باشترین زانکۆکانی ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-03-01:05:00 - کۆدی بابەت: 13107
باشترین زانکۆکانی ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باشترین زانکۆکانی ئەمریکا (بە عەرەبی: أفضل الجامعات في الولايات المتحدة، و بە ئینگلیزی: The best universities in the United States)، لە هەموو وڵاتێکدا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بەهێزترین سیستەمە و گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، لە ئەمریکا سیستەمێکی تۆکمەی پەروەردەییان هەیە کە گرنگییەکی زۆر ئەدەن بە فێرکردن و بەرەوپێشبردنی ڕۆڵەکانیان و هەوڵی باشتریان لەگەڵ دەدەن بۆ سەرکەوتنی زیاتر، دواتر ڕیگایان بۆ ئاسان دەکەن هەتا هەنگاو بنێنە ناو زانکۆکان، لە ئەمریکا باشترین زانکۆکان هەیە و لە وڵاتانی دراوسێوە خوێندکاران ڕوو لە زانکۆکانی ئەمریکا دەکەن بۆ خوێندن. کاتێک باس لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا دەکەین کە زیاتر لە ٣٣٠ ملیۆن کەسی تێدایە و زۆر زیاتر لە هەموو وڵاتێکی دیکەی سەر زەوی خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوە، سەیر نییە کە زۆرێک لە باشترین زانکۆکانی جیهان لە ئەمریکا بدۆزرێتەوە.

ڕیزبەندی دە باشترین زانکۆکانی ئەمریکا

یەکەم/ زانکۆی تەکنەلۆژیای ماساشوستس (MIT)
شوێن: کامبریج، ماساشوستس
باشترین زانکۆیە نەک تەنها لە ئەمریکا بەڵکو لە هەموو جیهانیشدا و یەکەم باشترین زانکۆیە لە جیهاندا، زانکۆی تەکنەلۆژیای ماساشوستس یان (Massachusetts Institute of Technology) بە کورتی (MIT) دەکەوێتە گەڕەکی گەورەی بۆستنی کامبریج. زانکۆی تەکنەلۆژیای ماساشوستس (MIT) لە ساڵی ١٨٦١ دامەزراوە و زیاتر بەهۆی پرۆگرامەکانی زانست و تەکنەلۆژیاوە دیارە. لە ساڵی ٢٠٢٣ زانکۆی تەکنەلۆژیای ماساشوستس (MIT) لەنێو سێ زانکۆی سەرەکی جیهاندا لە پێشبڕکێدا بوو لە بوارەکانی وەک زمانەوانی، ئابووری و بازاڕکردن. زانکۆی تەکنەلۆژیای ماساشوستس (MIT) براوەی نزیکەی ١٠٠ خەڵاتی نۆبڵە.

دووەم/ زانکۆی ستانفۆرد (Stanford University)
شوێن: ستانفۆرد، کالیفۆرنیا
زانکۆی لیلاند ستانفۆرد جونیۆر، یان بە کورتی زانکۆی ستانفۆرد سێیەم باشترین زانکۆیە لە جیهاندا، دەکەوێتە شارۆچکە بچووکەکەی ستانفۆرد لە ناوچەی کەنداوی سانفرانسیسکۆ بە تایبەتی بەناوبانگە بە چەندین پرۆگرامە ئەندازیارییە گەورەکانی. ستانفۆرد لە بابەتەکانی وەک زانستە بایۆلۆجیەکان، کۆمەڵناسی و شوێنەوارناسیشدا پلەیەکی بەرزی هەیە. لە نێو خوێندکارەکانیدا بە (Nerd Nation) ناسراوە، ستانفۆرد تەنها پەیوەندی بە ئەکادیمییەوە نییە هەرچەندە ئەم زانکۆیە تاڕادەیەک بچووکە کە نزیکەی ١٧ هەزار خوێندکار دەگرێت، زیاتر لە هەموو زانکۆکانی تر پاڵەوانێتی (NCAA)ی بەدەستهێناوە و خوێندکارانی پێشووی زۆرترین میدالیای زێڕی ئۆڵۆمپیادیان بەدەستهێناوە لە هەر زانکۆیەکی ئەمریکا (یەکسانە بە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا). خوێندکارانی پێشووی دیار لە ستانفۆرد بریتین لە لاری پەیج و سێرگی برین، دامەزرێنەرانی گووگڵ (جۆن ئێف کێنێدی) سەرۆکی پێشووی ئەمریکا (ئیلۆن ماسک) و سەرۆکوەزیرانی ئێستای بەریتانیا (ڕیشی سوناک).

