نایرۆبی

له‌لایه‌ن: - ئیبراهیم عومەر ئیبراهیم عومەر - به‌روار: 2022-07-21-16:17:00 - کۆدی بابەت: 9472
نایرۆبی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاری نایرۆبی (بە ئینگلیزی: Nairobi، بە عەرەبی: نيروبي) گەورەترین شار و پایتەختی کۆماری کینیایە. ناوی شارەکە لە دەستەواژەى ماسایی Enkare Nyorobi وەرگیراوە کە بە واتای شوێنی ئاوی فێنک دێت و ئاماژەیە بە ڕووباری نایرۆبی کە بە ناو شارەکەدا دەڕوات. هەروەها شارەکە بە ناوێکی تریش ناسراوە ئەویش (شارە سەوزەکە لە خۆردا). نایرۆبی شوێنی باڵەخانەکانی پەرلەمانی کینیایە و میوانداری هەزاران کۆمپانیای بازرگانی کینی و زیاتر لە ١٠٠ کۆمپانیا و ڕێکخراوی جیهانی گرنگ دەکات، لەوانە بەرنامەى ژینگەیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نووسنگەى نەتەوە یەکگرتووەکان لە نایرۆبی (UNUN) و کۆکاکۆلا. هەروەها شوێنی یەکێک لە گەورەترین بۆرسەکانە کە بۆرسەی نایرۆبییە (NSE) کە یەکێکە لە گەورەترین بۆرسەکانی ئەفریقا و دووەم کۆنترین بۆرسەیە لەسەر کیشوەرەکە. هەروەها شارەکە بە پارکی نەتەوەیی نایرۆبی ناسراوە کە شوێنێکی بەناوبانگە بۆ دانیشتووان و گەشتیاران.

مێژوو

نایرۆبی لە ساڵی ١٨٩٩ لەلایەن دەسەڵاتدارانی داگیرکەر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای بەریتانیا وەک بنکەیەکی شەمەندەفەر لەسەر هێڵی ئاسنینی ئۆگەندا - کینیا دامەزراوە. شارۆچکە ڕەسەنەکە لە ساڵی ١٩٠٠ سووتێنرا دوای ئەوەى پەتا لەناو دانیشتووانەکەى بڵاو بوویەوە و پاشان جارێکی تر دروست کرایەوە. شارۆچکەکە بە خێرایی گەشەى کرد و لە ساڵی ١٩٠٧ جێگەى مۆمباسای وەک پایتەختی کینیا گرتەوە. دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە ساڵی ١٩٦٣ نایرۆبی بوو بە پایتەختی کۆماری کینیا. لە سەردەمی داگیرکاری کینیا لەلایەن بەریتانییەکانەوە شارەکە پێشکەوت و بوو بە ناوەندێک بۆ پیشەسازی قاوە و چا و سیزال.

جوگرافیا

شاری نایرۆبی بەردەوام گەشە دەکات و لە ئێستادا ڕووبەرەکەى ٦٩٦ کیلۆ مەتری چوارگۆشەیە. شاری نایرۆبی دەکەوێتە نێوان هەردوو شاری  مۆمباسا و کامپالا. گردەکانی نگۆنگ بەشی ڕۆژئاوای شارەکە داگیر دەکەن. چیای کینیا لە باکووری شارەکەدایە و چیای کیلیمانجارۆ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی نایرۆبییە. نایرۆبی کەشوهەوایەکی مامناوەند ئەزموون دەکات، بە هاوینی خۆرەتاو و بە زستانی فێنک. بارانبارین مامناوەندە. ڕەنگە لە نێوان کۆتایی وەرزی هاوین بۆ پاییز نمەباران دەسپێبکات.

دمۆگرافیای دانیشتووان

زمانە سەرەکییەکان لە نایرۆبی زمانەکانی ئینگلیزی و سەواحیلین. نایرۆبی شارێکی زۆر هەمەچەشنی نەتەوەییە و هەموو گرووپە نەتەوەییە سەرەکییەکانی وڵاتی کینیای لێیە, کە هەریەک لە نەتەوەکانی لوۆ و لوهیا و کامبا لەخۆدەگرێت، هەروەها ٢٠% دانیشتووانەکەی لە نەتەوەى کیکویو پێکدێت. هەروەها زۆرێک لە ئاسیایی و ئەورووپی و سۆماڵی لێیە کە ئەو شارە بە نیشتیمانی خۆیان ناودەبەن. شارەکە شوێنی یەکێک لە گەورەترین گەڕەکە هەژارنشینەکانە لە جیهان، هەروەها نزیکەى ٢٢% دانیشتووانی شارەکە لە هەژاریدا دەژین. هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بیانی لە شارەکە دەژین بەهۆی هەلی کارەکانەوە، کە ئەمەش هۆکار بوو بۆ گەشە زۆر خێراکەى شارەکە.

گەشەى دانیشتووان

نایرۆبی یەکێکە لە خێراترین شارەکان لە ڕووى گەشەى دانیشتووانەوە. دوایین جار کە بە ژمارەى دانیشتووان بە فەرمی وەرگیرا لە ساڵی ٢٠٠٩ بووە کە ئەوکات ٣١٣٨٣٦٩ کەس بووە, لەوکاتەوە ئەو ژمارەیە بۆ ٣.٥ ملیۆن گەشەى کردووە. شارەکە ساڵانە بە ڕێژەى ٤% گەشە دەکات، بە پلەى یەکەم بەهۆی ڕێژەى بەرزی لەدایکبوون و ئەو کۆچبەرانەوەیە کە بەدوای هەلی کار دەگەڕێن. وا مەزەندە کراوە کە شارەکە بەردەوام ئەبێت لەسەر ئەو گەشەسەندنە لە ڕووی ژمارەى دانیشتووانەوە و لە ساڵی ٢٠٢٥ ژمارەى دانیشتووان بۆ پێنج ملیۆن کەس بەرز ئەبێتەوە.

 


سەرچاوەکان



596 بینین