ئاسن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-07-06-17:23:00 - کۆدی بابەت: 3634
ئاسن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاسن (بە ئینگلیزی: Iron) توخمێکی کیمیاییە کە هێما کیمیاییەکەی بریتییە لە Fe و گەردیلە ژمارەکەی دەکاتە ٢٦. کانزایەکە کە دەکەوێتە زنجیرەی یەکەمی کانزا گۆڕاوەکان و کۆمەڵەی ٨ خشتەی خولییەوە. بەهێز و شکۆکە. ئاسن باوترین توخمە لەسەر زەوی و دەکرێت بوترێت هاوشێوەی ئۆکسجین زۆربەی پێکهاتەی توخمەکانی سەر ڕووی زەوی و ناوکی ناوەوەی زەوی پێکدەهێنێت، هەروەها چوارەم باوترین توخمە لە توێکڵی زەویدا.
ئاسن بەشێوەیەکی دەگمەن لە دۆخە کانزاییەکەیدا لە توێکڵی زەویدا بوونی هەیە، بەڵکوو ئاسن لە شێوەی خاوەکەیدا باوترینە لە توێکڵی زەویدا.

مێژوو

زەویناسان پێشبینی ئەوە دەکەن کە مێژووی بەکارھێنانی ئاسن لەلایەن مرۆڤایەتییەوە بگەڕێتەوە بۆ ٥٠٠٠ ساڵ، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە زۆربەی ئەو ئاسنەی لە کۆندا بەکارهاتووە سەرچاوەکەی ئەو پارچانە بووە کە لە ئاسمانەوە کەوتوونەتە سەر زەوی. لە توێژینەوەیەکدا کە لە ساڵی ٢٠١٣ بڵاوکراوەتەوە باسی لەوە کردووە کە توێژەران لە میسڕی کۆن دەنکە مووروی ئاسنیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٢٠٠ ساڵ پێش زایین، هەروەها ئەوە دۆزراوەتەوە کە سەرچاوەی ئەو ئاسنە بەردی ئاسمانی بووە.

تایبەتمەندی

خشتەی خولی

گەردیلە ژمارە ٢٦
کۆمەڵە - خشتەی خولی کۆمەڵەی ٨
خول - خشتەی خولی خولی ٤
خشتۆک d-block
ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی [Ar]4s23d6

فیزیایی

دۆخ (لە پلەی گەرمی و پەستانی ئاساییدا) ڕەق
پلەی توانەوە ١٥٣٨ پلەی سیلیزی
پلەی کوڵان ٢٨٦٢ پلەی سیلیزی
چڕی ٧٫٨٧٤ پلەی سیلیزی 

ئاسنی خاوێن بە کانزایەکی نەرم ناسراوە کە ڕەنگێکی زیوی یان خۆڵەمێشیی هەیە، هەندێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی بریتیین لە کوتۆکی و شکۆکی و توانای گەیاندنی گەرمی. کوتۆکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی توێژاڵی تەنک لە ئاسن دروست بکرێت بەبێ ئەوەی کە درز ببات، هەروەها شکۆکی یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی بتوانرێت وایەری باریکی لێ دروست بکرێت. ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی ناوەکیی ئاسن و پێکهاتنە کریستاڵییە تایبەتەکەی وای لێکردووە کە بە شێوەیەکی سروشتی ڕاکێشانی بۆ موگناتیس هەبێت.
ئەوەی کە وای کردووە ئاسن کانزایەکی بەناوبانگ و زۆر بەکارهاتوو بێت تایبەتمەندی بەرزی هێزی بەرهەڵستییەتی کە ئەمەش وای لێکردووە ئاسانتر شێوە وەربگرێت. واتە هێزی بەرهەڵستییەکەی وای لێکردووە هەر شێوەیەکی لێدروست بکرێت پێکهاتەیەکی ڕەق و توند وەربگرێت.