سێیەم/ زانکۆی هارڤارد (Harvard University)
شوێن: کامبریج، ماساشوستس
زانکۆی هارڤارد پێنجەم باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و سێیەم باشترین زانکۆشە لە ئەمریکادا کە دەکەوێتە شارێک بە ناوی کامبریج و زانکۆی هارڤارد کۆنترین زانکۆی ئەمریکایە، کە لە ساڵی ١٦٣٦ دامەزراوە. چاپخانەی زانکۆی هارڤارد یەکێکە لە بەناوبانگترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوەی ئەکادیمی لە جیهاندا و کتێبخانەی هارڤارد گەورەترین سیستەمی کتێبخانەی ئەکادیمی جیهانە کە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بابەتی تێدایە. هەروەها زانکۆی هارڤارد ٤٨ براوەی خەڵاتی پولیتزەری لەنێو خوێندکارانی پێشوویدا هەیە، هەروەها ١٠ براوەی خەڵاتی ئۆسکاری هەیە.

چوارەم/ زانکۆی تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا (Caltech) California Institute of Technology
شوێن: پاسادینا، کالیفۆرنیا
زانکۆی تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا (Caltech) شەشەم باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و زانکۆیەکە کە وەک ناوەکەی دەردەکەوێت بە شێوەیەکی زۆر سەرنجی لەسەر بابەتەکانی (STEM)ی زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکارییە. زانکۆی تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا (Caltech) تەنها (١١ میل و ١٨ کیلۆمەتر) لە ناوەندی شاری لۆس ئەنجلۆسەوە دوورە. زانکۆی تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا (Caltech) زانکۆیەکی بچووکە و تەنها کەمێک زیاتر لە ٢٠٠٠ خوێندکاری تێدایە، سەرەڕای ئەوەش ٧٩ براوەی خەڵاتی نۆبڵی هەیە، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە وانەوتنەوە و توێژینەوەکان لە زانکۆی تەکنەلۆژیای کالیفۆرنیا (Caltech) چەندە کوالیتی بەرزن. 

پێنجەم/ زانکۆی شیکاگۆ (University of Chicago)
شوێن: شیکاگۆ، ئیلینۆیس
زانکۆیەکی ئەمریکییە کە زۆرترین پلەی هەیە و لە ویلایەتی ماساشوستس و کالیفۆرنیا نییە، زانکۆی شیکاگۆ دەیەم باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و لە ساڵی ١٨٩٠ لەلایەن گەورە بازرگانی بەناوبانگ (جۆن دی ڕۆکفێل)ەرەوە دامەزراوە. شیکاگۆ لە چەندین بابەتدا پلەی بەرزی هەیە و براوەی ٩٧ خەڵاتی نۆبڵە، یان وەک خوێندکاری پێشوو یان ستاف، یەکێک لە بەناوبانگترینیان میڵتۆن فریدمان ئابووریناسە. فریدمان و جۆرج ستیگلێر ئەندامی سەرەکی گروپی زانایانی زانکۆی شیکاگۆ بوون کە کارەکانیان بووە هۆی ئەوەی کە تەواوی قوتابخانەیەکی بیری ئابووری ناونرێت قوتابخانەی ئابووری شیکاگۆ.

شەشەم/ زانکۆی پێنسیلڤانیا (University of Pennsylvania)
شوێن: فیلادلفیا، پێنسیلڤانیا
زانکۆی پێنسیلڤانیا سیانزەهەمین باشترین زانکۆیە لە جیهاندا لە ساڵانی ١٧٤٠ دامەزرا، بەمەش زانکۆکە بووەتە یەکێک لە کۆنترین زانکۆکانی ئەمریکا. قوتابخانەیەکی شارەزای ئایڤی لیگ و کەمپێکی لە وێست فیلادلفیا هەیە، خوێندکارانی پێشوو و مامۆستایان و ئەمیندارەکانی زانکۆی یوپێن بریتین لە هەشت واژۆکاری جاڕنامەی سەربەخۆیی، سێ سەرۆکی ئەمریکا و ٣٢ سیناتۆری ئەمریکا، ٣٦ خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ، ٩ سەرۆکی دەوڵەتی بیانی و ٤ براوەی خەڵاتی ئۆسکار هەبوون. زانکۆی پێنسیلڤانیا پرۆگرامی نایابی هەیە لە چەندین بابەتی جیاوازدا، لەنێویاندا باشترین پرۆگرامەکانی جیهان لە بواری مارکێتینگ و پەرستاریدا.

حەوتەم/ زانکۆی پرینستۆن (Princeton University)
شوێن: پرینستۆن، نیوجرسی
زانکۆی پرینستۆن زانکۆیەکی ئایڤی لیگە و شانزەهەمین باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و دەکەوێتە شارۆچکە بچووکەکەی پرینستۆن لە ویلایەتی نیوجرسی. زانکۆی پرینستۆن بە تایبەتی بە زۆرێک لە پرۆگرامە ئاست بەرزەکان لە زانستە سروشتییەکان ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرنامەیان هەیە کە لە بوارەکانی وەک سیاسەت، زمانی ئینگلیزی و ئەدەبیات و مێژوودا لە ڕیزبەندی ١٠ باشترینەکانی جیهاندا هاتووە. لەنێو خوێندکارانی پێشوو و مامۆستایانی پرینستۆن ٧٦ براوەی خەڵاتی نۆبڵ و ١٦ خاوەنی میدالیای فیڵدز و ١٦ براوەی خەڵاتی تۆرینگ هەن. زەمالەی بەناوبانگی ڕۆدس بەخشرایە ٢١٧ خوێندکاری گەورەی پرینستۆن.

