تەنەکە - کانزا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-31-23:51:00 - کۆدی بابەت: 7459
تەنەکە - کانزا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەنەکە (بە ئینگلیزی: Tin) توخمێکی کیمیاییە کە هێماکەی بریتییە لە (Sn) و هێماکەی کورتکراوەی دەستەواژەی لاتینی (stannum)ـە، دەکەوێتە کۆمەڵەی ١٤ی خشتەی خولییەوە، گەردیلە ژمارەکەی بریتییە لە ٥٠، کانزایەکی زیوییە و بە شێوەیەکی ئاسایی ڕەنگێکی زەردی کاڵی هەیە.

تایبەتمەندی

گشتی

کۆمەڵە (خشتەی خولی) کۆمەڵەی ١٤ (کۆمەڵەی کاربۆن)
خول (خشتەی خولی) خولی پێنجەم
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Kr] 4d10 5s2 5p2
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنەکان بۆ هەر بەرگێک 2, 8, 18, 18, 4

فیزیایی

تەنەکە نەرم و شکاوە و کوتۆکە (واتە دەکوترێتەوە و تەخت دەکرێت و تەبەقی لێ دروست دەکرێت) و سافە و کانزایەکی سپی زیویی کریستاڵییە و لە دۆخی ڕەقیدایە، کاتێک پارچەیەک لە تەنەکە دەچەمێنرێتەوە دەنگێکی وەک کرتەی لێ دەردەچێت کە پێی دەوترێت (گریانی تەنەکە)، پلەی توانەوەکەی بریتییە لە نزیکی (٢٣٢ پلەی سیلیزی - ٤٥٠ پلەی فەهرەنایت)، ئەگەر پارچەی تەنەکە ورد بکرێت بۆ وردی ١١ نانۆمەتر (١ نانۆمەتر = / مەتر) ئەوا پلەی توانەوەکەی کەم دەکات بۆ (١٧٧٫٣ پلەی سیلیزی - ٣٥١٫١ پلەی فەهرەنایت).
ئەو کەرەستانەی کە لە تەنەکە دروستکراون بەرگەی گواستنەوە دەگرن و بە ئاسانی ناشکێنەوە چونکە ٩٩٫٨٪ پێکهاتەکەیان تەنەکەیە و بڕێکی کەمیان لە قوڕقوشم یان زیو یان ئەنتیمۆنی یان بزمۆسی تێدایە، بە دڕاشتەکردنی تەنەکە لەگەڵ ئەم توخمانەدا دەبێتە هۆی زیادکردنی ڕەقیی تەنەکە کە توانای بەرگەگرتنی پێ دەبەخشێت.
تەنەکە بە ئاسانی دۆخی کانزایی بوونی ڕەقی شکاوە دروست دەکات کە ئەم دۆخە بەشێوەیەکی ئاسایی نەخوازراوە، لەگەڵ زۆربەی توخم و کانزاکاندا تێکەڵ نابێت بۆیە بەکەمی دەچێتە دۆخی ڕەقیی جێگرییەوە، تەنەکە بە باشی لەگەڵ بزمۆس، گالیۆم، قوڕقوشم، زینک و سالیۆمدا تێکەڵ دەبێت بۆ دروستکردنی سیستمێکی سادەی زووتواوە.

کیمیایی

تەنەکە بە بەرکەوتنی لەگەڵ ئاودا ژەنگ ناکات، بەڵام ئەگەر ماددەی ترش یان تفتی بەربکەوێت ژەنگ دەکات، دەتوانرێت بۆیە بکرێت بۆ ئەوەی وەک چینێکی پارێزگاریکەر ڕۆڵ ببینێت و نەهێڵێت بەرکەوتنی تەنەکە بە کانزاکانی دیکە زیانی پێ بگەیەنێت.
تەنەکە وەک هاندەر کاردەکات بۆ هاندانی کارلێکی کیمیایی لەناو گیراوەیەکدا کە ئۆکسجینی تێدابێت، هەروەها یارمەتی خێرابوونی کارلێکی کیمایی دەدات.

