چیمەنتۆ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-04-01-12:19:00 - کۆدی بابەت: 8102
چیمەنتۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەشێوەیەکی گشتگیر چیمەنتۆ بە هەموو جۆرەکانی ماددەی لکێنەر دەوترێت، بەڵام بە وردی بەو ماددە لکێنەرانە دەوترێت کە بەکاردێن بۆ بیناسازی و کاری ئەندازیاری شارستانی و بنیادنان، ئەم جۆرانەی چیمەنتۆ تۆز (پاودەر)ی وردن کە کاتێک لەگەڵ ئاودا تێکەڵ دەکرێن و وشک دەبنەوە دەبن بە ماددەیەکی ڕەق، دەقگرتن و ڕەقبوونەکەی بەهۆی ئاوێتەبوونیەتی لەگەڵ ئاودا، کە ئەم ئاوێتەبوونە کیماییەی چیمەنتۆ لەگەڵ ئاودا دەبێتە هۆی دروست بوونی کریستاڵی ژێروردبینی یان ماددەی شێوە جێڵی بە بوونی ڕووکارێکی بەرز، چیمەنتۆی بنیادنان لەبەر تایبەتمەندی ئاوێتەبوونی لەگەڵ ئاودا و ڕەقبوون و دەقگرتنی زۆرجار پێی دەوترێت چیمەنتۆی هایدرۆلیکی یان چیمەنتۆی شل.

مێژوو

جۆری ڕەسەنی چیمەنتۆی هایدرۆلیک مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕۆمانی و یۆنانییەکان، ئەو ماددانەی بەکارهاتوون بریتی بوون لە گەچ و خۆڵەمێشی گڕکان کە بە هێواشی و بە بوونی ئاو کارلێک دەکەن بۆ دروستکردنیان بارستەیەکی ڕەق، ئەم پێکهاتەیە بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێشتر ماددەی چیمەنتۆی ڕۆمان و کۆنکرێت و پاشکۆی کاری بنیادنانی ئەورووپای پێکدەھێنا، سەرچاوەی خۆڵەمێشی گڕکانی لە شاری پۆتزوەڵانای ئیتالیای ئێستا بوو، کە دەوڵەمەند بووە بە خاوی سیلیکاتی ئەلەمنیۆم.

ماددەی خاو

چیمەنتۆی پۆرتلاند بەشێوەیەکی بنچینەیی پێکدێت لە گەچ (ئۆکسیدی کالیسیۆم) کە لەگەڵ سیلیکا (دووەم ئۆکسیدی سلیکۆن) و ئەلومینا (ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم) تێکەڵ دەکرێت، گەچ لە کلسی پێکهاتوو لە گەچەوە دەست دەکەوێت، ئۆکسیدەکانی تر لە پێکهاتەی گڵەسوورەوە دەست دەکەون، ماددە خاوە زیادکراوەکانی تری وەک لمی سیلیکا و ئۆکسیدی ئاسن و بۆکسایت (پێکدێت لە هایدارتی ئەلەمنیۆم) دەکرێت بە بڕێکی کەم بەکاربێن بۆ دەستکەوتنی پێکهاتەی خوازراو.
باوترین کلسی پێکهاتوو لە گەچ بریتییە لە بەردەگەچ و تەباشیر، گڵەپەیینە کە گەچی قوڕینەی پەستێنراوە لەگەڵ تاوێری چیمەنتۆ هەردوو ئاوێتەکانی گەچ و گڵەسوورەیان تێدایە بە ڕێژەیەک کە هەندێک جار نزیک دەبێتەوە لە پێکهاتەی چیمەنتۆ، پاشماوە پیشەسازییەکانی وەک خۆڵەمێش و کاربۆناتی کالیسیۆم و ماددەی خاوی تری ڕێتێچوون کە دەکرێت بەکاربێن، بەڵام بەکارهێنانیان بە بەراورد بە سەرچاوەی ماددە خاوە سروشتییەکانی تر کەمترە.

