شێی هەوا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-05-00:47:00 - کۆدی بابەت: 4163
شێی هەوا

ناوه‌ڕۆك

شێ

لە کاتی بەهەڵم بوون ئاو لە دەریاچەکان و دەریا و زەریاکاندا هەروەها لە کرداری هەڵمینی ڕووەکەکانیش دا هەڵمی ئاو پەیدادەبێت کە پێی دەڵێن شێی هەوا، هەڵمی ئاو بە چآو نابینرێت. بڕی هەڵمی ئاو لە ناو هەوادا پێی دەوترێ شێ. لە کاتی بەهەڵم بوونی ئاودا ڕێژەی شێ لە هەوادا زیاددەکات. توانای هەوا بۆ هەڵگرتنی هەڵمی ئاو بە پێی گۆڕانی پلەی گەرمی دەگۆڕێت. لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی هەوا توانای هەڵگرتنی هەڵمی ئاوی زیاتر دەبێت.

شێ ڕێژە

یەکێک لە دەربڕینەکان بۆ ڕوون کردنەوەی شێ بریتییە لە شێ ڕێژە کە  بریتییە  لە ڕێژەی بڕی هەڵمی ئاو لە هەوادا بە بەراورد لەگەڵ گەورەترین بڕی هەڵمی ئاو کە هەوا دەتوانێت هەڵیبگرێت لە پلەیەکی گەرمی دیاری کراودا، بۆیە شێ ڕێژە بەردەوام بە ڕێژەی سەدی دەردەهێنرێ، کاتێک هەوا هەموو ئەو هەڵمە ئاوە هەڵدەگرێت کە دەتوانێ هەڵیبگرێ لە پلەیەکی گەرمی دیاریکراودا ئەوا هەواکە تێرە و شێ ڕێژەکەی دەگاتە ١٠٠٪، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن شێ ڕێژەی هەوایەکی ناتێر دەدۆزیتەوە. ئەگەر بڕی ئەو هەڵمە ئاوەت زانی کە دەتوانێ لە پلەیەکی گەرمی دیاریکراودا هەڵیبگرێت، هەروەها بڕی تەواوی هەڵمی ئاویشت زانی لە هەوادا ئەوا دەتوانی شی ڕێژە بدۆزیتەوە.

ئەو هۆیانەی کە کاردەکەنە سەر شێ ڕێژە

بڕی هەڵمی ئاو و پلەی گەرمی ئەو دوو هۆکارەکن کە ڕاستەوخۆ کار دەکەنە سەر شێ ڕێژە ئەگەر پلەی گەرمی و پەستان جێگیربن، ئەوا شێ ڕێژە دەگۆرێت بە گۆڕانی بڕی هەڵمی ئاو لە هەوادا، هەتا ڕێژەی هەڵمی ئاو لە ناو هەوادا زیاد بکات ئەوا شێ ڕێژە زیاد دەکات، وە ئەگەر بڕی هەڵمی ئاو لە ناو هەوادا وەکو خۆی بمێنێتەوە و پلەی گەرمی بگۆڕێت ئەوا شێ ڕێژەش دەگۆڕێت. هەتا پلەی گەرمی بەرز بێتەوە شێ ڕێژە کەم دەکات، پلەی گەرمی نزم بێتەوە شێ ڕێژە زیاد دەکات.

پێوانەکردنی شێ ڕێژە

هیگرۆمەتر دەزگایەکە بەکاردەهێنرێت بۆ پێوانەکردنی شێ ڕێژە، ئەو دەزگایە لە دوو تەرمۆمەتر پێک دێت، یەکێکیان تەرمۆمەتری کۆگا تەڕە چونکە بە پارچە قوماشێکی تەڕ داپۆشراوە، بەڵام دووەمیان تەرمۆمەتری کۆگا وشکە، جیاوازی لە خوێندنەوەکانی پلەی گەرمی هەردوو تێرمۆمەترەکە ئاماژەیە بۆ بڕی هەڵمی ئاو لە هەوادا، هەتا جیاوازی نێوان هەردوو خوێندنەوەکە گەورە بێ ئەوا بڕی هەڵمی ئاو لە ناو هەوادا کەمە و دواتریش شێ ڕێژە کەمە. 
چۆن تەرمۆمەتری کۆگاتەڕ کاردەکات
تەرمۆمەتری کۆگاتەڕ بە ڕێگەیەک ئیش دەکات جیاوازە لە تەرمۆمەتری کۆگا وشک کە تەنها پلەی گەرمی هەوا دەپێوێت. لە کاتی تێپەڕبوونی هەوا بەسەر تەرمۆمەتری کۆگاتەڕدا ئاوی سەر پارچە قوماشەکە دەبێتە هەڵم و پارچە قوماشەکە سارد دەبێتەوە، ئەگەر شێ کەم بێت ئەوا ئاوەکە بە خێراتر دەبێتە هەڵم و خوێندنەوەی پلە لەسەر تەرمۆمەترە کۆگا تەڕەکە دادەبەزێت، ئەگەر شێ زۆربێت ئەوا بڕێکی کەمی ئاوی پارچە قوماشەکە دەبێتە هەڵم و گۆڕان لە پلەی گەرمیش کەم دەبێت.

