سامی عەبدولرەحمان

له‌لایه‌ن: - ڕێبین ئیسماعیل مەحموود ڕێبین ئیسماعیل مەحموود - به‌روار: 2024-08-14-00:38:00 - کۆدی بابەت: 14040
سامی عەبدولرەحمان

ناوه‌ڕۆك

پێشەکی

سامی عەبدولڕەحمان (١٩٣٣-٢٠٠٤) یەکێک بوو لە سیاسەتمەدار و ئەندازیارە دیارەکانی کورد لە سەدەی بیستەم. ناوی تەواوی محەمەد مەحمود عەبدولڕەحمان خدر بوو، بەڵام بە ناوی سامی عەبدولڕەحمان ناسرابوو. ئەو ڕۆڵێکی گرنگی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و سیاسەتی عێراقدا گێڕا. لە ماوەی ژیانیدا، لە چەندین حزب و ڕێکخراوی سیاسیدا ئەندام و سەرکردە بوو، هەروەها چەندین پۆستی گرنگی حکومی و سیاسی وەرگرت.

ژیاننامەی سامی عەبدولرەحمان

محەمەد مەحمود عەبدولڕەحمان ساڵی ١٩٣٣ لە شنگاڵ لە پارێزگای موسڵ لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٢ بۆ خوێندن نێردرا بۆ بەریتانیا و لە ساڵی ١٩٥٣ لە زانکۆی مانچستەر وەرگیرا. ساڵی ١٩٥٧ بڕوانامەی ماستەری لە ئەندازیاری کارەبادا بەدەست هێنا و گەڕایەوە عێراق. ساڵی ١٩٥٨ لە وەزارەتی نەوت دامەزرا. لە هەمان ساڵدا بوو بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سەندیکای ئەندازیارانی عێراق و ساڵی ١٩٥٩ بە سکرتێری ئەو سەندیکایە هەڵبژێردرا.

ساڵی ١٩٦١ هاوسەرگیری لەگەڵ فەوزیە ئەمین عەبدەلڕەحمان کرد. سامی عەبدولڕەحمان شارەزای زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بوو.

خەباتنامەی سامی عەبدولرەحمان

خەباتی سیاسی سامی عەبدولڕەحمان لە ساڵی ١٩٥٤ەوە دەستی پێکرد، کاتێک لە بەریتانیا خوێندکار بوو. سەرەتا لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق چالاک بوو. ساڵی ١٩٥٧ بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا.

دوای کودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣، پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کرد. سەرەتا وەکو ڕاگەیاندنکار دەستی بە خەبات کرد و بوو بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ئێستگەی دەنگی کوردستانی عێراق. ساڵی ١٩٦٥ بوو بە ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی خەبات و بەرپرسی ئیزگەی ڕادیۆی دەنگی کوردستان.

کار و پۆستە سیاسییەکان

- ١٩٦٦: بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق.

- ١٩٦٦ و ١٩٧٠: لە کۆنگرەکانی حەوتەم و هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا.

- ١٩٧٠: بوو بە ئەندامی لێژنەی ئاشتی حەوت کەسی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی بەعس.

- ١٩٧٠-١٩٧٤: وەزیری کاروباری باکوور لە حکومەتی عێراق.

- ١٩٧٥: بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان.

- ١٩٨١: دامەزرێنەر و ئەمینداری گشتی پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان.

- ١٩٩٣: بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو.

- ١٩٩٩-٢٠٠٤: جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.

- ٢٠٠٣: ئەندامی لێژنەی نووسینەوەی دەستووری عێراق.

بەرهەمەکانی سامی عەبدولرەحمام

سامی عەبدولڕەحمان چەندین کتێب و نووسراوی بڵاوکردۆتەوە، لەوانە:

- جولة في الأرض المحرقة (١٩٨٨)

- البدایات والآفاق (١٩٨٨)

- من أوراقي (١٩٩١)

- العالم یتطلع الی السلام الکوردي (١٩٩٨)

- في أصول الدبلوماسیة والحوار والتفاوض (١٩٩٨)

- دەربارەی دیبلۆماسی پارتی دیموکراتی کوردستان (١٩٩٩)

- پێگەیاندنی کادیران (بێ ساڵ)

کۆتایی ژیان

لە ١ی شوباتی ٢٠٠٤ لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا لە شاری هەولێر بە دەستی گروپی ئەلقاعیدە شەهید کرا. لە کاتی شەهید بوونیدا، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.

 

سامی عەبدولڕەحمان بە یەکێک لە سەرکردە دیار و کاریگەرەکانی بزووتنەوەی سیاسی کورد دادەنرێت و ڕۆڵێکی گرنگی لە مێژووی هاوچەرخی کورددا گێڕاوە.



52 بینین