جۆرەکانی چیمەنتۆ

چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی - Ordinary Portland Cement (OPC)

چیمەنتۆی پۆرتلاند لە چوار ئاوێتەی سەرەکی دروست دەکرێت کە بریتیین لە: سیانە کالیسیۆمی سیلیکات (3CaO · SiO2) کە بە C3S ناسراوە، دووانە کالیسیۆمی سیلیکات (2CaO · SiO2) کە بە C2S ناسراوە، (3CaO · Al2O3) بە C3A ناسراوە، هەروەها (4CaO · Al2O3Fe2O3) کە بە C4AF ناسراوە، ئەو کورتکراوەی ناوانەی کە بۆ ئەم پێکهاتانە دانراوە بە هێمای گەردیلەیی سادەوە هاتووە، کە تێیدا C هێمایە بۆ ئۆکسیدی کالیسیۆم (گەچ) و S بۆ سیلیکا و A ئەلەمنیۆم هەروەها F بۆ ئۆکسیدی ئاسن.
لەگەڵ ئەو پێکهاتانەدا بڕێکی کەم لە گەچ و مەنگەنیزی تێکەڵ نەکراویشی تێدایە، هەروەها بڕێکی کەم لە ئەلکالییەکان و توخمی تری تێدایە.
چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی کە پێشی دەوترێت OPC ئەو جۆرەی چیمەنتۆیە کە لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرێت و بەرهەم دەهێنرێت، بەشێوەیەکی فراوان بەکاردێت بۆ مەبەستی:

  • کۆنکرێت: کاتێک چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی لەگەڵ وردەبەرد و ئاودا تێکەڵ دەکرێت کۆنکرێت دروست دەکات، کە بەشێوەیەکی فراوان لە بنیادنانی خانووبەرەدا بەکاردێت.
  • جەبلە: بۆ بەیەکەوە بەستنی خشت.
  • پلاستەر: بۆ پێدانی ڕووکارێکی بێخەوش بە دیوار.

چیمەنتۆی پۆرتلاندی پۆتزوەڵانا - Portland Pozzolana  Cement (PPC)

بۆ ئامادەکردنی ئەم جۆرەی چیمەنتۆ دەبێت کلینکەری پۆتزوەڵانیک لەگەڵ چیمەنتۆی پۆرتلاند بهاڕدرێت، کلینکەری چیمەنتۆ ماددەیەکی ڕەقە کە لە کاتی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی پۆرتلاندا وەک بەرهەمێکی نێوەندی بەرهەم دێت، چیمەنتۆی پۆرتلاندی پۆتزوەڵانا بەرگری هەیە بۆ هێرشە جیاوازەکانی ماددە کیمیاییەکانی سەر کۆنکرێت، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە بیناسازی وەک ئەمانەی خوارەوەدا بەکاردێت:

  • باڵەخانەی سەربازی
  • پرد
  • بەنداو
  • شۆستە
  • کاری بارستەی کۆنکرێتی

چیمەنتۆی خێرا ڕەقبوو - Rapid Hardening Cement

چیمەنتۆی خێرا ڕەقبوو کاتێک دروست دەکرێت کە بەرهەمی کۆتایی هاڕدراوی C3S بەشێوەی چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی لەگەڵ بڕێکی زیاتر لە کۆنکرێتدا ئامادە دەکرێت.
زیاتر لەو بنیادنانەدا بەکاردێت کە پێویستییان بە خێرا ڕەقبوون هەیە وەک دروستکردنی شۆستە.

چیمەنتۆی تەواو خێرا ڕەقبوو - Extra Rapid Hardening Cement

هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە، چیمەنتۆی تەواو خێرا ڕەقبوو بە زووی بەهێزی بەدەست دەهێنێت، ئەم تایبەتمەندییەی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکردنی کلۆریدی کالیسیۆم بۆ ئەم جۆرەی چیمەنتۆ. 
چیمەنتۆی تەواو خێرا ڕەقبوو بەشێوەیەکی بەرفراوان لەو کۆنکرێتانەدا بەکاردێت کە هی کەشوهەوای ساردن بۆ ئەوەی چیمەنتۆکە بەخێرایی قاڵب بگرێت، خێرا ڕەقبوونی ئەم جۆرەیان چیمەنتۆ بە ڕێژەی ٢٥٪ و بە ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ خێراترە لە چیمەنتۆی خێرا ڕەقبوو.