هەشتەم/ زانکۆی یێڵ (Yale University)
شوێن: نیو هێڤن، کۆنتێکتیکۆت
زانکۆی یێڵ هەژدەهەمین باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و لە ساڵی ١٧٠١ دامەزراوە و چوارەم کۆنترین زانکۆیە لە ئەمریکا. یێڵ دەکەوێتە شاری نیو هێڤن لە ویلایەتی کۆنتێکتیکۆت بە چەندین بەرنامەی باش ناسراوە، بەڵام ڕەنگە بەناوبانگترین بێت بەهۆی قوتابخانەی یاسای نایابی خۆیەوە. زانکۆکە لە بوارەکانی یاسا، زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، مێژوو، هونەر و زانستە مرۆییەکان، زمانە مۆدێرنەکان لە ڕیزبەندی پێنج باشترین زانکۆکانی جیهاندایە. سەرەڕای ئەوەی تەنها نزیکەی ١٢ هەزار خوێندکاریان هەیە، بەڵام لەنێو ئەو کەسانەی سەر بە زانکۆی یێڵن، ٦٥ براوەی خەڵاتی نۆبڵ و پێنج سەرۆکی ئەمریکا و دە باوکی دامەزرێنەر هەن.

نۆیەم/ زانکۆی کۆرنێل (Cornell University)
شوێن: ئیتاکا، نیویۆرک
زانکۆی کۆرنێل بیستهەمین باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و باشترین زانکۆ لە ویلایەتی نیویۆرک، زانکۆی کۆرنێل لە ساڵی ١٨٦٥ دامەزراوە کە دەکەوێتە ناو کەمپێکی شارێکی جوان و بچووکەوە، کۆرنێل لە بابەتەکانی وەک زانستی ڤێتێرنەری، کشتوکاڵ و دارستان، و زانستی داتا سەرکەوتووە. زیاتر لە ٢٠٪ی خوێندکارانی زانکۆی کۆرنێل خەڵکی دەرەوەی ئەمریکان، واتە لە زانکۆیەکدا دەخوێنیت کە کەشێکی نێودەوڵەتی و دیدێکی کۆسمۆپۆلیتی هەبێت. خوێندکارانی پێشووی دیار لە کۆرنێل بریتین لە پۆپ وارنەر، پێشەنگی تۆپی پێی ئەمریکی، بیل نای "کوڕی زانست" و ئەنتۆنی فاوچی سەرۆکی پێشووی ڕاوێژکاری پزیشکی ئەمریکا.

دەیەم/ زانکۆی کۆڵۆمبیا (Columbia University)
شوێن: شاری نیویۆرک، نیویۆرک
زانکۆی کۆڵۆمبیا بیست و دووهەمین باشترین زانکۆیە لە جیهاندا و لە ساڵی ١٧٥٤ دامەزراوە و شوێنەکەی لە مانهاتن لە شاری نیویۆرکە. کۆڵۆمبیا زانکۆیەکە کە پرۆگرامی بەرزترین کوالیتی لە چەندین بواری جیاوازدا پێشکەش دەکات و لە نێوان باشترین دە زانکۆکانی جیهاندایە بۆ نموونە مێژووی هونەر، ئەناتۆمی و فیزیۆلۆژی، و زمان و ئەدەبیاتی ئینگلیزی. هەروەها زانایانی کۆڵۆمبیا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە بۆ نموونە دروستکردنی لەیزەر، یەکەم بەڵگە بۆ تەکتۆنیکی پلاکی، یەکەم کاردانەوەی دابەشبوونی ئەتۆمی لە ئەمریکا، هەروەها لێکۆڵینەوە و پلاندانان بۆ پڕۆژەی مانهاتن. خوێندکارانی پێشووی دیار لە کۆڵۆمبیا بریتین سەرۆکەکانی ئەمریکا باراک ئۆباما، فرانکلین دی ڕۆزڤێڵت و تیۆدۆر ڕۆزڤێڵت.

پوختە

دە باشترین زانکۆ لە ئەمریکا لە تاکە ویلایەتی ماساشوستس، کالیفۆرنیا و نیویۆرکن کە دوو زانکۆیان لەم بابەتەکەدا هەیە، هەریەک لە ویلایەتی ئیلینۆیس، پێنسیلڤانیا، نیوجرسی و کۆنتێکتیکۆت یەک زانکۆیان هەیە. هەروەها هەموو ئەم زانکۆیانە لەنێو ٢٥ زانکۆی سەرەکی جیهاندان، بۆیە ئەگەر خوێندکار لە کۆتاییدا لە هەریەکێک لەو زانکۆیانەی ئەم لیستە بخوێنێت، ئەوا لە یەکێک لە باشترین دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەبیت لە هەر شوێنێکی هەسارەکەدا.


سەرچاوەکان



140 بینین