مێژوو

بەکارهێنانی و دەرهێنانی تەنەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بڕۆنزی نزیکی ٣٠٠٠ ساڵی پێش زایین، کاتێک تێبینی ئەوەکرا کە ئەو شتانەی لە مس دروست کرابوون لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی کانزادا فرەکانزای پوختەنەکراویان لێ دروست دەبوو کە ڕەوشتی فیزیایی جیاوازی هەبوو، کۆنترین کەلوپەلەکانی سەدەی بڕۆنزی بە ڕێژەی کەمتر لە ٢٪ پێکهاتەی تەنەکە یان ئەڕزنیکیان تێدابوو، بڕوا وایە کە بوونی ئەم بڕە کەمەی تەنەکە ڕێکەوتە و هۆکارەکەی بوونی بڕێکی کەمی کانزای نەخوازراوە لە مسی خاودا، زیادکردنی کانزا بۆ مس ڕەقییەکەی زیاد دەکات و پلەی گەرمی توانەوەی کەم دەکاتەوە، هەروەها پڕۆسەی داڕشتنی کانزاکە بەرەو پێش دەبات، ئەمە داهێنانێکی گرنگ بوو لە سەدەی بڕۆنزیدا کە ڕێخۆشکەربوو بۆ دروستکردنی شێوەی جیاوازتر لە کانزاکانەوە، کەلوپەلە لە ئەڕزنیک دروستکراو بۆ یەکەمجار لە نزیکی خۆرهەڵات بەکارهات کە بە شێوەیەکی باو ئەڕزنیک لە مسی خاوەوە دەردەهێنرا، بەڵام مەترسییەکانی ئەڕزنیک بۆ سەر تەندروستی بە زووی زانرا، هەروەها گەڕان بۆ سەرچاوەیەکی دیکە کە زیانی کەم بێت بوو بەهۆی دۆزینەوەی تەنەکەی خاو لە کۆتاییەکانی سەدەی بڕۆنزیدا.

ئاوێتە

ئاوێتەی نائەندامی

تەنەکە دوو دۆخی ئۆکساندنی هەیە کە بریتییە لە دوو (بە لاتینی: II) و چوار (بە لاتینی: IV)، پێکهاتە هاڵایدەکان بە هەردوو دۆخی ئۆکساندن ناسراون، بۆ دۆخی ئۆکساندنی چواری تەنەکە چوار هاڵاید هەن کە بریتیین لە: چوارە فلۆریدی تەنەکە (SnF4)، چوارە کلۆریدی تەنەکە (SnCl4)، چوارە بڕۆمیدی تەنەکە (SnBr4) و چوارە یۆدیۆی تەنەکە (SnI4)، چوار فلۆریدی تەنەکە پۆلیمەرییە و سێ ئاوێتەکەی تر ئاوێتەی گەردیی بەهەواداچوون.
بۆ دۆخی ئۆکساندنی دووی تەنەکە بەهەمان شێوە چوار ئاوێتەی هاڵاید بوونی هەیە کە بریتیین لە: دووانە فلۆریدی تەنەکە (SnF2)، دووانە کلۆریدی تەنەکە (SnCl2)، دووانە بڕۆمیدی تەنەکە (SnBr2) و دووانە یۆدیدی تەنەکە (SnI2)، هەموویان پۆلیمەری ڕەقن، لەو هەشت ئاوێتەیەی کە باسکران تەنها یۆدیدەکان ڕەنگدارن.

ئاوێتەی ئەندامی

ئاوێتە ئەندامییەکانی تەنەکە زۆرجار پێیان دەوترێت ستانانس (بە ئینگلیزی: stannanes) ئەو ئاوێتە کیمیاییانەن کە بەندی کاربۆن - تەنەکەیان تێدایە، لەناو هەموو ئەو ئاوێتانەدا کە تەنەکە پێکی دەهێنێت ئاوێتە ئەندامییەکان لە ڕووی ئابورییەوە سوودبەخشترینن، هەندێک لە ئاوێتە ئەندامییەکانی تەنەکە زۆر ژەهراوین و وەک ژەهر بەکاردێن.


سەرچاوەکان



1738 بینین