چربوونەوە (خەست بوونەوە) 

چربوونەوە ئەو کردارەیە کە دۆخی گازی وەک هەڵمی ئاو دەگۆڕێت بۆ دۆخی شلی، بەڵام پێش ئەوەی چربوونەوە ڕووبدات پێویستە هەوا تێربێت واتە شێ ڕێژە لە ١٠٠٪ بێت لەو هەوایە. چربوونەوە کاتێک ڕوودەدات کە هەوای تێر هەڵم سارد بێتەوە. خاڵی شەونم (ئاورینگ) (Dew point)، ئەو پلە گەرمیەیە کە تیایدا دۆخی گازی چڕ دەبێتەوە و دەگۆڕێ بۆ شلی، لە خاڵی شەونم دا هەوا تێربووە لە هەڵمی ئاو.

هەورەکان 

هەور کۆمەڵەیەکە لە ملیۆنەها تنۆکە ئاوی زۆر بچووک یان دەنۆلکە بەلووری بەفر. هەور پێکدێت لە کاتی بەرزبوونەوەی هەوای گەرم و ساردبوونەوەی کاتێک هەوای  بەرز بۆوە سارد دەبێتەوە ئەوا تێر دەبێت واتە هەڵمی ئاو دەگۆڕێت بۆ شلی یان ڕەقی بەپێی پلەی گەرمی هەواکە لە پلەی گەرمی سەروو بیستن دا هەڵمی ئاوی ناو هەوا چڕ دەبێتەوە بە شێوەی تەنۆچکەی بچووک لە ناو هەوادا و دەبێتە دڵۆپە باران، بەڵام لە پلەی گەرمی خوار بەستندا هەڵمی ئاوی ناو هەوا دەگۆڕی بۆ دەنۆلکە بەلووری ڕەق واتە بەفر، هەورەکان بە پێی شێوەیان و بەرزیان دەکرێنە چەند جۆرێک.

هەورە کەڵەکە بووەکان 

هەورە کەڵەکە بووەکان هەوری سپین شێوە قووچەکین و لای خوارەوەیان تەختە، دروست دەبن لەو کاتەی هەوای گەرم بەرز دەبێتەوە، هەورە کەڵەکەبووەکان هێمای کەشێکی مام ناوەندین، بەڵام ئەگەر قەبارەکەی گەورەتر بێت دەبێتە هۆی گەردەلوولی بە هەورە گرمە، کەواتە گەردەلوولی بەهەورەگرمە پەیدادەبێت لەو هەورە کەڵەکە بووانەی کە ناودەبرێن بە هەورە کەڵەکە بووە باراناوییەکان کە لەوانەیە ببێتە هۆی دابارین.

هەورە چین چینەکان

هەورە چین چینەکان لە چەند چینێک پێک دێن کە پانتاییەکی زۆری ئاسمان دادەپۆشن و زۆر جار دەبنە هۆی داپۆشینی ڕووناکی خۆر، لەوانەیە هۆی پەیدابوونی هەورە چین چینەکان بگەڕێتەوە بۆ کرداری هەڵگرتنێکی هێواشی بڕێکی زۆر لە هەوا بەرەو ناو بەرگە هەوا بەڵام هەورە چین چینە باراناویەکان بریتیین لە هەوری چین چینی ڕەش کە دەبنە هۆی بارانێکی بەردەوامی هێواش تا لێزمەبارانێکی زۆر تەنانەت (تەم)ـیش هەورێکی چین چینە بەڵام لە نزیک ڕووی زەویەوە پەیدا دەبێت.

هەورە تەنکەکان 

هەورە تەنکەکان بریتین لە هەوری سپی تەنک و شێوەپەڕ کە لە بەرزاییە بڵندەکاندا پەیدا دەبن لەو کاتانەی کە با زۆر بەهێزە، ئەگەر ئەستووری ئەو هەورانە زیاد بکات ئەوا کەش لە گۆڕاندا دەبێت.


سەرچاوەکان



2763 بینین