چیمەنتۆی گەرمی کەم - Low Heat Cement

چیمەنتۆی گەرمی کەم بە هێشتنەوەی ڕێژەی سەدی C3A کەمتر لە ٦٪ و زیادکردنی ڕێژەی C2S دروست دەکرێت، ئەم چیمەنتۆی گەرمی کەمە لە بارستەی بنیادنانی کۆنکرێتی وەک بەنداو بەکاردەهێنرێت، هەروەها گرنگە کە بزانرێت توانای کارلێککردنی کەمە و ماوەی قاڵبگرتنی سەرەتایی لە چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی زیاترە.

چیمەتۆی بەرگریکەری گۆگردات - Sulfates Resisting Cement

ئەم جۆرەی چیمەنتۆ بەشێوەیەک دروستکراوە کە بەرگری هەبێت دژی زیانەکانی گۆگردات لەسەر کۆنکرێت، هەروەها بە ڕێژەیەکی سەدی کەم پێکهاتەی C3Aی تێدایە.
چیمەنتۆی بەرگری دژی گۆگردات بەکاردێت لە دروستکردنی ئەو بنیادنانەی کە بەرکەوتنیان هەیە لەگەڵ ئەو خاک و ئاوی ژێرزەوییانەی کە بە ڕێژەی ٠٫٢٪ یان ٠٫٣٪ گرام/لیتر خوێی گۆگرداتیان تێدایە، هەروەها دەتوانرێت بەکاربێت لە ئەو ڕووکاری کۆنکرێتانەی کە تووشی گۆڕانکاری وشکی و تەڕی دەبێتەوە وەک پردی لەنگەرگرتنی کەشتی.

چیمەنتۆی خێرا قاڵبگرتوو - Quick Setting Cement

ئەم جۆرەی چیمەنتۆ بە بەراورد بە چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی خێراتر قاڵب دەگرێت، بەڵام بەهێزییەکەی هەروەک خۆی دەمێنێتەوە، بۆ دەستکەوتنی ئەم تایبەتمەندییە بڕی گەچ لە چیمەنتۆکەدا کەم دەکرێتەوە.
چیمەنتۆی خێرا قاڵبگرتوو لەو بنیادنانەدا بەکاردێت کە پێویستیان بەوەیە چیمەنتۆکەی خێرا قاڵب بگرێت، وەک: بیناسازی ژێرئاو و ئەو بیناسازییانەی لە کەشوهەوای سارد و باراناویدا بنیاد دەنرێن.

چیمەنتۆی خەڵتەی کوورەی تواندنەوەی کانزا - Blast Furnace Slag Cement

ئەم جۆرەی چیمەنتۆ بە هاڕینی کلینکەر لەگەڵ ٦٠٪ خەڵتە و هەمان شێوەی چیمەنتۆی پۆرتلاندە، لە دروستکردنی ئەو باڵەخانانەی کە تێچووی ئابووریان گرنگە بەکاردێت.

چیمەنتۆی دەوڵەمەند بە ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم - High Alumina Cement

ئەم جۆرەی چیمەنتۆ بە تێکەڵکردنی بۆکسایتی گەچی و ئۆکسیدی کالیسیۆم (کلس) لەگەڵ کلینکەر لە کاتی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاساییدا دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی چیمەنتۆیەکی دەوڵەمەند بە ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم دروست ببێت دەبێت تێکڕای بڕی ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم لە ٣٢٪ کەمتر نەبێت، هەروەها تێکڕای کێشی ئۆکسیدی ئەلەمنیۆم بۆ ئۆکسیدی کالیسیۆم دەبێت لە نێوان ٠٫٨٥ بۆ ١٫٣٠ بێت.
زۆرترین بەکارهێنانی ئەم جۆرەی چیمەنتۆ لەو بنیادنانەدایە کە تووشی پلەی گەرمی زۆر دەبن.

چیمەنتۆی سپی - White Cement

ئەم جۆرەی چیمەنتۆ بە بەکارهێنانی ئەو ماددە خاوانەی کە خاڵین لە ئاسن و ئۆکسید دروست دەکرێت، چیمەنتۆی سپی دەبێت بڕێکی زۆر لە ئۆکسیدی کالیسیۆم و قوڕی تێدابێت، وەک چیمەنتۆی پۆرتلاندی ئاسایی وایە بەڵام نرخەکەی گرانترە.


سەرچاوەکان



1168 بینین