لەیزەر

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-06-01-16:13:00 - کۆدی بابەت: 13079
لەیزەر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لەیزەر (بە عەرەبی: ليزر، و بە ئینگلیزی: Laser)، لەیزەر بریتییە لە بەتین کردنی ڕووناکی بەهۆی بزوێنە دەرچوونی تیشکدانەوە. هەروەها دەزگای لەیزەریش هەیە کە بریتییە لە دەزگایەک کە ڕووناکییەکی هاوباری تاک شەپۆلی لێوە دەردەچێت. لەیزەر ئامێرێکە کە ڕووناکی دەردەکات لە ڕێگەی پرۆسەی گەورەکردنی بیناییەوە لەسەر بنەمای دەرچوونی هاندەری تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسی. یەکەم لەیزەر لە ساڵی ١٩٦٠ لەلایەن (تیۆدۆر مایمان) لە تاقیگەکانی توێژینەوەی هیوز دروستکرا، لەسەر بنەمای بیردۆزی چارلس ئێچ تاونز و ئارسەر لیۆنارد شاولۆو، تیشکی لەیزەر زۆر جیاواز و پێچەوانەیە لەگەڵ تیشکی ڕووناکی ئاسایی. 

سیفەتەکانی تیشکی لەیزەر

  • هاوبارن
  • تاک ڕەنگن (بۆیە ئەگەر بە ئاوێزەدا تێپەڕبن شیتەڵ نابن).
  • توندیان زۆر لە توندی ڕووناکی ئاسایی زیاترە.
  • ئاڕاستەیی (یەک ئاڕاستەی بڵاوبوونەوەیان هەیە).

سیفەتەکانی ڕووناکی ئاسایی

  • نا هاوبارن
  • هەمەڕەنگن
  • توندیان زۆر لە توندی تیشکی لەیزەر لاوازترە.
  • هەڕەمەکییە (یەک ئاڕاستەی بڵاوبوونەوەیان نییە).

بنچینەکانی ئیشکردنی لەیزەر

١- وزە هەڵمژین: کرداری گواستنەوەی گەردیلەیە لە ئاستە وزەیەکی نزم (دامرکاو)ی بۆ ئاستە وزەیەکی بەرزتر کاتێک ڕووناکییەکی وزە بەرز یان وزەیەکی کارەبایی یان وزەیەکی کیمیایی بە ناوەندە چالاکەکە دەدرێت.

٢- دەرچوون: دەرچوونی وزەی کارۆموگناتیسییە لە ئەنجامی گەڕانەوەی گەردیلە لە ئاستە وزەیەکی بەرز بۆ نزم، ئەمەش دوو جۆرە:

  • لەخۆوە تیشکدان: کە پێشی دەوترێت لەخۆوە دەرچوون، کرداری گواستنەوەی گەردیلەیە لە ئاستە  وزەیەکی بەرز بۆ ئاستە وزەیەکی نزم (لەبەرئەوەی گەردیلە هەمیشە ئارەزوو دەکات بگەڕێتەوە باری دامرکاوی)، لەم دەرچوونەدا ڕووناکی ئاسایی دەردەچێت کە ڕووناکی ناهاوبارە و بەهەموو لایەکدا بڵاودەبێتەوە.
  • بزوێنە تیشکدان: کە پێشی دەوترێت بزوێنە دەرچوون، کرداری گواستنەوەی گەردیلەیە لە ئاستە وزەیەکی بەرز بۆ ئاستە وزەیەکی نزم بەهۆی بەرکەوتنی بە ڕووناکی بەرهەم هاتوو لە کرداری لەخۆوە دەرچوون، لەم دورچوونەیاندا ڕووناکییەکی هاوبار و ئاڕاستەیی پەیدا دەبێت.

بەکارهێنانەکانی لەیزەر

١- بەکاردێت لە ناوماڵ
٢- بەکاردێت لە پیشەسازیدا
٣- بەکاردێت لە بواری دیاریکردنی دووری و شوێن:

  • بۆ پێوانی دووری نێوان زەوی و مانگ.
  • بەهۆی چەند جارەکردنەوەی ئەو پێوانەکردنانەوە دەتوانرێت ئەو گۆڕانە کتوپڕانە تۆمار بکرێت کە لە ئەنجامی کردارە جیۆلۆجییەکانەوە پەیدا دەبێت.

