ئوسامە بن لادن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-04-00:29:00 - کۆدی بابەت: 9683
ئوسامە بن لادن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئوسامە بن لادن (بە ئینگلیزی: Osama bin Laden، بە عەرەبی: أسامة بن لادن)، دامەزرێنەر و سەرۆکی پێشووی قاعیدە کە ڕێکخراوێکی جیهادی سەلەفی چەکدارە و لە ساڵی ١٩٨٨ لە ئەفغانستان دامەزراوە. بەهۆی ئەمەشەوە لە کۆتاییەکانی تەمەنی تاوەکوو ساتی کوشتنی یەکێک لە داواکراوترین و پڕمشتومڕترین کەسایەتییەکانی جیهان بووە. لە چوارچێوەی شەڕی دژی ئەو کەسانەی کە بە جوولەکە و خاچپەرستەکان وەسفی دەکات، لە زۆرێک لە وڵاتان قاعیدە هێرشی کردووەتە سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەکان و ئەمەش بە فەتوا و سەرکردایەتی ئوسامە بن لادن. 

بن لادن تاكو ساڵی ١٩٩٤ رەگەزنامەكەی لێ وەرگیرایەوە، پێشتر هاووڵاتییەكی سعوودیە ​​بوو، بنەماڵەی بن لادن بە ڕەچەڵەك حەزڕەمی یەمەنییە، باوكیشی ملیاردێرە و ناوی محەمەد بن عەواد بن لادنە. پله‌ی ئوسامه‌ له‌ نێو خوشك و براكانیدا له‌ كۆی ٥٢ خوشك و برا ١٧ـەیەم پله‌ بووه‌. لە زانکۆی شا عەبدولعەزیز لە شاری جددە خوێندوویەتی و بەکالۆریۆسی لە بواری ئابووری تەواو کردووە. سامانی بنەماڵەکەی بە نزیکەی حەوت ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا، لەو بڕەش پشکی خۆی بۆ پشتیوانی لە موجاهیدەکانی ئەفغانستان لە دژی شەڕی سۆڤیەت لە ئەفغانستان بەکارهێنا.

بن لادن لە ساڵی ١٩٨٤ ڕێکخراوێکی بانگخوازی دامەزراند بە ناوی "ناوەندی خزمەتگوزاری" و بنکەیەکی مەشق و ڕاهێنانی لە بواری هونەری جەنگ و ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکان لە ژێر ناوی "کەمپی ئەلفارووق" دامەزراند بۆ پشتیوانیکردن و دابینکردنی دارایی بۆ جەنگی موجاهیدەکانی ئەفغانستان و دواتریش موجاهیدانی عەرەب و بیانی. دوای کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفغانستان و دوای لەشکرکێشی عێراق بۆ سەر کوەیت، بن لادن لە ساڵی ١٩٩١ سعوودیە بەجێدەهێڵێت و بەرەو سوودان بەڕێکەوت.

لەژێر فشاری نێودەوڵەتیدا بن لادن لە ساڵی ١٩٩٦ سوودانی بەجێهێشت و بەرەو ئەفغانستان ڕۆیشت و لە ژێر چەتری گرووپی تاڵیبان لەو کاتەدا لە ئەفغانستان گیرسایەوە. لەوێ دەستی کرد بە دژایەتیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لە ساڵی ١٩٩٨ هەوڵەکانی ئوسامە بن لادن لەگەڵ هەوڵەکانی ئەیمەن زەواهیری سکرتێری گشتیی جیهادی ئیسلامی قەدەغەکراوی میسڕ یەکی گرت و ئەو دووانە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە و داوای کوشتنی ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانیان کرد لە هەر شوێنێک بن. بۆ ئەوەی هێزەکانیان لە مزگەوتی ئەقسا و مزگەوتی حەرام نەمێنێت. لە ئەنجامی لێدوانەکەیدا قاعیدە بۆردمانەکانی نایرۆبی و داروسەلامی ئەنجامدا.

لە ساڵی ٢٠١١ ڕێکخراوەکەی هێرشێکی خۆکوژی لە ئەمریکا ئەنجام دەدا و ئوسامە دەبێتە یەکێک لە داواکراوترین کەسایەتییەکانی سەردەم. بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢ی ئایاری ٢٠١١، هێزێکی تایبەتی ئەمریکی توانیان بن لادن لە ماڵەکەی خۆیدا بە فیشەکێک کۆتایی پێبهێنن و دواتر بە نهێنی لە ناو فڕۆکەکەوە تەرمەکەی فڕێدایە ناو دەریاوە.

