوە و خڵتە و شتە زیادەکانیان لێ جیا دەکرێتەوە، بە تایبەتی ئەوەی کە بە کانزاکەوە دەگیرسێتەوە. ئەم کردارەش لە نزیک کانەکان بەجێ دەهێنرێت بە مەرجێک سەرچاوەی وزەی هەبێت، ئینجا ئەم وزەیە کارەبایی بێت یان خەڵووزی بەردین.
  3. قۆناغی پاڵاوتن
    پاش تواندنەوەی، کانزای پاڵاوتە دەستگیر دەبێت کە بە هۆی کارەباوە دەپاڵێورێت. ئەم کردارەش لەو ناوچانەدا دەکرێت کە سەرچاوەی ووزەی سەرەکیان تێدایە. بە تایبەتی کارەبا. بەم شێوەیە، پوختەکردنی کانزای پاڵاوتە پێویستی بە زۆر کرداری گران و دوور و درێژ هەیە و تەنیا کانزایەکی کەم لەم کردارە دەست دەکەوێت.

دابەشکردنی جوگرافی بەرهەمی مس لە جیهاندا

 لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، بەهۆی کارتێکردنی هەردوو جەنگی جیهانییەوە، بەرهەمی مس ڕووی لە زیادی کرد، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی زۆری لە پیشەسازی جەنگیدا، هەروەها بڵاوبوونەوەی پیشەسازیی کارەبایی کە زۆری لێ بەکاردەهێنرێت وای کردووە کە برەوی زۆر بێت و بەرهەمهێنانی ڕووی لە زیادی کرد، تا لە ساڵی ١٩٩٥ـدا گەیشتە ٩،٤٢) ملیۆن تەن. لە خوێندنەوەی نەخشەکانی دابەشبوونی مس لە جیهاندا تێبینی ئەوە دەکرێت کە لەوانەیە بەرهەمی مس لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا لە جیهاندا کۆببێتەوە، لە ئەمەریکای باکوور و ناوەڕاست و باشووری ئەفەریقیا و ڕۆژئاوای ئەمەریکای باشوور، لە ڕوسیای فیدراڵی ٣/٤ـی بەرهەمی (مس)ـی تواوەی هەموو جیهانی تێدایە.

دابەشکردنی بەرهەم بەسەر دەوڵەتەکانی جیهاندا

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

لە بەرهەمهێنانی مس لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە پلەی یەکەمدا دێت، لە ساڵی ١٩٩٥ـدا بەرهەمی گەیشتە نزیکەی (١،٥) ملیۆن تەن. ئەم بەرهەمەش بەرامبەر نزیکەی ١١٪ـی بەرهەمی جیهانییە. ویلایەتی مێشیگان بەناوبانگترین ناوچەی بەرهەمهێنانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، بەڵام تەواوبونی مس لەوێدا بوو بە هۆی گەڕان بەدوایدا لە ناوچەکانی تر و لە ویلایەتەکانی ڕۆژئاوا دۆزرایەوە کە بە تێکەڵاوی لەگەڵ کانزاکانی تردا هەیە، وەکو قوڕقوشم و مەنگەنیز و زێڕ. باشی وەبەرهێنانی کانزا لەو کانزا لەو ناوچانەدا دەگەڕێتەوە بۆ پێشکەوتنی ڕێگەی کانزکاری و تواندنەوە و دامەزراندنی هێڵی ئاسن. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ١.٣ـی بەرهەمی مسی جیهانی بەکاردەبات.

ژاپۆن

ژاپۆن لە نێوان وڵاتانی جیهاندا لە پلەی دووەمدا دێت و بەرهەمی گەیشتە نزیکەی (١) ملیۆن تەن، لە هەردوو دورگەی (هۆکایدۆ و هۆنشۆ) دەردەهێنرێت.

شیلی

لە ساڵی ١٨٨١ـدا یەکەم وڵاتی جیهان بوو لە مس بەرهەمهێناندا چونکە هەر لە کۆنەوە خاوی مسی تێدا دۆزراوەتەوە. هیندییە سوورەکان کە دانیشتوانی ڕەسەنی وڵاتەکەن مسیان ناسیوە، پاشان ئیسپانییەکان کاتێ وڵاتەکەیان داگیرکرد ناسیویانە. شیلی ئێستا لە نێوان وڵاتانی جیهانی بەرهەم هێنی مسدا پلەی سێیەمی وەرگرتووە. لە سالی ١٩٩٥ دا بەرهەمەکەی گەیشتە ٦٩٢ هەزار تەن. کانە مسەکانی دەکەونە بەشی باکوور و ناوەڕاستی وڵاتەکە و بەناوبانگترینی کانەکانیشی دەکەونە باکوور لە بناری خۆرئاوای شاخەکانی ئەندێز کە بە دەوڵەمەندترین کانی جیهان دەژمێردرێت و ڕێژەی کانزا لە خاوەکاندا دەگاتە ٢٪ هەروەها کانەکانی باشووری سانتیاگۆ لە چیای ئەندێز کە بۆ کرداری پاڵاوتن سوود لەو کارەبایە وەردەگرن کە لە تاڤگە ئاوەکانی هەیە. ناوچەیەکی گرنگی تر دەکەوێتە بیابانی ئەتەگاما. وەبەرهێنانی کانە مسییەکانی شیلی کۆمپانیا قۆرخکارەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و ئینگلیتەرا وەبەری دێنن و زۆربەی بەرهەمەکەش دەنێرێتە دەرەوە بە تایبەتی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان.