٤- چارەسەری پزیشکی:

  • دەتوانرێت لەیزەر بەکاربهێنرێت بۆ لابردنی پەڵەکانی سەر پێست یان کاڵکردنەوەیان یان لابردنی ئەو پەڵانەی لەسەر دەم و چاوی ئافرەتان دروست دەبن بەهۆی منداڵبوونەوە بەبێ ئەوەی کار لە شانەکانی دەورووبەریان بکات.
  • لەیزەری دوانەئۆکسیدی کاربۆن دەتوانێت ماسولکەی شانەکان بسوتێنێت ئەویش بەهۆی گەرمکردن و بەهەڵم کردنی ئەو ئاوەی لەناو خانەکاندا هەیە.
  • یارمەتی خوێن مەیاندن دەدات لە لولەکانی خوێندا ئەویش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی خوێنبەربوون و توشبوون بە هەوکردن.
  • دەتوانرێت تیشکی لەیزەر لە ناو دەزگا ناوبینەکاندا (ئیندۆسکۆب) قەتیس بکرێت کاتێک دەخرێتە ناو لەشی مرۆڤەوە ئەو پزیشکانەی کە نەشتەرگەری دەکەن دەتوانن بەهۆیەوە خوێنبەربوونی هەربەشێکی ناوەوەی پێ بوەستێننەوە، یان هەوکردنە شێرپەنجەییەکانی پێ لاببەن بەبێ ئەوەی کرداری نەشتەرگەری گەورەیان بۆ بکرێت.
  • دەتوانرێت بە شێوەیەکی کاریگەر لە چارەسەری تۆڕەی چاودا بەکاربهێنرێت یان لە نەشتەرگەری تری چاودا بەکاربهێنرێت وەک چارەسەری ئاوی ڕەشی چاو کاتێک پەستانی شلەی ناوچاو زۆر دەبێت.
  • بۆ ڕاستکردنەوەی کورتبینی چاو بەکاردێت ئەویش بە ئاڕاستەکردنی گورزەیەکی لەیزەری بۆ ناوەڕاستی گلێنەی چاو بۆ ئەوەی تەختتر بێت.

گرنگییەکانی لەیزەر

١- بەیەکداچوونی شەپۆلەکانی تیشکی لەیزەر لە هەموو خاڵەکاندا دروستکەرە، چونکە هاوبارن و هاوڕەوگەن.

٢- فراوانی شەپۆلی ڕووناکی پێوەری ئەو وزەیەیە کە لەیەکەی کاتدا بەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراودا تێپەڕ دەبێت.

٣- دەزگای لەیزەر کارەبا وزە یان ڕووناکی وزە یان کیمیا وزە دەگۆڕێت بۆ ڕووناکییەکی هاوبار، هەربۆیە ڕێگاکانی وزە پێدانی لەیزەر (وزە پێدانی ڕووناکی و وزە پێدانی کارەبایی و وزە پێدانی کیمایی)یە.

٤- بۆ هەر سەرچاوەیەکی تیشکی لەیزەری ناوەندی چالاک هەیە کاتێک وزەیەکی پێ دەدرێت ڕووناکی هاوبار بەرهەم دێت و پێکهاتەی ناوەندە چالاکەکە درێژی شەپۆلی ڕووناکی لەیزەرەکە دیاری دەکات.

٥- دەزگای لەیزەر جۆری زۆریان هەیە درێژە شەپۆلەکانیان لە خوار سورەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە تیشکی Xی شەبەنگی کارۆموگناتیسی. 

٦- لە بەشە گرنگەکانی دەزگای لەیزەر بریتییە لە: ناوەندی چالاک، ئاوێنەی ڕووناکی دەرەوەی تەواو، ئاوێنەی نیمچە ڕووت.

٧- سوود و گرنگی ئەو دوو ئاوێنەی لە دەزگای لەیزەردا هەن ئەوەیە کە تیشکەکان دەگەڕێننەوە بۆ ناوەندە چالاکەکە و ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی بزوێنە دەرچوون و توندی تیشکە لەیزەر.


سەرچاوەکان



65 بینین