ژیان و خوێندن

ئوسامە بن لادن لە ساڵی ١٩٥٧/٣/١٠ لە شاری ڕیازی سعوودیە لە باوکێکی بەڕەچەڵەک یەمەنی و دایکێکی دیمەشقی لەدایکبووە. باوکی، محەمەد عەواد بن لادن، لە ساڵی ١٩٣٠ لە حەزەڕمەوتەوە هاتووەتە جددە و تەنیا چەند ساڵێک تێپەڕیبوو لە حەماڵێکەوە بوو بە گەورەترین بەڵێندەری بیناسازی لە سعوودیە، لە ساڵی ١٩٦٩ بەشداری لە ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتی ئەقسا کرد لەدوای ئاگرەکە، هەروەها بەشداری لە یەکەم فراوانکردنی دوو مزگەوتی پیرۆزدا کرد. کاتێک ئوسامە تەمەنی ٩ ساڵ بووە باوکی کۆچی دوایی کردووە.

هەموو خوێندنەکەی لە جددە تەواو کردووە، خوێندنی زانکۆی لە کارگێڕیی گشتی و ئابووری لە زانکۆی شا عەبدولعەزیز تەواو کردووە.

ڕێکخراوی قاعیدە

پەیوەندییەکانی ئوسامە لەگەڵ ئەفغانستان لە هەفتەکانی یەکەمی لەشکرکێشی یەکێتیی سۆڤیەت لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٧٩ دەستی پێکرد، لەگەڵ موجاهیدەکانی ئەفغانستان لە دژی لەشکرکێشی کۆمۆنیست بەشداری کرد و ئامادەیییەکی زۆری لە شەڕی جەلالە ئاباددا هەبوو کە ڕووسەکانی ناچار کرد لە ئەفغانستان بکشێنەوە. ئەو و هاوکارەکانی لە ساڵی ١٩٨٨ "تۆماری قاعیدە"یان دامەزراند، کە بنکەیەکی زانیارییە و وردەکاری تەواو لە جووڵەی هاتن و چوونی موجاهیدانی عەرەبی و پەیوەستبوون بە بەرەکانی لەخۆ دەگرت.

دوای کشانەوەی سۆڤیەت لە ئەفغانستان، بن لادن گەڕایەوە بۆ سعوودیە، دوای ماوەیەک بۆی دەرکەوت کە گەشتکردنی لێ قەدەغە کراوە، پێی وابوو کە هۆکارەکەی کشانەوەی ڕووسیا و لێکتێگەیشتنی زلهێزەکانە، بۆیە دەستی کرد بە پێشکەشکردنی وتاردانی گشتی. وه‌زاره‌تی ناوخۆی سعوودیه‌ هۆشداری دا کە هیچ چالاكییه‌كی گشتی نه‌كات. دواتر دەستی کرد بە نووسینی نامه‌ی ئامۆژگاری بۆ ده‌وڵه‌ت، پێش له‌شكركێشی عێراق بۆ سه‌ر كوەیت، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە ڕەتکرایەوە و ئەویش دژی حکوومەت وەستایەوە و قسەی کرد. 

بن لادن سعوودیەی بەجێهێشت و لە ١٩٩٢ چووە شاری خەڕتوومی سوودان، لە کۆتایی هەمان ساڵدا فەرمانێک دەرکرا بۆ قوفڵکردنی پارەکانی، دواتریش حکوومەتی سعوودیە لە ساڵی ١٩٩٤ ڕەگەزنامەکەی لێ سەندەوە. لە ماوەی مانەوەی لە سوودان ڕووداوەکانی سۆماڵ و یەمەن و تەقینەوەی ڕیاز ڕوویان دا، سوودان تووشی فشارێکی زۆری ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی بوو بۆ دەرکردنی بن لادن یاخود ڕادەستکردنی، بۆیە خۆی و هاوەڵەکانی چوون بۆ ئەفغانستان.

دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان کۆنترۆڵی ئەفغانستانی کرد، مەلا محەمەد عومەر، سەرۆکی تاڵیبان پەیامێکی بۆ بن لادن نارد و پێی ڕاگەیاند کە لە ئەفغانستان پێشوازی لێدەکرێت و لەژێر پاراستنی ئەواندایە، بەڵام داوای لێکرد هەموو چالاکییەکی میدیایی ڕابگرێت. لەو ماوەیەدا سعوودیە داوای لە بزووتنەوەی تاڵیبان کرد بۆ ڕادەستکردنەوەی بن لادن، بەڵام بزووتنەوەکە ئەو داوایەی ڕەتکردەوە و بەردەوام بوو لە میوانداریکردنی بن لادن و پاراستنی. بن لادن بەشداری لە بزووتنەوەی تاڵیباندا کرد لە شەڕی دژی عەبدولڕەشید دۆستەم و ئەحمەدشا مەسعوود، هەروەها ژمارەیەک لە شوێنکەوتوانی ڕەوانە کرد بۆ یارمەتیدانی تاڵیبان لە پرسەکانی پلاندانان و بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی دەوڵەتی نوێدا.

لە کۆتایی ساڵی ١٩٩٧ ئوسامە بڕیاریدا چالاکی خۆی بەدەستبێنێتەوە، بۆیە سەرەتا لە زانایانی تاڵیبان و پاکستانییەوە دەستی پێکرد، بۆیە فەتوایەکی لێ وەرگرتن کە پشتگیری لە لێدوانەکەی دەکرد بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە نیمچەدوورگەی عەرەبی. ئەم فەتوایە هاوکات بوو لەگەڵ ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە ئیسلامیەکان بە تایبەت گرووپی جیهادی میسڕ لە ئەفغانستان و ژمارەیەکی زۆر شاندیش کە لە پاکستان و کشمیرەوە ڕوویان لە ئوسامە کردبوو.

ئەیمەن زەواهیری، یەکێک لەو سەرکردانە، توانی بن لادن ڕازی بکات کە چەمکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا فراوان بکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی لە هەموو شوێنێک. هەروەها فەتوا درا بە کوشتنی هەموو جوولەکە و ئەمریکییەک کە لە تەمەنی شەڕکردندا بێت. ڕازیبوون بە دەرکردنی بەیاننامەی بەرەی ئیسلامیی نێودەوڵەتی لە شوباتی ١٩٩٨ گۆڕا بۆ کردار و فەتوا درا بە کوشتنی ئەمریکییەکان و جوولەکەکان لە هەموو شوێن و کاتێکدا.

لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٩٨ بن لادن کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لەسەر سنووری پاکستان سازکرد، تیایدا ئاماژەی بە ئەگەری ڕوودانی کۆمەڵێک ڕووداو لە دژی ئەمریکییەکان کرد لە ماوەیەکی کورتدا، بەڵام دیاری نەکرد لە کوێ و کەی.

شوێن و ڕووداوەکان

تەقینەوەکانی کینیا و تانزانیا

لە مانگی ئابی ١٩٩٨ دوو تەقینەوە بۆ سەر باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە کینیا و تانزانیا ئەنجامدرا، دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بن لادنیان بەوە تۆمەتبار کرد کە لە پشت ئەم دوو تەقینەوانەوەیە، بەو پێیەش ئەمریکییەکان کارگەی دەرمانسازیی شیفا لە سوودان و بنکەکانی قاعیدەیان لە قەندەهار بۆردمان کرد. لەو ماوەیەدا ئەمریکییەکان جارێکی تر هەوڵیان دا لەگەڵ تاڵیبان سەبارەت بە بن لادن دانوستان بکەن و مەلا عومەریش ئامادە نەبوو دانوستانیان لەگەڵدا بکات. لە ساڵی ٢٠٠٠، ئۆپەراسیۆنێکی خۆکوژی لە دژی کەشتی تێکشکێنەری ئەمریکی USS Cole لە بەندەری عەدەنی یەمەن ئەنجامدرا، کە تێیدا ژمارەیەک لە هێزی دەریایی ئەمریکی کوژران و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا تۆمەتبار کران بەوەی کە لە پشت ئەو ئۆپەراسیۆنەوە بوون. لە ساڵی ١٩٩٩ ناوی بن لادن خرایە نێو لیستی داواکراوەکانەوە کە لەلایەن نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکاوە دەرکرابوو. ساڵی ٢٠٠٠ گومان له‌ په‌یوه‌ندی بن لادن له‌گه‌ڵ بۆردومانی كه‌شتی تێكشكێنەری ئه‌مریكی كۆل له‌ یه‌مه‌ن دروست بوو كه‌ بووبووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی ١٧ ده‌ریاوان و برینداربوونی ٣٩ كه‌سی تر.