زامبیا

بەرهەمهێنانی مس لە زامبیادا پاش جەنگی جیهانی یەکەم دەستی پێکرد، بەرەو زیادبوون چووو تا گەیشتە نزیکەی ٥٧٦ هەزار تەن لە ساڵی ١٩٩٥ دا، کانە مسەکان لە زامبیادا دەکەونە بەشی باکوور ناوچەی (مەنرۆڵا)ـدا و بۆ هەرێمی شابا لە کۆنگۆی دیموکراتی درێژ دەبنەوە. ئەم کانانەش بەوە جیادەکرێتەوە کە کانزایان بە ڕێژەیەکی بەرز تێدایە و دەگاتە نزیکەی ٤.٥٪، سەرەڕای نزیکییەکەی لە ڕووی زەوییەوە. ئەمە و زۆربەی بەرهەمی مسی زامبیا لە ڕێگەی بەندەری (بیرا)ـوە لە مۆزەمبیق بۆ وڵاتەکانی دەرەوە دەنێررێتە دەرەوە.

کەنەدا

خاوەکانی مس لە کانەکانی کەنەدا بە ڕێژەیەکی بەرز کانزاکەیان تێدایە کە دەگاتە ٥٪ و زۆربەی بەرهەمەکەشی لە کانەکانی ویلایەتی (ئۆنتاریۆ) و (کیوبک)ـەوە دێن. کەنەدا نزیکەی ٤٠٪ـی بەرهەمەکەی خۆی بەکاردەبات کە لە ساڵی ١٩٩٥ـدا گەیشتە (٤٧٩) هەزار تەن و ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ دەرەوەی دەنێرێ.

یەدەگی مسی جیهان

ئەو ژمارانەی کە دەربارەی یەدەگی مسی جیهان دەدوێن بە ژمارەی کۆتایی دانانرێن، چونکە گەلێک ناوچە لە جیهاندا هەن کە ئێستا بەسەر نەکراونەتەوە و نەپشکنراون. جیۆلۆجی زانەکان لەسەر دیاریکردنی یەدەگی مس لە جیهاندا ڕێک نەکەوتوون. لە ساڵی 1993 دا بە 74 ملیۆن تەن دانرابوو، هەروەها لە کۆتایی شەستەکاندا بە 10 ملیۆن تەن دانرابوو، بەم شێوەیەش بەسەر جیهاندا دابەش کرابوو (34٪ـی ئەو یەدەگە لە ئەمەریکای باکوور، 36٪ لە ئەمەریکای باشوور، 25٪ لە ئەفریقا، 5٪ لە هەموو جیهاندا)، بەڵام لە ئێستادا یەدەگی جیهانی بە 360 ملیۆن تەن دادەنرێت کە تا ئێستا 337 ملیۆن تەنی بەکاربراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەو مسەی لە توێژاڵی گۆی زەویدا ماوە، بەو تێکڕایەی ئێستا بەکاردەبرێت بۆ ماوەیەکی کورت نەبێت بەشی جیهان ناکات، لەبەر ئەوە دەرکەوت کە گیر و گرفتی مس یەکێکە لە گیر و گرفتە سەرەکییەکان و پێویستی بە بیر لێکردنەوە هەیە بۆ دۆزینەوەی مسی تر کە بەشی جیهان بکات بە تایبەتی ئەگەر زانیمان کە لەم دواییەدا بواری بەکارهێنانی فراوانە و ڕوو لە زیادییە. بەڵام ئەوەی جێی ئومێدە ئەوەیە کە دەتوانرێت مسی بەکارهێنراو بە بڕێکی زۆر دووبارە بەکاربهێنرێتەوە، کە وادەکات مس بە یەکێک لە کانزا دەگمەنەکان دانەنرێت لە جیهاندا، سەرەڕای ئەوەی کە تا ئێستا گەلێک ناوچەی جیهان بە تەواوەتی بۆ ئەم مەبەستە نەپشکنراون.

بازرگانی مس لە نێوان دەوڵەتاندا

سەرمایەداران بە گەلەکۆمە دەستیان بەسەر نزیکەی 85٪ـی کانە مسەکانی جیهاندا گرتووە، لەبەر ئەمە بەسەر بازرگانی مسی نێوان دەوڵەتان زاڵبوون، بۆ ئەم مەبەستەش کۆمپانیاکان لە نێوان خۆیاندا یەکیان گرتووە. هەندێ دەوڵەت زۆربەی بەرهەمی مسەکەیان دەنێرنە دەرەوە، وەک شیلی و زامبیا و کۆنگۆی دیموکراتی و کەنەدا، ئەو دەوڵەتانەی مس لە دەرەوە دەهێنن، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئینگلستان و بەلجیکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و سوید و ژاپۆن و دەوڵەتە پیشەسازییەکانی تری جیهان.


سەرچاوەکان

196 بینین