کیمیایی

ڕیزبوونی ئەلیکترۆنی ئاسن بریتییە لە [Ar]4s23d6، هەروەها ١٤ هاوتای ناسراوی هەیە، بەشێوەیەکی سەرەکی لە دۆخی ئۆکسانی +2 و +3 دایە، ئەو ئاوێتەی کە لە ئاسنی +2 (Iron (II)) پێکهاتوون پێیان دەوترێت فیڕۆوز (ferrous) کە ڕەنگێکی سەوزی کاڵیان هەیە، ئەوانەی کە لە ئاسنی +3  (iron (III)) پێکهاتوون پێیان دەوترێت فێڕیک (ferric) و ڕەنگێکی پرتەقاڵی یان قاوەییان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا لە دۆخی بەرزی ئۆکسانی +6 لە ئاوێتەی فێڕاتی پۆتاسیۆم (K2FeO4) بوونی هەیە.
ئاوێتەکانی ئاسن بە مەودایەکی فراوان لە پیشەسازیدا بەکاردێن، گۆگرداتی فیڕۆز (FeSO47H2O) و کلۆریدی فێڕیک (FeCl3) نموونەی دوو ئاوێتەن کە بە مەودایەکی زۆر فراوان بەرهەم دەهێنرێن. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئاسن ئەوەیە کە بە ئاسانی لە هەوای کراوەدا دەئۆکسێنرێت، لەبەر ئەم هۆیەشە زۆربەی ئاوێتەکانی ئاسنی دووانی (iron (II)) دەئۆکسێنرێن بۆ ئاسنی سیانی (iron (III)).
ئاسن کانزایەکی زۆر چالاکە و هەر بە کارلێککردنی لەگەڵ ئۆکسجین یان شێی هەوادا ژەنگ (Fe2O3) دروست دەکات. ژەنگکردن سەرەکیترین خاڵی لاوازی ئەم کانزایەیە، بەڵام هەرچۆنێک بێت بەهۆی پێشکەوتنی زانستەوە چەندین ڕێگای وەک بۆیەکردن و چاندنی ئەلیکترۆنی بۆ لابردنی ژەنگ بەکاردێن.
ئاسن بەشێوەیەکی گشتی لەگەڵ کانزا جیاوازەکانی تر و هەندێک ئاوێتەی لە کاربۆن پێکهاتوودا داڕشتە دەکرێت، بە گۆڕینی ناوەڕۆکی کاربۆن دەتوانرێت بۆ بەرهەمهێنانی ستەینلێس ستیل بەکاربێت. تایبەتمەندییە کیمیاییەکانی ئاسن بە گۆڕینی پەستان و پلەی گەرمیی ناوەکی دەگۆڕێن، لەبەر ئەم هۆیەش دەتوانرێت بۆ مەبەستی جیاواز بەکاربێت. بەهۆی تایبەتمەندییە بێهاوتاکانییەوە ئاسن بەشێوەیەکی فراوان لە پیشەسازی جیاوازدا بەکاردێت.

بەکارهێنان

  1. ئاسن لە دروستکردنی ستیل و لە کاری بیناسازی شارستانیدا وەک دروستکردنی کۆنکرێتی بەهێزکراو (reinforced) و چەندین کەرەستەی تردا بەکاردێت.
  2. ئاسن بۆ دروستکردنی داڕشتەکانی ستیلی وەک ستیلی کاربۆن لەگەڵ زیادکراوی وەک نیکڵ و کڕۆمیۆم و ڤەنادیۆم و تەنگستن و مەنگەنیزدا بەکاردێت. کە ئەم داڕشتانە بۆ دروستکردنی پرد و ستوونی کارەبا و زنجیری پاسکیل و ئامڕازەکانی بڕین و لوولەی تفەنگدا بەکاردێت.
  3. ئاسنی داڕشتە یان پۆڵایین نزیکەی 3–5% لە کاربۆن پێکدێت، بۆ دروستکردنی بۆری و پەمپ.
  4. هاندەرەکانی ئاسن لە پڕۆسەی هابەردا بۆ بەرهەمهێنانی ئامۆنیا بەکاردێن.
  5. موگناتیس دەتوانرێت لە ئەم کانزایە و داڕشتە و ئاوێتەکانی دروست بکرێت.

کاریگەرییە تەندروستییەکانی ئاسن

ئاسن لە بەرهەمەکانی گۆشت و پەتاتە و سەوزەواتدا بوونی هەیە، لەشی مرۆڤ بەخێراییەکی زیاتر ئاسنی ناو بەرهەمەکانی گۆشت هەڵدەمژێت بە بەراورد بەو ئاسنەی کە لە بەرهەمەکانی ڕووەکەوە هەڵیدەمژێت، ئاسن بەشێکی گرنگی هیمۆگڵۆبینی خڕۆکە سوورەکانی خوێن پێکدەهێنێت، کە کارایەکە بەرپرسە لە ڕەنگی سووری خوێن و گواستنەوەی ئۆکسجین بە هەموو لەشدا.
ئاسن ئەگەر پەیوەست بێت بە شانەکانەوە و تیایاندا بمێنێتەوە دەکرێت ببێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردن و هەڵئاوسانی چاوەکان. هەڵمژینی درێژخایەنی تۆزی خەستی ئۆکسیدی ئاسن دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی (siderosis) کە نەخۆشییەکە تووشی سییەکان دەبێت، کە نیشانە باوەکانی بریتیین لە کەمبوونەوەی توانای بیستن و ناڕێکی جووڵە. خەستی بەرزی ئۆکسیدی ئاسن لە لەشدا دەکرێت مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد بکات.

کێشەیەکی تری باو کە بەهۆی ئاسنەوە تووشی مرۆڤ دەبێت بەهۆی کەمی ئاسنەوەیە، کە کەمیی ئاسن هۆکارە بۆ تووشبوون بە کەمخوێنی. پیاوان ڕۆژانە پێویستیان بە ٧ میلیگرام ئاسن هەیە، ئافرەتانیش پێویستیان بە ١١ میلیگرام هەیە. ئاساییانە ژەمێکی ئاسایی دەتوانێت بڕی ئاسنی پێویست بۆ لەشی مرۆڤ دابین بکات.


سەرچاوەکان

5139 بینین