هێرشەکانی یازدەی سێپتەمبەر

لە ساڵی دواتردا، لە ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، ١٩ گەنجی شوێنکەوتووی بن لادن هەستان بە فڕاندنی چوار فڕۆکە بۆ ئەوەی خۆیان بە دوو تاوەری بازرگانی و بینای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)دا بکێشن. دوو فڕۆکەیان لە نیو یۆرک خۆیان بە سەنتەری بازرگانی جیهانی کێشا و سێیەمیان لە پێنسیلڤانیا کەوتە خوارەوە. دوای ئەوەش ئەمریکا جەنگی دژی تاڵیبان و گرووپە تیرۆرستییەکان ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەوە ئوسامە لە چاوی دیار نەما و هەندێک پێیان وابوو لە ناوچەی شاخاوی ئەفغانستان کە تەنیشت سنووری پاکستانە خۆی حەشارداوە.

بن لادن له‌ گرته‌یه‌کی ڤیدیۆییدا که‌ له‌ ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٤دا له‌لایه‌ن جه‌زیره‌وه‌ په‌خش کرا، بۆ یه‌که‌م جار پاساوی بۆ هۆکاری هێرشی ئه‌لقاعیده‌ بۆ سه‌ر باڵه‌خانه‌ مه‌ده‌نییه‌کان له‌ ئه‌مریکا هێنایەوە و وتی: "دوای ئەوەی موسڵمانان بێزار بوون لە لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان لە ساڵی ١٩٨٢، کردەوە تیرۆریستییەکان دژی خەڵکی مەدەنی بێتاوان لە فەڵەستین و پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل دژی گەلی فەڵەستین کە لە گۆڕەپانی ئیسلامیدا بەدیکرا. ئەوەی تر هەموو جیهان دەیبینێت ئەوەیە کە ئەمریکا پشتگیری ئیسرائیل دەکات و دەستخۆشی لە ئیسرائیل دەکات لەو کارەی کە دەیکات بە داگیرکردنی ئەو خاکانەی کە مافی ئەو نین، نە لە مێژوو و نە لەڕووی شارستانییەوە. سەرۆکی ئەمریکا لە لێکدانەوەی خۆیدا هەڵەیە کە دەڵێت قاعیدە دژی ئازادییە و لێدوانەکەی لەسەر ئەو ڕاستییە دامەزراوە کە قاعیدە ئەو ڕاستییانە دەڵێت کە ئەمریکا هەمیشە هەوڵی شاردنەوەی داوە."  

ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراوە

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک تۆمەتی ڕاستەوخۆی دژی ئوسامە ئاڕاستە کرد، وەک تەقینەوەکانی خەبەر و بۆردومانی نایرۆبی و داروسەلام و ڕووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١، کە بووە هۆی کوژرانی دوو هەزار و ٩٩٧ کەس. هەروەها بۆردومانی کەشتی تێکشکێنەری کۆل. بەهۆی ئەوەشەوە خرایە لوتکەی لیستی داواکراوەکانی جیهاندا (لە لیستی ئینتەرپۆلدا).

دوایین شوێنی ناسراوی بن لادن شاری قەندەهار بوو لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١، ئەمریکا داوای لە تاڵیبان کرد کە بن لادن ڕادەست بکاتەوە، بەڵام ئەو گرووپەی لەو کاتەدا فەرمانڕەوایی ئەفغانستانی دەکرد، داوای بەڵگەی لە ئەمریکا کرد لەسەر تێوەگلانی ئوسامە لە ڕووداوەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١.

لە ئەنجامدا ئەمریکا بەبێ ڕازیبوونی نێودەوڵەتی سەرکردایەتی شەڕی ئەفغانستانی کرد و حکوومەتی تاڵیبانی ڕووخاند، بەڵام ئەمریکا نەیتوانی بن لادن بگرێت. سەرەتا وترا کە بەهۆی نەخۆشیی گورچیلەکانییەوە گیانی لەدەستداوە. بەڵام جارجارە ڤیدیۆ و شریتی دەنگی دەردەکەوتن کە باسی لە پرسە هەنووکەییەکان دەکرد و ئەوەش ئاماژەبوو بۆ ئەوەی هێشتا لە ژیاندا ماوە.

