خانەقین

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-23-19:18:00 - کۆدی بابەت: 7682
خانەقین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

خانەقین (بە عەرەبی: خانقین، بە ئینگلیزی: Khanaqin) شارۆچکەیەکی عێراقە و بە شاری برایەتی و پێکەوە ژیان ناسراوە، چونکە هەر لەکۆنەوە ناوچەیەکی فرەنەتەوە بووە، لە ڕابردوودا موسڵمان و مەسیحی و جوولەکە تێیدا ژیاون، بۆیە ئەو پێکەوەژیانی و برایەتییەی ئێستای خانەقین ڕەنگدانەوەی ڕابردووە و لە ئێستادا کورد و عەرەب و تورکمان دانیشتووی شارەکەن، هەریەک لە ناحیەکانی جەلەولا، سەعدییە، قەرە تەپە، مەیدان، بەمۆ، بانمیل و مەرکەز کە ژمارەیان حەوت ناحیەیە سەر بە شارۆچکەی خانەقینن.

شوێنی جوگرافی

خانەقین سەر بە پارێزگای دیالەیە و لە سنووری وڵاتی ئێرانەوە نزیکە، لە ناوچە جێناکۆکەکانە و لە نێوان حکوومەتی ناوەندی بەغداد و حکومەتی هەرێمی کوردستان مشتومڕی زۆری لەسەر هەیە، ڕووباری ئەڵوەند ناوچەکەی کردووە بە دوو بەشەوە، ڕووبەرەکەی 16هەزار کیلۆمەتر دووجاریە و کەشوهەوای مامناوەندە.

دانیشتوان 

دانیشتوانی خانەقین لە چەند نەتەوەیەک پێکهاتوون، کورد ڕێژەی هەرەزۆری ژمارەی دانیشتوانەکەی پێکدەهێنێت بەتایبەت کوردی کەلهوڕی و گۆرانی کە پەیڕەوی ڕێبازی شیعەن و بە شێوەزاری کەڵهوڕی قسە دەکەن، پاشان نەتەوەی عەرەبی شیعە و  تورکمانیش لە ناحیەی جەلەولا و سەعدییە بوونیان هەیە، ڕێژەیەکی دیاریکراو لە پەیڕەوانی ئایینی کاکەیی لە خانەقین بوونیان هەیە، لە ڕابردوودا ژمارەیەک خێزانی مەسیحی دانیشتوی شارەکە بوون بەڵام بەهۆی بارودۆخی عێراق لە ئێستادا یەک خێزانی مەسیحی لەو ناوچەیە ماوەتەوە،
بەهۆی هەمەجۆری نەتەوەکانی خانەقین، ناوچەکە خاوەن کوولتوورێکی دەوڵەمەند و تایبەتە، تێکەڵەیەکە لە کولتووری کورد و عەرەب و تورکمان, تەنانەت بەهۆی نزیکی لە سنووری ئێرانەوە کاریگەر بووە بە کولتوورێکی فارسییش، زۆربەی دانیشتوانی خانەقین بە هەر سێ زمانی ناوچەکە کوردی، عەرەبی و تورکمانی قسە دەکەن.
بەپێی خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2017 لە عێراق ژمارەی دانیشتوانی خانەقین 160,379 کەس بوونە.

واتای ناوەکەی

ناوەکەی لە نووسراوەکانی یۆنانییەکان لەهەندێک شوێن بە ناوی "تیتۆس" نووسراوە و واتای "دیمەنی دڵڕفێنە"، هەروەها لە چەند نووسراوێکیش بە ناوی "ئەرتیمۆس" نووسراوە کە واتای شوێنی گەشتیارییە، بەپێی سەردەمە مێژووییەکان ناوی ناوچەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە سەردەمی ئەکەدییەکان بە ناوی "هیلیان" ناسراو بووە، لە سەردەمی فارسەکان بە "ئیلوان ناسراوە، بەڵام لە پاش فتوحاتی ئیسلامی ناوکەی کرا بە "حەلوان"، بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ناوی خانەقین لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەوییەوەکانەوە بەکارهێنراوە. 

کەرتی ئابووری

خانەقین خاکەکەی بە پیتە بۆ کشتوکاڵی بە تایبەتی بەرهەمی مزرەمەنییەکانی وەک لیمۆ و پڕتەقاڵ، خانەقین لە دوای شاری کەرکوک دووەم گەورەترین ناوچەی نەوتییە لە باکووری عێراق، کێڵگە نەوتی سنووریی هاوبەشی هەیە لەگەڵ وڵاتی ئێران، لە ڕابردوودا پاڵاوگەی ئەڵوەندی تێدا بوو کە لە ساڵی 1925 لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروستکراوە، بەرهەمی ڕۆژانەی دەگەیشتە 12هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا و لە ئێستادا لەکار کەوتووە.

شوێنەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی

لە گرنگترین شوێنەوارەکانی شارەکە "کڵێسای بەشارە"ـیە کە لە ساڵی 1950 بنیاتنراوە، هەرچەندە ئێستا چۆڵکراوە و هیچ ڕێوڕەسمێکێی ئایینی تێدا ئەنجام نادرێت، بەڵام شوێنەکە لەلایەن دانیشتوانی خانەقینەوە پارێزراوە و بە شوێنێکی پیرۆزی دادەنێن، مەزاری بابا مەحموود و حسێنیەی گەورەی خانەقین شوێنەوارێکی ئایینین، چەند ناوچەیەکی گەشتیاریشی هەیە نموونەی سەرتەک و کلات، لەسەر بەنداوی ئەڵوەند لە باشووری خانەقین هۆتێلی گەشتیاری بنیاتنراوە و شوێنێکی دڵگیری ناوچەکەیە.


سەرچاوەکان



1661 بینین