کوشتنی

ئوسامە بن لادن لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی جەمادی یەکەمی ١٤٣٢ی کۆچی کە هاوتایە لەگەڵ ٢ی ئایاری ٢٠١١، لە ڕێگەی هەڵمەتێکی ٤٠ خولەکییەوە کوژرا، کە تێیدا بە چوار کۆپتەری ئەمریکی هێزێکی ٢٥ کەسی ڕژانە نێو بیناکەی لە ئەبووتئابادی پاکستان. دوای ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکان و تێکهەڵچوونی لەگەڵ ژنەکەیدا بۆ ئەوەی بیپارێزێت بە فیشەکێک بۆ سەری کۆتایی بە ژیانی هێنرا. دوای ڕووداوەکە، تۆمەتی ئەمریکی بڵاوبووەوە کە بن لادن هاوسەرەکەی کردووە بە قەڵغانێکی مرۆیی بۆ ئەوەی لە پشتییەوە خۆی بشارێتەوە، بەڵام بەرپرسێکی کۆشکی سپی ئەمەی ڕەتکردەوە و پشتڕاستی کردەوە کە ئەو و هاوسەرەکەی سەرەڕای ئەوەی کە بێ چەک بوون بەرەنگارییان کردووە. 

هەروەها سێ کەسی تریش کوژران کە یەکێک لە کوڕە پێگەیشتووەکانی و دوو ئەندامی بنکەکە بوون، هەروەها هێزی کۆماندۆی ئەمریکی کۆپتەرێکی ئاپاچی لەدەستدا دوای ئەوەی لەلایەن چەکێکی جۆری RPGـەوە لێیدرا.

کوشتنی بن لادن گرنگییەکی زۆری بەخۆیەوە بینی و ئاژاوەیەکی بەرزی بەدوای خۆیدا هێنا، هەواڵەکەی بە شێوەیەکی بەرفراوان پەخشکرا، بەپێی دەزگایەکی توێژینەوە، ٨٤ ملیۆن جار، هەواڵەکەی ئەو لە میدیا و تۆڕەکاندا بڵاوبووەتەوە، بەمەش کوشتنی بن لادن بووەتە سێیەم هەواڵی گرنگ لە سەدەی بیست و یەکەمدا.

یادکردنەوە

بن لادن خاوەنی نەتەوە و ناسنامەیەکی نەتەوەیی نییە و پەیوەندی بە هیچ وڵاتێکەوە نەبوو، ئەمەش وایکرد کە هاوسۆزی جیهانی ئیسلامی بۆی پەیدا بکات. دوای مردنی لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس و مزگەوتی سوڵتان ئەحمەد لە ئیستەنبووڵ و گۆڕەپانی تەحریر لە قاهیرە و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی و ژمارەیەک وڵاتی جیهان ماتەمینی بۆ گێڕدرا. لە وڵاتانی گەورەی ئیسلامی لە یەمەن، خاکی باوباپیرانی، مەغریب، میسڕ، تورکیا، ئەندەنووسیا، لوبنان، فەڵەستین، جەزائیر، توونس، پاکستان، ئەفغانستان، سوودان، مۆریتانیا، ئوردن، عومان و کوەیت، هەروەها قەتەڕ و کشمیر و سۆماڵ و ئینگلتەرا نوێژی غیابی لەسەر کرا.

دواتریش لەلایەن زۆرێک لە کەسایەتییە ئیسلامییەکانەوە ستایش کرا. دوای کۆچی دوایی زۆرێک لە زانایان و شێخ و بانگخواز و سیاسەتمەدار و جێگر و پیشەییەکانی میدیا بە سەرۆکایەتی زانایانی ئەهلی سوننە و جەماعەت ماتەمینیان بۆ گێڕا، وەک ئەبوو ئوەیس بوخبزە، ئەحمەد نەقیب، سەید عەبدولعەزیم، یاسر بورهامی، محەمەد عەبدولمەقسوود، محەمەد حسێن یەعقووب، عەبدولمونعیم شەحات، حافز سەلامە، سەفوەت حیجازی و عومەر بەکری. هەروەها زۆرێک لە ئەزهەریەکان وەک موفتی پێشووی میسڕ ناسر فەرید واسل و وتەبێژ و کەسایەتییەکانی ئیخوان موسلمین مازن سەرساوی و ئیسماعیل هەنیە و بزووتنەوەی حەماس و وجدی غەنیم و عەبدولمەجید زیندانی.


سەرچاوەکان



854 بینین